ئیسماعیل تەنیا:
لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا، خوێندنەوە نەبۆتە دیاردە.
لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک هەن بەبێ خوێندنەوە هەڵناکەن.
هەڤپەیڤین: رێناس نەورۆزی
نووسەر و رۆژنامەوان و شاعیر و شارەزای بواری مێژووی رۆژنامەوانی کوردی
"ئیسماعیل تەنیا" لە نیسانی 1962 لە گوندی "گۆمەگڕو"ی سەر بە شارەدێی "قوشتەپە"ی
پارێزگای هەولێر لە دایکبووە. لە ساڵی 1970 چووەتە قوتابخانە و
قۆناخەکانی خوێندنی لە شاری هەولێر تەواوکردووە. لە کۆتایی ساڵی 1982
بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە. لە ساڵی 1992 لە بەشی کوردی کۆلیژی
پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین وەرگیراوە، بەهۆی رەوشی سیاسی و ئابووری
ئەوکاتە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. لە بواری رۆژنامەگەرییەوە لە
زۆر گۆڤار و رۆژنامەی کوردیدا وەک دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی
نووسەران و ستافی کار کاریکردووە. لەوانە گۆڤار و رۆژنامەکانی (ژیلەمۆ،
زەنگ، رێگای ئازادی، یەکگرتن، کوردستانی نوێ، پەریستان...). هەروەها تا
ئێستا (11) کتێب و نامیلکەی بە چاپ گەیاندووە و (432) وتار و
لێکۆڵینەوە و بابەتی هەمەجۆری لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی وڵات و دەرەوەی
وڵات بڵاوکردۆتەوە. ئیسماعیل تەنیا یەکەمین کەس بووە کە بیبلۆگرافیای
رۆژنامەگەری کوردی نێوان 1975-1993ی لە کتێبێکدا بڵاوکردۆتەوە، دوایین
بەرهەمیشی کتێب بوو بەناوی (بزربوونی ناوی کوردی لە کۆمەڵگەی
کوردەواریدا) کە ئەوەش بەرهەمێکی هەرە تازەی ئەو بوارەیە. ئیسماعیل
تەنیا ماوەی دوازدە ساڵ زیاترە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت. بۆ زیاتر
ئاشنابوون بە کار و بەرهەمەکانی و رەوشی رۆژنامەوانی و ئەدەبی کوردی لە
تاراوگە و هەلومەرجی ئێستای بزاڤی رووناکبیری کوردی لە دیمانەیەکی
تایبەتیدا رووبەڕووی چەند پرسیارێکمان کردۆتەوە.
رێناس نەورۆزی: وەک دەزانرێت ئەدەبیات
زمانی گەلانە، ئایا ئەدەبی کوردی لە دەرەوەی وڵات تا چەند توانیویەتی
ناسنامەی نەتەوایەتی کورد بهێنێتە زمان؟ ئایا لە دەرەوە شتێک هەیە
بەناوی "ئەدەبی تاراوگە"ی کو رد؟
ئیسماعیل تەنیا: ئەگەر مەبەستت لەوەبێت
کە ئەدەبی کورد ی لە دەرەوەی وڵات تاچەند توانیویەتی ناسنامەکەمان
بەگەلانی جیهان بناسێنێت، ئەوە دەتوانین بڵێین؛ تا ڕادەیەک کار ئاسانی
بۆ ئەو پرۆژە هەمەلایەنە کردووە، ئەویش لە رێگای ئەو نووسەرە بە ڕەگەز
کوردانەی کە بەرهەمەکانیان بە زمانە زیندووەکانی جیهان دەنووسن و
بڵاویدەکەنەوە. ئەوانە، لەوانەیە هەندێکیشیان زۆر ئاگاداری رابردووی
نەتەوەکەیان نەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە رێگای گێڕانەوەی بەسەرهات و،
تراژیدیا و بۆنە کولتوورییەکان، لەلایەن کەس و کار و باوانیانەوە،
باکگراوندێکیان لا دروست بووە و، بەو ئاراستەیە بەرهەمەکانیان دەنووسن،
کە لەدواجاردا بە خزمەت و ناساندنی نەتەوەکەماندا دەشکێتەوە. ئەمڕۆکە
بە دەیان نووسەری کوردمان هەن، بە زمانە بێگانەکان "یاخود زمانی دووەمی
خۆیان"، رابردوو و ئێستامان دەنووسنەوە. ئەم هەنگاوە ئەگەر بەشێوەیەکی
تۆخیش نەبێت، ئەوا سەرەتایەکە و پێیویستە کاری لەسەر بکرێت.
سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا لە دەرەوە شتێک هەیە بەناوی "ئەدەبی
تاراوگەی کورد؟". من لە یەک دوو شوێنیتریش سەرنج و بۆچوونەکانم
لەمبارەیەوە دەربڕیووە، ئەدەبێکمان نییە پڕ بە پێستی ئەو فۆرمە. ئەوەی
هەشە، قەڵەمەکان هەرچەندە لە رووی جوگرافیاوە لە نیشتمان دوورن، بەڵام
لە ڕووی هزرەوە هەر لە وڵاتن. ئەو بابەت و وێنانەی کاریان لەسەر کردوون،
هەمان وێنە و بابەتن کە بابایەک لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکەوە کاری
لەسەر دەکەن. دەربڕینەکان، زامە کۆنەکانی نیشتمانن، بەڵام لە دەرەوەی
بازنەی زێدەوە جارێکیتر دەکولێنرێنەوە. ناو، وێنە، پاڵەوان، فۆرم،
کاراکتەرەکان هیچ سیمایەکی تایبەتیان نییە تاوەکو بزانین ئەوە ئەدەبی
ناو بازنەی زێدە و، ئەوەش هی دەرەوەیەتی. بە بۆچوونی من، وەک چۆن عەرەب
و نەتەوەکانیتر لە سەردەمە جیاجیاکاندا، ئەدەبی تاراوگەیان هەبووە،
ئێمە ئەدەبێکمان نییە بەو واتایە.
رێناس نەورۆزی: پێت وانییە ئێستاکە لە
دەرەوەی وڵات بۆشاییەک هەیە لە نەبوونی رۆژنامەیەکی رۆژانە بە زمانی
کوردی و گۆڤارێکی گشتی مانگانە بە زمانی کوردی بۆ کوردەکانی تاراوگە؟
هۆکارەکان چین کە تا ئێستا هیچ گۆڤار و رۆژنامەیەک لە دەرەوەی وڵات
نەیانتوانیووە بەردەوامبن و ببنە رۆژنامە یاخود گۆڤارێکی سەرانسەری و
گشتی پڕ خوێنەر؟ بۆ ئەوەی چاپەمەنی کوردی لە دەرەوە خوێنەر پەیدا بکات
چی پێویستە؟ بەگشتی ئایا ئێستاکە هەلومەرجی لە دایکبوونی رۆژنامە و
گۆڤارێکی کوردی لە دەرەوەی وڵات لە ئارادایە؟
ئیسماعیل تەنیا: وەڵامی ئەو پرسیارەتان
خۆی لە چوار تەوەردا دەبینێتەوە و لەوانە هەر یەکێکییشیان چەند لق و
پۆپ و ناونیشانی لێ ببێتەوە. ئەگەر بکرێت هەوڵدەدەم وەڵامەکان بە کورتی
دەرببڕم. بە گوێرەی هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد لە دەرەوەی وڵات، بە
تایبەتیش لە ئەوروپادا، کە بەشە زۆرەکەی لە خۆ گرتووە، بە دڵنیاییەوە
بۆشاییەکی گەورە و فراوان بە دیدەکرێت. هەرچەندە ماوەی زیاتر لە دوازدە
ساڵە رۆژنامەیەکی کوردی "بەزمانی تورکی" بەناوی "ئۆزگور پۆلەتیکا" و
دواتر ناوەکەی بوو بە "یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا" لەسەرجەم پایتەختەکانی
ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە، وەلێ ئەوە هەر بەشێکی کوردەکانی باکووری
کوردستان دەتوانن سوودی لێ ببینن و بیخوێننەوە. کوردەکانی باشوور و
رۆژهەڵات و رۆژئاوا ناتوانن بەسەری بکەنەوە. لەوانەشە بەشێکی کەمیان
هەست بەوە بکەن کە شتێک بەو ناوەوە هەیە. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو
بۆشاییە زەقە هەموو تاکێک هەستی پێدەکات. هەڵبەتە هەبوونی ئەو بۆشاییە
"نەبوونی ئەو چەشنە رۆژنامە یان گۆڤارە"ش، هۆکاری بابەتی و مێژوویی خۆی
هەیە. لەلای هێروەوە، خودی خۆمان بابایەکی نەخوێندەوار و عاشقە
خوێندنەوە نین.... من هەر بۆ نمونە پرسیارێک لە تۆ دەکەم؛ لە سەد کەس
چەند کەس ئامادەگی ئەوەیان هەیە، رۆژانە، رۆژنامەیەکی کوردی بکڕن، یان
بەشداری ئابۆنەکەی ببن؟! بەدڵنیاییەوە دەڵێم خەڵکێکی زۆر کەم، کەئەوە
دەچێتەخانەی فۆرمی نەبوونەوە. وێرای ئەو هۆکارە بابەتییەش، رۆژنامە و
گۆڤار پێویسیتان بە بوودجەیەکی تایبەت و دروستکردنی ستافێکی کارا لە
نووسەر و رۆشنبیران و پشتیگیرییەکی مەعنەوی هەیە، کە لە رۆژگاری
ئەمڕۆماندا ئەو ئامادەگییە نییە، یان نابینرێت. هەر چەندە لە قۆناخە
جیاجیاکاندا، چەند گۆڤار و رۆژنامەیەکی کوردی، لە شوێنە جیاجیاکانی
تاراوگە و لە جوگرافیایەکی بەرتەسکدا بڵاوکراونەتەوە، وەلێ لەبەر
نەبوونی ئەو توانستە بە هێزانەی سەرەوە، نەتوانراوە درێژە بە
هەنگاوەکان بدرێت.
بۆ ئەوەی چاپەمەنی کوردی لە دەرەوە خوێنەر پەیدابکات، پێش هەموو شتێک
دەبێت بە خۆماندا بچینەوە و، قەبارە و پێگەی خۆمان بزانین و، بزانین لە
کوێی کاروانەکە داین. دەبێت کولتووری خوێندنەوە لە ناو تاکەکانی
کۆمەڵگاکەماندا، برەوی پێبدرێت و لە قۆناخە هەرە سەرەتاییەکانی
خوێندندا هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، تاوەکو ببێتە دیاردەیەکی ئاکتیف. لە
پاش ئەوەش، خودی بڵاوکراوەکان دەبێت گرنگی بە (ناوەڕۆک، تیراژ، دیزاین،
رەنگ، چاپ، فۆرم، جورئەت، ریکلام، راستگۆیی و ....هەتادوایی) بدەن.
ئەگەر هەر گۆڤار و رۆژنامە و چاپەمەنییەک ئەو لایەنانە فەرامۆش بکات،
خوێنەری نابێت و ئەم دەست و ئەو دەستی پێناکرێت. لە دوا جاردا تەمەنی
خۆیان بە کۆتایی دەسپێرن.
ئەمڕۆکە لە هەموو کات و ساتێک زیاتر هەلومەرجی لە دایکبوونی
رۆژنامەیەکی رۆژانە، یان گۆڤارێکی پڕ خوێنەر لە ئارادایە. هەلومەرجەکان
لەبارن، چونکە رۆژنامەنووس و خەڵکێکی زۆری کارای ئەو بوارە لە دەرەوەن.
حکومەتێکمان هەیە کە پارەیەکی خەیاڵی لە بۆنە و موناسەباتی وا سەرف
دەکات، کە یەکەم: ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە زۆر لەو بودجە کەمتریان دەوێت،
تا دەگەنە سەرپێی خۆیان. دووەمیش: ئەگەر دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووری لە
پشتیانەوەبن، دروستکردنی ستافێکی رۆژنامەنووسی لەو جۆرە، کارێکی
ئەوەندە ئەستەم نین. بەکورتی ئەگەر هەردوولامان "رۆژنامەنووسان و
حکومەت" تەمبەڵ و خەمسارد و قرچۆک نەبین، ڕایی کردنی ئەو کارە ئەوەندە
ئەستەم و لە کردن نەهاتوو نییە.
رێناس نەورۆزی: ئایا پێت وایە خوێنەری
کورد ، چی لە دەرەوەی وڵات و چی لە کوردستان ئێستاکە زیاتر روو لەچی
جۆرە وتار و بابەتێک دەکەن؟ وتاری سیاسی، ئەدەب "چیرۆک، رۆمان، شیعر"،
بابەتی تەنز ئامێز، وتارە کۆمەڵایەتییەکان، وتارە ئایینییەکان، یان
وتار و بابەتی فەلسەفی و زانستی و مێژوویی....؟
ئیسماعیل تەنیا: بەشێوەیەکی گشتی لە ناو
کۆمەڵگای ئێمەدا، خوێندنەوە نەبۆتە دیاردە. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک هەن
بەبێ خوێندنەوە هەڵناکەن، جا چی گەنج بن یان جوامێر و بە ساڵاچووان،
هەر قۆناخە و لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک ئایدیا و دیاردەی جۆربەجۆر لەگەڵ
خۆیدا دەهێنێت، لەوانەشە بەشێک لەو دیاردە و ئایدیایانە بە خودی
ئێمەمانان نامۆبێت و نەتوانین بیخەینە بواری پراکتیکەوە. بۆ نمونە، لە
کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بیری مارکسی و
سۆسیالیستی رەواجی هەبوو و ببووە مۆدەیەک، گەر یەکێک کتێب یان بابەتێکی
لەو جۆرەی نەخوێندبووایەوە، یان سەرەدەری لەو تێزە دەرنەکردبووایە، بە
"خەشیم و نەخوێندەوار و دواکەتوو!!" لە قەڵەم دەدرا...، وەلێ دواتر،
بەتایبەتیش دوای کارەساتی هەڵەبجە و رووخانی سیستەمی سۆسیالیستی کە "یەکێتی
سۆڤیەتی جاران" رابەرایەتی دەکرد، ئەو بابەتە کاڵ بۆوە و رەواجی نەما....
ئەمجارەیان بەتایبەتیش دوای راپەڕینی بەهاری 1991 باشووری کوردستان و،
هاتنە ئارای کۆمەڵێک هەلومەرجی بابەتی و مێژوویی، هاندە رو رێخۆشکەر
بوون بۆ هاوردەکردنی جۆرە ئایدیایەکیتر، کە تا راددەیەک بە
کۆمەڵگاکەمان نامۆبوو... ئەو دیاردەیەش، بڵاوبوونەوە و هەڵتۆقینی هزری
ئیسلامی بوو لە کوردستاندا، کە کۆمەڵێک دەست و هاندەری ماددی و مەعنەوی
دەرەوەی لە پشتەوە بوو.. حاڵی حازر، بەهۆی گردبوونەوە و بێ ئاگاییم لە
خوێنەری دەرەوە "مەبەستم تاکی کوردە" بۆچوونێکی وام لەلا دروست نەبووە،
کەبتوانم بەشێوەی رایەکی یەکلاکەرەوە دەریببڕم. بەڵام لە کوردستاندا
هەموو بابەتێک بەگوێرەی ویستی خوێنەرەکە خەڵکی خۆی هەیە، وەلێ لە
هەموویان زیاتر وتار و کتێبی ئایینی ئیسلام و "ئیسلامی سیاسی" رەواجی
زیاترە. تۆ سەیرکە تا کتێبێکی کوردی "رۆمان، دیوانە شیعر، یاداشت،
کۆمەڵایەتی" دەفرۆشرێت، بەدەیان کتێب و کتێبۆکەی ئیسلامی دەفرۆشریت.
ئەم رایەم لە خۆڕاوە لا دروست نەبووە، خودی خاوەن کتێبخانە و رۆژنامە
فرۆشەکان، بە دەیان جار لە دیمانەکانیاندا ئەو راستیانەیان درکاندووە.
رێناس نەورۆزی: رەوشی راگەیاندنی کوردی
ئەمڕۆ بەگشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن، لایەن باش و خراپەکانی کاریگەی
راگەیاندنی کوردی چین لەسەر کۆمەڵگای کوردی؟
ئیسماعیل تەنیا: راگەیاندنی کوردی لە
رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، هەنگاوی باشی هەڵێناوە. ئەمڕۆکە بە
دەیان گۆڤار و رۆژنامە و وەرزنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن لە کوردستانەوە
پەخش دەکرێن، کە هەر چەندە بەشی زۆریان داینەمۆکەیان حزب و دەسەڵاتن،
لەگەڵ ئەوەشدا بە بەراورد لەگەڵ پێگەی خۆمان و تارماییەکانی
دەوروبەرمان و رادەی رۆشنبیری و مۆڕاڵی کۆمەڵگاکەمان، جۆرە
ئازادییەکیان فەراهەم کردووە، کە هەرچەندە لە ئاست خواستەکانی خەڵک و
رۆژنامەنووساندا نین، وەلێ پەنجەرەیەکە و گەر بە دڵسۆزیی و لێزانینەوە
کاری لەسەر بکەین، دەتوانین چەندان پەنجەرەی تر بکەینەوە.
من بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەم کە دەڵێن هیچ جۆرە ئازادییەکی
رادەربڕین لە کوردستاندا نییە. هەر لە ناو خودی رۆژنامەکانی هەر دوو
حزبە دەسەڵاتدارەکە، لەگەڵ بەشان و باڵ هەڵدانی حزبەکانیشیان، جاری وا
هەبووە رەخنەی زۆر توندیش لەدژی دەسەڵات بڵاوکراوەتەوە. خۆ زۆربەی ئەو
بابەتانەی کە لە رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆنانەی کە بەناوی "سەربەخۆ"
دامەزراون و پەخشدەکرێن، هەموویان رەخنەن لە حزب و دەسەڵات... زۆر بە
دڵنیاییەوەش دەڵێم، هەر یەکێک لەو مینەبەرە بەناو سەربەخۆیانە بگری، لە
دوا وێستگەدا سەرچاوە داراییەکەیان هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەیە. من
پێم وایە رەوشی راگەیاندنی کوردی باشە. لە دوای راپەڕینەوە بە دەیان
رۆژنامەنووس و کارمەندی بواری راگەیاندن، بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە
پێگەیشتوون. ئامۆژگا و کۆلیژەکانی راگەیاندن ساڵانە دەیان خوێندکاری
کورد پێڕا دە گەیەنن. ئەوکارانە خۆیان لە خۆیاندا دیاردەیەکی تەندروست
و دڵخۆشکەرن. با ئێمە هەر شتە ناشیرین و کرێتەکان ئیبراز نەکەین. لە
نێوان دێرە ناشیرینەکانیشدا شتی جوان هەن، گەر وەک خۆشیان نەبێت، با لە
سەنگیان کەم نەکەینەوە. رۆڵی ئەو راگەیاندنەش بە دوو جۆری (پۆزەتیف و
نێگەتیف) بەسەرماندا دەشکێتەوە. لایەنە پۆزەتیفەکان برییتین لەوەی کە
خەڵک فێر دەکەن چۆن بتوانن رەش و سپی لە یەکترییەوە هاوێر بکەن، خەڵک
فێری هەبوونی هزر و رەنگ و ئاراستەی جیاجیا دەکەن. زۆر جارانیش هەندێک
هەواڵ و مانشێتی رۆژنامەکان زۆر دوورن لە راستی و تەنیا بۆ رەواج و
خوێنەر پەیداکردن بڵاودەکرێنەوە. لەو حاڵەتەشدا ئەو راگەیاندنە متمانەی
خەڵک لە دەست دەدات، یان جاری وا هەبووە هەواڵی وا هەستیار
بڵاوکراونەتەوە، کە سەرئەنجام زیانی بە سومعە و رەوشە سیاسییەکەمان
گەیاندووە... لەوانەشە نەیارەکانی خۆمان، ئەو هەواڵانە لە دژی خۆمان
بەکار بێننەوە. ئەو حاڵەتانە دەکەونە خانەی کاریگەری نێگەتیفی
راگەیاندنی کوردی بەسەر کۆمەڵگای کوردەواریدا.
رێناس نەورۆزی: ئایا بە بۆچوونی ئیسماعیل
تەنیا نووسینەوەی بیروەری و یاداشتەکان دەچنە خانەی زانستی مێژوو؟
ئیسماعیل تەنیا: مێژوو خۆی لە خۆیدا
رووداوێکە و لە زەمەنێکی بەسەرچوودا روویداوە. بیرەوەری و یاداشتیش لە
خولگەی ئەو زەمەنەدا دەسوڕێنەوە. ئەگەر راستەوخۆش نەچنە خانەی مێژووەوە،
ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبنە یەکێک لە کەرەستەخاوەکانی نووسینەوەی مێژوو،
ئەی هەر بیرەوەری و یاداشتەکانی دوێنێ نین، ئەمڕۆکە بە تۆزێک ماکیاژ و
تیفتیفەکارییەوە چەندان کتێبی مێژوویی لێکەوتۆتەوە. ئەو کەرەستە خاوە
دەکەوێتە دەست بابایەکی ئەکادیمی و ئەو دەکارێ چۆن و بۆ چی مەبەستێک
بەکاری بهێنێ. سەرکەوتنی نووسینەوەی "مێژوو"ش، لەسەر سەلیقەو لێزانین و
کارایی مێًژوونووسەکەوە دەوەستێت.
رێناس نەورۆزی: ئایا نووسین لای ئیسماعیل
تەنیا چی دەگەیەنێت؟ نووسین لە پێناو گوزارشتکردن لە بوونە، یان نووسین
لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراوە؟
ئیسماعیل تەنیا: نووسین لای من بەردەوامی
دانە بە ژیان. پەیام و ئاراستەیەکە بۆ گۆڕان و شلەقاندنی گۆمە مەنگ و
قەوزە لێنیشتووەکان، هەم سەلماندن و بوونی جەستەیە، هەمیش لەپێناو
ئامانجێکی دیاریکراوە. بەواتایەکیتر لە پێناو جوانکردنی ژیانە، یان لە
پێناو تەڵخ کردن و تەماوی کردنی شوشەی ئەو پەنجەرەیە کە بە ڕووی
باخچەیەکی پڕ لە گوڵی رەنگاورەنگ و پەپوولە و کەناری و بولبولەوە
دەڕوانێت. نووسین ئامانج و ئاراستەیەکە هزری بنووسەکە دیاری دەکات. من
وەک خودی خۆم دەنووسم بۆ ئەوەی هەبوونی خۆم بسەلمێنم، لە دواجاریشدا
ئەو خۆسەلماندنە لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا خزمەتێک بە نەتەوەکەم بکات،
کە گەورەترین و شانازیترین سەرمایەیە بۆ من.
رێناس نەورۆزی: یەکەم کتێبی چاپکراوت لە
ساڵی 1982 بەرهەمێکی شیعری بوو بەناوی (پەردەی شەرم)، ئایا ئیسماعیل
تەنیا ئێستاش لە جیهانی شعیردا ماوە؟
ئیسماعیل تەنیا: منیش وەکو بەشی هەرە
زۆری نووسەرانی کورد، لە تافی لاوێتیدا بەشیعر نووسین هاتوومەتە دنیای
رۆشنبیرییەوە. سەرەتا ئەو کەف و کۆڵ و هەستە گەرم و گوڕەی کە هەمبوو بە
شیعر دەرم بڕیبوون. یەکەم بەرهەمی چاپکراویشم کۆمەڵە شیعرێکی "زەنگیانە
کتێب" بوو بەناوی (پەردەی شەرم) و لە کۆتایی ساڵی 1982دا بڵاومکردەوە.
لە ساڵی 1990یشدا دووەم کۆمەڵە شیعرم بەناوی (تەکان) بڵاوکردەوە، کە بە
گوتەی خوێنەر و هەندێک لە شاعیران توانیبووم، لە ڕووی فۆرم و
ناوەڕۆکەوە لە (پەردەی شەرم) تێپەڕێنم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی لەم
دینا پاک و جوان و پڕ لە ئەفسوونە هەنگاوی زیاتر و باشتر بنێم و
بەردەوامبم، چونکە پێم وابوو، ئەگەر ئەمڕۆ شیعرێک لە دوێنێ جوانتر
نەنووسم، پایدۆزی لێبکەم باشترە، نەک هەر وەک ناو و پەراوێز لەم
بوارەدا بمێنمەوە. دوا شیعریشم "گونای دن" بوو کە لە بەهاری 1996دا
بڵاومکردەوە. ئێستاش هەر چەندە وازم لە شیعر نووسین هێناوە، بەڵام بە
بەردەوامی و سەلیقەوە، شیعری باش دەخوێنمەوە و تام و چێژێکی تایبەتی
لێوەردەگرم.
رێناس نەورۆزی: لە بواری چاپکردنی کتێبدا،
پرۆژەی داهاتووت چییە و ئێستا خەریکی چیت؟
ئیسماعیل تەنیا: ئێستاکە سەرەڕای
دابینکردنی بژێو ی ئاسایی ماڵ و منداڵ، کە هەفتەی پەنجا و پێنج کاتژمێر
کار دەکەم، بە بەردەوامیش دەخوێنمەوە و، ناوە ناوەش لێرە و لەوێ
نووسینەکانم بڵاودەکەمەوە. پێشم وایە تا ژیان بەردەوامبێت، دەبێت
پرۆژەش هەبێت، بەڵام من یەکێکم لەو کەسانەی کە حەزناکەم زوو پرۆژەکانم
ئاشکرا بکەم. حاڵی حازر کتێبێکم لە بواری رۆژنامەگەریی کوردی لە
بەردەستدایە و، لەسەدا هەشتای تەواو بووە. بەو هیوایەی لە ساڵی 2009
یان 2010دا بڵاوی بکەمەوە. هەر لە هەمان بواردا خەریکی کۆکردنەوەی
سەرچاوە و مەتریالی کتێبێکیترم، جا نازانم کەی دەتوانم تەواوی بکەم.
رێناس نەورۆزی: ئەم وشانە بە کورتی لای (ئیسماعیل
تەنیا) چی دەگەیەنن؟ (رۆژنامە، شیعر، مێژوو، تاراوگە، ئەحمەدی خانی،
حوسێن حوزنی موکریانی)؟
ئیسماعیل تەنیا:
رۆژنامە:
ئەگەر راستگۆ و بوێربێت و، کۆمەڵێک قەڵەمی بە ویژدانی لە پشتەوە بێت،
دەکرێت بڵێین ئاوێنەی گەلانە و رووداو و دینامیکیەتی ژیان تۆمار دەکات
و، دەبێتە کەرەستەیەکی دەوڵەمەند بۆ مێژوونووسان.
شیعر: بوونەوەرێکی ئەوەندە ناسک و هەست
رفێنە، بەهیچ جۆرێک ناتوانم دەستبەرداری ببم، بەتایبەتیش ئەگەر بە
ئیلقائێکی جوان بخوێندرێتەوە و لەگەڵ مۆسیقایەکی هێدیدا ئاوێزانی یەکتر
ببن.
مێژوو: ئیسپاتکردنی بوونمانە لەسەر گۆی
ئەو ئەستێرەیە. تۆمارێکی زیندووی جەستە و هزری ئەمڕۆ و سبەینێی
نەتەوەکەمانە. ئاوێنەیەکە و بە چەندەها شێوە خۆمانی تێدا دەبینینەوە.
تاراوگە: ئەوەندە خۆشە ناتوانم
دەستبەرداری بم...، ئەوەندەش ناخۆشە، کە چەندان برینی خستۆتە جەستەمەوە
و، چەند خۆشەویستێکی نزیکی لێ ونکردووم و، چراکانی قۆناخێکی تەمەنمی
کوژاندۆتەوە... بە کورتی تاراوگە وای لێکردووم پێیەکم لە ناو فڕۆکەو،
پێیەکم لەسەر زەوی بێت، کورد گوتەنی (لە قەلیشی کردووم و لە کۆتریشی
کردووم).
ئەحمەدی خانی: ئەگەر خۆ بەکەمنەزانین و،
لە سێبەر و تارماییەکانی دەوروبەرمان نەترسین، بەڕاستی یەکێکە لە
کۆلەگە هەرە بەهێزەکانی هزری نەتەوەییمان.
حوسێن حوزنی موکریانی: گۆتنبێرگی کوردە...
پەنجەرەیەکی گەورە و رووناکی بەرووماندا کردەوە... یادگارێکە و دەبێت
هەموومان شانازی پێوەبکەین، ئەو زێتر بە مەرەکەب و کتێب و حەرف و گۆڤار
و رۆژنامەی ئاشناکردین.
رێناس نەورۆزی: وەک رۆژنامەوان و
نووسەرێکی بە ئەزموون، گۆڤاری (کۆوار) چۆن هەڵدەسەنگێنن و دوا وتەتان
چییە؟
ئیسماعیل تەنیا: گۆڤاری (کۆوار)، لە ڕووی
فۆرم و ناوەڕۆک و دیزاین و کاتی دەرچوونەوە، یەکێکە لە گۆڤارە باشەکان،
بەتایبەتیش بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەتی رۆشنبیریی و مێژوویی لەو
گۆڤارەدا، کە دەکرێت لە ئێستا و لە داهاتوودا، وەک سەرچاوە پشتی
پێببەسترێت... یەکێکم لەو خوێنەرانەی کە بەشەوقەوە چاوەڕوانی دەرچوون و
خوێندنەوەی دەکەم... هیواخوازم هەر بەردەوام و زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت...
بۆ جەنابیشت وەک رێناس نەورۆزی دەستی ماندووبوونت دەکوشم بۆ ئەو هەموو
هەوڵ و خەبات و گەڕانەت لە پێناو کۆکردنەوەی (گۆڤار و رۆژنامە و وێنەی
مێژوویی و ساخکردنەوەی ژیانی رۆشنبیرە پێشەنگەکانی کورد) و بە
دیکۆمێنیتکردنیان.
رێناس نەورۆزی: زۆر زۆر سوپاس بۆ تۆش بۆ
ئەو دەرفەتە تایبەتیەی بۆ ئەو دیمانەیە تەرخانکرد.
بەرهەمە چاپکراوەکانی ئیسماعیل تەنیا:

1- پەردەی شەرم، شیعر، 1982، سلێمانی.
2- کەلەشێری سپی و کەلەشێری رەش، چیرۆک بۆ منداڵان، وەرگێڕان لە
عەرەبییەوە، 1988، بەغدا.
3- تەکان، شیعر، 1990، بەغدا.
4- رۆڵی ئەدەب لە شۆڕش و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەناوی (ب.دەوەن)
بڵاوکراوەتەوە، 1991، هەولێر.
5- بیبلۆگرافیای رۆژنامەگەری کوردی لە نێوان (1975-1993)، ساڵی 1998،
هەولێر.
6- کاردۆ گەڵاڵی نووسەر و پارێزەر و سیاستمەدار، 1998، هەولێر.
7- دەروازەیەک بۆ ناسینی (سمایلە باشەی شاعیر)، 2000، هەولێر.
8- چەند پووشێک بۆ (هێلانەیەکی تر)، کۆمەڵە بابەتێکی ئەدەبی و رەخنەییە،
2000، هەولێر.
9- سەفەری رەش، کۆژانی دەربەدەری و ئاوارەییە، 2005، هەولێر.
10- بەسەرکردنەوە (24 بابەتی ئەدەبی و رۆشنبیریییە)، 2005 هەولێر.
11- بزربوونی ناوی کوردی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، لێکۆڵینەوە، 2008،
هەولێر.
Tenya62@t-online.de
|