په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٢

عیسا پژمان و قانیعى فەرد و نووسەرە دووسەرە (مووشەدەمە)کانى لاى خۆمان.


هیوا رەش         


لە دەمەدەمى هەڵبژاردنى ئەم دواییەى کوردستاندا جگە لەوەى کۆمەڵێک سەرنج و تێبینى زۆرم لە چۆنێتى وجۆرێتى و ئاراستەى فیکریى ئۆپۆزیسیۆن هەبوو بەڵام ئەمانە هیچیان ڕێگرم نەبوون لەوەى زۆر زۆر خۆشحاڵ بم تا لەمپەرێک لەبەردەم سەرکردایەتى گەندەڵکارى سیاسیى کوردستان دروست ببێت و هێزێکى ڕکابەر لە دژیان قوت ببێتەوە ، بۆیە بێدودڵى و بێئەوەى هیچ ساردییەک بنوێنم ، لە ئەنجامى ناعەدالەتییەکانى پارتى و یەکێتى و چمکگیرەکانیان دەنگم بە دژەکانیان دا کە نەدەکرا لەبەر هەستى نەتەوایەتى دەنگى خۆم بسووتێنم چونکە لە کەرکوکدا پێویستمان بە تاکە دەنگێکى زیاتر هەبوو ، بزوتنەوەى زیز بوو لە یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە جەستەى پۆخڵى گەندەڵییەوە بە ناوى - گۆڕان - ەوە هاتە مەیدان ، بە حوکمى غیابى هێزى چەپ لە مەیدانەکەدا کە بە ساختە خۆیان لە لیستى - ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى - یەوە پێچابوو و جێگەى متمانە نەبوون و سیاسەتى ڕابردوویان دەریدەخست کە لە دواساتەکانیشدا بێت دەگەڕێنەوە باوەشى گەرم و چەورى گەندەڵى دەسەڵات ، هەرچەندە پێشینە و پاشینەى فیکرییان مایەى دڵخۆشیى نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوم لەسەر بزوتنەوەى گۆڕان گیرسابۆوە ! چونکە پێموابوو ئەوان لە دامێن و پاشەڵ گرتنى هاوخووەکانیاندا کارامەن و دەتوانن هیچ نەبێت بۆ وەدەسهێنانى ئیمتیازاتى خۆیان بە شێوەیەکى کاتى ڕێگریى لە پارتى و یەکێتى بکەن و عەیب و عەورەتیان دەربخەن و لە داماڵینى نهێنییەکانى نێوانیان سودێک بە خەڵک بگەیەنن و وریاتریان بکەنەوە لە پەنهانەکانى ئەو دیو پەردە.

بەڵام وا دیارە بزوتنەوەى گۆڕان پێدرێژى دەکات ، بە گوێرەى ئەوەى ڕاگەیاندنەکانیشى بە ئاراستەیەکى نەخوازراو خۆیان پەلکێشى ناو کێشە لاوەکییەکان کردووە و تەواوى مەسەلە نیشتمانییەکان و مەترسییە دەرەکییەکانیان فەرامۆش کردووە و وەکو بزوتنەوەیەکى ئەنتى بارزانى ئاڵاونەتە دژایەتى کردنى بنەماڵەى بارزانى کە پێموایە لەسەر دەستى مەسعود بارزانى ئیمپڕاتۆریەتى کوردیى لەسەر سینییەکى زێڕین لە خزمەتیاندا دابنرێت لەبەر بارزانیبوونى ، ئەوان ئیشتیهاى ناکەن و - بایکۆت و پاکێج - لە چارەنووسى گەلەکەمان پیرۆزتر دەبینن ، هەرچى توانایان هەیە تەرخانیان کردووە بۆ ناشیرین کردنى بارودۆخى ناکامڵى پرۆسەى سیاسیى کوردستان ، ئیسلامییەکان لە غەمى ئەوەدان بۆ خولى داهاتووى سەرۆکایەتى هەرێم کاندیدى خۆیان دەسنیشان بکەن کە دڵنیام لەوەى ئەنتى بارزانییەکان بەو نیازەى لەو ڕێگەیەوە سیاسەتى دژەبارزانێتییان سەر بگرێت ناپرینگێنەوە لەوەى مەحەمەد مورسییەکى کوردیى بهێننە سەرکار ، جا ئەگەر ئەوان هێندە غەمخۆرى نیشتمانن بۆچى جورئەتیان نەکرد کاندیدى خۆیان بۆ سەرۆکایەتى هەرێم بپاڵێون و تواناى خۆیان بۆ پاڵپشتیى ئەنتى بارزانییەک تەرخان کرد ، دەبوایە هێندەى خۆیان بەو بەند و بالۆرەوە خەریک کردووە باى نیو ئەوەندەش ئاوڕیان لە کێشمەکێش و هەڕەشەکانى حکومەتى شۆفینیستى بەغداش بدایەتەوە و پەردەیان لە ڕووى ڕاستیییەکان هەڵدایەتەوە کە ئەمە زۆر بە دەگمەن لەواندا تێبینى دەکرێت و خەریکە دەچێتە بازنەى مەحاڵەوە و تەنانەت بە هەڵوێستى شەرمنانەوە دەیانەوێ حکومەتى شیعەگەراى بەغدا و ئاخوندیزمەکانى کۆمارى ئیسلامى وەکو فریشتە بە خەڵک بناسێنن و وێناى ئەهریمەنیش بە دەسەڵاتدارێتى خۆماڵى ببەخشن ! لە هەمان کاتیشدا هەندێک نوسەرى وڕینەوێژ هەن جگە لەوەى عیسا پژمان و قانیعى فەرد و ( نوسەر ) و نوسینى هاوشێوەکانى ئەوانیان کردۆتە سیمبولى خۆیان و خوێندنەوەیەکى ڕەش بۆ مێژووى کورد و سەرکردەکانیان کردۆتە ئامانج و هەجوى ناحەزانیان کردۆتە سەرچاوەى مەرامەکانیان ، هەموو ئەمانە بەدگومانیم لەمەڕ سەرهەڵدانى بزاوتێکى ئاراستەکراو و قەتیسى ناوچەگەریى لە کوردستاندا لا دروست کردووە کە سەرقاڵى بناغە داڕشتنین.

