په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٠

ئیشی هونەر، هونەر و سیاسەت!


ئەرسەلان مەحمود


جوگرافیایی بیرکردنەوەو، ئەداکردنی سیاسەتکارە خۆرهەڵاتیەکان، هەرگیز لەکاری شمولکاری تێناپەڕێ، رێگەکانی دنیابینی ئەوان سنوردارەو، لەهونەری ژیانکردنێکی فرە ڕەهەندو بەمانا تێناگەن، خۆیان وەک شوانکارەی مێگەڵ دەبینن و لەو باوەڕەدان ئیتر ئەوە رونادات ببنەوە تاکێکی سادەو ئاسایی!..


بێگومان جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان هونەری مێگەلبەمۆدەکردن و، هونەری ژیانکردنێکی سروشتی، مرۆڤی ئەمرۆ بوونەوەرێکی بەربەری یا جەنگەڵی نییە تا دڵخوازانە ڕەوانەی بیابان و چیاو چۆڵەوانی بکرێ‌، شوانکارانێکی وەها بەرخۆر، هەرچەن توانای کرین یا دەست بەسەرداگرتنی ئەسپ و مەڕو ماڵاتیشیان هەبێ‌، دواجار دەرهاویشتەی هێزی هونەری ئەو مێگەلە هەموو هی ئەوان نییە، چونکێ‌ وەها شواکارانێک هەمیشە لەدژایەتی و دڵەڕاوکێی نێوان خەون و خولیاو ئەرکەکانیاندا ململانێیەکی نەبڕاوە هەیە، هەرگیز مۆدێلی هونەری ژیانکردنێکی نوێ‌ رۆناچێتە ناو زهن و، عەقڵیەتیانەوە!..


ئەمە تۆمەتبارکردنێکی بێباکانە نیە، لەرۆحێکی دوژمنکارانەیشەوە سەرچاوەی پێنەگیراوە، کارو کردەوەو روداوەکانی دوێنێ‌، جەنگە دزێوەکان، رەوکردنە بەکۆمەڵەکان، ئەشکەنجەی ئاینی، پاوانخوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، قۆرخکردنی بازاڕ، گەندەڵکاری خوو ڕەوشت، بەعادەتکردنی باوگەرایی و...تاد، رەگوڕیشەی ئەو مەیلە شمولییەن، ئایا وەها هونەرکارێکی کوێرانە دەتوانێ‌ وێنەکێشێکی باش، مۆسیقارێکی داهێنەر، ئاوەزێکی نەمر، گۆرانیبێژێکی رەسەنت بداتێ‌؟!.. ئایا لەجێی دروستکردنی کۆمەڵگەی هونەری و هۆڵی شانۆ، دروستکردنی سەدەها هۆڵی پرسە، دەتوانێ‌ تەشویقی ژیانکردنێکی ئەزمونکراوت بداتێ‌؟!..

 

ئایا هیچ نوێنەرایەتییەکی هونەری خەوتووی سەر باڵی ئەم بێمروەتییە دەکارێ‌ بەرێگەی ڕێنومایکارە سیاسی و وەعزدەرانێکی وەهاوە، ڕێ‌ لەم بانگەوازو تەبلیغاتە تەشریفاتییە بگرێ‌؟!.. بێگومان نەخێر، چونکێ‌ ئەم پرسیارانەو دەیانی تر دەبێ‌ وا سەیر بکرێن گەر هونەرکار خاوەن دنیابینییەکی فرەبینی نەبوو، چۆن دەتوانی مەخلوقێکی گەورەتر لەدنیابینی خۆیمان بداتێ‌، ئەی ئەگەر کارەکتەری ئاراستەکراو خاوەن هزراندنێکی هونەری نەبوو، چۆن دەکارێ‌ بنوێنێ‌، هونەرمەندی گوێڕایەڵ و دەستەمۆکراو تەنها بینەر دەرەنجێنێ‌، لێ‌ ئیشی هونەر، هونەری نوێ‌، ئەوەیە جڤاتێکی ئاوا پەرت و بڵاو لەوەها دۆخێکدا کۆبکاتەوەو، بەرەو کرانەوەی کولتوری و دامەزراندنی جڤاتە کۆمەڵاتییەکان پەلیانبگرێ‌، لەبیرتان بێت ئەمە تەنێ‌ ڕوانگە بینی من و تۆیەک نییە، لێ‌ حەقیقەت لەم دەرئەنجامە بەدەر نییە، یا ئەوەتا سیاستکارانی ئەم مەملەکەتە هیچ لەهونەری ژیانکردنێکی کراوە نازانن، یا نایانەوێ‌ ئەو خەڵکە سەبارەت بەو دنیایە شتێکی زیاتر ببینن، ئەفڵاتون دەڵێ‌" کاتێ‌ مۆسیقارەکان تۆنەکانیان دەگۆڕن، بارودۆخی دەوڵەتەکانیش دەگۆڕێ‌"..

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود