په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٠

ئینتیما بۆ نیشتیمان ... هاونیشتیمانیی بوونمان.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


پرۆسەى بەهاووڵاتى بوون قسە و باسێکى زۆر هەڵدەگرێ و مشت و مڕێکی زۆر لە کایە تێفکرین و عەقڵیەکاندا دەخوازێ ، بۆ ئەوەى لەچەمکی بە هاووڵاتیبوونمان بگەین بە کردەنی هەنگاوی بۆ هاوێژین پێویستە ئەو جوغز و بەربەست و قۆزاغانە بشکێنین کە گۆشەگیرمان دەکات لەئاست پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و خوێندنەوەیەکی گشتگیر و سەرتاپاگیر و واقیعیانەمان هەبێت بۆ پەیوەندییە هەمەلایەنە ڕۆحیەکانى تاک و کۆ لەکۆمەڵدا، هاوکات دەسەڵات لە هەوڵ و تەقەلاى کوشتنی ئەو ئاوەز و بیرانە بێت کە زاڵ بوونی بەرژەوەندی تاک بەسەر بەرژەوەندی کۆمەڵ و دەسەڵات ڕادەگەیەنێ دەبێت زەمینەى بۆ بڕەخسێنێت ئەمەش لە هەرەمی دەسەڵاتەوە خۆى گشتاندن و سەرتاپاگیر دەکات بۆ سەرلەبەرى تاکەکانى کۆمەڵگە .


دەسەڵاتە دیموکراتیەکان زادە و هەڵقوڵاوى ناو دەروون و هەناوى کۆمەڵگەن و تاکیش یەکەیەکی بنچینەیی و بنەڕەتیە لەپێکهاتەى کۆمەڵ پەیوەندییەکی توند و تۆڵی تۆکمە و حەیاتیان پێکەوە هەیە ، هیچ دەسەڵاتێک بۆ بابەتی بەهاووڵاتی بوونی تاکى سنوری قەلەمڕەوی خۆى ناتوانێ لەڕێگاى فشار و گوشارەوە ئامانجەکانى خۆى دەستەبەر بکات بیهێنێتەدی و ئەم بابەتگەل و ڕەوشە دەستەمۆ و فەرزبکات ، بەڵکو بەرپرسیاریەتێکی مەبدئی و ئەخلاقییە پەیوەستە بە خودی تاکەوە بۆ توانەوەى خۆى و لە بۆتەى بە هاونیشتیمانى بوونییەوە لە دووتوێ و ڕوانگەى بەرژەوەندیە گشتییەکان بەرژەوەندی خۆى ببینێت و بەدڵ و بەگیانى قەڵغانی پاراستنی دەستکەوتە میللی و جەماوەری و گشتییەکان بێت .


هاووڵاتى ئەو کەس و تاکەیە کە ئەرک و مافەکانى سەر شانى ڕادەپەڕِێنێ بە شێوەیەکی پڕاکتیکی و مەبدئیانە پابەند و مەلکەچ بوونی بۆ یاسا ڕابگەیەنێ ، تەفرو تونا کردنی و شکاندنی ئەو کۆت و جوغز و بازنانەى کە هەرەمى دەمارگیری و مەزهەبی و ئاینی و ئایدۆلۆژى قوت دەکەنەوە و هەڕەشە لە مرۆڤ سالارى و یاسا سالارى دەکەن یەکێکە لە وەزیفە سەرەکیەکانى بە هاووڵاتیبوون سەربارى ئەوەش تواندنەوەی تاک لە کۆمەڵدا لەپاشان لەگۆمەڵگا و نەتەوەدا وە شەتەک و گرێدانى تاکو کۆى کۆمەڵگە بە مەسەلە چارەنوسساز و سراتیژە هاوئامانج و هاومەبەست و هابەشەکانەوە بۆ پاراستنی قەوارە نەتەواتیەکان فەراهەم کردنی ئازادى و سەروەریەکانى خەڵک بۆ بەدەستە جەمعى کردنی لە هەمبەر فەرمان و ڕاژەکانیدا و وەلائى نیشتیمانى نەتەوەیی بخوڵقێنێ لە نێوان تاکەکاندا .
کورد سەدان ساڵە گیرۆدەی ئەو دەسەڵات و ڕژێمە دیکتاتۆرى و تۆلیتار و شۆڤێنی ڕەگەزپەرستانەیە کە ڕەوت و شیرازاى بەهاونیشتیمانى بوون بە هاووڵاتی بوونى و بەکۆمەڵ بوونى دەشێوێنێ بە چەپ و ڕاستیدا قڕمان دەکەن لە هەناوى تاکى کوردیدا گرێ کوێرە لەمەڕ مەیل و وەلائى نیشتیمان دروست دەکەن وە تەگەرە و کۆسپ و لەمپەر دەخەنە نێوان تاک و کایە مەعریفی و سیاسیەکانى کۆمەڵ و دەسەڵاتەوە و دەرگاى چوونە سەرخەتی بەرجەستە بوونی سیستەمی دیموکراتییەکان بەداخراوى و کڵۆم دراو هێشتۆتەوە ، بەو سۆنگەیەوە شەڕیکی ئەزەلى و هەمیشەی لەناوەوەی تاک بەرامبەر دەسەڵات هاتۆتە ئاراوە ،تاکى کوردی لەژێر کاریگەرى داپلۆسێن و زەبر و زەنگدا بەردەوام لە دەسەڵات سەلمَیوەتەوە و ترس و بیمێکى گەورە سەرتاپای جەستەى تەنیوەتەوە لەهەمبەر بەهێز بوونی دەسەڵاتدا ،ناهەقی نەبووە چونکە بەهێز بوونی دەسەڵات هەڕەشە و گوڕەشەی زیاتر بووە بۆ جینۆساید و کۆمەڵ کوژى و زەوتکردنی بەها سەرخانى و ژێر خانیەکانى کۆمەڵگە کە تاک ئەندامێکی بنچینەی و جەوهەرى کۆمەڵگاکە بووە ، ئەو هزر و بۆچوون و ئایدیانە ئەوەندە زاڵ بووە پانتایەکی زۆرى لە ئاوەزی تاکى کۆمەڵگەدا بە گەورەو بچووکەوە دابڕ کردووە ، کاردانەوەى لەسەر هەڵسوکەوت و ڕەفتارى ئەو منداڵانە هەبووە کە لە قۆناغی سەرەتایی بوون بو یاخی بوون لە دەسەڵات هەر لەمنداڵیەوە سەرپێچی و لاساریان دەکرد تەختە و ڕەحلە و پەنجەرەیان دەشکاند و لە هزر و زەینی خۆیان وایان لەیەک دەدایەوە بەم کارە زەرەر و زیان بە دەسەڵات و زۆردار و خۆسەپێن دەگەیەنن ، ئەم تێڕوانین و بۆچوونە نەخش و ڕەنگدانەوەى لەسەرتاپای ژیانى ئەو کەسەدا هەبووە تاکو گەرورەش بوون هەمیشە بەگژ دەسەڵاتدا چوونەتەوە ئەگەر لە ناخەوەش بێت ، هاوکات لەبری پەروەردەکردن و فێر کردن و گۆش کردنی وەچە لەدواى وەچە و نەوە لەدواى نەوە بە کەلتورێک کە کۆمەڵگا لە داهاتوودا پشتی پێ دەبەستێت و سود و فەڕى لێوە بگیرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆز و پرسەکان بەزمانى دیالۆک و دانوستان ، ترساندن و سەرکوتکردنی دار و فەلاقە ئەلتەرناتیفى ئەو جۆرە شێوازە پەروەردەکردنە بوو ، بۆیە بەردەوام و بێ پسانەوە بەگژ دەسەڵاتدا چووەتەوە ، ئەمە میتۆدێکە برست و پرزەى گەشەو بەرەو پێشڤەچوونى لەتاکى کورد بڕیوە لەبەرامبەر قۆناغبەندی کۆمەڵگادا.


ڕەشکوژى و کۆمەڵ کوژى و بێ سەروشوێن کردن و مەینەتیەکانى تر وا بەرچاوى تاکى کوردیان تەڵخ و لێخن کردووە کە لەزێد و ماڵ و مەئواو ووڵاتى خۆیدا هەست بەنامۆ بوون بکات و خۆى بە میوان بزانێت، بۆ سەلماندن و بوونی خۆی بەرەنگارى لە ناسنامەى نەتەوایەتی وگوزارشت لە هەست و نەستى خۆی تاقە چەک کە بەکارى هێناوە هانا بردنە بەر شۆڕش و ڕاپەڕین بووە ، بۆیە ئەگەر بابەتیانە و لۆژیکانە لە ڕەهەند و مانا و مەدلولەکانى شۆڕش و سەرهەڵدانەکان بڕوانین و مەغزاکانى بە وردى و جدی بخوێنینەوە ، تێڕامانێکی قوڵ دەخوازێ بۆ بەدەستەوە دانى شرۆڤەى ڕەهەند و چەمکی فراوان و ئەرکە دیار و بەرچاو و مەزنەکانى ، چونکە ئەو بارەگرانەى کە بەهۆى زەبر و زەنگەوە کەوتبووە سەرشانى تاکى کۆمەڵگاى کورد تاکو بیناقاقای نوقمی گێژاوێکی سامناکی کردبوو هاوزەمان خانە و جینەکانى نەشو نما و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەى پەک خستبوو و لەبەر یەک هەڵوەشاندبووەوە ، بەڵام شۆڕش توانى متمانە بەکەسێتى تاک ببەخشێ دەرگایەکی فراوان بۆ ڕزگار بوونی لەکۆت و زنجیرەکانى چەوساندنەوە ئاواڵە بکات مامەڵەیەکی بەرەنگاریانە و پەرچدانەوە بکات و ناسنامەى نەتەوەی و نیشتیمانى لەفەوتان ڕزگار بکات .


بۆ گەیشتنمان بۆ دوا وێستگەو دوا مەنزڵ پێویستە تاک ئەرکی خۆی بناسێ کەمتەرخەمی و خەمساردی لە ڕاپەڕاندی ئەرکەکانى نەکات تاکو هاووڵاتیەتى خۆى دەچەسپێنێ بۆ ئەم تێڕوانین و بیردۆزە جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت :(نابینە مرۆڤ تاکو نەبینە هاووڵاتی) کەواتە هاووڵاتی بوونمان مەرجی سەرەکیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانى گشت ئەندامانى کۆمەڵگە تەکانى بەرەو پێش چوونمان سەبارەت بە مەسەلەى بە هاونیشتیمانى بوون .


پێویستە دەسەڵاتى کوردیش هەمیشە خۆى چاودێر بێت بەسەر خۆیەوە و هەوڵى بنبڕکردنى گشت ئەو دیاردانە بدات کە دەبنە هۆکار و فاکتەرى دڵ ساردکردنەوەى تاکى کوردى بۆ ولائى نەتەوەى و نیشتمانیان ،کارێکى وا بکات هەموو تاکەکان بە دەسەڵات و حکومەتى خۆیانى بزانن و هەوڵ بۆ پێشکەوتنى بدەن ،ئەوەى نیگەرانى دروست دەکات تاکو ئێستا ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیووە رەکیزە و پایەکانى خۆى لە هەناو و ئاوەزى تاکەکەندا جێگیر بکات .


یەکخستنەوەى ئیرادەکان لەژێر سێبەرى دەسەڵاتدا دسپلینی تاک و کۆ بەبڕیارەکانى یاساوە بناغەی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانى گەلە لەم ڕووەوە گەورە هزرمەندی فەڕەنسی ئۆگیست کۆنت دەڵێت :(مەرجی بنچینەی بەدیهێنانى ئیستاتیکانى کۆمەڵایەتی بریتیە لە پێکەوە گونجاندنی گشتی هەموو لایەنەکان ) بەم پێوەندانگە بە هەموومان دەتوانین ئەو کۆمەڵگایەى کەلە بیرو هزرماندا وێناى دەکەین بەشێوەیەکی پڕاکتیکی لەسەر ئەرزى واقع بەرجەستەى بکەین .


بۆ دەرباز بوونمان لەو قەیران و گێژاو و ئاستەنگانەى کە شوێنەوارى خراپ و نێگەتیڤانەى لەسەر دید و ئاوەزی ئێمە دروست کردووە لەمەڕ چوست و چالاکیمان بۆ کارا کردنی بەهاوڵاتیبوونمان هەڕەشەى دەرمانێکی حەتمیە لە خود زۆر گرنگە و بایەخ بە وورد و درشتى پرسەکان بدەین و خوێندنەوەیەکی واقعبینانەمان هەبێت بۆ ئاشکرا کردنی بەرامبەر بەرپرسیاریەتی مێژوومان بەرامبەر بەیاسا و نیشتیمان و نەتەوە ، لەدواى ڕاپەڕینەوە وەرچەرخانێکى گەورە بۆ پڕاکتیزە کردنی دیموکتراتیەت ڕەخساوە و ڕەوشێکى نوێ تاکى کوردی خستۆتە ژێر پرسیارەوە کە ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە لە یەک بە یەکی کورد دەخوازێ دڵسۆزی و پشتیوانى خۆى چەند پات بکاتەوە دەستکەوتە گشتیەکان بەوە بزانێ بەشە پشکی خۆی تێدایە و گرانتی پاراستنی مافەکانی بێت ، هەر لەو سوسەوە دەسەڵات سەروەریەکانى خۆی دەپارێزێت بەرپەرچی هەموو هەڕەشەیەکی لاوەکی و دەرەکی دەداتەوە و نایەڵێت کوردستانت ببێتە پەیگە و بنکەی نامۆ بەجەستەى کۆمەڵگاى کوردەوارى ئەمەش بەهاریکارى و هاودەنگ و هاوڕایی نێوان تاک و دەسەڵات بە بەرهەم دێت .


هاوزەمان دەبێت دەسەڵات شەفافانە کردار و رەفتار بکات و بۆ هەمووان وەکو یەک بێت بێ جیاوازى و فەرق و سوو .

 

ماڵپه‌ڕی حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