شێخ سەعیدى پیران و پێشەوا قازى و شێخ مەحمود و مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى و ئەوانەى دواى ئەوانیش دێنە سەر شانۆى سیاسیى کوردستان هیچیان لە هەڵە و کەموکوڕى بەدەر نەبوون و نین و نابن ، من چى بکەم کە قادر عەزیزى ئاییندە و حەمەى حاجى مەحمودى سۆشیالیست و مەلا بەختیارى یەکێتى و سالار عەزیزى گۆڕان لە سەختترین ڕۆژگارێکدا لە دەست ستەمى بەعسییەکان یاخى بوونە و ئەم هەڵوێستەیان مایەى شانازییە بۆ خۆیان و گەلەکەیان و کاتێک هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت ناکرێت نکوڵى لەو هەڵوێستانەیان بکرێت ، بەڵکو دەبێت جێگەى هەڵوێستى جوامێرانەشیان لە دۆسیەکانیاندا بۆ خۆش بکرێت و ئەوسا باسى ئێستاشیان بکرێت ، نەک وەکو ئەوان دەڵێن - عەقڵى شاخ - چەشنى دێوەزمە بە نەوەکانمان بناسێنین ، دەبێت لە نێوان کردارە ڕەش و سپییەکانى ئەواندا تەواوى ڕەنگەکان ببینین و بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوو و ئێستایان بکەین بە میکرۆسکۆب بە دواى کەلێنەکاندا نەگەڕێین بۆ ئەوەى زلیان بکەینەوە و بە پشتیوانیى ئەرشیف و زاکیرەى دوژمنان تۆوى دوبەرەکى و نائومێدیى لەناو خەڵکى ئازادیخوازى گەلەکەماندا بچێنین ، گریمان ئەو فرەوێژییەى ئەوان لەسەر مستەفا بارزانیى بنەمایەکى ڕاستیشى هەبێت بەڵام ئایا دەتوانن ئەوە لە بیر نەوەکانمان ببەنەوە کە مەلا مستەفا بە حوکمى هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەکانى ببووە ناسنامەى شۆڕشى گەلى کورد لە ناوەوە و دەرەوەدا ، یان هەگبەکەیان جێگەى بابەتى دیکەى چارەنووسسازى تێدا نابێتەوە جگە لە ڕشتنى ژەهرى ناکۆکى؟!

شابانو فەرەحى هاوتەختى حەمەڕەزا شاى ئێران لە بیروەرییەکانیدا لە کتێبى ( نهێنییەکانى شا و فەرەح ) دا نوسیویەتى : (( ئێمە لە ڕێگاى ڕاپۆڕتە نهێنییەکانى ساواکەوە ئاگادار بووین کە ژمارەیەک لە پیاوانى سیاسیى بەناوبانگى وەکو ئەرنێست پرۆنى کارمەندى ئیدارەى تەشریفاتى دەربارى پاشایەتى ، ئەمیر عەباسى هوەیدا - سەرەکوەزیر ، غوڵامڕەزا کیانپور ، جەنەڕاڵ میهردادى ئاریانا ، میهردادى پەهلبۆد و ..... گروپى نێربازییان پێکەوە ناوە )) ، هەروەها دەنوسێت : (( هەڵبەت کەسانێکى وەکو ئەسەدوڵاى عەلەم ، ئەردەشێر زاهدى ، مەهدى بوشەهرى و زۆر کەسى دیکە هەوڵیان دەدا تاکو بە ناساندنى ژنان و کچانى جوان بە حەمەڕەزا خۆیان لە لاى شاى وڵاتەوە خۆشەویست بکەن )) ، لە جێگایەکى دیکەدا دەڵێت : (( لە ئامۆژگارییە خراپەکانى ترى مەلیک حوسێن - مەبەستى پاشاى ئوردنە - ئەوە بوو کە ژن و کچى هەر کاربەدەستێکى حکومەتەکەى پێخۆش بوایەت لێى وەردەگرت و ئەگەر ڕێگایان پێ نەدایەت لەسەر کار دەریانى دەکرد )) ، ئەمانە مشتێکە لە خەروارى ناسنامەى سەرکردەى ئەوانەى ئیدارەى دژایەتى و سەرکوتى شۆڕشى کورد و شێواندنى کەسایەتییە سیاسییەکانمان بەڕێوە دەبەن و پژمانیش پەروەردەبووى ئەو ژینگەیەیە و تاکێکە لەوان ، بۆیە لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە و ( الغایە تبرر الوسیلە ) دروشمى پیرۆزیەتى ، ئیتر بۆچى ئێمە دەبێت نەشتەر لەوانەى خۆمان بدەین کە جارێ شتگەلێکى بایەخدارتر لە پێشترن ، جا تۆ بڵێى عیسا پژمان فریشتە بووبێت و بەدەر بووبێت لە هاوڕەگەزەکانى خۆى و وەکو ئەوان و بە هەمان نەزم و نەریتەوە نەیەوێت شمشێرى کولى خۆى بە جەستەى خۆڕاگریى شۆڕش و سەرکردە و مێژووى گەلەکەمان دەمەزەرد بکاتەوە ؟ بێگومان ئەویش وەکو هاوکارەکانى بە پلیکانەى ناوگەڵ و تەکاندنى شان و ساردکردنەوەى ماستاو بۆتە ئەو ( پیاو ) ەى کە دەم لە مێژووى کەسانێک وەر بدات کە خۆى بە تۆزى پێیان ڕا ناگات، عیسا لەو پیاوە گرگنانەى دەربار ( مەرد) تر نەبووە ئەگەر نامەردتر نەبووبێت ، چونکە ئەو پیاوى ساواکى بەدناو بووە و دەزگاى ساواکیش ئەفسەرە پلەبەرزەکانى بە سەر و گیان و ناوگەڵەوە لە خزمەتى شاکەیاندا بوون ، نەک مەلا مستەفایەک کە لە پێناوى قەزیەیەکدا قبوڵى هاریکاریى لەم دەزگا یان ئەو دەزگاى وڵاتان کردووە و خیانەتیان لێکردووە ، بزوتنەوەى گەلى کوردیش وەکو هەر بزوتنەوەیەکى سیاسى - سەربازى دیکەى جیهان نەیتوانیوە لە هاوکێشەى سیاسى دنیا و ململانێى زلهێزەکان خۆى ببوێرێت بۆیە بە ناچارى پاڵى بە لایەکدا داوە و لە نێو گەمەى سیاسیى بلۆکى خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا باجى گەورەى داوە و دووچارى زیانى گەورەش هاتووە ، خوێندەوارێکى کورد نیە بە ڕێککەوتننامەکانى لۆزان و سیڤەر و سایکس بیکۆ و جەزائیر ئاشنا نەبێت کە دەوڵەتە زلهێزەکان لە پێودانگى بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە چۆن بازرگانییان بە گەلەکەمانەوە کردووە ، سەرکردایەتى سیاسى و کەسى یەکەم بەرپرسیارێتى گەورەى ئەو هەڵانەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە لە مێژووى شۆڕشى گەلەکەماندا بۆتە مایەى شکستیمان ، بەڵام ئێستا بە دوور لە بەهاکان بە پاڵپشتیى نوسینى پژمانەکان بە مەبەستەوە لێیان دەکرێت بە پەڵەى نەنگى و دەمڕووتانى سەر خوانى حازر جوتکە لە خواردنى ئامادەکراوى ئەمڕۆى بەردەمیان دەدەن و پێیان وایە ئیتیڵاعات لە ساواک باشترە و بوونەتە - مووشەدەمە - ى ئەموئەو و فوو بە کوانووى خامۆشى کوردستاندا دەکەن بۆ گەشانەوەى ئاگرى ناکۆکییەکانى نێوانمان ، نووسەرە پژمانیزمەکان قسەى ئاغاکانیان دەکەنە سەرچاوە و ئەستوندەگى و بەدمەبەستانە لە ژێر پەردەى دڵسۆزییەوە خوێنەر دەخەنە داوى گەڕەلاوژێیانەوە و منداڵانى ئاییندەى گەلەکەمان لە گێژاوى سەرگەردانى نقوم دەکەن ! لەو بڕوایەدام ئەگەر لەسەر دەستى نەک بنەماڵەى بارزانى بەڵکو کەسێکى دەرەوەى بیرى ڕەشى شارچییەکان هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە و دوبارەى دەکەمەوە ، ئیمپڕاتۆریەتێکى کوردیى بەسەر سینییەکى زێڕینەوە بهێنرێتە خزمەتیان ئەوا ئەوان هەر قسەکانى پژمان و قانیعى فەردیان بەلاوە پەسەندترە لەو سەدان وتار و باسانەى کە لە لایەن گەلێک لە ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووس و سیاسەتمەدار و نوسەرانى جیهانەوە لەمەڕ ڕابردووى تێکۆشەرانى گەلەکەمانەوە نووسراون ، ئەمانە تا دێت شووڵى لێهەڵدەکێشن و مەرام و نیازەکانیان ڕوونتر دەردەکەوێت و میسداقییەتى خۆیان زۆرتر لە دەست دەدەن ، ئەفسوس ئەگەر ئەو خودسەرانە بدوێنى لەوانەیە بڵێن : دەبێت کەسایەتى ئەوان جیا بکرێتەوە لەگەڵ هونەرى سیخوڕچێتییان ، خودى فەرەحى شاژنى ئێران بەو جۆرەى خستومەتە بەرچاو باسى سەرۆکە خوێڕییەکانى پژمان کە مڵۆزمى گەلەکەمان بوون دەکات و لە هەمان کاتیشدا بەوپەڕى ویژدانەوە نوسیویەتى : (( لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە دوو ڕەگەزى کورد و لوڕ لەبەرچاو بگرین ئەوان تاکە قەومى ئێرانین کە بە درێژایى مێژوو ڕەسەنایەتى و ڕەچەڵەکى خۆیانیان پاراستووە )) ، ئایا پاراستنى ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتى خۆڕسکە یان بە تێکۆشانى نەپساوە دێتە بەرهەم ؟ کە ئەمە ڕێک لە باشورى کوردستانیشدا سەرکردەکانى دوێنێ ڕۆڵى شەرەفمەندانەیان تێدا گێڕاوە ، جا بۆ دەبێت هاوزمانەکانى خۆمان بە پاڵپشتیى پژمان و فەرد کە باسیان لەوە کردووە گوایە مەلا مستەفا بە مەبەستى ڕووخاندنى کۆمارى مەهاباد نەک لە ئاکامى ڕەتکردنەوەى یەخسیریى ئینگلیزەکان ، خۆى گەیاندۆتە ڕۆژەڵاتى کوردستان و سووکایەتى پێدەکەن و بە خیانەتکار ناوى دەبەن ؟ ! جا ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێت و وا بێت ئەدى دواى ڕوخانى کۆمارى کوردستان بۆچى مەلا مستەفا نەچووە لاى شا کە پۆلیسى ئەنگلۆئەمریکى بوو لە ناوچەکەدا ، وەیان خۆ دەیتوانى بگەڕێتەوە باشورى کوردستان و لە ژێر چەترى ئینگلیزەکان بگوزەرێت و وەکو زۆرێک لە بنەماڵە جاشەکانى دى جگە لەوەى ژیانێکى ئارام بۆ خۆى و بنەماڵەکەى دابین بکات ، لە هەمان کاتیشدا سەرى دەیان کەسى وەکو دیندار زێبارى بۆ بەر پێى خۆیان شۆڕ بکەن کە ئێستا لە موسڵ سەرقاڵى نۆکەرایەتى و جاشایەتى و خۆفرۆشیى جارانیەتى دژ بە گەلەکەى خۆى . خوا پێم نەگرێ لەوانەیە ئەو ( نوسەر ) پژمانییانە دینداریشیان لە مەسعود لا خۆشەویستتر بێت ؟ ! بە پێچەوانەوە مەلا مستەفا ملکەچیى ڕەتکردەوە و بە مقاوەمەى پاشەکشێوە خۆى گەیاندە سنورى یەکێتى سۆڤیەتى جاران و زیاد لە 10 ساڵى ژیانى ئاوارەیى لە گەڵ سەدان بارزانى بەشەرەف بردە سەر ، ڕەنگە لەمەدا خۆیان گێل بکەن و نابیست و نادیدە بن لەوەى کە سۆڤیەت لە لایەن ساواک و بەڕێوەبەرانى دەزگاى ساواکەوە بە دوزمنى سەرسەخت بە ئەژمار دەهات ، لاى بەدمەرامان ئەمە ناخوێندرێتەوە چونکە ئەوان پێشوەخت بڕیاریان داوە بچنە ژێر کاریگەریى بایکۆتى مەسەلە نەتەوایەتییەکان.

ئەم شارچییانە بە ناوى نووسەر و ڕۆشنبیرەوە خۆڵ لە چاوى خەڵک دەکەن ، ئەگینا هونەرمەندێکى گەورە و ڕەسەن و ناودار ، مامۆستا حەسەن زیرەکى بلیمەت ، محەمەدى مامڵێ ، سەید عەلى ئەسغەر ، خوداداد عەلى ، عەلى مەردان ، حەمەجەزا ، سێوە ، مەحەمەد عارف ، ئایشەشان ، تایەر تۆفیق و ..... لە زیندووەکان عەزیز شاروخى ، مەزهەرى خالقى ، عەدنان کەریم ، کانى و بەهجەت یەحیا ..... و گەلێک هونەرمەندى ڕەسەنى تر ، ئەمانە شایستەى کەرنەڤاڵ و فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و پەیکەر و یاد کردنەوە و ڕێزلێنانن و لە پێشترن یان کاروان عوسمان ؟ ! بەندە هیچ مەبەستێکم نیە جگە لە ڕاستى و ڕەوانبێژیى ، چونکە تا ئێستا نەدەزانم کاروان کێیە و نەدەزانم کام و چەند گۆرانیى هەیە و نە گوێم لە دەنگى بووە ئەگەر گوێشم لێى بووبێت نەمناسیوە و نەدەشمزانى بۆچى و لەبەرچى و لەسەرچى لەسێدارە دراوە ؟ ! بەڵام بۆچى ڕۆژێک نوسینێک و خواستێک و سۆزێکیان بۆ بەزیندوو ڕاگرتنى ئەو کەڵە هونەرمەندانە دەرنەبڕیوە و مەراسیم و شین بۆ کاروان دەگێڕن ؟ کاتێک شوان داودى پەردەى لەسەر هەندێک ڕاستیى لەبارەى کاروانەوە هەڵماڵى ، پێکڕاو تێکڕا وەکو قاز یەکبەدواى یەک قیڕەیان لێبەرز بۆوە کە خۆیان زۆرجار بەرامبەرەکەیان بە قاز دەشوبهێنن ، هەرچەندە من پێم گوناهە ئەوان بە قاز بشوبهێنم بەڵام تەنها لە دوو خەسڵەتدا لە قاز دەچن ، ئەویش ئەوەیە کە وەکو قاز لە یەک کاتدا بە کۆرس پێکەوە دەقیڕێنن و تەڕیش نابن!

بەهەرحاڵ ، لە ناو ئەم هەرێمە سەقامنەگرتووەدا نوسەرى عەجایەبى وەکو عیسا پژمان و قانیعى فەرد و نوسەرانى موعجیب بەوان پەیدا دەبن ، گرنگ ئەوەیە بیانناسین کە چەند بێکەماڵانە میرى نەبەزى میحرابى مەلاى خەتێن.

(من بەرپرسم لەوەى کە دەیڵێم بەڵام بەرپرس نیم لەوەى چۆن لێم تێدەگەن)، پێش ئەوەى بەم وتە جوانەى کە نازانم هى کێیە کۆتایى بهێنم دەڵێم ئەگەر مەلا مستەفا نەبوایە ئێستا لەوانە بوو پێشەوا قازییان بکردایەتە ئامانج، چونکەپەیامێکى نەفریناوى لە هەناوى پژمانیزمەکاندا خۆى حەشار داوە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک