په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٨

ئینترۆپۆلۆژیا لە جھانبینی مارکس

چەمکی ئینترۆپۆلۆژیا.. گەڕانێک بە دوای شوناسی مرۆڤ.


سمکۆ محەمەد       

- کەرتی پێنجەم -


شیتەڵکردنی رەگوڕیشە و پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی بەشەری لەگۆشەنیگای ئینترۆپۆلۆژیاوە, پرسێکە بۆ دەردەشەیەکی فەلسەفی و مێژوویی زۆر زیاتر لەگەڵ خۆیدا بەکێش دەکات. ھەر لەم سەروبەندەدا مرۆڤ وەک کائینێک کە لەسەنتەری عەقڵدا خۆی بینیوەتەوە و لە سرووشت دوور کەوتۆتەوە, خۆی بەخاوەن شتەکان زانیوە, شوناسی سەربەخۆییش بۆتە بەشێکی دانەنڕاو لەو پرسە یەکلانەکراوەیە, بەدەلیلی ئەوەی مرۆڤ ئەو کائینەیە کە ھەر لەسەرەتای ھاتنیەوە سرووشتێکی تایبەتی ھەبووە, لەگەڵ کارپێکردنی ھەستەکانیدا سرووشتێکی لەخۆی نیشانداوە جیا لەسرووشتی ئاژەڵ, ھەڵبەت ئەم ھەوڵەی مرۆڤ سیفەتێکی وەرگرتووە کە لەدەسەڵاتی خواوەندێتیەوە نزیکە, دەسەڵاتێک کە ھەم رەھەندێکی کۆمەڵاتی مێژوویی ھەیە, لەپەیوەندیە کۆنەکانی خێڵ و تایەفە و گروپە کۆمەڵایەتیەکانەوە بگرە, تادەگاتە پێکھێنانی جۆرەکانی خێزان کە لەئەزەلەوە چالاکترین یەکەی کۆمەڵایەتی بووە, ھەم کائینێکی نامۆ بووە بەرامبەر رووداوەکان و ململانێکان, ھەم بەجۆرێکی دیکە ترس بووە لەنەمان و لەبەینچوونی رەگەزەکان.


میشیل فۆکۆ بۆ ھاوکاری کردنی مارکس لەبارەی خوێندنەوەی جیناتی بەشەری وەکو کائینێکی نێو تەواوی ململانێکان کە لەنێو فەلسەفەدا مانایەکی دیکەی وەرگرتووە، ناوی بابەتەکەی ناوە ژینالۆژیا، واتە خوێندنەوەی مێژوویی بۆ پنتە مێژووییەکان، بۆیەش ناوی ئەم بابەتەی گۆڕیوە لەمێژووی بێلایەنەوە بۆ مێژووی بێ دایک و باوک و لایەندار، چونکە مێژووی نووسراو ئەوەی کە فەیلەسووفەکان ئەوانەی تەنھا رەسمی واقیعیان گرتووە، وای کردووە کردووە تەنھا ئەو مێژووە بنووسرێتەوە کە لەخزمەتی دەسەڵاتەکانی پنتە مێژووییەکان بن، تەنھا مارکس ئەو دابڕانە مەعریفییەی درووست کردووە، ئەویش لە چەمکی ئینترۆپۆلۆژیاوە دەستی پێکردووە، بەتایبەتی لەو پنتەوە کە پەیوەندیی بە ھێزی کار و پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانەوە ھەیە، وەختێک لەبارەی شێوەی ژیانی ئاسیاییەکان دەکات، سەرەتای بیرکردنەوەی فۆکۆ بۆ ئەوەی زاراوەی ژینالۆژیا بەکاربھێنێ، ئەوەیە کە لەبری چەمکەکانی تر رەخنەی لە میتافیزیکا گرت و گرینگی بەو ئاستە مێژووییەدا، کەواتە ژینالۆژیا ھەقیقەتی مێژووە، ئەوەش کە مارتیالیزمی مێژووی پێنووسراوە، ئەو کاریگەرییە یە کە ئینسان قسە دەکات و دەنووسێت و لۆژیکی بۆ ژیان نووسیوەتەوە و ململانێی خۆی وەکو ئینسان کردووە، لەبری ئەوەی ململانێی سرووشت بکات، ئەمەیە کە ژینالۆژیا سنووردار کردنی ھەقیقەتی رۆشنبیرییە لەناوەوە بۆ دەرەوە، کەوابوو ئەوەی کە جیاوازی درووست کردووە، ئەو مێژووەی دەرەوەیە لەگەڵ مێژووی نووسراوی ناوەوە، واتە ئەو مێژووە نێوخۆیی و لۆکاڵییەی کە جیاوازی لەگەڵ مێژووی ئینترناسیوناڵ ھەیە کە لە گوتارە فەلسەفەییەکەی مارکسدا بە ئاشکرا و بەڕوونی دیارە، وەختێک بانگەوازی یەکگرتنی ھەموو کرێکاران دەکات و ھەموو کۆمەڵگەی بەشەری وەکو یەک تەماشا دەکات و ژیان بەسەر دوو چیندا دابەش دەکات.


دیارە لەروویەکی ترەوە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ رەھەندێکی ئابووریشی ھەبووە کە لەکارپێکردنی ئەو سامانە سرووشتیەی لەبەردەستیدابووە رەنگی داوەتەوە, دواجاریش ئەم سیفەتە کە لەفەرھەنگ و کوولتووردا, وەک بەشێک لەسوننەتەکانی ژیان خزاوەتە نێو میتۆلۆژیاوە, بۆتە بەشێک لەمێژووی گەشەی بەشەر, بەمەش ئەرکێکی دەست لێنەدراوی کردووە بەئامرازی چالاکی خوڵقاندن و گەشەو ھەڵدان و ھەرچی زیاتر بەرھەمھێنان لەڕووی مەتریالی بەشەری و دەستکاری کردنی ھەندێک لەیاساکانی سرووشت کە تەواوی مەخلوقات و کائینەکانی سەرزەمینی بەیەکەوە گرێداوە.


