په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٢٠

ئیمپراتۆر و مامە کوردەی هەنجیر روێن.


رەزا ساڵح         


ئەو دەوڵەتەی ئێستا بە تورکیا ناودەبرێ، وڵاتی تورکان نییە، وڵاتی رەسەنینەتـەوەی کورد و یۆنانی و ئەرمەنییەکانە. عوسمانییە تورکەکان داگیریان کرد و لەدواییدا ناویان لێنا تورکیا. شاری (قـوستەنتینیە) کە هـاوسنورە لەگەڵ باکـوری کوردستانـدا، لە لایەن گریکەکـان (یۆنـانییە کۆنەکـان)ەوە، لە ساڵی (٦٦٠)ی پێش زاینی دروستکـرا، دوایش بو بە پایتەخـتێک لە پایتەختەکـانی ئیمپراتۆریەتی رۆمـانی. تورکەکان کە داگـیریان کرد ناویان گـۆڕی و ناویان لـێنا "ئەستەمبوڵ".

رۆژێک ئیمراتـۆری رۆمـانی "هـادریـان" لەگەڵ چەنـد سەربازێکـیدا، رێیـان دەکەوێتە گونـدێکی جـوان و قەشـەنگی باکـوری کوردسـتان، کە لە شـاری قـوستەنتینیەوە زۆر نـزیکە. پیاوێـکی پیری کوردی خەڵکی ئەو گونـدەی بیـنی، کە لە باخەکەیـدا خەریکی روانـدنی نەمـامی هـەنجـیر بـو. سەرنـجی ئیمپراتۆری راکـێشا. داوای لە یەکـێک لە سەربازەکـانی کرد، کە بانـگی ئەو مـامە پیـرە کـوردەی بۆ بکەن. کە بێت بـۆ لای.

مامە کوردە (بەڕێـزەوە رۆژباشی لێکردن و بە گەرمیش بەخـێرهـاتنیانی کردن): بەڕێـز ئیمپراتۆر، داوات کردوە کە بمبـینی، فەرمـایش بکەن.

ئیمپراتۆر (لە دوای وڵامدانەوەی رۆژباش و بەخێرهاتنەکەی): مامە کوردە، ئەم نەمامە هەنجیرانە بۆ دەڕوێنی؟ گەر لە تافی لاوێتیدا نەمامت بڕوێنایە، پێدەگەیشتن و لە ئێستای پیریتدا لە بەرەکانیانت دەخوارد. تازە بە تازە بەو هـیوایەی کە بـژیت و لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەت بخۆیت؟

مامە کوردە: لە لاوێتـیـمدا کارمکـرد، هـێشتا پەکـم نەکـەوتوە و کـاردەکەم. گەشبـین و دڵخۆشم. بەو هـیوایەشم کە لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەش کە دەیانڕوێنم بخۆم.
ئیمپراتۆر: پێـم بڵێ تەمەنـت چەنـد ساڵە؟
مامە کوردە: تەمەنـم سـەد ساڵە.
ئیمپراتۆر: تەمەنت سـەد ساڵە، هـێشتا هەر بە هـیوای ئەوەیت، لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەت بخـۆیـت؟!
مامە کوردە: بەڵـێ بە هـيوام.. گەر بژیـم لە بەرەکـانیان دەخـۆم.. گەر نەشمـێـنم بۆ کوڕەکەم بەجێیان دەهـێڵم تا لە بەرەکانیان بخوات.. ئەو سێ ریزە دار هەنار و قـۆخ و گوێزانە دەبینی، کە چ بەرێکی زۆریان گرتـون، ئەوانە باوکی کۆچکـردوم رواندونی و بۆمنی بەجـێهـێشتون.
ئیمپراتۆر: باشـە مـامە کـوردە، گەر ژیـایت و لە بەرەکـانی ئەم نەمـامە هەنجـیرانەت خـوارد، داوات لێـدەکەم کە ئاگـادارم بکەیتـەوە.
مامە کوردە: بەڵـێن بێت کە ئاگـادارت دەکەمەوە.

دوای دە ساڵ نەمامە هەنجیرەکان، گەورەبون و بون بە دار. هەنجـیرێکی زۆر نایاب و ناسک و شیرینیان گرت. مـامە کوردە تێـروپـڕی لە هـەنجـیرەکانی خوارد.

زانی کە ئیمپراتۆر لە قوستەنتینیەیە. چـو بـڕێک هەنجـیریگەیـ و و جـوانیلە دارەکان کـردەوە و قەرتـاڵـەیەکی پـڕکـرد لە هـەنجـیر. بـەرەو کۆشکی ئیمپراتۆری رۆیشـت. کە گەیشتە لایپاسەوانەکان، مەبەستی سەردانـەکەی بۆ سـەرۆکی پاسەوانەکـانی کۆشـک باسکـرد. بـردیـان بۆ بـەردەمی ئیمپراتۆر. دیـسان زۆر بەڕێـزەوە و روخـۆشیـیەوە رۆژبـاشی لە ئیمپراتۆر کرد.

مامە کوردە: ئیمپراتۆری بەڕێـز، دە ساڵ پێش ئێستا، لە گوندێکی کوردستاندا، پیاوێکی کوردی پیرت بیني. کە سەرقـاڵی روانـدنی نەمامی هەنجیر بو. داوات لێکرد، گەر ژیایت و لە بەری هەنجیرەکانت خوارد، ئاگادارت بکاتەوە. من ئەو پیـاوە کوردە پیرەم. نەمامە هەنجیرەکانم بونە بە دار و بەرێکی زۆر و نایابیان گرتون. من تێر هەنجیرم لـێخواردن. ئەم قـەرتـاڵە هەنجـیرەشـم لەو هەنجـیرانـە بە دیـاری بۆ بەڕێزتـان هـێناوە. حەزدەکـەم ئێـوەش لـێـیـبخۆن.

ئیمپراتۆر، چـوار پێـنج دەنـکی له هـەنجـیرەکە خـوارد.
ئیمپراتۆر: هەنجـیرێکی زۆر خـۆش و شـیرین و بەتـامە. دەستەکانت خۆشبن و هـیوای تەنـدروستی و تەمەنـدرێـژیتـرت بـۆ دەخـوازم.
ئیمپراتۆر بە سەرۆکی پاسەوانەکانی وت:" بڕۆ ئەم هەنجـیرە بەتـاڵ بکە. قەرتەڵەکەش پـڕ لە پـارەی زێـڕ بکە و بیهـێنە و بیـدە بـەم مـامە کـوردە.
مامە کوردە: من ئەم هەنجـیرەم بۆ ئەوە نەهـێناوە تا پارەی پێـوەربگرم. ئەمە دیـارییە.
ئیمپراتۆر: دەزانـم. بەڵام منیـش پێـمخۆشـە کە دیارییەکـت پێشکـەش بکـەم.
مامە کوردە، قەرتـاڵە پڕ لە دراوە زێڕەکەی وەرگرت. زۆر سوپاسی ئیمپراتۆری کرد، بۆ ئەو رێـزلێنان و ئەو دیارییە بەنرخەی کە پێشکەشی کـرد. بە رێـزەوە ماڵئاوایی لە ئیمپراتۆر کرد. بە خـۆشی و شـادیشەوە. گەڕایـەوە بۆ ماڵی خۆیـان لە گونـدەکەیـان.
ژنێکی مەکـربـازی هـاوسێی ماڵی مامە کـوردە، کە ئەم هـەواڵەی بیست، ئیـرەیی بە بەخـت باشی مامە کوردەدا بـرد. ویستی مێردەکەشی بەخـتی خـۆی تاقـیبکاتەوە. چـو سەبەتەیەکی گەورەی پـڕ هەنجـیری هـێنا و خستیـیە سەرشانی مێـردەکەی و پێیـوت:
بـڕۆ ئەم هەنجـیرە ببـە بۆ ئیمپراتۆر، حـەزی زۆر لە هەنجـیرە. سەبەتـەکەمـان پـڕ لە دراوی زێـڕ دەکـات.
پیاوەکەی سەبەتە هەنجـیرەکەی برد و رۆیشت بۆ قـوستەتینیە.گەیشتە بەردەم کۆشکی ئیمپراتۆری.بە سەرۆکی پاسەوانەکـانی کۆشکی وت:"من ئـەم هـەنجیرەم بۆ ئیمپراتۆر هێناوە" سەرۆکی پاسەوانەکان وتی: لیرەبە بابچم ئیمپراتۆر لە هاتنت ئاگادار بکەمەوە.
سەرۆکی پاسەوانەکان: گەورەم، پیاوێک سەبەتەیەکی گەورەی پـڕ لە هەنجیری هێناوە، دەڵی بۆ ئیمپراتۆرم هـێناوە. بانـگی بکەم بێ بـۆ لای بەڕێـزتـان؟".
ئیمپراتۆر: سەرۆکی پاسەوانەکان، بیبەنە ناو هـۆڵە گەورەکە و سەبـەتە هەنجـیرەکەی هەڵـبڕێـژن، بانگی دە پاسەوانیش بکە، کە هەنجـیرەکان بکـیشن بە سـەر و دەموچـاوی ئەو پیـاوەی کە ئـەو هەنجـیرانەی هـێناوە".

دە پاسەوان هاتن و هەمو هەنجیرەکانیان کێشا بەسەر و بە دەموچاوی پیاوەکەدا. ئینجا سەبەتە بەتاڵەکەیان خسـتە سەر شـانی و لە کـۆشکی ئیمپراتۆری دەریـان کـرد.

مێـردی ژنـەکە، بە ئـازار و تـوڕەییەوە، گەیشـتەوە مـاڵ. بەسەرهاتـەکەی بـۆ ژنـەکەی باس کـرد. ژنەکەی سەیـری ناوچەوان و بەر چاوەکانی کرد، کە شین و مۆر بونەتەوە، دەسـتی کـرد بە پێـکـەنین.

مێردەکەی (بە تـوڕەییەوە): ئـەو پەنـەت پێـدام و پێـشـم پێـدەکـەنی؟!
ژنەکەی: پیاوەکە، سوپاسگوزاربە کە سەبەتەیەک گوێـزم پیانەناردی، ئەگینا بە سەری شکا و دەمـوچـاوی بـرینـدارەوە دەگەڕایتەوە بـۆ مـاڵەوە.
_______________________________________________
ئەم چـیرۆکە بە دەستکارییەوە، لە زمـانی ئینگـلیـزییەوە وەرمگـێڕاوە بـۆ کـوردی.
قەرتاڵە: سەبەتەیەکی بچوکی قوڵی بن تەسکی سەر واڵایە لە گوندەکانی کوردستان لە شولکە دار بیی تەڕ دروستی دەکەن. لە وەرزی گەیینی میوەهات، هەنجیر یا ترێ یا قـۆخ یا قـەیسی یا تەماتـەی تێدەکەن. بە تایبەتیـش بە دیـاری دەیبەن بـۆ خـزمان و بـۆ دۆستانی خۆشـەویستیان.
کۆتـایی چیرۆکەکە، کۆتاییەکی گاڵـتەئامـێزە. بۆ ئەوەی خەنـدە بخاتە سەر لێوەکانی منـداڵانی گوێگـر یا خوێنـەر.
مەبەستەکانی چـیرۆکەکە، بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوەی خودی منداڵان بەجێدەهـێڵم.


٢٠٢٠ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک