١٤\٨\٢٠١٢
عیرفان، کێ کوشتی؟

سەعید عارف باپیر
(تارمایی، کەسێکە یان
لەسەرەدمێکی خوشی زێڕین، یان لە سەردەمێکی تاریک و پڕ لە ئازاری خۆی دا
قەتیس ماوە).
من لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە عیرفان ئەحمەدم
ناسی، ئەوم بەھۆی برادەرانی تری بەحێماوی ترمەوە ناسی بو ، ئەو کاتانە
خۆم لەدەست چارەنوسبەندی بەرگەی مەرەخەسی (رەزمەندەی ناموزەمی عیراقی)
ڕاپسکاند بو . کە ھیچی جیاوازیەکی نەبو لەگەڵ مۆڵەتی (قوات جەحافیل
خەفیفەی عیراقی) دا*، لە سنوری
دو ووڵاتی بەجەنگاتوەوە پەریبومەوە . لە ئەتمۆسفیرێکی وەھادا ، لەو
ماوە کورتانەدا کە بە مۆڵەتی سەربازی دەھاتمەوە بۆشار و تێکەڵی کۆڕی
برادەرانم .
ئەو کاتە ،گلەیی عیرفان و بەشاھیدی برادەرانیشی لە و بارە تایبەتەی خۆی
بو ،بەوەی زیاتر لە چەندەھا کوڕی لە شارو شارۆچکەکان دا گرتووە ، بە
بێ ئەوەی کاریگەری و زرینگانەوەیەکی تایبەت بدات بە باری ناو شۆرەتی
شاعیری ئەو ، بەھەر حاڵ لەسەرو ئەمانەشەوە ، ئەو زۆر چالاک و پڕ ئومێد
بو ، بۆ ئایندەیەکی ڕۆشنتری خۆی .
دوای ڕاپەڕین و ساڵە قاتیەکانی ١٩٩١. عیرفان، ژیانی گوڕینێکی پڕ لە
ھاتی دارایی تێکەوت ، وەکو کەسێکی خاوەن ڕشتەی بواری تەندروستی لەو
کەسە کەمانە بو کەلە ڕیخراوێکی مرۆڤی خێرخوازی سەر بەوڵاتی ژاپۆن دا
کاری دە ستکەوت ،بە موچەیەکی باش ، ئالەو کاتانەدا عیرفان ، پر بەخشش
ودەسواڵاترین کەس بو بۆ دەوروبەرو برادەرەکانی ، ھەر بە (ئیمرو
ئولقەیسی) شاعیری ناوداری جاھیلی عەرەب دەچوو، زۆر بون لەو برادەرانەی
کە بەھرەی بەخشش و کۆڕی پڕ لە ژیان و بادەی ئەو دەیگرتنەوە، فەیزی
ئەویان بەسەردا دەباری .
بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ و ڕوخانی دەسەڵاتی بەغدا ، ژیانی ئەم دەڤەرەش توشی
دەردی( ئەمریکانیزە) بوون ھات ، پارەو دارایی بو بەھەمو شتێک و جێگەی
ھەمو مۆراڵیکی تری کۆمەلگەی گرتەوە .
یەکێک لە ڕوکارەکانی ئەم قۆناغە ، بارکردن و پێچرانەوە ڕیکخراوە
بیانیەکان ،عیرفان لەوێدا بەجێماو مایەوە . ئەو شاعیرو ھەست ناسک بو ،
توانای ڕەنگ گۆڕین و خۆ گونجاندنی قۆناغە تازەکەی نەبو ، نەیتوانی
لەگەڵ ڕیتمی وشک و جارسی (مۆنی .. مۆنی)
داسەما بکات، بەپێجەوانەی زۆرێک لە حەرباسیفاتەکان ( ئەوانەی وەکو بە
ئاسان گوڕینی کراسە چلکنەکانیان، دەتوانن بارو مۆراڵی خۆیان بگۆڕن ).
عیرفان لە دنیا تایبەتیە ڕون و زوڵاڵە ھەستیارەکەی خۆی دا مایەوە ، وای
دەزانی ئەوانەی دوێنی لە بەخششەکانی بەھرەدار بو بون ، ئەمڕۆ
لەبەرچاویانەو بۆی جوبران دەکەنەوە ، ھەمیشە بە نازی ڕابوردویەکەوە
بەسەری دەکردنەوە ، بەڵام ئەوان گۆڕابون رۆحی ناسک و ھەستی شاعیریانەی
ئەویان نەدەبینی ، بگرە ئەو بارەی ئێسیای ئەویان بەقورس لەشانی خۆیان
دەزانی . تادەھات عیرفان ئەو ڕوگۆڕینە ی دەورو بەری بە نامۆ و نەگونجاو
ناماقوڵ دەزانی ،.تائەوەندەی توشی جۆرێک پارسەنگ لێ تێک چون ھات بو .
