ئیسلامیەکان بۆ
واز لە خەڵک ناهێنن؟!

بەشدار عهلی
دوایى وەڵامدانەوەى خەڵکى کوردستان و نووسەران و رۆشنبیران و
رۆژنامەنوسان بە پرۆژەى مەلا و حیزبە ئیسلامیەکان بۆ زیاتر بەرتەسک
کردنەوەى ئازادییەکان و سانسۆر و کۆنترۆڵى زیاترى نووسن و بڵاوکردنەوە
و راگەیاندن،ئیسلامیەکان رووە راستەقینەکەى خۆیان دەرخست و بە هەموو
شێوەیەک کەوتنە هەرەشە و پەلاماردان بۆ جێ خستنى بەدیلەکانى خۆیان و بە
شێوەیەکى زۆر نامەدیانە و دوور لە هەر فەرهەنگێکى ئینسانى و سیاسى هێرش
دەکەن و ئیهانە و سوکایەتى بە خەڵک و نووسەران و رۆژنامەنووسان
دەکەن،لە سەرەتادا دەستیان بۆ ئەو کەسانە بردوە کە رووبەڕوویان
بوونەتەوە و وەڵامیان داونەتەوە و خەڵکیان لە تاریکى و مەترسیەکانى
ئاگادار کردۆتەوە،بەهەرحاڵ خۆزگە هەر لە نووسین و بڵاوکردنەوە تێپەڕى
نەکردایە و بەمەش نەوەستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ و بە ئاشکرا و بە
نهێنى وەکو پیشەى هەمیشەییان هەرەشە دەکەن تۆمەت و سوکایەتیان پێ
دەکەن،گەیشتۆتە ئاستێک لەسەر شاشەى تەلەفزیونى نەورۆز محمد بازیانى
کۆنە بزووتنەوەى ئیسلامى بە هەموو ئەو نووسەر و رۆژنامەنوس و خەڵکى
نارازى دەڵێت: ( ئەوانە گێل و نەخۆش و نەفام و سەرلێشێواون!)،تەنها
لەبەر ئەوەى داوایان کردووە تەنها وەکو کاک محمدەکان گفتوگۆبکەن و
بنوسن و راکانیان دەربڕن،بەمەرجێک کەس نەیانکوژێ!
بەراستى ئێمە نازانین ئیسلامیەکان و مێجەر و عەمامە بەسەرەکان و رەوتە
ئیسلامیەکانى کوردستان چیان دەوێت؟!بۆ لێناگەرێن سەربارى هەزار و یەک
کێشە و گرفت و کەمووکوڕى پێداویستى رۆژانەدا ،خەڵک ژیان بکات و لە
هەوڵدابێت بۆ دەست راگەیشتن بە ژیانێکى بێ چین و چەوسانەوە؟ بە
ئارەزووى خۆیان لە لە مینبەرى مزگەوتەکاندا ووتارى ئاگرین بڵاودەکەنەوە
و خەڵکى دەترسێنن و هەرەشەیان لێ دەکەن و فتواى کوشتنیان دەردەکەن و
سەرى مانگانیش مووچەیەکى چەور و نەسریەکى باش لە دەسەڵاتداران وەردەگرن
و لە هیچ شتێکیان کەم نیە،ئازادانە دەنووسن و بڵاودەکەنەوە و دەکوژن و
لەت و پەت دەکەن و دەخنکێنن و دەتەقێننەوە و سەر دەبڕن و زیندەبەچاڵ
دەکەن و .....،کەچى لەبەرامبەر رەخنە و نووسین و بڵاوکردنەوەى
لێکۆڵینەوەیەکى زانستى و مێژووى هیستریا دەیانگرێت،ئەى بۆچى وەڵامێکى
مەنتقى و بە بەلگە نادەنەوە و هەرەشە دەکەن و لەلایەکى تریش هاوار بۆ
سەرۆکى هەرێم دەبەن بۆ ئەوەى فرییان بکەوێت و ئەو کۆمەڵگا تاریکتر بکەن
و بە یاسا و دەستوور کەس زات نەکات و هێڵى سوور نەبەزێنێت.زیاتر لە
هەزار ساڵە ئێوە ئەو کار و کردەوەتان بووە و دەتانەوێت لە سەدەى بیست و
یەکیش لە سەردەمى پێشکەوتنى زانشت و هۆشیارى و چاوکراوەى بە هەمان شێوە
بۆتان بچێتە سەر و خەڵک بڕواتان پێ بکات؟!
