په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٢

ئیسلامی سیاسیی و

کێشە مەعریفیی و سلوکییەکانی لە پراکتیزەکردنی دیموکراتی راستەقینەدا!!!

                                                                                                 

  نووسینی: عامر ساڵح                                                                                             لە عەرەبییەوە: جیھاد موحەمەد

 

ھاوبەشییکردنی ئیسلامی سیاسی لە پرۆسەی دیموکراتی و گۆرانکارییە شۆڕشگێڕییەکانی ئێستای نێو نیشتیمانی عەرەبی زۆرێک لە پرسیارو گومانی دروستکردوە لە سەر قایلبوون و ناقایلبوونی ئەم ھێزە بە پرۆسەی دیموکراتی، لە ڕووی فکری و پراکتیزەکردنیەوە، ئایا سلوکە "دیموکراتییەتەکەی" ئێستای لە پرۆسەی سیاسیدا تاکتیکییە بۆ گەیشتن بە سندوقەکانی ھەڵبژاردن و ھەڵگەڕانەوە و سەرەونوخونکردنی مەسەلەی دیموکراتیی لای باوەرداران و داکۆکیکەرانی، یان سلوکێکی ستراتیژیی ھەڵقوڵاوی قەناعەتێکی فکریی و عەقڵیی و کردەییەکی راستەقینەی پراکتیزەکردنی دیموکراتییە بۆ پێکھێنانی سیستەمێکی دیموکراتی لە سەر بنەمای فرەیی حیزبی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوازێکی دروست و باوەڕبوون بە دامەزراوە دیموکراتییەکان و دانانی دیموکراتی بە سەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێکردن و دادوەریی!!!!.

چوارچێوە ناوچەییەکەی ئێمە، چ عەرەبی و چ ئیسلامی وەڵامێکی ئەرێنی نادەنەوە بەم پرسیارە تەورگیرییەی کە چەقیبەستوە لەسەر قایل بوونی ھێزە ئیسلامییەکان بە دیموکراتییەت. لە عێراقدا ھێزی ئیسلامی سیاسیی بە توندی دژایەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراتی دەکات، بە تونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕێت کە کۆتای نییە، تاریکاییەکەی چاوئەنگوستردەبێت بە کردە تایفەگەرێتییەکانی شیعەگەریی و سونەگەریی، ئەم ھێزە کارناکات بۆ دەستکەوتە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرلەنوێ بونیادنانی ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکە، لە ٢٠٠٣ وە کە ڕژێمی عێراقی روخێنرا تا ئێستا عێراق لە جێگەی خۆی راوەستاوە لە سەر زۆر ئاست، بە تایبەتی دامەزراوە دیموکراتیی و ئاسایشەییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و زۆرێکی تر لە تەنگەژەدایە و گۆڕانی تیا نەکراوە.

لە غەزەی فەلەستینیشدا بە ڕێبازیی سیاسیانەی ئیسلامی حماس کودەتادەکات بەسەر دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستیندا و پراکتیزەی تۆقاندن و تیرۆریستی دەکرێت دژی باوەرداران بە دیموکراتی و ئەوانەی کە بڕوایان بە ڕێرەوی حماس نییە. ھەروەھا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نە لە دوور نە لە نزیک، ھیچ جۆرێک لە دیموکراتیی سیاسیی نابینرێت و نییە، پرۆسەی سیاسی تەنیا لە ماڵ و خانەی ئیسلامی شیعەگەراییدا قەتیسماوە و سنوردارە، ململانێکان لە پێناوی دەسەڵاتی سیاسییدا لە نێو سیستەمی ولایەتی فەقیھدا ھەڵدەسورێت و ئەوە باڵە ئیسلامییە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ژێر خێوەتی ئیسلامی شیعەرگەرایی خۆیانن و ھیچی تر. لە سعودیەدا دیسان ھیچ قسەیەک نییە لەسەر دیموکراتییەت و فرە حیزبی، تەنانەت بە شێوەی شکڵیش نییە، دەسەڵات گیرۆدەی دەستی خەلیفەی خوا و باوەڕدارانە کە خۆی لە حوکمی پاشایەتیی میراتگریی بنەماڵەی ئال سعودا دەبینێتەوە. ھەمان نادیموکراتیی و باوەڕنەبوون بە دامەزراوە دیموکراتییەکان دەبینینەوە لە ڕەفتارەکانی ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمیندا لە جیھانی عەرەبیدا چ لە میسر چ لە تونس و چ لە سوریا وڵاتانی تردا کە ھەمیشە لە ھەوڵدان بۆ بەردەوامی و گەورەبوونی پێگەی خۆیان و ھەژموونکردن و داگیرکردنی ئەو بزوتنەوە و شۆڕش و ڕاپەڕینانەی کە لەم دواییانەدا لاوانی شۆڕشگێر بەرپایانکرد.

 

بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تر لە وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیدا تۆقاندن و تیرۆر و خوێنڕشتنی وەک تاکتیکێک بەکاردەھێنن بۆ ھەژموون و فراوانکردنی دەسەڵات و قەڵمڕەوی خۆیان بە شێوازێکی توندڕەویانە و ئیسلامیانە کە ھیچ لەگەڵ دیموکراتیەتدا یەکناگرێتەوە، وە بزوتنەوە گەلێکی ئیسلامی تر بەناوی بەرگریکردن لە ستەملێکراوان بەرنگاری ئیسرائیل دەبێتەوە و یاریەکی دیموکراتیانە دەکا‌ت بەڵام بەسەر زاری سەرکردەکانیان و ئەمیرەکانیانەوە دیارە کە دەیانەوێت لە دوورمەودادا دەوڵەتی فەقیە دروستبکەن، حیزب اللە ی لبنانی یەکێکە لەو نموونانە کە چۆنی بۆ بلوێت و چۆن بۆی باش بێت بەو جۆرە یاریی دەکات لە بواری ئاسایش و جێگیریی و ناجێگیریی ناوخۆی وڵات و دەورەبەردا!!!!.

لە لای زۆرێک لە خەڵک و ئەوانەی کە ناڕازین بەو ڕاستیانەی کە دەوترێت لەسەر ئیسلامی سیاسی، نموونەی تورکی دەھێنەوە و دەڵێن: ئەم نموونەیە دەشێت ھەموو ئیسلامییە سیاسییەکان بیگرنەبەر و دیموکراتیەتیان پی قبوڵ بکرێت و فەراھەمی بکەن لەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی تیا دەگرنە دەست، وەڵامی ئێمە بۆ ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی حاکم لە تورکیادا بە پێی ھەندێک نەریتی دیموکراتی کار دەکات کە دەمێکە چەسپیوە و بووە بە بەشێک لە دامەزراوە دەستورییەکەی ئەو وڵاتە، لە تورکیادا دەستگاگەلێکی بەرگری و سوپا و پۆلیس و ئاسایش و ھەواڵگریی ئەو تۆ ھەیە کە لایەنداری ناکات و ناکەوێتە دژایەتیکردنی دیموکراتییەت و ھەڕەشە نییە بۆ سەر دیموکراتیەت. بەڵام لە کۆمەڵگا عەرەبییەکاندا ئیسلامی سیاسی بەشێکە لە کێشە نەک چارەسەر، ئەم جۆرە لە ئیسلامی سیاسی لە قۆناغی دیموکراتیەتدا دەیەوێت دیموکراتیەت بخاتە خزمەتی دەوڵەتێکی دینی و ئاینزایی و تایەفەگەرێتییەوە کە ھەموو دەسگا بەرگریی و ئاسایشیی و ھەوڵگریی و سوپایی و پۆلیسیی لەسەر ئەو بنەما دینییە دامەزرێنێت و لایەنداری دین بن و دەوڵەت بکەن بە دەوڵەتی دینی. یان دەستورێکی تەمومژاویی بەکاربھێنن بۆ ھەمان مەبەست.

ئیسلامی سیاسی یاریدەکات لە نێو ئەو بڕوایەی خۆی کە دیموکراتییەت بە تازەگەرێتی و بڕوایەکی نوێ دادەنێت کە یەکناگرێتەوە لەگەڵ بڕوایی دینی و ڕەوایەتیی فەرمانەکانی خوادا، یەکناگرێتەوە لەگەڵ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی دین بەسەر باوەڕداران و بێباوەراندا، واتە بە بیدعەی دادەنێت، لە لایەکی تر تاکتیکیانە دەیەوێت بچێتە نیو پرۆسەی دیموکراتییەوە ئەمەش جگە لەوەی کە بۆ چەواشەکارییە بۆ خەڵەتاندن و خۆ دەربازکردنە لە ژێر ئەو فشارە ھاوچەرخییەی کە لە دەوڵەتانی ھاوچەرخ و خەڵکانی چاوکراوە و ھاوچەرخەوە دەکەوێتە سەری بە تایبەتی ئەو دەنگە بەرفراوانە جەمەوەرییەی کە خوازیاری دیموکراتییەتە. لە کاتێکدا کە زۆرێک لە ھێزە سیاسیە جیھانی و ناوچەیی و نیشتیمانییەکان کە ڕەھەندێکی عەلمانی و چەپڕەوێتییان ھەیە توانیویانە بگونجێن لەگەڵ بارودۆخی ھاوچەرخدا و ڕازین بەوەی دیموکراتیەت وەک ئامرازێک بۆ حوکمڕانیی و ھاوبەشیکردن لە دامەزراندنی کۆمەڵگای دادپەروەر و ئازادی کۆمەڵایەتییدا. ئیسلامی سیاسی ھەروەک ئەزموونی چەپەکان و کۆمۆنیستەکان لە وڵاتانی ئەورپای ڕۆژھەڵاتی پێشودا بیردەکاتەوە، وە وازھێنان لە داواکردنی حکومەتێک کە تەنیا یەک ڕەھەندی سیاسیی ھەبێت، یان گیرۆدەی یەک ڕێبازی سیاسی بێت ئەوە تاکتیکە نەک ستراتیژ لای ئیسلامی سیاسی، ئیسلامی سیاسی ملھوڕیی دەکات لە بەرامبەر بەم گۆرانکارییانەی کە لە جیھاندا ھاتوەتە ئاراوە، بۆیە چەندین پرسیاری وروژاندوە کە چۆن ئیسلامی سیاسی دیموکراتیەتی پێ قبوڵدەکرێت. جەوھەری ئەم ملھوڕییەتییەی ئیسلامی سیاسی چییە و لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ لەم ھەوڵە سادەو ساکارەماندا دەمەوێت لە تێڕوانینێکی سایکۆلۆژیی سیاسییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.

لە گەڕانەوەیەکی بە پەلە بۆ شیکردنەوەی چەمکی دیموکراتییەت و بەھاکانی، ئەوەیە کە دیموکراتییەت بە مانای حوکمی گەل دێت، یان حوکم بۆ گەلە، ئەگەر دیموکراتییەت ھەڵگری زاراوەگەلێکە وەلێ مانا سیاسییەکەی کە بەکارھێنانی بەربڵاوە لە ھەموو ئەدەبیات و فەلسەفەی کۆن و نوێدا ئەوەیە کە باوەڕێکی سیاسییە لەسەر بنەمای توانای گەل ھەلنراوە کە خۆی پراکتیزەی دەسەڵاتی سیاسییانەی خۆی بکات لە دەوڵەتدا، وە خۆی حوکمی خۆی بکات و بۆ خۆی بێت، ئەو حکومەتەی کە قبوڵی تیۆریای دیموکراتیی دەکات ئەو حکومەتەیە کە بڕیاری سەروەری گەل دەدات و ئازادی و یەکسانی سیاسی لە نێوان خەڵکدا مسۆگەر دەکات و دەسەڵات دەکوێتە ژێر چاودێری خەڵکی گشتییەوە، واتە خەڵک یان گەل دەسەڵاتداری باڵایە لە ڕێگەی پەرلەمان و نوێنەرکانییەوە کە با ئامرازگەلێکی یاسایی دەسەڵاتی گەل مسۆگەر و پارێزراوە، ئەم بیرۆکەیەش، واتە بیرۆکەی دەسەڵاتی خەڵکی گشتی، یان سەروەری خەڵکی گشتی خۆی لە چەمکی سەروەرییدا دەبینێتەوە، سەروەریش بە مانای دەسەلاتی باڵا و ڕەھادێت کە نە شەریکی ھەیە و نە پەیوەستیش دەبێت بە یاساگەلێکی دیاریکراوی پێشوەختەوە، کەس بۆی نییە لە دەرەوەی خۆی ئەم ویست و ئارەزوەی لێ وەرگرێتەوە و داگیریبکات لە ژێر ھیچ بیانویەکدا، ھیچ دەسەڵتێک لەسەر دەسەڵاتی خەڵکی گشتییەوە نییە، سەروەری لە فکری دیموکراتییەتدا ھیچی تر نییە جگە لە گەل نەبێت. پراکتیزەی سەروەری لە لایەن گەلەوە لە سێ لایەنی سەرەکییەوە ئەنجامدەدرێت، ئەوانەش ئەمانەن:


١/ دەرھێنانی یاساگەلێکی گشتی پەیوەستدار بە کۆمەڵەوە کە پێویستە لەسەر ھەموو پەیوەستبن پێوەیی و دەرنەچن لێیی، ئەمەش دەسەڵاتی یاسایی پراکتیزەی دەکات.
٢/ پارارێزگاریی لەسەر سیستەمی گشتی لە ژێر ئەو یاساگەلە گشتییەدا، ئەمەش دەسەڵای جێبەجێکردن پراکتیزەی دەکات.
٣/ چارەسەری ناکۆکییەکان بە ئاشتیانە لە نێوان ھاووڵاتییاندا ئەویش بە پێی یاسا گشتییەکان، ئەمەش دەسەڵاتی دادوەری پراکتیزەی دەکات، لەمەشدا بۆمان رووندەبێتەوە کە دەسەڵاتی یاسایی دایکی ھەرسێ دەسەڵاتەکەیە.


بە پێی ئەم تێڕوانینەش زۆرێک لە ماف و ئازادییەکان کە مرۆیی مرۆڤەکان بەدەستیبھێنن وەک ئازادی گواستنەوە و ھاتوچۆ و کۆچکردن، سەربەخۆیی لە ڕا و فکردا، ھاوبەشیکردن لە بڕیارە سیاسییەکانداو ھەڵبژاردنی حکومەتدا، وە توانا لە ئەفرۆزەکردنی(رەفزکردن) حکومەتەکان و گۆڕانیان لە حاڵەتێکدا کە بێکەڵک بوون، وە لە مافی خاوەندارێتی و مافی ئاسایش و خۆ پاراستندا، وە مافی یەکسانی بۆ ھەمووان لەبەردەمی یاسادا، وە ڕێکخستنی ھەڵبژاردنەکان بۆ گەیشتن بە حوکم، وە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، وە جێبەجێکردنی پرنسیپی زۆرینە لە وەرگرتنی بڕیارەکاندا و داڕشتنی یاساکاندا.
لەم قەرباڵغیی و زۆریی و بەرفراوانی مافەکانی گەلدا لە ژێر سێبەری سیستەم دیموکراتیەتێکی ڕاستەقینەدا ئیسلامی سیاسی دەکەوێتە ژێر ململانێیەکی دەرونیی و سلوکییەوە لەگەڵ ھێزەکانی دیموکراسیی و گەلدا، بوونی گەل بە سەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتەکان و وەلانانی یاسا ئیسلامییە خوداییەکان، یان بەو جۆرەی کە ئیسلامی سیاسی تێیگەیشتوە کە پێدانی دەسەڵات بە گەل و سەروەری گەل لە دەسەڵاتدا بەو مانایە دێت کە یاساکانی خوا بسسڕێتەوە، ئەم تایبەتمەندێتییەی دیموکراتی کە لە ئەزموون و زەمەنە جیاوازە بەدوایەکەکانەوە ھاتووە، جیاوازییەکی ڕاستەقینەی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا بۆ دروستبووە، واتە بە ھیچ جۆرێک یەکناگرنەوە، ئەوەش بە ھۆی جەوھەری ئیسلامییەوەیە کە یەکتاپەرستیی خودایە، واتە موسڵمان کۆیلەی خودای تاک و تەنھایە، وە تاکی موسڵمان لە ژێر دەسەڵاتی خوا و جێبەجێکەری فەرمانەکانیدایە وەک نوێژ و ڕۆژ و حەج و دانی زەکات، وە کێشەکانی نێوان تاکەکان دەبێت بە پێی یاسکانی خودایی بێت و ھیچ یاسایەک لەسەرو یاساکانی خوادوە نییە، کاتێکیش دیموکراتییەت سەروەری گەل دەپارێزێت و ئەو سیستەمەیە کە دەبێت یاسکانی لە گەلەوە بێت و بۆ گەلبێت لێرەدا لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی و یاسکانی خودادا یەکناگرێتەوە.


بەم جۆرە ئیسلامی سیاسی دەکەوێتە نێو ململانێیەکی دەرونی سیاسییەوە لە نێو بارودۆخی سەردەمە گۆڕاەوکاندا و لە نێوان بڕیارەکانی خودادا گیر دەخوات، لە لایەکی ترەوە دەکەوێتە نێو ململانێیەکی جاویدەوە لەگەڵ ھێزە سیاسییە ھاوچەرخەکاندا لە ھەوڵەکانیدا بۆ خۆ سەپاندنی لەسەر ئەو پڕۆسە سیاسیانەی کە بەڕێوە دەچێت لە زۆر لە جێگەکانی جیھاندا، عەرەبیی و ئیسلامی بە جۆرەھا ئامراز، تەنانەت ئەگەر ھاوبەشیش بکات لە پرۆسەیەکی دیموکراتیی دروستدا، ئیسلامی سیاسی دەکەوێتە دەبڵ مۆراڵییەکی سلوکی سیاسییانەوە لە نێوان ئەوەی کە بڕوای پێیەتی و وە ئەوەی کە دەبێت بیکات بە ھۆکاری بارودۆخە گۆڕاوەکە، ئەمەش وا دەکات کە ئیسلامی سیاسی توشی دڵ ڕەقیی و ملھوڕییەک بێت کە زۆر جار توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و دەیەوێت بە توندوتیژی و بە زۆرەملێ خۆی بسەپێنێت و خۆی دەربازبکات لەو دەبڵ مۆراڵییە لەلایەک و لە لایەکەی تر خۆی دەربازبکات لەو بارە دەرونییە سیاسییەی کە تێیدەکەوێت وەک ئاماژەمان پێدا.

 
توندوتیژی و دوژمنکاریی و دەرچوون لە سنوری ئازادییەکان و پێشیلکردنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی لە نێو مرۆڤەکاندا بە پێی یاساگەلێکی مرۆیی کە مرۆڤەکان خۆیان بۆخۆیانی بەرھەمدەھێنن دەبێت بە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی و فکر و بۆچوونە دینییەکانیان بەرجەستە دەبێت لە ھەڵگیرسانی جەنگ و پەلاماردانی بەرەی گەل و دیوموکراتخوازاندا، ئەمەش دەبێتە ھۆکاری بەرپا بوونی ئاژاوە و بێ سەروبەریی و دروستبوونی زەلکاوێک کە بە جارێک تاک و کۆمەڵگای تێدەکەوێت و خەڵاتانی شەرەنگێزییەکی وا دەبێت کە جێگەی ھەموو گەندەڵیی و نادادپەروەریی و نا یەکسانییەکی نا مۆراڵیی بە ھەموو جۆرەکانییەوە تیا دەبێتەوە، ھەموو ئەمانەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیسلامی سیاسی ناتوانێت خۆی بگونجێنێت و ھەڵبکات لەگەڵ بارودۆخی سەردەم و ھاوبەشیبکات لەگەڵ دیموکراتیەتێکی ڕاستەقینە و کارادا بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی و ماف و ویژدان بە پێی سیستەمی دیموکراتی.

__________________________________________________
سەرچاوە: (الحوار المتمدن - العدد: ٣٤٤٠ - ٢٠١١\٧\٢٨ - ١٦:١٠)

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=269089&fb_ref=.T0Vo6xq_ZNA.like&fb_source=timeline

 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک