ئیرادەى گەل!!!

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
لەگەڵ گەرمی شەڕ و پێکدادانەکان لەم چەند رۆژەى دوایدا و دەربازکردنى
سنووری باشوور لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە، بووە هۆی ئەوەى کە لەیەکەم
ئۆپەراسیۆندا زیاتر لە (22) عەسکەر کوژرا و هەلیکۆپەترێک کرایە خوارەوە
و کۆی گشتی کوشتنی عەسکەرەکان (100) کوژراون وەک لەداخویانی هێزەکانى
پارستنی گەل رایانگەیاندرا، ئەمە لەلایەک و لەلایەکى ترەوە و سوپای
تورک دەڵێت لەبەر زۆری بارینی بەفر ناتوانین وەک پێویست بچینە ناو خاکى
ئێراقەوە بۆ لێدانی (پەکەکە) و لەکاتێکدا باشترین چەک و تەکنیکی هەیەو
گەریلاش دەرەوەى چەکى سووک هیچ شتێکى دیکەى نییە بۆ بەرگری، بەڵام
لێرەدا تەکنیک و تەکتیک رووبەڕووى یەک بونەتەوە حەتمەن لەدەرئەنجامیشدا
تەکنیک چەندە پێشکەوتووبێت ناتوانێت گورز لەتەکتیک بدات.
ئەمانەش لەکاتێکدایە کەسەرۆک کۆماری ئێراق هەر پێداگری لەسەر ئەوە
دەکات کە بچێتە تورکیا و هەروەها هەڵوێستی نێگەتیڤى نێچیراوان لەیەکێک
لەلێدوانەکانى ئەم دوایدا دەردەکەوێت کە و وتی ئەو ناوچانەى کە شەڕی
تێدان خەڵکى سڤیلی لێی نییە، ئەمەش بێگومان ئەو لێدوانەى دوورە
لەراستییەوە و لەو سنوورانەدا کوێستان و رەوندەکانی لێیەو و گوندیشی
لێیە، نێچیراوان بەو قسەى دەیەوێت بڵێت ئەو هێرشانە تەنها دەکرێتە سەر
گەریلا ناکرێتە سەر میللەت هەمووشمان دەزانین لەئەنجامی
ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوو بۆتە هۆی شەهیدبوون و بریندارو ماڵوێرانى
خەڵکى سڤیل.
لەبەرامبەر ئەو هیرشانەدا لەم چەند رۆژەى رابردوو سەرهەڵدانە
جەماوەرییەکان لەگەرمیان و کەرکوک و هەولێر و بامڕنێ شێلادزێ دەستی
پێکرد وەک تەحەدایەک، بێگومان ئەمەش تەنها بەس نییە دەبێت گەلەکەمان
لەهەرکوێیەکن دەبێ دەنگى ناڕزاییان بەرزبکەنەوە، چونکە هەنووکە هیچ
لایەنێک دۆستی کورد نییەو پشتگیری ناکات ،ئەوەى کە هەبێت تەنها و تەنها
ئیرادەى گەلە، ئیرادەى گەلیش دەبێ بەرپەرچی داگیرکەر بداتەوە، چونکە
خاکەکەمان لەم بەشەى کوردستان جارێکى تر لەلایەن بەچکە ئەتاتورکەکانى
گۆڕبەگۆڕەوە دەخوازنن داگیریبکەن و ئامانجیشیان وەک لەلێدوانەکەى ئەم
دواییەى سەرۆکى کۆما جڤاکێن کوردستان هاتووە.
لەم ئانوساتە و لەگەرمەى رووداوەکاندا هەوڵوێست پێویست و گرنگە واتە
هەنووکە رۆژی هەڵوێستە لەهەر تاکێکى ئاسایی کۆمەڵگاوە بگرە تا دەگاتە
خەڵکە رۆشنبیرەکە ئەگەر لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بێ هەڵوێست بین ئەوا
ئەو کاتە خۆ فرۆشتن و خاک نامووس فرۆشتنیش قەبوڵ دەکرێت وەک ئەوەى کە
ئێستا دەسەڵات و کۆیلەکانی دەسەڵاتی کوردی ئەو هەڵوێستەیان نواندووە،
بۆیە لەبەرامبەر ئەوەدا دەبێت ئەو چەمکە مەحکوم ریسوا بکەین و لەو
سۆنگەیەو بۆ دژایەتی کردنى ئەو بیرە دەبێت هەڵوێست وەربگرین ئیدی بۆ
ئەمەش لەسەر رۆژنامەوانانە زیاتر کە دەنگی ناڕەزایی بەقەڵەم و
بەپراکتیک بەرزبکەنەوە و وەک چۆن لەم چەند رۆژەى رابردوو مەفرەزەى
سێیەمى قەڵەم ئەم جارە ویستی بڕوات بۆ ئەو جێگایانەى کە شەڕ و جەنگی
لێیە بەئامانجى ئەوەى چ لەو دەڤەرانە دەقەومێ بەرای گشتی رابگەیەنێ،
چونکە هەوڵدانێک هەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە کەس ئاگای لەو
شەڕانە نەبێت هەربۆیە لەکاتی چوونى مەفرەزەى قەڵەم لەناو سیدەکاندا
دەسبەسەرکران دواتر بەزۆر دەیانهێننەوە دیانا و لەدوای لێکۆڵینەوە
کاتژمێر یازدەى شەو ئازاد دەکرێن و رێگەیان پێنادرێت بچنە ئەو ناوچانەى
کە بەو تەی ئەوان مەحەرەمەیەو بۆخۆشی (هەرێمى پاراستنی میدیایە).
|