په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٤

ئیدی با هەر بۆ خۆمان گوێ لە

''خوایە وەتەن ئاوا کەی چەند دڵگیر و شیرینە'' رابگرین!!!

 

 

 

 

ستار محەمەد قادر   

خاکمان داگیرو دابەشکراوە بەسەر چوار ووڵاتدا، هەرێمێکمان هەیە بریتیە لە سێ شار، هەر سێ پارچەکەی کوردستان بە کەرکوکیشەوە چاویان لەسەر گەشە کردنی دیمۆکراتی و پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابووریەکانی ئەم هەرێمەیە، بەهێز بوونی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا ووزە بەخشە بۆ هەموو لایەک، لە هەمان کاتدا بێ هێزی هەرێم خاڵی لاوازی هەموو کوردێکە، چونکە چاوی هەر سێ پارچەکەی کوردستان لەسەر هەرێمی کوردستانە، ئەکرێت لێرەوە ئەوە بڵێین هەرێمی کوردستان بۆ هەموو کورد و پارچەکانی دیکەی کوردستان بریتیە لە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی، تاقیکردنەوەیەک بە خێرو شەڕ بەرۆکی گەلی کورد دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان و کورد دەکات!


بمانەوێت یان نا، پێمان خۆش بێت یان بە پێچەوانەوە، کێشەی خاک و سەربەخۆیی بە یەکڕیزی گەل و یەک ئیرادەیی نەبێت دەچێتە خانەی مەحاڵەوە، با پارتێک لە هەڵبژاردنێکدا ژمارەی کورسیەکانیی زیاد بکات یان کێرڤی دابەزێت، خۆ براوەی یەکەم ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە کە بەردەوام دوژمنانی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی خەون و ئارامی ئاسوودەیی لێ بکەن بە سەراب!


ئەگەر ئامانج یەک بێت، با ئەمڕۆ تۆ رێنمایی کەر بی و منیش لە دوا دوای کاروانەوە پاڵ پشتیت بکەم، هزری سیاسی ئێمە دەبێت دوو شت پێکەوە گرێ نەدات، چارەنووسی هێزێکی سیاسی و چارەنووسی گەلێک، رەنگە کەسێک لەڕووی نیشتیمان پەروەریەوە هیچ کێشەیەکی نەبێت، لێ بۆ حوکمڕانی رووبەڕووی جۆرەها کێشە دەبێتەوە، خۆشەویستی خاک پێویستی بە قوربانی دانە، بەڵام حوکمڕانی بەرنامەی دەوێ و ئەحکامەکانی ئەوەت بەسەردا فەرز دەکەن دەبێت لەسەر ئەرزی واقیع دەربکەویت!


ئەو شتەی بە قسە دەگووترێت یان ئێمەومانان دەیبیستین، زۆر شتی سادەن، هەموومان وا راهاتووین لەڕێی زوبانمانەوە ماسکێکی ئەفسووناویی بۆ خۆمان درووست بکەین، ئەکتەرێکی باشین بۆ پەردە پۆشکردنی راستێکان، ئەو ژینگەی ئێمە لە ژێر هەر کاریگەریەکدا بێت، مرۆڤی بێ ماسک رەت دەکاتەوە، موجامەلەی هەموو شتێک دەکەین بە حکومەتی عێراقیشەوە کە کوردی کیمیا باران و ئەنفال کردووە، دۆستی دراوسێکانمانین لە کاتێکدا ئەوان دووژمنی سەرسەختی ئێمەن، داوای پەیوەندی باش دەکەین، لە کاتێکدا بە زیان بۆ ئێمە دەشکێتەوە!


هێزە سیاسیەکان ئەوەندەی موجامەلەی وڵاتانی دراوسێ دەکەن، ئەگەر نیو هێندە لەگەڵ یەکتریدا پشوو درێژ بن، هەرگیز نابن بە لەمپەر لەبەردەم درووستکردنی حکومەتێکدا کە دەبێت حکومەتی خەڵک و لە خزمەتی ئەواندا بێت، ئەو شەڕە پەڕۆیەی ئەمڕۆ گوزارشت لە بنەمای یەکتری سڕینەوەو یەکتری ناشیرینکردن و بەشەیتانیکردنی ئەویتر دەکات، بەڕاستی شەرمەزاریە بۆ هەر تاکێکی کورد، ئاوڕ لە بەرهەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداتەوەو بە فیکەیەک بکەوێتە فەلەکە سەماو لەخۆی نەپرسێت: ئەم هەڵبژاردنە چی دەگۆڕێ و ئەوەی رابردوو چی گۆڕی؟ ئەوەی شایانی قسە لەسەر کردنە، کاتێک هێزە سیاسیەکان باس لەپێکەوە ژیان دەکەن، لەنێو خۆیاندا گەورەترین گرفتی پێکەوە ژیانیان هەیە، باس لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن، خۆیان دەیخەنە ژێر پرسیارەوە، باس لەدیمۆکراتی دەکەن، پا بەند نابێت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەوەو پێی هەزم ناکرێت، باس لەسەروەری یاسا دەکەن، یاسا پێشێل دەکەن، قسە لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، موچەی دوو مانگیان پێ نادرێت، باس لە مافی ژن و کۆمەڵگەی مەددەنی دەکەن، پیاو سالاریی و یاسای دیوەخان زیندوو دەکەنەوە، باس لە کوردستانی بوونی کەرکوک دەکەن، لەنێو خۆیاندا ناگەن بە رێککەوتن لەسەر بەدڵ بوونی یان بە قودسکردنی، بەڕاستی خوایە وەتەن ئاواکەی، چەن دڵگیرو شیرینە، لێ ئەم هێزە سیاسیانە خەریکن لەم نیشتیمانەدا جوانیەکان دەکووژن و لەباریان دەبەن و هەموو شتێک دەکەن بە سووتماک؟

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک