په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

ئیسلام زانستە یان جەھل و خورافە؟

سەروەر تەھا حەمەئەمین


لەو سەردەمەوە,کە مرۆڤ پەیدا بووە,ھەمیشە و بەردەوام بیری کردووەتەوە و ھەوڵی ناسینی خۆیی و دیاردەکانی کۆمەڵ و سروشتی داوە,دەوروبەر و کەش و ھەوا و چۆنیەتی بەرھەمھێنان مۆری خۆیان لە ھەر کۆمەڵە مرۆڤێک داوە و چوارچێوەی فکری و مەعریفی ,دەستنیشان کردووە,ھەر بۆیە کۆمەڵی مرۆڤایەتی بە زنجیرەیەک لە گۆڕان و پەرەسەندندا تێپەڕیوە,کە ئەڵقەی یەکەمی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە دەستی پێ کردووە ھەتا ئەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ.


مرۆڤ لە ھەر بوارێکدا دەستەو یەخە بوبێت و پێداویستیەکانی کار و ژیانی بەرۆکی پێ گرتبێت,لەو بوارەدا ناسین و زانیاری و داھێنانی زیاتر پەرەی سەندووە ,ھەر بۆیە ئەمە بوەتە جیاوازی لە نێوان ھەر کۆمەڵە مرۆڤ و ھەر میللەتێک لە شوێنە جیا جیاکاندا,زانیای و ناسینی مرۆڤ لە سەرەتادا دواکەوتوو,وێناگەری و ئەندێشە گەری و پاشان ھەستەوەری و دواتر زانستی بووە پێبەپێی پەرەسەندنی.


میللەتی عەرەب لە جەزیرەی عەرەبیدا وەک ھەر کۆمەڵێکی دیکەی سەر زەوی بە ھەمان حاڵ و بە ھەمان پرۆسەدا تێپەڕیوە,وەلی بە حوکمی ھەمان ھەل و مەرجی ماددی, کە باسمان کرد, ئەگەر بەراوردێک لە نێوان عەرەب و میللەتانی دەوروپشتی لە :میسر,یۆنان,بابل,ئاشوور,فارس و.....ھتدا بکەین,ئەبینین میللەتی عەرەب لە بوارە جیا دیاکانی زانیاری و زانستدا,لە چاو ئەو میللەتانە زۆر دوواکەوتوو بووە و لەو نێوانەدا,زیاتر بایەخی بە زانیاری فەلەک و ئەستێرە ناسی و پزیشکی داوە,کە ڕەنگدانەوەی پێداویستی ناچاریی خێڵە عەرەبەکان بووە,لەو بوارەشدا لە چاو میللەتانی دەوروپشتی خۆیدا ,زۆر دوواکەوتوو بووە.


مرۆڤی عەرەب بە حوکمی ژیانی خێڵەکی و کۆچەری خۆی,سەرنجی ئاسمان و مانگ و خۆر و ئەستێرەکانی داوە,پێی وابووە جووڵەی ئەوانە بە ژیانی خۆیەوە پەیوەستە,لێکدانەوەی زۆری بۆ کردوون,ھەروەھا زانیاری پزیشکی وەکوو زانیارییەکی ناچاری,کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و مان و نەمانی مرۆڤەوە,لە ھەر کۆمەڵێکدا کەم و زۆر ھەبووە.


کاتێک,کە بزووتنەوەی ئیسلام سەری ھەڵدا و لە ئەنجامدا ھێرشی بۆ سەر وڵاتانی دەوروپشتی کرد ,میللەتی عەرەب زۆر شت لەو میللەتانەوە فێربوو,کاتێک,کە ئیسلام وڵاتی شامیان داگیرکرد,شارەزاییەکی سەرەتایی دەربارەی زانستی پزیشکی نەبێت,شتێکی ئەوتۆیان نەدەزانی,ئامڕاز و ئالاتی پزیشکی مەگەر زۆر بە کەمی نەبێت,نەیان بووە,ھەر بۆیە لێرەوە شارەزاییەکی زۆریان دەسگیر بوو,ھەروەکوو لە ھەمان وڵاتدا شارەزاییان دەربارەی فەلسەفە پەیدا کرد,کە دیسانەوە لەم بارەیەوە شارەزاییەکی ئەوتۆیان نەبووە,ئەمە سەرباری ئەوەی لە زۆر بواری ژیانی شارستانی وەکوو بیناسازی,ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵدا گەلێک سوودیان لەو میللەتانەوە وەرگرتووە.


کەواتە,میللەتی عەرەب تا ئەو دەمەی ,کە ھێشتا ئیسلام لە جەزیرەی عەرەبی نەچووبووە دەرەوە,یانی لە سەردەمی محمددا ,شارەزایی زۆر کەم و سەرەتاییان دەربارەی لقە جۆراوجۆرەکانی زانست ھەبووە,کە پێشکەوتووترینیان زانیاری ئەستێرە ناسی و پزیشکی بووە,ئەوەش بە ھۆی تاقیکردنەوەی خۆبەخۆیی خۆیان و کارلێکردن لەگەڵ میللەتانی دەوروبەریاندا فێربوونە,ھەر بۆیە ئەگەر چاوێک بە قورئان (کە خۆی ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆیەتی)دا بگێڕین و سەرنجێک لەو باس و مەسەلانە بدەین,کە لە پەیوەست بە زانستەوە تیایدا ھاتوون,ئەو دوواکەوتووییەی کە باسمان کرد بە ئاشکرا ڕەنگئەداتەوە و ئەگەر لەگەڵ زانیاری و زانستی میللەتانی دەوروپشتیاندا بەراوردی بکەین,ئەوا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ,کە لێی دواین,دواتریش قسەی لەسەر ئەکەین و نموونەی بۆ دەھێنینەوە.


زانست و زانیاری ھەتاوەکوو ڕۆژگاری سەدەکانی نێوەڕاست ,بە حوکمی ئەوەی لە ژێر چەتری ئایین و لێکدانەوەی ئایدیالیستیدا بوو,بواری پێشکەوتن و پەرەسەندنی لێ بەربەست بووبوووئایین وەک ئایدۆلۆژیای چینە دەسەڵاتدار و خانەدان و فیئۆداڵەکان,پاکانەی بۆ چەوسانەوە و کۆنەپەرستی ئەم نەزمە ئەکرد,زانیاری و زانستیش بۆی نەبوو لە سنوری لێکدانەوەی خەیاڵی و نا واقیعی ئایین دەربچێت,کە دیارە کێشەکە لە ڕیشەی خۆیدا دەچێتەوە سەر ناکۆکی ھەمیشەیی و بەردەوامی نێوان دوو ڕوانگەو دوو لێکدانەوەی فەلسەفی,یانی ماتریالیزم و ئایدیالیزم,کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و بە پێی سەردەم,ئەو ناکۆکیە بە لایەکدا قورس و بە لایەکی دیکەدا سووک بووە,بەڵام ئەو کۆسپ و ڕێگرییانە ناتوانن بزووتنەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵ بە یەکجاری و تاسەر خەفە و مت بکەن,ھەر بۆیە ئەم بزووتنەوەیە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا تووند بوەوە و لە سەدەی شانزەھەمی زایینیدا و لە نێو میللەتانی ئەوروپاوە,زانیارییە سروشتیەکان تەکانێکی گەورە و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.


کۆپەرنیکۆس (١٤٧٣-١٥٤٣) یەکەمین کەسە,کە تیۆری کۆمەڵەی ڕۆژی دانا و ئاشکرای کرد,کە زەویش ئەستێرەیەکە وەک ھەر کامێک لە ئەستێرە گەڕۆکەکانی دیکەی سەر بە کۆمەڵەی خۆر,کۆپەرنیکۆس ووتی,زەوی نەوەستاوە,بەڵکوو بە دەوری خۆیدا ئەخولێتەوە,ھەروەھا ووتی ,ئەوە خۆر نییە,کە لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا دەبزوێ,بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوە زەوییە ,کە جگە لە خولانەوەی بە دەوری خۆی,بە دەوری خۆریشدا ئەخولێتەوە....ھتد,ئەم تیۆرییەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو بیروڕا و بۆ چوونانەی ,کە ئایینەکان باسیان دەکرد پێچەوانە بوو.


بیروباوەڕی ئایینی,زەوی لە ئەستێرەکانی تر جیا ئەکاتەوە و تایبەتمەندی و پیرۆزییەکی پێ دەبەخشێت,پێی وایە,کە خودا بە تایەکاری دروستی کردووە ,پیرۆزی ئەکات و بە نێوەندی گەردوونی ئەزانێ,پێی وایە زەوی ئەستێرە نییە و ئەستێرە ئەو تەنە بچووکە درەوشاوانەیە,کە بە ئاسمانەوە ھەڵواسراوە,پێی وایە,مانگ و خۆر دوو نیشانەی خودان و بە فەرمانی ئەو,لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا دێن و دەچن....ھتد,ئەم دەسکەوتە زانستییە و چەندین دەسکەوتی تری لقە جۆرا و جۆرەکانی زانستی سروشت یەک لە دوای یەک بیروباوەڕی کۆن و داڕزیو و خورافی و ئەفسانەیی و ئایدیالیستی بەر ڕەخنە داو دنیای ھەژان و بیرکردنەوەی مرۆڤی ڕاتەکاند,ئەوەی لێرەدا ئەبێت دەستی بۆ ڕابکێشین ئەوەیە,بۆ تێگەیشتن لە مێژووی پەرەسەندنی زانستی سروشتی,نابێت پەنا بۆ کاری داھێنەرانەی زاناکانی ئێرە و ئەوێ ببەین,یان مەسەلەکە بۆ تایبەتمەندی ژیری بگەڕێنینەوە,ھەروەکوو مێژوونوسە بۆرژووازییەکان وایان کردووە و وای نیشان ئەدەن,بەڵکوو پێویستە لە پەرەسەندنی بەرھەم و ھێزە بەرھەمھێنەرەکان و پێویستییەکانی پراکتیکی کۆمەڵایەتی و ژیانی ماددی کۆمەڵەوە دەسپێبکەین,ھەروەکوو ئەنگلس لە کتێبی دیاڵکتیکی سروشت دا باسی دەکات: لە دایک بوونی زانست و پەرەسەندنی,ھەر لە سەرەتای خۆیەوە,بە بەرھەم ھێنانەوە پەیوەستە,ھەروەھا ئەڵێت,ھەتا ئێستاش ئاوا لێک ئەدرێتەوە,کە زانست چاکەی بەسەر بەرھەمھێنانەوە ھەیە,بەڵام زانست یەکجار زۆر قەرزارباری بەرھەمە,چونکە گەشەی ھێزە بەرھەمھێنەرەکان و پێویستییەکانی بەرھەم,لە ھەر پلەیەکدا و لە ھەر ئاستێکی مێژوویی مرۆڤایەتیدا ,ئەرک و فرمان لە سەر شانی زانست دائەنێ,کە چی بکات و لە چ بوارێکدا درێژە بە کارەکانی خۆی بدات.


کەواتە,ئەم بزووتنەوە زانستییە,زادەی ئەو ھەل و مەرجە مادییەیە لەو سەردەمەدا,کە سیستەمی دەرەبەگی بوو بووە ڕێگر لەبەر دەم گەشەی ھێزە بەرھەمھێنەرەکان و پەرەسەندنی چینی شۆڕشگێڕی تازە پێگەیشتوو,یانی چینی بۆرژووازی ,بۆیە فیۆداڵەکان و پیاوانی ئایینی بە گشت شێوەیەک بەربەرەکانێی پەرەسەندنی زانستیان ئەکرد,کە بە زیانی خۆیان و بە قازانجی چینی بۆرژوازی تەواو ئەبوو,ھەر بۆیە کەوتنە گرتن و ئەشکەنجە کردن و سووتاندن و ئیعدامکردنی زانا و پیتۆڵ و ڕابەران و کەسانی لایەنگری پێشکەوتن.


برۆنۆ پاش ئەوەی ھەشت ساڵی ڕەبەق لە زیندانەکانی دادگای پشکنین,لە ژێر زەبری ئازار و ئەشکەنجەدا ناڵاندی ,لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٠٠ی زایینی,لە گۆڕەپانێکی شاری ڕۆمادا,بە پێش چاوی خەڵکەوە,ئاگری تێ بەردا,برۆنۆ بە ئازایانەو بە گاڵتە پێکردنەوە بە نوێنەرانی خوودای گووت:وابزانم ئێوە زۆر لە من لەو بڕیارە ئەترسن ,بەڵی (نوێنەرانی خودا) ئەیانزانی,کە ئەو ڕێیە ڕووی لە نەمانی خودا و بەرژەوەندییەکانیانە,برۆنۆش ئەیزانی ئەو ڕێیە ھەر بە جێی خۆی ئەگات,دۆلییە کە زمانەوانێکی فەرەنسی بوو ,بە ھۆی چاپخانە تایبەتییەکەی خۆیەوە,بیروباوەڕی ھیومانیستی بڵاو ئەکردەوە,لە مانگی ئابی ١٥٤٦ دا ,لە مەیدانێکی شاری پاریس سوتێنرا و گیانی بە قوربانی ئایین و خودا بوو.


لە سااڵی ١٦٣٣ی زایینی لە ھۆڵی سزادان,دادپرسە ئایینیەکان دەستیان بە سزادانی گالیلۆی پیرەمێرد کرد,بە تاوانی ئەوەی,وتوویەتی زەوی خڕە و بە دەوری ڕۆژدا ئەسوڕێتەوە,سەرئەنجام ناچاریانکرد کە پەشیمان بێتەوە و بڵێ: زەوی وەستاوە,ناجوڵێ و ناوەندی گەردوونیشە.


بەو جۆرە دادگای پشکنین,کە لەلایەن پیاوانی کۆنە پەرستی ئایینیەوە دامەزرابوو,ھەڕەشەی لە ھەر زانا و لێکۆڵەرێک دەکرد,کە بە پێچەوانەی بیرو باوەڕی ئایینیەوە,دەسکەوتێکی زانستی بە دەست ئەھێنێ,باس کردنی خڕێتی زەوی بە تەنھا ,تاوانێک بوو,بۆ ئەوە بەس بوو,کە لە جەرگەی شاردا بتکەن بە قەقنەس.


بەڵام ئەم بزووتنەوەیە بەرەو پێش دەچێت و ھێزی بزوێنەری خۆی ھەیە و تەکانی پێ ئەدات,بزووتنەوەی ڕوو لە پێش,سەرباری ھەر کەند و کۆسپێک سەر ئەنجام بە سەر دنیای کۆن و کۆنە پەرستیدا زاڵ ئەبێت,ھێزە بەرھەمھێنەرەکان پەیوەندی بەرھەمھێنانی ھاوتای خۆیان بەدەست ئەھێنن,زانیاری و زانستیش وەک ھێزێک,وەک پەیکەرەیەکی ڕاوەستا و خۆ دەنوێنێ,کە کۆنە پەرستان ناچار دەکات ئارایشتی بکەن,جوانترین بەڵگەی ئەم ڕاستییەش پەیکەرە لووت بەرز و شکۆدارەکەی دۆلییەیە,کە لە ساڵی ١٨٨٩ی زایینیدا و ھەر لەو شوێنەی ,کە تێیدا سووتێنرا,بە ئاھەنگێکی قەشەنگ پەردەی لەسەر لابرا,ئا بەو جۆرە شانۆ تراژیدییایەکەی ساڵی ١٥٤٦ لە پێش ٣١٣ ساڵ,بووە گۆڕەپانێکی ڕازاوەی پاریس و بە بێ دەنگی جوانترین چیرۆک و ڕازاوەترین پەند و داستان بۆ نەوە لە دوای نەوەی مرۆڤایەتی دەگێرێتەوە و گەورەترین گۆپاڵیشی بەسەر بەسەر کەشیش و ئایین و کۆنەپەرستیدا کێشا,ئیدی زانست و ئەو کۆت و بەندەی شکاند و خۆی لە ژێر مۆتەکەی ئاییندا ھێنایە دەر و سەربەخۆیی و جیایی خۆی لە ئایین ڕاگەیاند,کار ھەر لەو ئاستەیا نەمایەوە.

 

 

sarwartaha52@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک