٢٧\٢\٢٠١٠
ئیستاتیکای
هەڵبژاردن.

ستار محەمەد قادر
دەکرێت هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی تەندرووستدا
ئەنجام بدرێ و بکرێت بە بۆنەیەکی نیشتیمانیی، بە دووریشی نەزانین هەر
هەمان پرۆسە لە ژینگەیەکی نا لە باردا ببێت بە هۆکاری درووستکردنی
تووندوو تیژیی و خوێن رشتن و لە بەر رۆیشتن، وەکو هەڵبژاردنی ئەم
دوواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران!
هەڵبژاردنی بیست و پێنجی تەمموزی پەرلەمانی کوردستان، ئەو هەڵبژاردنە
بوو کە توانی وێنەیەکی زۆر جوان پێشکەش بە دەرەوەی خۆی بکات، لە
کاتێکدا قبووڵ کردنی جۆری ململانێ و کێبەرکێکە، لە کۆتاییشدا
دەرەنجامەکەی لە لایەن هێزی دەسەڵاتدارەوە، بوو بە هۆکاری ئەوەی دە
هێندەی دیکە ئەو وێنەیە لە پێش چاوی جیهان و ناوچەکە جوانتر بکات!
ئەم ماوەیە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنێکی دیکەیە لە سەرانسەری وڵاتی
عێراقدا، هەر چەندە پڕو پاگەندەی هەڵبژاردن لە رێگەی بانگەشەی
هەڵبژاردنەوە بۆ هەر لیست و قەوارەیەکی سیاسیی شتێکی سوونەتییە، لێ
نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە دەمار گیریی و بیرکردنەوەی تەسک ئێمەی کورد
بە ئاقارێکدا بەرێت کە ئەو وێنە جوانەی هەڵبژاردن، لە پێش چاوی جیهان،
ناشیرین بکات!
چونکە هێندەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە توانایدایە خزمەت بە بەرژەوەندی
گشتیی بکات، سەرکەوتنی لیستێک یان لایەنێک یانیش قەوارەیەک بە تەنها
ناتاونێت بیکات! هێندەی رۆحی یەکتری قبووڵکردن و قبووڵکردنی
جیاوازییەکان هێزو وزە بە پرۆسەکە دەبەخشێت، تووندو تیژیی و تاکڕەوی
لاوازو قێزەونی دەکات! با ئێمە ئەوە لە بەر چاو بگرین، کە تا حاڵی
حازرخەڵکانێکی زۆر هەن هیچ جۆرە متمانەیەکیان بە خودی پرۆسەکە نییەو بە
شەڕە پەڕۆ ناو زەدی دەکەن، دەکرێت پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: چۆن و
بە چ شێویەک دەتوانین ئەو وێنەیە لە زیهنیاندا بگۆڕین و وایان لێ بکەین
بە چاوی ئومێدەوە لە بانگەشەو پرۆسەی هەڵبژاردن بنواڕن و لە رۆژی
دەنگداندا ئامادە بن، بۆ ئەوەی دەسبەرداری ماف و دەنگی خۆیان نەبن؟
ئایا ئەو گوتارانەی کە ئاماژەن بۆ ناشیرینکردنی لایەک یان لیستێک، تا
چەند دەتوانن یان لە توانایاندایە خزمەت بە پرۆسەکە بکەن؟ شتێکی
ئاشکرایە ئەگەر بڕیار وا بێت ئێمە وەکو نەتەوەیەکی تینوو بە
دیمۆکراسییەت، پێشوازی لە باهۆزو جومگەو بنەماکانی دیمۆکراسییەت بکەین
و لە ئامێزی بگرین؟ ئەوە دەبێت بە رۆحێکی وەرزشیانەوە دەرەنجام و
بەرەنجامی کۆڵەگەی دیمۆکراسیی کە خۆی لە بانگەشەو پرۆسەی هەڵبژاردندا
دەبینێتەوە قبووڵ بکەین و ئەوە بهێنینە بەر دیدی خۆمان، کە یەکێک لەو
پایە سەرەکیی و بنەڕەتییانەی کە دیمۆکراسییەتی لە سەر رادەوەستێت،
قبووڵ کردنی دۆڕاندنە؛ "نەک بردنەوە" چونکە بە بێ بوونی دۆڕاو لە نێو
ئەو پرۆسەیەدا، مەحاڵە بتوانین ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی دیمۆکرات
بوونمان بکەین!