لێرەوە ئەم کائینە واتە مرۆڤ " بووە بەیەکێک لەسەر مەشقی رێڕەو و پەڕەگرتنی ژیارەکان و گەشەی کردوو بوو بەسەرداری ئەو رەگەزە ئاژەڵیانەی کە لەخۆیەوە نزیکن".(١)


بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی مرۆڤ جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ ئاژەڵ ھەیە، ئەویش بەکارھێنانی لۆژیکە، بەڵام ئەرستۆ پێیوایە کە مرۆڤ لەوێوە دووچاری کێشە ھات، وەختێک خۆی خستە دەرەوەی سرووشت و خۆی کرد بە سەرداری ھەموو گیان لەبەرەکانی تر کە بەشێکە لە بەرھەمی سرووشت.


ئەم پرسە کە بەگوێرەی پێودانگ و پێوانەکانی کۆمەڵگەی پەڕەگرتوو بەئینترۆپۆلۆژیا ناسراوە, پێشتر شێواز و ناوەڕۆکی ئاڵۆزی ھەبووە, کێشەی سەرەکی ئەم چەمکە واتە ئینترۆپۆلۆژیا. مەترسی ئەو گومان و دوودڵی و راڕاییە بوو کە فرەخودایی فرە ھزری بۆ دەسەڵات بەجێھێشت بوو لەخودو خودادا باوەڕێکی ئاڵۆزی وەلاوە نابوو, سوقرات لەھزرێکی ئەخلاقی و ریشەییدا ئەم پێوانەو یاسایەی تێکشکاند کە پێشتر لەسەردەمی گریکیەکاندا شاعیری بەناو بانگ ( زینۆفانس ٥٧٠_ ٤٨٠ پ.ز ) یەکەم کەس بووە دژی ئەو بیرۆکەیە وەستا کە خوا مرۆڤی لەسەر فۆڕمی خۆی درووست کردووە, بەپێچەوانەوە مرۆڤ لەسەر شێوەی خۆی وێنەی خواوەندی وێنا کردووە, ئەم تێگەیشتنە ھەڵاو زەنایەکی زۆری لەیۆنانی کۆندا نایەوە, بەڵام دواجار سوقرات زانستیانە تر ئەم چەمکەی موناقەشەکرد و کردی بەکۆجیتۆیەک و بەمرۆڤی گوت " ئەی ئەو کائینەی لەسەنتەری دەسەڵاتدا راوەستاوی وەخەبەربێ و بەرلەھەر شتێک خۆت بناسە" (٢). ئەم کۆجیتۆیەی سوقرات سەبارەت بەگەردوون و خوودناسی, تێکەڵ بەنھێنیەکانی سرووشت بوو کە تائێستاش کاری پێدەکرێت, ھەڵبژاردنی ژیانی تەنھایش لەلایەن مرۆڤەوە لەو گومانەوە سەریھەڵداوە کە ناتوانێ کێشە ئاڵۆزەکان یەکلایی بکاتەوە, جەنگ لەپێناو ئەم ئامانجە بێ ھودەیەش لەغەریزەی مانەوەدایە و تەواوبوون و داستانەکان و پاڵەوانێتی بڕانەوەی ژیان لەجوغزێکی دیاریکراودا، باشترین سەلمێنەری ئەم بۆچوونەیە.


بەلەبەر چاوگرتنی ئەو نەرجسیەتەی کە مرۆڤ بۆخۆی ھەیبووە, فەلسەفە کردی بەئەرکی سەرشانی مرۆڤ. ھەر بۆیە "شانازی بەڕەچەڵەکی خودیەزدانییەوە کردووە, چونکی یەکێک بووە لەو فاکتەرە یارمەتیدەرانەی بۆ تێکشکاندنی ھەر پەوەندیەک کە بەجھانی ئاژەڵەوە بەستوویەتی" (٣) ھەروەک چۆن فرۆیدیش لەرووی دەرونشیکاری موناقەشەی ئەم پرسەی کردووە و دەڵێ" مرۆڤ ئەو کائینەیە کە بەر لەئاژەڵ ھیچ نەبووە" (٤). مەبەستی فرۆید ئەوەیە کە مرۆڤ لەئاژەڵ چاکتر نەبووە, بەڵکو لەھەمان سۆڵاوی ئاژەڵانەوە ھاتووە, ھەروەک چۆن نزیکایەتی ھەیە لەگەڵ بنچینە فکریەکەی (ئەرستۆ تالیس) کە دەڵێ " مرۆڤ کائینێکی لوژیکیە بەڵام کە تائێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی نیشانەکان و ھاوشێوەکانی نێوان خۆی و ئاژەڵ بسڕێتەوە, جارێک لەپێکھاتەی جەستەیی و بایلۆژیەکانەوە, جارێکی تر لەپێکھاتەی سایکۆلۆژیدا نیشانەکانی دەرکەوتووە". بۆیە (ھۆسرێل) لەو خاڵەدا دەگاتە قەناعەت لەگەڵ ئەرستۆ کە مرۆڤ ناوەڕۆک و ھۆکاری بنەڕەتی و بوونە. کەوابوو ھەرمەبەستێک لەپشت گەڕانەوەبێت بۆسەلماندنی بوون ئیدیالیستی یان ماتریالیستی, ناتوانێ بەبێ بوونی بابەتەکان و بێ پشتگیری مێژوویی و بەبێ ئینترۆپۆلۆژیا مانایەکی سەربەخۆ، یاخود پێناسەیەکی سەربەخۆی پێبدات, چونکی فەرامۆش کردنی ھەریەکێک لەو مەعقولیەت و لامەعقولیەتە بوونی گەردوون و بنچینەکەیەتی, پێشمەرجیش ئەوەیە کە ھەموو تاکێک دەتوانێ خۆی ساغ بکاتەوە لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵ و سرووشت و بنچینە ئیدیالیستی و ماتریالیستیەکان.


ھەموو بیردۆزە فەلسەفییانە کاریگەری لەسەر زەینی مرۆڤ نەکرد تاکو ھۆشیاربێتەوە و بزانێ کە کێشەی بنچینەیی ململانێیەکە لەنێوان خودی خۆی و خۆی. واتە چینایەتییە کە بەشەر خۆی خوڵقاندوویەتی. ھەتا مارکس ھات و ئەو دابڕانە فکرییەی پێشکەش نەکرد.


شتێک کە (فیورباخ ١٨٠٤_ ١٨٧٢) بۆ خوێندنەوەی سرووشتی مرۆڤ پشتی پێ بەستووە, ئەو دژایەتی کردنەیەتی لەگەڵ رەگەزی ئاژەڵ و بەشت بوون و نامۆ بوون و ئەو ئاینزایەی کە لەمرۆڤایەتیدا دەبێتە شت, ھەڵبەت ئەو دابڕانە مەعریفیەی کە مارکس لەفکری فیورباخ سەبارەت بەجەوھەری سرووشت و بوون نیشانیدا, جۆرێک لەدەوڵەمەندکردنی ئەم چەمکەیە, دیارە مارکس لەخوێندنەوەیەکی ماتریالیدا بۆ گەشەی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان دەیگەڕێنێتەوە کە بەلای ئەوەوە مرۆڤ بوونەوەرێکی سرووشتییە, ئەمەش خۆی لەخۆیدا شتێکی ھێشتا ناتەواوە سەبارەت بەچەمکی مرۆڤ" (٥). ئەم تێگەیشتنە لایەنێکی گرنگ لەھەقیقەت دەپێکێ, چونکی " مرۆڤ جگە لەخوڵقاندن و سەلماندنی بوون شتێکی دیکەی لەتوانادا نییە, لەبەر ئەوەی لەرێگەی حاڵەتە خودی و بابەتییەکانەوە ھەڵدەستێ بەئەنجامدانی گۆڕینی شتەکانی دەوروپشتی".(٦)


مادام مرۆڤ لەو رێگەیەداو لەگەڵ رەوتی پەڕەسەندنی مێژووداو لەپڕۆسەیەکی درێژخایەندا خۆی بەرھەمھێناوە, کەواتە توانای ئەوەی ھەبووە بیسەلمێنێت کە بونەوەرێکە دەبێت لەسەنتەری عەقڵدا بوەستێ.


بەشێکی زۆری ئەم تایبەتمەندێتیەش, دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییەی کە لەنێوان خۆی و ئاژەڵدا بینیویەتی, کەواتە شایستەی دەسەڵات و خاوەندارێتییە, بەڵام بەو نموونەیە نا کە پێشکەشی کرد و خۆشی تێیدا زەرەرمەند بووە، بۆ نموونە بەکارھێنانی عەقڵ بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و راوەستان لەسێنتەر, خاڵی سەرەتاییە لەو جیاوازیانەی کە لەگەڵ کائینەکانی تردا ھەیەتی, ئەو ھەقەشی بەخۆیداوە ببێتە سەرداری ھەموو شتەکانی دەوروبەری کە بەناوی عەقلانیەتەوە بۆتە کڕۆکی ئەو ململانێیەی کە مێژوو لەگەڵ خۆیدا ھێناویەتی, ھەر لێرەشەوە موڵکایەتی تایبەتی سەرەتای پەیدابوونی تموحەکانی مرۆڤ بووە، ھەر لەم سۆنگەیەشەوەیە کە ھابرماس گەورە بیرمەندی پاشماوەی سەدەی بیستەم پێی وایە ئەو عەقڵمەندییەی کانت باسی لێوەکردووە و ئەو پشت بەستنەی کە سیستمی سیاسی پشتی پێبەستووە بە عەقڵەوە، ئەوە بەرھەکەیەتی کە ئینسان خۆی ناناسێتەوە و دژی خۆی وەستاتەوە لە ھەموو کایەکاندا.

ئینترۆپۆلۆژیا... میتۆدێک بۆ ھۆشیاری نەتەوەکان.

ئازادبوونی مرۆڤ لەنھێنیە گەردونییەکان و وەھمی دەسەڵاتخوازی تەنھا کارێکی جەستەیی نییە, بەڵکو کردەیەکی زەینی و فکریشە کە لەمیتۆدۆلۆژیاکاندا ھاتووە و بەشێک لەو ھەقیقەتە مێژووییە پێکدێنێ (میتۆدی ئازادبوونی مرۆڤ, جەخت لەسەر پێشەکییە فەلسەفیەکان دەکاتەوە و ناتوانێ ببێتە میتۆدێکی سەربەخۆ، جگە لەئازادییەکی وەھمی.


ھیگڵیش لەمبارەیەوە (مرۆڤ ھاندەدات ببێتە خودیکی ھۆشیار, لەبری ئەوەی ھۆشیارییەکی خودی و ئینسانی پەیدا بکات و مرۆڤ ببێتە کائینێکی ھەقیقی, مەبەست لەمرۆڤی ھەقیقی ئەوەیە کە لەدونیایەکی ھەقیقی و مەوزوعیدا بژی و ئاراستەیەک بۆ دونیا دیاری دەکات, دەبێتە کائینێک کە دونیا لەسەر سەری راوەستاوە).
بۆیە ھیگڵ دەیتوانی جارێکی تر کۆنتڕۆڵی ھەموو سنورەکان بکات, ئەو سنوورانەی کە لەوجوددا درووستکراون بونیان ھەیە, ئەو پێی وابوو ئەوەی کە لەھەستی خراپ و ئینسانی ھەقیقیدا ھەیە, بۆتە میتۆدی ئازادی, ئازاد بوون لەوەھم و تێڕامان و خۆ بەدەستەوەدان, ھەموو ئەمانە قسەگەلێکن بۆ ئازادی و چەمکی ئینترۆپۆلۆژیا کە ھێشتا وەزیفەی تایبەتی خۆی وەرنەگرتووە لەنێو فکردا, بەڵکو ئەو باوەڕانەی لەنێو فەلسەفەدا وەبەرھێناوە کە لەکۆمەڵناسی و ئینترۆپۆلۆژیادا بونیاتەکەیان پێکھێناوە, ستایلی مایەکی سۆسۆلۆژیای میللەتانیش, باسێکی سەرانسەرییە لەمیتۆدەکانی مارکسدا و یەکێک لەشاڕێگە بنچینەییەکانی مێژوویی بیری سیاسییە.


مارکس لەدەستنوسە فەلسەفیەکانیدا سەبارەت بە ئۆبژێکتی فیورباخ دەڵێ" ئیتر کاری ئێمە تەنھا رەسم کردنی خەتی زەینی نییە لەنێوان ئێستاو رابردوودا, بەڵکو تەواوکردنی فکری رابردووە و تەرجەمەکردنیەتی بۆ سەر ژیانی واقیعی و کۆمەڵایەتی کە بەشەریەت لەسەرەتای ھاتنییەوە دەستی پێکردووەو لەخاڵی سفرەوە دەستی پێناکات, بەڵکو ھەڵدەستێ بەتەواو کردنی کارە کۆنەکانی پێشووی, بەڵام بەھۆشیارییەکی نوێوە" (٧). مەبەستی مارکس ئەوەیە کە چیتر کاری فەلسەفە دووبارە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە وەھمی و فەنتازیایە نییە کە ململانێکان پشت گوێ دەخات لە پێناو مانەوەی ئەو سیستمەی ژیانی یونیڤێرسالی بێ ھیومانیزم بەڕێوەدەبات.


دەیارە دەسەڵات و دەوڵەتی سیاسی لەھەموو شوێنێکدا وابیردەکاتەوە کە عەقڵ جێگیر بووە, بەڵام رووبەڕی دژایەتی ئەرکداری ئیدیاڵ و گریمانەو واقیعەکانی خۆی دەبێتەوە, کەواتە لەھەموو شوێنێکدا و لەناخی لەناوچونی دەوڵەتی سیاسییدا ھەقیقەتی کۆمەڵایەتی گەشەدەکات " ھەڵبەت مارکس لەھەڵسەنگاندنی دەوڵەت, واقیعی ئابوری لەبارچو دەگرێت و بەیەکێک لەئامرازەکانی چینی فەرمانڕەوا تەماشا دەکات, ئەم تێڕوانینەش لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو کە تا ئەوکات موناقەشە لەسەر ئازادکردنی ئینسان بوو لەخودەوە بۆ گشت, واتە ئازادکردنی کۆمەڵگە لەململانێی چینەکاندا, چونکە تائەوکات نەبوبوو بەبەشێک لەئینترۆپۆلۆژیای فەرھەنگی, ھەروەک چۆن ئیترۆپۆلۆژیا ناسی نەبۆتە ئازادی خوود, ئەم دانپیانانە تایبەتمەندییەک لەشێوازی کۆمەڵایەتی و کێبەرکێی بەردەوام لەنێوان (ھێزی شتەکان) و ھێزی شەرعیدا بەرجەستە دەکات, ئەمەش ئەوە دەگەێنێ کە ھاتنی ھەندێک لەرەوتە فکرییە سیاسییەکان لەسەدەی ھەژدەھەمدا سەریھەڵدا و بەشێک بڕوایان بەڕیفۆڕمی کۆمەڵگە ھەبوو لەرێگای خودی دەوڵەتەوە و بیخەنە سەر راستە رێگەیەک, بەتایبەت (مارکس و ئەنگڵس) کە ھەردوکیان تەبابوون لەسەر نەخشەیەک بۆ ئینترۆپۆلۆژیای ئابوری, لەگەڵ رۆشنکردنەوەی ئەم چەمکە لەشێوازی بەرھەمھێنانی ئاسیەوی و ئینترۆپۆلۆژیای سیاسیی کە بەچاوی ئیعتبارەوە وەرگیراوە). بڕوانە (بۆچونەکانی جۆرج بالاندیە) لەکتێبی (انتروبولوجیا السیاسە). ترجمە علی المقلد. دار التنویر للگباعە.


شێوازی بەرھەمھێنانی ئاسیایی لەتایبەتمەندییەکانی شارستانیەتێک جیا لەشارستانیەتی خۆراوایە و ئەم ئەگەرە بوونی ھەیە کە وەرچەرخانی مێژوویی بەپێی گروپە مرۆییە جۆراوجۆرەکان چەندین ھێڵی تێپەڕاندووە نەک یەک ھێڵ، لەلایەکی ترەوە وابیردێتەوە کە تایبەتمەندی شێوازی بەرھەمھێنانی ئاسیایی پەیڕەوی کۆیلەیەتییە، بەندە و بەکرێگیراوان لەچینی خاوەن ئامرازی بەرھەمھێنان نەبووە، بەڵکو پەیڕەوی زەحمەتکێشان لەدەوڵەتە، ئەگەر ئەم راڤەکردنەی شێوازی بەرھەمھێنانی ئاسیایی درووست بێت، پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەرێگەی ململانێی چینایەتی بەواتای خۆراوایی ئەوە دەستنیشان ناکرێت، بەڵکو تایەتمەندی ئەو ئەوەیە کە ھەموو کۆمەڵگا لەژێر سێبەری چەوساندنەوەی دەوڵەت یان چینی بۆرۆکراتدایە".(٨). ھەرئەم فکرەیەش وای کردوو وارێکخرا کە لەگەڵ کۆمەڵگای رۆژھەڵات و دیاردە مێژووییەکاندا بێتەوە کە ھەندێکیان لەو ریواتانەدا وەسف کرابوون کە گەشتیارەکان دەیانگێڕایەوە" (٩). ئەلێرەوە ئەم چەمکە لەدیدی مارکسدا لەرووی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەکۆڵۆنی یەکەمەوە ھاتووە, دیارە باری کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر بنچینەی سۆسیالیستێکی سەروەتی پێکھاتبوو, کۆڵۆنی یەکەم ئەو کۆمەڵە خەڵکە بوون کە لەشاری (ژوار) ی سەر بە مەکسیکی ئامریکای لاتین، ئەوان وەکی کۆمەڵەیەکی یاخی ھەڵکەوتبوون لەدەسەڵاتی کڵێسای (لۆتەر) خۆیان جیاکردبۆوە, پاش دەساڵ لەئەزیەت کێشان لەژێر دەسەڵاتی ئەم سیستمەدا, ئەمانە کە خەڵکانێکی ھەژار بوون و تەنھا بەیارمەتی (کواکر) ی مرۆ دۆستەکانی لەندەن وئەمریکا توانیان بگەنە شوێنی خۆیان و قەشەیەکیان بەناوی (بۆملەر) دەستنیشان کردو لەپایزی ساڵی ١٨١٧ گەیشتنە فلادلفیا, ھەر کەگەیشتە ئەوێ ٧ پارچە زەویان کڕی کەبەھای ھەر پارچەیەک ٦٠٠٠ دۆلار بوو کەدەبوو بدرێتەوە, بەڵام بۆ ھەر کەسێک چەند دۆلارێکیان ھەبوو, ئیدی تەخت و پوخت ئەو بڕپارەیان خستە خزمەتی کشتوکاڵ و دانەوێڵەو ئامرازەکانی گەشەسەندن و پێداویستیە خزمەتگوزاریەکانەوە, ھەر لەوێش بەعەدالەت پارچە زەویەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد"(١٠). ئەم حیکایەتە مێژووییە بۆ مارکس دەبێتە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کارکردن لەسەر چەمکی ئینترۆپۆلۆژیای ئابوری و بیرکردنەوەی لە ژیانی یەکسانی دوور لە ستەمی چینایەتی, ئەمە جگە لەفەلسەفەی ئەبیکۆرسی یۆنانی و تیۆرەکەی داروین کە لەباری زانستی و مێژووییەوە گەشەی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕە بایلۆژیەکاندا.


رەگوریشەی خێڵ و خێزانە سەرەتاییەکان و قۆناغی پیش مێژوویی بەشەریەت لە (اێل الانواع) . دا تیۆریزە کراوە.


ئەگەرچی بەپێی بۆچوونی ھەندێک لەزاناکانی بواری زیندەوەرە گەردیلەکان و بۆماوەکاندا لەم دواییەدا ھاتبوو کە داروینیزمی نوێ ناوبانگی دەرکرد و جۆرێک شکانەوە بوو لەچەمکی سەرھەڵدانی بەشەریەت و زیندەوەرەکاندا, بەڵام داروین پێی وابوو کە ھەڵبژاردنی سرووشت لەلایەن مرۆڤەوە ئەوە ئەگەێنێ کە داکۆکی کردنی زیندەوەرەکان لەپێناو مانەوەدا ئەوە دەخوازێ کە ئەندامەکانی یان کارەکانی پەرەدەستێنێ تاکو لەو ژینگەیەدا خۆی بگونجێنێ, سرووستیش بەھێزەکان ھەڵدەبژێرێت بۆمانەوە, بۆیە لەم دژایەتی کردنەدا ھەندێک لەناو دەچن و ھەندێکیشیان تاجێگایەک لەشێوەیەکی تردا باشتر دەگونجێن و بەردەوام دەبن. لێرەوە نەتەوەکان کە بەناچار کەوتنە نێو ململانێیەکی نابەرابەر و بێ چارەنووس، تێگەیشتن لە وەی لەپشت چەمکی ئینترۆپۆلۆژیاوە. ھیچ فەلسەفەیەک نییە ئینسان رزگار بکات لەو میحنەتەی دووچاری ھاتووە. ھەروەک ئەوەی بەشی زۆری نەتەوەکان کە تائێستا شوناسیان وەکو رەچەڵەک دیارنییە وکراون بە خاوەن میتۆلۆژیا و مێژوو، کەچی دەیان نەتەوەی بندەست ماون خاوەنی موڵکی ئینترۆپۆلۆژیاشن و ھیچ بەھرمەندنین لێ، جگە لەوەی بوون بە سووتەمەنی سیاسەت و سیستمی سەرمایەداری.

مرۆڤی نامۆ... مرۆڤ ئامێری .


کاتێک چەمکی نامۆیی موناقەشە دەکەین مەرجە ھەردوو بارە دەروونییە تەندروستەکەو بارە ئابورییەکە کە ھۆشیاریە لەبەرچاو بگرین, مەبەستمە بڵێم نامۆگەری لەسرووشتی مرۆڤدا شتێکی ئەزەلیە کە وڵامدانەوەی شتە نھێنیەکانی پێ نییە, مردن بەشێک لەونھێنیانە پێکدەھێنێت, بەڵام نامۆگەری بەمانا فەلسەفیەکەی لەدەرەوەی (جوگرافیا و زمان و سایکۆلۆژیادایە) ھەربەم شێوەیەش نامۆبوون بۆدابەزاندنی چالاکی خۆبزوێنەرو ئازادی مرۆڤ بوو بەئامرازێک, ئیدی ژیانی نەوعی بووە ھۆی ئەوەی مرۆڤ تەنھا وەکو ئامێرگەلێکی لێبێت "سرووشت وەک چۆن ئامێرەکانی ژیان بۆکار دەستەبەر دەکات, بەمانای ئەوەی کاری شایستە بێت ئەو شتانەی کە کاریان لەسەر دەکرێت ناتوانرێ ژیانی تێدای ھەبێت, بەمانایەکی تر ھەندێ جار ئامێرەکان ژیانیش دەستەبەر دەکەن, واتە ئامێرگەلێک کە بۆ زامن کردنی ژیانی مەتریالی خودی کرێکار پێویستە" (١١). ئیتر ئەم چەمکە کەوتە نێو بەھا فەلسەفیەکانی وەک دەروونناسی, دواتر بوو بەتیۆرەیەکی رەخنەیی لەکۆمەڵگەو دواجاریش پێکەوە لکاندنی بەماتریالیزمی دیالکتیکەوە, ھەروەک چۆن ئەم زەرورەتە لەقۆتابخانەی فرانکفۆرت دیراسە کراو لەسەردەستی ( تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ھۆرکھایمەر) و دواتریش مارکۆزە و فرۆم ھتد) وەک تیۆرێکی رەخەییی لەکۆمەڵگەو سیستمە فەرمانڕواییەکەی, بەڵام وەک (ویلھێم رایش) ئاماژەی پێدەکات, ئەوەی کە فرۆید کاری لەسەر کردووە تەنیا ئاشکرا کردنی شتە نێگەتیڤکانی کۆمەڵگەو دەرھاویشتەکانی دەسەڵاتی باوکسالاری و نەخۆشیە دەروونیەکانە, بۆیە ناکرێ بەراورد بکرێ لەگەڵ فەلسەفەی مارکسیزم, چونکی ئەم فەلسەفەیە بۆ گۆڕینی ئەودونیایەیە کە چینەکانی لەبەرانبەر یەکتردا راگرتووە, بەمەش مارکس پشت بەو مەتریالە بەشەرییە دەبەستێ کە لەبزوتنەوەیەکی جەماوەریدا خۆی دەنوێنێ, ئەم چەمکەشی لەوپێناسەیە دەرکرد کە تەنھا نەخۆشیەکی دەروونییە و بەس, بەڵگەش بۆ ئەم راستیە ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی بەرھەمھێنەرە, بەڵام کاتێک لەبەرھەمی کارو چالاکیەکانی بێبەش دەکرێ, تەنھا وەک ئامێرێک چاوی لێدەکرێ, دووچاری نامۆبوونێکی رۆحی و جەستەیی دەبێت, ئەمە لەباری ماتریالیەوە, لەباری فەرھەنگیشەوە ئەوکاتە خۆی بەنامۆ دەبینێ کە وەک تاک لەگەڵ فەرھەنگی کۆمەڵگەدا نایەتەوەو دادەبڕێ و نایەوێ لەبۆتەی شتە باوەکان بمێنێتەوە کە لەگەڵ بیرو بۆچونی کۆمەڵگەدا تەریب بێت, لەلایەکی ترەوە مرۆڤ کاتێک دەڕوانێ لەدونیایەکدا سامانێکی لەبن نەھاتووی تێدایە و بەھرەمەند نییە تیایدا, ھەروەک چۆن وەزی خۆی لەرێگای مەرجە ھەقیقیەکانەوە دەخاتەگەڕ و بەشێوەیەک لەشێوەکان دەیگوازێتەوە بۆ ناو واقیعێک کە لەبەرانبەر واقیعێکی تردا ناکۆکی ھەیە و دەیەوێت لەناوی بەرێت, ئاوەھاش دەیەوێت لەدەرەوەی شتە داسەپاو و سنوردارەکان ھەڵبسوڕێت, ئەمەش پێچەوانەی ئەو دەربڕینەیە کە خوود بەئەندازەی گەورەیی گەردوون گومانی لەخۆی ھەیە,ھەروەک چۆن خراپ کەڵک وەرگرتن لەو دەستی کارەی کە لە ئاسیا و وڵاتە بێ شوناس و نەبوو و نەدارەکان لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەبینرێ، یان لە درووستکردنی سیگار بەدەستی کچە کوبییەکان، یان ناچارکردنی ئەو رەشپێستانەی کە لەقەراغ دەریاکان رێگرییان پێ ئەنجام دەدەن، یان ئەو منداڵ و ژنانەی کە بازرگانیان پێوەدەکرێت و بۆ کاری سێکسی و فرۆشتنی ئەندامی جەستە و ھتد.


لەڕاستیدا نامۆبوونی مرۆڤ پرسێکی فەلسەفییە, رەنگە بشێ بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک سەنتەری عەقڵ خودێتی خۆی بەئەندازەی جەوھەرێکی گەورەتر لەوقەوارەیە ببینێ, بەڵام دواجار ھەر ئەم تێڕوانینە گشتگیرتر دبێت و لەبارەکانی دیکەشدا دژ دەوەستێتەوە, لێرەوەیە خوێندنەوەکەی مارکس بۆ نامۆگەرایی پێچەوانەی خوێندنەوەکەی جامیعەی فرانکفۆرتە, چونکی یەکەم کارێک کە پێی ھەڵساوە لەڕووی دەروونییەوە لەقوتابخانەی فرانکفۆرت لەسەر ئیشکیالیاتەکانی تیۆری و رەخنەیی کۆمەڵگە نووسینی گەشەسەندنی عەقیدەیی ئایینی مەسیحی بوو کە بەناونیشانی "میتۆدو وەزیفەی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و شیکردنەوەکانی نووسیویەتی تەندرووست نەبووە, ئەو میکانیزمەی کە بۆ ئینسجام کردن و شیکردنەوەی دەروونی میتۆدی مارکسی بەکاری ھێناوە گونجاو نییە".(١٢)


ھەر لەو سەروبەندەدا کە قسە لەسەر دوالیزمیەتی چاکەو خراپە دەکات, ئەو چیرۆکانەش کە بۆ نموونە ھێناویەتیەوە دەڵێ" پێویستە لەسەرخوا بەڵێنەکانی بباتەسەر ھەروەک چۆن مرۆڤ بەڵێنەکانی خۆی دەباتە سەر" (١٣). لەوێ لەو بیرۆکەیەدا باس لەوەدەکات کە کریستیانەکان ئەگەر پێشتر وەک خاوەن کێشەیەکی مرۆڤایەتی سەریھەڵداو بەمەبەستی ئەوەی عەدالەتێک بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بەرھەم بێنێت کە دواتر بۆسەر ژیانی واقیعی تەرجەمە کرایەوە بوو بەسیستمێکی دەسەڵاتدارێتی, ھەروەک چۆن کێشمەکیشمی کاسۆلیک و پڕۆتستانت و پێَشتریش حوکمڕانیەتی ئیمبراتۆریەتی رۆم و ئیماندارە مەسیحیەکان لەئارادابوو, ئەمە لەکاتێکدا واقیعیەتی دوالیزمی ژیان و بەریەک کەوتنی دژەکان و چارەسەرکردنی لەنێو مێژوو بەتەواوی لەنێو باوەڕدارە تیۆریستەکان خەیاڵێکی درووست کراوە کەرەخنەگرەکانی مێژوو پێکیان ھێنابوو, ئەوەش کە لەنێوان خواو ئینسانەکاندا پەیوەندیەک ھەیە ئەگەرچی ناتوانین بڵێین وەھمە, بەڵام لەڕاستیدا لەفەرامۆشکردنی واقعێک بەولاوە ھیچی تر نییە. ھەڵبەت بەشێکی ئەم ململانێیەی نێوان مەزھەبە مەسیحیەکان، بەشێک بوون لە کێشە و ململانێی کۆمەڵایەتی، چونکە چینەکان ئەم شێوازی پەیوەندییە و تێکچوونەکەیان دیاری دەکرد، "پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بریتییە لەو تەوەرە سەرەکییەی کە ھێزی سیاسی بەسەردا دابەشبووە و رێکخستنی سیاسیش پشتی پێدەبەستێت، مارکس پێی وایە ھێزی ئابوری و ھێزی سیاسی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بەیەکترەوە ھەیە و بگرە ئەگەری لێکدابڕانیان نییە" (١٤). چونکە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا خاوەندارێتی بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، خاوەندارێتی زەوی کە جوتیارەکانی بە زەوییەوە گرێدابوو، ناچاری کردبوون لەسەر ئەو بنچینە ئاینییە بووەستن و بمێنمەوە بۆ نەوەکانی داھاتووە، تاکو ئەو رادەیەی کە ئینتیماکەیان تۆختر و زاڵتر دەبوو لەبری ئەوەی ئینتیمای چینایەتییان زاڵتر بێت، چونکە جھانی کۆن زادەی ژمارەیەک خێڵ و بنەماڵە و گروپی ئایینی بوونو لەوێوە رێکەوتن لەسەر دابەشبوونی چینەکان، بۆیە پاشماوەی ئەو داکشانە ئابورییەی کە چینی ژێردەست بەھۆی ئاینەکەیانەوە ھەرچی زیاتر رەگی داکوتابوو و ببوون بە کۆیلەی خاوەنداری و زەوی و ئاین و نیشتیمان، ئەمانە ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ دابەشبوونی چینەکان لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا رەنگیدابووەوە، ھەر ئەمەش یەکەم کۆمەڵگەی شارستانی بۆ بەرھەمھێنان، ئاسیاییەکان بوون کە کاری دەستییان وەکو پیشەسازی گشتی بەشەری و دواتریش لەخۆیان نامۆبن. ھەڵبەت ئەو جەنگە کە لەنێوان مەزھەبی سوننە و شیعەی رۆژھەڵاتیش ھەیە، ئەگەرچی بنەمایەکی مێژویی ھەیە، بەڵام زیندووکردنەوە و نوێکردنەوەی لەلایەن ھێزە دەوڵەتی و نیچودەوڵەتیەکان کۆمپانیاکانی دونیا لەپشتیەوەن، بۆ ئەوەیە کە وەبەرھێنانی بەشەری پێوەبکرێ و لەجیاتی بازرگانی وەکو سێکس و چەکفرۆشی و مادەی ھۆشبەر و ھتد کاری لەسەر دەکرێت.


شیکارکردنی میژوو لەسەردەمی مەسیحەوە جۆرێک لەتەسک بینی مێژووی بەشەریەت بوو کە مارکس ئاماژەی پێداوە, ئەو فاکتەرانە تێکەڵ بەدیالکتیکی مێژوویی بوون و لەگەل ئەزموونەکانی ژیاندا لەرووی نەوعی و باری کۆمەڵایەتی و مێژوویشەوە تێکەڵ بەیەکتر بوون "(١٣) لەبەشی یەکەمی کتێبی سەرمایەدا ھاتووە " ئەو پاڵنەرانەی دەبینرێن لەرووی فۆڕمەوە لەژیاندا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ سرووشتی مرۆڤ "(١٤) لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بەپێویستییە دەروونی و غەریزیەکانیش ھاتووە" ئەوە تێربوونی پێویستییە بنچینەییەکانە وادەکات بەرەو پێویستیە نوێیەکان بچین, لەھەمان کاتیشدا بابەتی بەکارھاتوو لەرێگای شتە بەکارھێنراوو پاڵنەرەکانەوە بەکاردەھێنرێت, تەنانەت خودی ئینسانیش لەرێگای تێربوونی پێویستیەکانیەوە بەرھەمدێن و ئیشکالیاتە نوێیەکانیشی ھەر لەنێو ئەم پێویستیانەدایە کە پێویستی نوێ دەخوڵقێنن"(١٥) ئەگەرچی ئەریک فرۆم پێی وایە چەمکی سایکۆلۆژیا و مەتریالیزم پێکەوە وێڵدەکەن, بەبۆچوونێکی ھۆشیارانە نەک بەوەسفێک بنچینەی مێژوو, بەڵکو بەپێچەوانەوە وەکو ھێزێکی تری شاراوەیە"(١٦). ئەوەی ئەریک فرۆم شیکردنەوەی بۆ کردووە، زیاتر زاڵ بونی لایەنی دەروونییە کە لەمرۆڤی تاکدا دەبینرێت، بەتایبەتی ئەو تاکەی کە ئێستا لە سایەی سەرمایەداری ھاوچەرخ و گەشەی تەکنۆلۆژیاوە وەکو ناونراوە نەوەی نوێ ھاتۆتە پێشێ، ھەڵبەت ئەم بابەتە بەشی زۆری بیرمەندە نیو مارکسییەکانی رۆژئاوای سەرقاڵ کردووە کە ھیچ بەھایەک بۆ ئاوارتە و دابڕانی فکری نەھێشتۆتەوە، ھەروەک چۆن بەھای کتێبی دابەزاندووە بۆ ئاستێک کە مرۆڤێک کتێبی بەدەستەوە بێت لەنێو کۆمەڵگە و لەنێو شەمەندەفەر و میترۆ. بەکەسی ئاسایی ناناسرێ. دەبێت دەست و پەنجە لەگەڵ تەکنۆلۆژیادا نەرم بکات، خۆ ئەگەر کەمێک دووربێت لەو فەزایەی خوڵقاوە، بەکەسی نامۆ بە ژیانی نوێ ھەژمار دەکرێت و پێی دەگوترێت دوور لە یونیڤێرساڵ.


لەمبارەیەوە بۆچوونی مارکس یەکان وەردەگرین کە پێیان وایە" ئەو ھێزە لەغەریزە بنچینەییەکانی ئینسانە لەناو چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی چینایەتی دایە کە فڕۆم دەیەوێت ئەم ئاسەوارە دەروونییە واتە ئامۆژگاریە ئاشکرا بکات کە حیکایەتی بنچینەیی و تایبەتمەندییەکانی سێکسی نین, ئیدی ئەوکاتە دەکرێت بڵێین رێگا چارەی برسێتی ئاسانە ئەویش بەدەست ھێنانی بژێوی و پەیدا کردنی نانەوە, بەڵام سێکس کە ئیشکالیەتێکەو چارەسەر ناکرێ, پەیوەندی بەمێژووی سێکس و دەسەڵاتەوە ھەیە" (١٧). ئەوەش کە لەبارەی فەلسەفەوە ماھیەتی خودی مرۆڤی دیاری کردووە, بریتییە لەکۆی ئەو تایبەتمەندیە دەروونیانەی کە ( غەریزەی پاراستنی خود غەریزەی موڵکایەتی تاک و غەریزەی دەسەڵات و ھتد) لەجەستەی ئینساندا کۆما بووە....
________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- دەسنوسە فەلسەفیەکانی کارل مارکس . بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ئێران. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ب ئارام.
٢- ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
٣- گۆڤاری سەردەم ژمارە ٩ دۆسیەیەک دەربارەی مارکس ساڵی ٢٠٠٠.
٤- منگق مارکس. نووسینی یندریش زلنی. منشورات الابحاپ اشتراکیە ل١٥٩.
٥- نامەفەلسەفییەکانی مارکس بۆ ئارنۆڵد سەبارەت بەدەوڵەت ساڵی ١٨٤٢.
٦- ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
٧- الانتروبولوجیا السیاسیە. جورج بالاندیە. ت. علی المێری. الموسسە الجامعیە للدراسات والنشر والتوزیع سنە ١٩٨٩. ل٢٢.
٨- ریمۆن ئارون. قۆناغە بنەماییەکانی ھزر لەکۆمەڵناسیدا. بەرگی یەکەم. وەرگێڕانی. عەبدولڵا رەسوڵی. ل٢٥٠.
٩- الاێل العائلە و الملکیە خاێە والدولە. فریدریک انجلس.ترجمە و الگبع. دار التقدم. موسکو.
١٠- ئانتی دۆھرینگ باسێک لەسەر سۆسیالیزم (ئەنگلس). بڵاوکراوەی حیزبی کۆمۆنیست. ساڵی ١٩٨٨. ل٨٠.
١١- گۆڤاری سەردەم ژمارە ١٤ ل٨.
١٢- مدرسە فرانکفورت نشاتھا ومغزاھا وجھە نڤر مارکسیە. د فیل سلیتر. ت. خەلیل کلفت.
١٣- سەرمایە بەشی یەکەم (کارل مارکس ) ت. محمد عیتانی. گبعە لبنان. سنە ١٩٩٩. ل١٠.
١٤- ھەمان سەرچاوەی پێشوو.
١٤- ئانتۆنیۆ گیدنز. سەرمایەدداری و تیۆری کۆمەڵایەتی ھاوچەرخ.خوێندنەوەیەک بۆ کارەکانی مارکس و دۆرکھایم و فیبەر. وەرگێڕانی. ئارام ئەمین شوانی. بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی ئاوێر. ھەولێر. ساڵی ٢٠١٦. ل٩١.
١٥- مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە. ئەریک فرۆم. وەرگێڕانی ھەنگاو ساڵی ٢٠٠٠.
١٦- مدرسە فرانکفورت نشاتھا ومغزاھا وجھە نڤر مارکسیە. د فیل سلیتر. ت. خلیل کلفت.
١٧- منگق مارکس. یندریش زلنی. منشورات الابحاپ الاشتراکیە ل١٩٨. ٢٠٩ . ٢١٧.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک