ئیسلامبوونی تورک بە زەبری شمشێر .
هوشیار مهلاعهبدوڕهحمان
نوسەر بەناونیشانى ئاینى سەرپۆش بابەتێکى نوسیوە کەچەندین جار ئەم وشەیە ( تورکەکان بەزەبرى شمشێر کران بە ئیسلام ) جگە لەوە نوسەر هەموو ئاینەکانى ترى ژماردووە کەتورک پێشتر وەرى گرتون یا پەیڕەوى کردوون وەک و ( عیسایى ، موسایى ، بودایى ، تەنگرى ، مانى ) بەڵام تەنها هەڵوەستە لەسەر ئاینى ئیسلام دەکات و زۆر بەدڵنیاییەوە سوورە لەسەر ئەوەى کە تورک بە زەبرى شمشێر بوونەتە ئیسلام ئەوەى ڕاستى بێت ئەم بۆچونە لاى زۆربە جێگیر بووە ، بەڵام ڕاستیە مێژووییەکان واى ناگێڕنەوە هەر بۆیە هیوادارم ئۆزدەمیر ئینجە دواى ئەم نوسینەم بەڵگەو بۆچونەکانى لەم بارەیەوە ڕاستبکاتەوەو بەخۆیدا بچێتەوە بابەتەکەمان سەبارەت بەئیسلام بوونى تورکەکانى ئاسیاى ناوەڕاست ببێتە بەڵگەیەکى سودبەخش .
حوکمڕانى دەوڵەتى عەرەبى ئەمەوى وەلیدى کوڕى
عبدالملیک کەساڵى 705 ى زاینى حەجاجى کوڕى یوسفى سەقەفى کەوالى عیراق
بوو سوپایەکى بەسەرکردایەتى قوتەیبە ناوێک نا ردە سەر تورکستان و
خوراسان بەزەبرى شمشێر داگیرى کرد ئەم قوتەیبە ناوە لە ستەم و زۆردارى
دا پێش حەجاج کەوتبوو شمشێر وەشێن و ملپەڕێنى سەردەمەکەى خۆى بوو،
لەسەردەمى خەلافەتى ئەمەوى دا جگە لە عومەرى کوڕى عبدالعزیز سەرجەم
فەرمانڕەواکان ئاینى ئیسلامیان بۆ ئامانجە سیاسیەکانى خۆیان بەکار
دەهێنا واتە ئیسلامیان کردە قوربان سیاسەتى عەرەبانەیان . دەوڵەتى
عەرەبى ئەمەوى لەو وڵاتانەى کە داگیرى دەکردن ئەوەى نەبوایە بەئیسلام
دەبوو باج و خەراج بدات ئەوەى ببوایە بەئیسلام لە دوو شت ڕزگارى دەبوو
مل پەڕاندن و باجدان ستەم و زۆردارى عەرەبە داگیر کەرەکان هەموو
تورکەکانى بێزار کردبوو ، ئەگەرچى خەڵکى ناوەڕاستى ئاسیا ئەوەندە
بایەخیان بە عەرەبە داگیرکەرەکان و ئاینەکەشیان نادا بەڵام بەهۆى هەندێ
بازرگانى دین و ڕێپێڵگەى سۆفێتیەوە پرۆسێسى موسڵمان بوونى تورک دەستى
پێکرد ، ئەو سەردەمە کە دەکاتە 751 ى زاینى فەرمانڕەوایى ئەمەویەکان
بەرەو لەناوچون دەچوو سەرەتاى فەرمانڕەوایى عەباسیەکان هاتە پێشەوە .
ئەوەى پێویستە بگوترێ تائەو کاتەش کەمایەتیەکى کەمى تورک لەڕۆژئاواى
تورکستان لەژێر دەسەڵاتى عەرەبدا بوون تورک کەوتوبووە نێوان کێشمەکێشمى
دەسەڵاتى عەرەب و چین ، هەرهەمان ساڵى 751تورک و عەرەبە ئیسلامەکان دژى
چینییەکان جەنگان . کەئەمە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ بەئیسلام بوونى تورک.
ساڵى 940 قەرەخان ساتوک بورا بوو بەئیسلام ئەوسەردەمە لە تورکستان
سەدان مامۆستا بە قوتابیەکانیانەوە بەوڵاتدا دەگەڕان بۆ بڵاو کردنەوەى
ئاینى ئیسلام لەوانە مەنسورى هەلاج کە هەر ئەمیش کاریگەرى هەبوو لەسەر
ئیسلام بوونى ساتوک بورا . مەنسورى هەلاج مامۆستاى بەئیسلام کردنى
تورکە کانە . لەلایەکى ترەوە لایەنگرانى اهل البیت بەناو تورکەکاندا
بڵاو بوونەوە ، لەسەدەى دوانزەهەم دا مەنسورى هەلاج و ئەحمەد یەسەوى
سەدان قوتابیان پێگەیاند کەئاینزاى شیعایەتى تورک لێرەوە سەرچاوەى
گرتووە . مەسەلەى وەرگرتنى مەزهەبى سوننە لەلایەن تورکەوە بابەتى
داهاتومانە .
|