بێ گومان ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر ئیستاتیکای هەڵبژاردن بکەین،
دەبینین یەکێک لەو بنەما ئەخلاقیانەی کە دەبێت بە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ بە
ئاشکرا لە سەر ئەرزی واقیع هەستی پێ بکات، یان لە پشت ئەو بانگەشەو
ریکلام و پڕو پاگەندەو دەرخستنی ماسوولکەوە کە لیست و قەوارەکان بە
مەبەستی بە دەست هێنانی زۆرینەی دەنگ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ
کاندیدو لیستەکانیان دەیکەن، برووسکەی ئەو پیرۆز باییە لە ناکاوەیە کە
راستەو خۆ دوای ئاشکرا بوونی دەرەنجامی دەنگەکان، رکا بەرەکان وەکو
نەریتێکی فەرز کراو، بە بێ هیچ جۆرە سڵەمینەوەیەک، ئاراستەی لایەنی
براوەو یەکتری دەکەن!
ئەمە ئەو هێزە ئەفسووناوییەیە کە دونیای دیمۆکراسیی دەیبەخشێت بە
ئەندامانی خێزانەکەی، بە داوای لێ بووردنەوە کە لێرەدا من هێڵکاریی و
جیا کاری دەکەم لە نێوان دونیای دیکتاتۆریی کە دەسەڵاتە ستەمکارەکان
بەرهەمیدەهێنن، لە گەڵ ئەو دونیایەی کە بە دیمۆکرات دەناسرێت و
دەسەڵاتێکی شەفاف و داد پەروەر بە خواست و ویست و هۆشیاریی گەلان،
دەیخووڵقێنن! ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بە حەقیقەت فاکتی ئەو دوو دونیایە
کە دوو شتی زۆر جیاوازن؛ چونکە دونیای دیمۆکراتی هێَز لە میللەتەوە
وەردەگرێت، ئەوەی دووەمیش کە دیکتاتۆریەتە لێی دەسێنێتەوە! ئەوەی یەکەم
تاکێکی ئازاد بەرهەمدەهێنێت کە چۆن وەکو مرۆڤ دێتە دونیاوە، بەو
شێوەیەش وەکو مرۆڤ بە ئازادیی تێیدا دەژێت، کەچی ئەوەی دووەم هەمیشە
ئیش لە سەر ئەوە دەکات، ئەوەی ناوی هێز بێت لە تاکەکانی دابماڵێنێت و
بەردەوام رێگری لەوەش دەکات، کە وەکو مرۆڤ، بیریش بکەنەوە! بێ گومان
هەڵبژاردن جوانە، ئەگەر لە ژینگەیەکی جوان و خاوێندا ئەنجام بدرێت، پاک
و بێ گەردو خاوێنە، مرۆڤ زۆر بە روونی جوانکارییەکانی دەبینێت؛ ئەگەر
دەروون نەخۆشەکان بیهێڵن؟!
بە داخێکی زۆرەوە، لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا،
لە کوردستاندا هیچ جۆرە رێزێک بۆ لایەنە ئیستاتیکییەکەی ئەم پرۆسەیە
دانەنراوەو بە شێوەیەک هەوادارانی قەوارەو لیستەکان، بە قسەو قسەلۆکی
راگەیاندنەکانی حزبەکان بارگاوین، تا ئەو ئەندازەیەی بگات بەو ئاستەی
بە بێ سڵەمینەوە پەنجەی خیانەت و خیتابی هەراج کردنی نیشتیمان و هێندێک
شت کە لە نێو زیهنی کۆمەڵانی خەڵکدا پیرۆزن، بخرێنە ژێر پرسیارەوە! ئەم
جۆرە قسە فرۆشتنە، لە هەر لایەکەوە بۆ هەر مەرامێک بێت، ئەوەمان پێَ
دەڵێت: کە تەنها بۆنی یەکتری سڕینەوەی لێ دێت، نەک فبووڵکردنی بەرانبەر؟!
ئەو جۆرە خیتابانە تاک بە شێوەیەک پەروەردە دەکاو نۆرمێک لە نێو
کۆمەڵگەدا تەوزیف دەکات، کە: "تاکەکان، لایەنەکان، تەنها خۆیان ببینن
درووشمی ئەوە بەرز بکەنەوە، کە مادام من لە وجودا هەم، دەبێت تۆ نەبیت"؟!
بێ گومان ئەم جۆرە گوتارانە، هێندەی ئیش لە سەر ناشیرینکردنی خودی
پرۆسەکە دەکات، مەبەستی نییە جوانی بکات. هێندەی مەبەستێتی لە نێو
دونیای ئەو تۆمەت بەخشینەوەیەدا، کێرڤی لیست یان حزبەکەی بەرز بکاتەوە،
گوێیان لەوە نییە کە کێرڤی هەڵبژاردن و دیمۆکراسی و پلۆرالیزم بە چی
ئاستێک دەگات؟! چونگە یەکێک لە خەسڵەتە نەگۆڕەکانی دیمۆکراسییەت، کە
دەبێت ئێمە زۆر بە سانایی لێی بنواڕین، ئەویش بەرز بوونەوەو دابەزینی
کێرڤی لیست و قەوارەو حزبەکانە، ئەگەر ئێمە لە بەرنامەماندایە ئیش لە
سەر مانەوەی شتەکان بکەین وەکو خۆیان، دەبێت ئەوە بە باشی بزانین کە
ئێمە لە دەرەوەی بازنەی پرۆسەکەداین؟! خاڵێکی دیکە کە ئەوە دەسەلمێنێت
کە ئێمە لە ناوەوەی هێڵەکەداین؛ داینەمۆی درووستکردنی ئەو هێزەیە کە
ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی شەرعی لە دەسەڵاتی وەر دەگرێتەوەو دەیکات بە
چەپکێک گوڵ و دەیدات لە یەخەی هەڵبژاردن، ئەویش دەتوانین بە
ئیستاتیکییەکی ئەفسووناوی ناو زەدی بکەین، کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە،
دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە، سەندنەوەیەتی لەم لایەن و رادەستکردنییەتی
بە لایەنەکەی تر! متمانە درووستکردنێتی لە نێوان ئەو لایەنانەی کە لە
سەر ئەوە رێکن و رێککەوتوون بە بەردەوامی کێبەرکێیەکی یاسایی و شەرعی
بکەن، لە هەمان کاتیشدا رێز بۆ پێگەو خواستی یەکتریی و میللەتیش دابنێن!
خاڵێکی دیکەی تر کە گووزارشت لە حەقیقەتی ئیستاتیکای سیستمی دیمۆکراسیی
و هەڵبژاردن دەکات، ئەویش ئەوەیە نە دەسەڵات لە هەوڵی ئەوەدایە بە
رێگەی نا شەرعی ئۆپۆزسیۆن بسڕێتەوەو نەش ئۆپۆزسیۆن تەنها لە پێناو
ئەوەی بە هەرەمی دەسەڵات بگات، ئەو کارەی کە نەشیاوە، دەیکات؟ بەڵکو
ململانێ و کێبەرکێکانی ئەوان لە دەرەنجامدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چۆن
بە باشترین شێوە خزمەتی هاوڵاتییان و وڵاتەکەیان، نەک تەنها خودی خۆیان،
بکەن؟! کەواتە لێرەوە دەگەین بە فاکتی ئەو جوانییەی کە هەڵبژاردن هێزی
خۆی لە سەری بوونیات دەنێت، ئەویش ئەو وزەیەیە کە خودی دیمۆکراسییەت
پێی دەبەخشێت، چونکە دەتوانین دیمۆکراسییەت بە خوانی ماڵێک بچوێنین، کە
سەرجەم پێکهاتەی ئەو ماڵە، لە سەری رێکن!
star_qadr@yahoo.com
|