په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠١٢

ئینسایکلۆپیدیاى خێزان، کەوتە پەرتووکخانەکانى کوردستان.


نووسین و ئامادەکردنى: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


دەمەوێت سەرنجى خوێنەرانى ئەم سایتە هێژایە بۆ ئەوە رابکێشم کە پەرتووکى ((ئینسایکلۆپیدیاى خێزان)) بە چاپێکى زۆر قەشەنگ و جوانەوە، کە دەزگاى پەخشى سەردەم لە سلێمانى چاپى دەکات، کەوتە بەر دیدى خوێنەرى کوردزمانەوە. لەبەر بایەخى ئەم پەرتووکە بۆ خێزانى کورد و خێزانیش بەردى بناغەى بنیاتنانى کەسێتى تاکى کوردە، دەبێت باوان و هاوسەران ئەم پەرتووکە بخوێننەوە. ئەم پەرتووکە کە زادەى شەونخونى چەند ساڵێکە پشتى بە سەرچاوەگەلێکى هۆڵەندى و ئیسپانى و عەرەبى و کوردى بەستووە و میتۆد (مەنهەج) ى ئەکادیمى و زانستى بەستووە.


ئەم پەرتووکە بەندە: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ ئامادەى کردووە، کە بەرهەمى شەونخوونى زیاتر لە چوار ساڵ و نیوە، بە قەبارەى پەرتووکى فەرهەنگى و گەورەتر لە قەبارەى پەرتووکى ئاسایى و لە نزیکەى ٦٥٠ لاپەڕەدایە. ئەم ئینسایکلۆپیدیایە تایبەتە بە هەموو چەمکە گرنگەکانى خێزان، لە ڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونى و پەروەردەیى و سێکسى و تەندروستییەوە. واتا بەپێى پیتى ئەبجەدى و لە ئەلفەوە بۆ یا (ئا-ى) شرۆڤەى ئەو چەمکانەى تیایە کە بایەخدارن بۆ هەموو تاکێکى کورد.


پەرتووکەکە کراوە بە چوار بەشى سەرەکییەوە، بەشەکانیش لەناو هەر پیتێکدا هەن، بەشى یەکەم بۆ پێش هاوسەرگیرى و دروستکردنى خێزان تەرخانکراوە، واتا ئەو قۆناغەى کە پێى دەووترێت دەستگیراندارى و ئەڵقە گۆڕینەوەى نێوان زاواو بووک، شرۆڤەى هەموو ئەو چەمکە گرنگانەیە کە گەنجان بۆ پرۆسەى هاوسەرگیرى پێویستییان پێى دەبێت. رێنووماییەکى پڕ بایەخدارە بۆ لاوان کە چۆن و کەى و کێ بۆ هاوسەرگیرى هەڵدەبژێرن.


بەشى دووەمیش تەرخانە بۆ پرۆسەى سێکسى نێوان ژن و مێرد، باس و لێکدانەوەیە سەبارەت بە هۆشیارى سێکسى و دواجار دووگیانیبوون و قۆناغى سکپڕى ژن بە چەندین زاراوە خراوەتە بەر نەشتەرگەرى و پێناسەوە، ئەوجا تەندروستى دایک و کۆرپەلەو ساواکەى لە بەشى سێیەمى پەرتووکەکەدا بە چەندین چەمک و وتەزا شیکراوەتەوە.


پەروەردەکردنى منداڵى ساواو منداڵى پێش قۆناغى خوێندن تا دەگات بە هەرزەکارى و لاوێتى، بەهێند وەرگیراون و بە دەیان لاپەڕەى بۆ تەرخانکراوە. کێشەو گرفتە زۆرەکانى پەروەردەکردن و گۆشکردنى منداڵ و جگەرگۆشەکانمان بۆ باوان و بۆ دادەکان بە وردى شیکراونەتەوە. کە وەکو رێبەرێک وایە بۆ ئەو دایک و باوکە گەنجانەى دەکەونە ژێر بارى ئەم ئەرکە قوورسەوە.