دەیەویست خۆی لەو دنیا بێ سفەت و سپڵەیە بدزێتەوە ، بەدوای دا ھەمان
باری نوێی ئەو ، دەبووە دروست کردنی بیانویەکی تری نادروست بۆ باو
پەرست و حەرباسیفاتەکان .
عیرفان لەنێو دنیای دوینێی خۆی دا قەتیس مابو ، دنیای ئەو بەرەو کاڵ
بونەوەو ، نەبینران دەچو . ھەست بە ئازارو کۆڤانی ئەو نەدەکرا ، بو بو
بەتارماییەک. خۆ ئاخر، سیفاتەکانی تارمایی ، قەتس مانە لە سەردەمێکی
ڕابوردوی زێڕین ، یان پڕ ئازاری کەسێک دا.
عیرفان ڕەنگبی بەدەست و لێدانی پۆلیسێکی خەمساردی موچەپەرست، یاخود لە
کارەساتێکی ناگەھان و کەوتنی پڕ لە ئازارو جەفەنگی خۆی دا ، بەر
جەزرەبەی مەرگ کەوت بێت .
(بەڵام بۆچی لە شوێنی وەھادا ، بەو جۆرە بێ نازی و درەنگ وەختیە ،
ھەواڵی مەرگی بگات ؟)
باوەڕم وایە جگە لە کەس و شوێن و ھۆی ماتریاڵی ڕاستەوخۆی مەرگی عیرفان
. لەسەرو ئەمانەوە ، ئەوەی بەرپرسی مەعنەوی مەرگی عیرفان بوو ، شتێکی
تر بو . ھەستی ناسک و ڕۆحی ڕون و زولالی عیرفان ، چیتر ھەمواری زبری و
ناھەمواریە نوێ کانی نەگرت ، ئەو دنیا نوێ یە ھەناسەیەکی تیا نەماوە ،
بۆ ڕەوانی پەپولە ئاسای ئەو .
باوەڕم وایە، عیرفان ئەم ڕۆژگارە نوێ یە دڵڕەق و بێ بەزەیی یە بەھەمو
شتێکیەوە، مایەی مەرگ و کوشتنی ئەو بوو.
__________________________________________
پەراوێز:
*
لەدوای ساڵانی ١٩٨٨ و ئەنفال دا ھێزی پێشمەرگە ، کەوتبووە دیوی ئێران و
دەوڵەتی ئێرانی بە مۆڵەت و مەرەخەسیەک بواری ھاتو چۆی شارەکانی بەوان
دەدا ، بە ئیجازەکە دەوترا ، بەرگەی مەرەخەسی نیرو ڕەزمەندەی
نامونەزەمی عێراقی ، لەدیوی عیراقیشەوە مۆڵەت و ئیجازە یەک دەدرا بە
جاشەکوردەکان بەناوی ئیجازەی قواتی جەحافل خەفیفە ، لە قەبارەو شێوە ی
پەڕە کاغەزی یەکەدا ، وەکو یەک بون ،تەنھا ئەوەی دەوڵەتی ئێران بۆ
تەنھا ٧ڕۆژ بو ، بەڵام ئەوەی دەوڵەتی عیراق بۆ ١٥ ڕۆژ پشو بو ، ھێزە
کوردیەکەی دیوی ئێران بەنەخوازراو دیفاکتۆیەک بو بون بەپارسەنگ لەگەڵ
سوپای ئێرانی دا ، بەڵام ھێزی کوردی دیوی عێراق بەئارەزو خۆ بەخش بوبون
بە ھاوشانی سوپای عێراقی ، بۆ بێگانەیەک چەکداری ھەردو ھێزەکەی بۆ
لەیەکتری جیانەدەکرایەوە ، تەنھا بە وەی یەک ھێزی چەکداری میللی کوردن
و دابەش بون بەسەر دو دەوڵەتی دوژمن بەیەک دا.
ماڵپهڕی سهعید عارف باپیر
|