دەمێکە سامیە لابیدى نووسەر گووتویەتى(شتێک کە بەبێ دەلیل و
مەدرەک،بەچاوبەستراوى قبوڵکرابێت،بەبێ دەلیل و مەدرەکیش دەخرێتە کەنارە
و دەردەکرێت...)ئیسلامیەکان لەبەر ئەوەى ناتوانن وەڵامێکى قانعکەر و
دورست بە خەڵک و نووسەران بدەنەوە و بەڵگە و دیکۆمێنتەکانیان هێندە
لاوازە تەنانەت جێگاى پێکەنین و گاڵتەجارییە،بۆیە دەیانەوێت وەکو هەموو
جارەکانى پێشووتر ئەمجارەیان لە (کەمترین باوەڕ)دەرچێت و هێرش دەبەن.
ئەوان پێویستە بخرێنە ژێر چاودێرى چاکسازییەوە یارمەتیان بدرێت و
هاوکارى بکرێن،چونکە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدان بۆ دژایەتى کردنى حەز
و خۆزگە و هیواو ئاواتەکانى خەڵکى کوردستان و لاوان و گەنجان و ژنان و
مناڵان بە تایبەت، ئێمە دەڵێین ژنان و ئافرەتانیش وەکو هەر مرۆڤێکى
دیکە و پێویستە یەکسان بن و ئازادانە مامەڵەبکەن،پێمان دەڵێن ئێوە لە
بەڕەڵایى دەگەرێن و بەد ئەخلاقى بڵاودەکەنەوە!!!ئێمە دەڵێین دەبێت
مناڵان و هەرزەکاران کە مێشک و بیر و هۆشیان کامڵ نیە و لەهەموو جۆرە
توندوتیژى و هەر پەروەردەیەکى مەزهەبى و قەومییەوە بەدووربن بۆ ئەوەى
نەوەیەکى تەندورست دوورست بێت،ئێمە دەڵێین یاسا و دەستوور نابێت بکرێتە
تەوقێک و گەردەنى مرۆڤەکانى پێ زنجیر بکرێت و دوور بێت لە سەپاندنى هەر
بیروباوەر و ئایدلۆژیایەک بۆ ئەوەى ئینسانەکان خاوەنى ئیرادەى و
تواناکانیان بن،ئەوان دەڵێن بەهیچ شێوەیەک نابێت یاسا و دەستوور
سەربەخۆبن و دەبێت دین و بیروباوەرە ئاینیەکان سەرچاوەى سەرەکى بن لە
دارشتنى،ئێمە دەڵێین دەبێت هەموو شتەکان قسەى لەسەر بکرێت بۆ ئەوەى
گومانەکان نەمێنن،بەڵام ئەوان هێڵى سوورمان بۆ دیار دەکەن و بەزاندنى
ئەو هێڵانەش بە سزایى مەرگمان دەگەیەنن تاکو هەمیشە لەنێو دوودڵى و
گومڕاییدا بژین... .
هەموو ئەمانە بە شوێنى خۆى،بەڵام نەبوونى دەسەڵاتێکى مەدەنى و لێواو
لێو لە گەندەڵى و خاوەن هێزێکى میلشیایى دەرفەتى بۆ ئەو کۆلکە مەلایانە
رەخساندووە تا بریار و راسپاردە شەرمهێنەرەکانیان بەسەر نەوەى سەدەى
بیست و یەک،کوڕان و کچانى سەردەمى رۆبۆت و تەکنەلۆجیادا
تاقیبکەنەوە،ئەگەر دەسەڵاتى لەرزۆک و بەرژەوەندیخوازانەى پارتى و
یەکێتى نەبێت،ئەگەر سات و سەودا و سیاسەتى نان بەنرخى رۆژى
ناسیونالیستى کوردى نەبێت،هەرگیز ئەو رەوتە ئیسلامیانە و پرۆژەکانیان
لەبەردەم نارەزایەتى پڕ لە توڕەیى گەنجان و لاوانى کچ و کوڕ و ژنان و
مناڵانى کوردستان،ناتوانێ بوەستێ،ئەگەر پاڵشتى و هاوکارى دەسەڵاتدارانى
کوردستان نەبێت بە بیست و چوار سەعات ئەم نوێنەرانەى تاریکى
ئاسەوارێکیان لە کوردستان نامێنێت.
Bashdar_net@yahoo.com
|