لە دوا بەشدا کە نزیکەى سەد لاپەڕەى دووا بەشى پەرتووکەکەى داگیر کردووە، تەرخانە بۆ چۆنییەتى مامەڵەو پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و خێزانى نێوان ژن و مێرد و منداڵەکانیان و کەسوخزمانیان، چۆنییەتى بەختەوەربوونیان و هەروەها کێشەو شەڕو شۆڕى نێوان هاوسەرانیش فەرامۆش نەکراوە. تەنانەت تەڵاق و جیابوونەوەو کاریگەرییە نێگەتیڤەکانى بەسەر هاوسەران لەلایەک و منداڵەکانیان لەلایەکى دیکەوە بە وردى و پشت بەستوو بە زانستى کۆمەڵناسى و دەروونناسى، شرۆڤە کراوە، کە بایەخى تایبەتى هەیە بۆ هەموو تاکێکى کوردى هاوچەرخ.


شایانى وتنە کە تایتڵى هەموو چەمکەکان بەپێى ئەبجەدى ریزکراون و بەرامبەریان کراون بە ئینگلیزى. سوود لە زیاتر لە پەنجاو شەش ٥٦ پەرتووک وەرگیراوە، بێجگە لە دەیان رۆژنامەو گۆڤارو سایتە عەرەبى و هۆڵەندى و ئیسپانییەکان.


بەندە دەمێکە هەستم بەوە کردووە کە ئەمجۆرە فەرهەنگانە لە پەرتووکخانەى کوردیدا کەمن و لەم ساڵانەى دوواییەدا تاق و تەرا لێرەو لەوێ بە تێکۆشانى چەند کەسانێک، نەک کۆڕو سەنتەرو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە رۆشنبیریە زۆرەکانمان!!


کەسانێک کە خودى خۆیان هەست بە لێپرسینەوەو بەو پێداویستییە گرنگە دەکەن و ئەم کارە بە شێوەیەکى کەسێتییانەو شەخسى رادەپەڕێنن، دیارە ئەوەش شەونخوونى و ماندووبوونێکى ئەوتۆى دەوێت کە دەبێت بۆ ماوەیەک تەرکى خۆشى و رابواردن و سەیران و گەشت و سەفەرکردن بکرێت و تەنیا خۆ ئامادە بکرێت بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە کە گرنگن بۆ پەرتووکخانەو فەرهەنگى کوردى.


دەبێت ئەوەش بووترێت کە چەند ساڵێکە ئەم پرۆژەیەم بە دەزگاو پەخشى سەردەمى هێژا راگەیاندووەو ئەوانیش بەوپەڕى دڵسۆزى و ئەمەکەوە باوەشى میهرو سۆزیان بۆ پرۆژەکە کردەوە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەم فەرهەنگە گەورەیە بە کەسێکى بێمووچەو هەژارى وەک بەندە چاپ نەدەکرا. نموونەى ئەم دەزگا دڵسۆزانە زیاد بێت و ئەو کەسانەش تەمەن درێژ بن، کە ماندووبوونى نووسەران بەهێند وەردەگرن و رێزیان لێدەنێن.


ئەوەشم بیر نەچێت کە مامۆستا ئومێد عومەر (کە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە زانکۆى لایدنى هۆڵەندى و بەشى سۆسیۆ- سایکۆلۆژى) بەوپەڕى ئەمەکەوە بەم پەرتووکەدا چۆتەوەو سەرنج و تێبینى وردو گرنگى داومەتێ.. ئەوەش کە ماوەتەوە و پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم بەرگە جوان و نایابە کە لە فەنتازیا نزیک بۆتەوە کارو ئیشى کاک (ئارام عەلی)یە.. خوا لە وێنەیان زیاد بکات. بەو ئومێدەى ئەم فەرهەنگە سوودێکى بچووک بە تاکى کوردو پەرتووکخانە و خێزانى کوردستانە ئازادو شیرینەکەمان بگەیەنێت.
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک