٥\٥\٢٠١١
ئیسلامییەکان
پاشکۆ لاوازەکەى گۆڕان.

راپۆرتى شیکارى: شاخەوان برایم عەبدوڵا
ئەگەرچى بزوتنەوەى ئیسلامى بەر لەراپەڕین تاکە حیزبى ئیسلامى بوو،
دواتریش یەکگرتووى ئیسلامى دروستبوو بەڵام دواتر لەئەنجامى ئینشیقاقى
ناوخۆى بزوتنەوەى ئیسلامى، ئەنسارلئیسلام و جوندولئیسلام و کۆمەڵى
ئیسلامى لێ جیابۆوەو ، ئەو حیزبە ئیسلامییانە هەر یەک لەقۆناغ و
بارودۆخی جیاوازى کوردستاندا دەرکەوتن و تارادەیەکى بەرچاویش ناکۆکیان
لەنێواندا هەبووەو هیچ کاتێکیش هێندەى ئەم دوو ساڵەى کەئۆپۆزسیۆن بوونى
خۆیان راگەیاندووە وەک مەترسییەکى گەورە باسیان لێوە نەکراوە چ لەلایەن
دەسەڵات و بەشێکى زۆرى رۆشنبیرانیش هاوڕان لەسەر ئەوەى کەوا
ئیسلامییەکان مەترسین بۆ سەر ئایندەى کوردستان.
ئیسلامییەکان بۆچى دژایەتى دەسەڵات دەکەن.
بەوپێیەى پارتى و یەکێتى دوو حیزبى عەلمانین و بەپاڵپشتى چەند لایەنێکى
سیاسى حکومەتیان پێکهێناوەو بەجۆرێکیش عەلمانیبوون بەئەداى کارکردنى
حکومەتەکەوە دیارەو ئەمەش کۆمەڵ و یەکگرتووى نیگەران کردووە،
دەرئەنجامیش دوو حیزبە ئیسلامییەکە لەگەڵ دەرکەوتنى حیزبى گۆڕان کە
ئەویش لەئەنجامى ئینشیقاقى ناو یەکێتییەوە دروستبووە خۆیان وەک
ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاندو زۆرێک لەچاودێرانى سیاسیش پێیانوایە ئیسلامییەکان
بوونەتە پاشکۆى گۆڕان و هەر کاتێک گۆڕان پاشەکشە بکات لەکارى
ئۆپۆزسیۆنییەوە، ئیدى ئەوانیش دەگەڕێنەوە دۆخى جاران و هەوڵى
بەشداریکردن لەحکومەتەکەى پارتى و یەکێتى دەدەنەوە.
ئیسلامییەکان و سیاسەتى نێودەوڵەتى .
ئیسلامییەکان دواى بەکارهێنانى هەرچى توانایەکى هەیانبووە10 کورسى
پەرلەمانیان مسۆگەرکردووە لەکۆى 111 کورسى، ئەمەش ئەگەرێکى زۆر لاوازە
بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، سەرەڕاى ئەوەى هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەکەى لەرووى
فیکری و شێوازى حوکمڕانییەوە جیاوازى بەرچاو لەنێوانیاندا بەدى دەکرێت
و لەکاتێکیشدا ئەمریکییەکان و ئەوروپا بەجیدى ئیش لەسەر لاوازکردنى
پێگەى ئیسلامییەکان دەکەن لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەو پێیەى مەترسین بۆ
سەر ئاسایشى نێودەوڵەتى و هەر بۆ ئەم مەبەستەش هەواڵگرى ئەمریکى(سى ئاى
ئاى)و موسادى ئیسرائیلى زۆرترین توانا ماددى و هەواڵگرییەکانیان
بەگەڕخستووە. ڕاوەدوونانى بزوتنەوەى تاڵیبان لەئەفغانستان و
لەکوردستانیشدا ئەنسارلئیسلام و جوندولئیسلام و گرتنى عەلى باپیرو
فشارخستنە سەر مەلا کرێکار، بەڵگەى زیندوون کە گرتنەدەستى دەسەڵات
لەلایەن ئیسلامییەکانەوە خەونێکى یۆتۆبیاییەو نابێتە راستى، ئەمەش
بەوپێیەى ئەمریکییەکان بەوردى چاودێرى ڕەوشى سیاسى و حکومڕانى عێراق و
کوردستان دەکەن و هەر بارگرژییەک لەم ناوچەیەدا لەبەرژەوەندییەکانى
ئەمریکا دەدات و ئەمریکییەکانیش تەنیا تەماشاچى نابن، بەڵکو بەکردەیی
هەڵوێست دەنوێنن.
خۆپیشاندانەکانى سلێمانى و یەکگرتوو و کۆمەڵ.
هەرکە خۆپیشاندان شارى سلێمانى و بەشێکى ناوچەکانى ئەو پارێزگایەى
گرتەوە، ئیدى ئیسلامییەکان بەپاڵپشتى گۆڕان، هەرچى تواناى فیکرى و
ئایینى و حیزبییان هەبوو خستیانەگەڕ بۆ لاواز کردنى دەسەڵاتى پارتى و
یەکێتى بەمەبەستى گرتنەدەستى دەسەڵات لەگەڵ گۆڕانى هاوپەیمانە
عەلمانییەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسلامییەکان بیریان لەوە نەکردۆتەوە
کاتێک پارتى و یەکێتى رووبەرووى شکستى حکومڕانى دەبنەوە ئیدى چۆن و
لەسەر چ بنەمایەک لەگەڵ گۆڕاندا هەڵدەکەن کە تەواوى هەڵسوڕاوەکانى
عەلمانین و خاوەن25 کورسى پەرلەمانى و میدیایەکى زەبەلاحیان هەیە،
لەبەرانبەریشدا کۆمەڵى ئیسلامى 4 کورسى و یەکگرتووى ئیسلامیش 6 کورسى
پەرلەمانیان هەیەو کۆى کورسییەکانیشیان دەکاتە 10 کورسى. کەواتە ئەوان
تەنیا بیریان لەرووخانى دەسەڵات کردۆتەوەو پلانى ستراتیژیان نییەو
دیسانەوە دواى شکستى پارتى و یەکێتی ناتوانن بگەنە دەسەڵات، بەڵکو
دەبنەوە پاشکۆى گۆڕان و ڕەنگە ببنەوە ئۆپۆزسیۆنێکى شەرمن، ئەم
ئەگەرانەش لەکاتێکدایە پارتى و یەکێتى زۆرینەى دەنگەکانى جەماوەریان
مسۆگەرەو ئەزموونى حکومڕانی و پێگەى نێودەوڵەتیان هەیەو بەئاسانى کورسى
دەسەڵات بەجێ ناهێڵن بەپێى شەرعییەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانی.
ئیسلامییەکان و رۆشنبیرانى عەلمانى.
لەئێستاکەدا کۆمەڵ و یەکگرتوو بەجۆرێک خۆیان لەرۆشنبیرانى عەلمانى و
چالاکوانانى کۆمەڵى مەدەنى نزیک کردۆتەوە، ئەوەى ئاگادارى قۆناغە سیاسى
و فیکرى و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانى ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە
نەبووبێت، بێ ئاگایە لەوەى ئەوە ئیسلامییەکان بوون فەتواى کوشتنیان بۆ
رۆشنبیران و چالاکوان و کارەکتەرە عەلمانییەکان دەردەکردو مەلاو
مینبەرى مزگەوتیان بەکاردەهێنا بەمەبەستى سووکایەتیکردن بەرۆشنبیران،
چەند مانگێکیش بەر لە خۆپیشاندان و رووداوەکەى17ى شوباتى ئەمساڵ، ئەوە
ئیسلامییەکان بوون دەرگەى دادگەکانیان دەکوتى و رۆشنبیرانیان لەسەر
ئازادى قسەکردنەوە دەدایە دادگەو بەدژە ئیسلامییان لە قەڵەم دەدان،
ئاخر کەى جێگەى مەنتیقە لەئێستاکەدا ئاوا رۆشنبیران و کارەکتەرە
عەلمانییەکان لەو کەناڵانەى کە سووکایەتیان تێدا ئاراستەکراوە
لەبەرژەوەندى ئیسلامییەکان قسە بەدەسەڵاتێک بڵێن کە خۆیان بەشێکى گەورە
بوونە لەگەندەڵییەکانى ئەو دەسەڵاتە. بەدیوەکەى تریشەوە بەو پێیەى
ئیسلامییەکان هێزگەلى شمولى و سەلەفین لەهەر دەرفەتێکدا رۆشنبیرانى
عەلمانى دووچارى پەراوێزبوون دەخەنەوە، ئەمەش بەهۆى بڕوانەبوونى
ئیسلامییەکانە بەئازادى قسەکردن و فیکرى عەلمانییەوە، بەوپێیەى فیکرى
عەلمانییەت لەگەڵ جیاکردنەوەى دەوڵەتە لەئایین و ئیسلامییەکانیش ئەمە
بە هێلى سوور دەزانن، کەواتە پێکەوە هەڵکردنى ئیسلامییەکان و رۆشنبیرە
عەلمانییەکان ئەو هیستریایە کردونێتى بەهاوپەیمان ئەویش خەونى گەیشتنە
دەسەڵاتە بێ بیکردنەوە لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانى.
یەکگرتوو و کۆمەڵ هاوپەیمانە لاوازەکەى گۆڕان.
ئەوەى کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى و گۆڕانى وەک سێ رەوتى جیاواز کردۆتە
هاوپەیمان، ئەوە تەنیا هیستریاى گەیشتن بەدەسەڵاتەو دواتریش دابەشکردنى
پۆست و داهاتەکانى کوردستانە، نەک نزیکایەتى و بڕوابوونیان
بەهاوپەیمانێتى، مەترسییەکەش لێرەوە سەرهەڵدەدات کاتێک سێکوچکەکەى
ئۆپۆزسیۆن بگەنە دەسەڵات و ئیدى ناکۆکییەکانیان دەردەکەوێت و کوردستان
رووبەڕووى مەترسى شەڕى ناوخۆیی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەلایەک کە ئەمانەش
وەک دوو رەوتى ئیسلامى لەجەوهەردا لەگەڵ یەکدا ناکۆکن و بەرژەوەندى
سیاسى کۆى کردونەتەوە، لەلایەکەى تریشەوە شەڕى گۆڕان لەگەڵ هەردوو
لایەنەکە، کەواتە لەوەها رەوشێکدا کوردستان دووچارى سێ جۆر لەشەڕى
ناوخۆیی دەبێتەوە لەناو خودى دەسەڵات و لەولاتریشەوە پارتى و یەکێتى
کەخاوەن رابردووى خەبات و شۆڕشگێرین، بەئاسانى گۆڕەپانەکە چۆل ناکەن و
ئیدى کوردستان دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوەو بۆیەش ئەرکى پارتى و
یەکێتییە رێگە لەدروستبوونى ئەو مەترسییە چاوەڕوانکراوە بگرن بەوپێیەى
لەدەسەڵاتدان و ڕێگەیەکى مەدەنیانە بگرنەبەر، ئەمەش لەکاتێکدایە
ئۆپۆزسیۆن زمانى دیالۆگى نەهێشتۆتەوە، بەڵکو سووڕن لەسەر رووخانى
حکومەت و ئەمەش لاى پارتى و یەکێتى هێلى سوورە.
هەولێر
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|