| 
			١٩\٨\٢٠١٢ 
			عیرفان 
			ئەحمەد، مرۆڤی رۆژی تەنگانە بوو!
 
			
  لە 
			کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٤ و لە گەرمەی شەڕی 
			کۆنەپەرستانەی نێوخۆی حیزبە تۆتالیتارییەکانی کوردستان.. ئێمە تازە 
			چەند ژمارەیەکی رۆژنامەی ئازاد و ناحیزبیی (ئەمڕۆ)مان دەرکردبوو، لەو 
			سەردەم بە هۆی ژیانی قاتوقڕیی و هەژموونی حیزبەکان کەم نووسەر و 
			رۆژنامەنووس هەبوون بتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و ملکەچی حیزب و 
			لایەنەکان نەبن و بتوانن بە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان و بکەن و پابەست 
			بن بە ویست و ئامانجەکانی خەڵکی نەدار و زەحمەتکێش. 
 لە کاتێکدا کە هێشتا خەڵکی کوردستان بە تەواویی نێوەرۆکی حیزبە 
			دەسەڵاتدار و عەسکەرتارییە خێڵەکییەکانیان لە لا رۆشن نەبوو و هێندە بە 
			کارە دزێو و دژەمرۆییەکانیان ئاشنا نەبوون.. ئێمە لە گەڕانمان بە دوای 
			کەسانی بە هەڵوێست و چاونەترس کە لە بواری نووسین کاریان دەکرد (عیرفان 
			ئەحمەد)ی خوێنگەرم و هێژامان و لە رێگەی (ئاکۆ کەریم مەعرووف)ەوە ناسی، 
			پاش ئەوەی رۆژنامەکەمانی دیت زۆر زیرەکانە هەر زوو هەستی بەوە کرد کە 
			ئەو رۆژنامەیە دەنگی ئەو و خەڵکانی ئازاد و زەحمەتکێشە بۆیە زۆر پێی 
			شاگەشکە بوو و زۆریش هانی داین کە بتوانین بەردەوام بین و گەشەی پێ 
			بدەین.. لە لای خۆشیەوە هەر دەمودەست بڕیاری دا بەوپەڕی تواناوە کارمان 
			لەگەڵ بکا، ئەوە لە کاتێکدا ئێمە لەژێر هەڕەشە گوڕەشە و ترس و تۆقاندنی 
			حیزبەکاندا بووین و نەک هەر نووسەران و رۆژنامەنووسان لە ترسی 
			سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین نەیاندەتوانی لە پڕۆژەیەکی رۆژنامەگەریی لەو 
			بابەتە بەشدارییمان بکەن بەڵکە هەر لێشمان نزیک نەدەبوونەوە.
 
 عیرفان ئەحمەد مرۆڤی رۆژی تەنگانە بوو، بەڵام بە داخەوە لەودەم هیوا و 
			ئامانجەکانی نەهاتنە دی و هەر زوو لە هەموو لایەکەوە هێرشیان کردینەسەر 
			و نەک هەر رۆژنامەکەیان پێ داخستین بەڵکە بە خوێنی سەریشمان تینوو بوون، 
			ئیدی ئەو پێڕانەگەیشت بە نووکی پێنووسە جوانەکەی (ئەمڕۆ) گەشاوە و 
			گەشاوەتر بکا و هەر یەکەمانیان بەلایەکدا پەرتەوازە کرد، پاشانیش بە 
			هۆی دروستبوونی هەردوو ئیمپراتۆریەتە خێڵەکیی و ناوچەگەرییەکەی هەولێری 
			بارزانی و سلێمانیی تاڵەبانی کوردستان بووە دوو لەت و ئێمەشیان لە یەک 
			دابڕی و ئاگامان لە یەک نەما.
 
 بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کە ئێستا چەقۆکێشە پاسەوانەکانی دەسەڵات بۆ 
			هەتاهەتایی لە (عیرفان ئەحمەد)ی جوامێر و شاعیری نوێخواز و 
			پێگەیشتوویان دابڕین، بەڵام بێگومان دەبێ دەسەڵاتدارە مرۆکوژەکان باش 
			ئەوە بزانن کە جگە لەوەی کاکە عیرفان بە هۆی بەرهەمە بە بڕستەکانی 
			چەندین عیرفانی دیکەی لە هەناوی کۆمەڵگەمان چاندووە و هەرگێز رێبوارانی 
			رێی کاکە عیرفانیش لە خوێنە گەشەکەی خۆش نابن و ناهێڵن ئەو سیستەمە 
			داپلۆسێنەر و دڕندە و ژیانکوژە تاسەر بەردەوام بێ کە ئەوەش ویست 
			ئامانجی کاکە عیرفان و تێکڕای عیرفانەکانی ئەو کۆمەڵگەیەن.
 
 سەری رێز و نەوازشمان بۆ کاکە عیرفانی هەمیشە زیندوو.
 
			ماڵپەڕی ئەمڕۆ - 
			
			١٧\٨\٢٠١٢
 
 
			  
			  
			  |