٦\٣\٢٠١٩
ئیستێک لە ھەواری
رەنگاڵەیی سۆنیا.
ئامادەکردنی: قادر عەبدولسەمەد
لە
پێشەنگایەکی شێوەکاری لە (لەندەن)ی پایتەختی بەریتانیا کچە
ھونەرمەندێکی کوردم بینی بە چەند کارێکی ھونەری بەشداری کردوو بوو، ھەم
کارەکانی و ھەموو بەشداری کردنەکەی بەو تەمەنە گەنجەیەی جێ سەرنجم بوو،
دوای کەمێک گفتوگۆ و بینین و باس کردنی کارەکانی زیاتر سەرنجی ڕاکێشام
ئەم کیژە ھونەرمەندە(سۆنیا سەرکۆ یان ترێ سەرکۆ) لەتەمەنی دوانزە
ساڵیەوە لەگەڵ خانەوەدەکەی ھاتوونەتە بەریتانیا قۆناغەکانی خوێندنی
بڕیوە ئەمێستاکە دوا ساڵی زانکۆیەتی..ئەتوانم بڵێم سۆنیا ئەفراندن و
داھێنانی ھونەری پێش تەمەنی کەتووە و پەروەردەی دایک و باوکی ئەو
زەمینە ھونەریەیان بۆ ڕەخساندووە کەتیادا سات بەسات ھەنگاو بنێت بەرەو
داھێنان و ئەفراندن لە دنیای بەرفراوانی ھونەردا ھەر بۆ زیاتر ئاشنا
بوون بە کار و چالاکیەکانی ئەم کیژە بەڕێزە حەزم کرد ئەم دیمانە
ڕۆژنامەوانیەی لەگەڵدا بکەم.
قادر عەبدولسەمەد: ھاتنە ناو دنیای
ھونەریت چۆن بوو...حەزێکی سروشتی خۆت بوو یان بینینی کاری ھونەرمەندان
بوو...
سۆنیا سەرکۆ: کە لە باخچەی ساوایان بووم
لە کوردستان ھەمیشە لە کاتی یاری کردندا ڕیز ئەبووین بۆ ھەر یاریەک
بمانویستایە بیکەین.. بەڵام بەشی وێنەکێشان دایم چۆڵ بوو منیش
چاوەڕوانیم زۆر پێناخۆش بوو..بۆیە دایم لە بەشی وێنەکێشان بووم تا بووە
خولیایەک بۆم وام لێھات بۆ ھەر شوێنێک بچوومایە ئەبوایە وێنەم بکێشایە..
ئەو کاتە زۆر ئاشنا نەبووم بە کاری ھونەری تەنھا پێم خۆش بوو وێنە
بکێشم، یەکەم وێنەکێش کە کارە ھونەریەکانیم بینی مامۆستا دڵشاد
ساحێبقران بوو، ئیشەکانی جێگای سەرنج بوون.. بە مناڵی ھەمیشە پرسیارێک
لە لام دروست ئەبوو کە ئەم وێنانە بۆ ڕوون دروست نەکراون یان واتای چیە؟
قەد لێیان تێنەئەگەیشتم بەڵام کە گەوورە بووم لە بەشی ھونەری دەستم کرد
بە خوێندن توانیم بە چاوێکی تر کارەکان ببینم بە شێوەیەک کە حەز ئەکەم
دووبارە بڕۆمەوە لە نزیکەوە بە ووردی سەیریان بکەم.
قادر عەبدولسەمەد: تەمەنی مناڵیت چۆن بوو؟
بەبەردەوامی خەریکی وێنەکێشان بوویت؟
سۆنیا سەرکۆ: بە مناڵی لەگەڵ دایک و
خوشکەکەم لە سلێمانی ئەژیام ئەو کاتە باوکم لە تاراوگە بوو ئەم دووریەی
باوکم تاکو چەند ساڵێک بۆشایەکی ھەستی و روحی دروست کردبوو..وێنە کێشان
وەک چارەسەرێکی دەروونی لێ ھاتبوو بۆم لە کاتی بێزاریدا لە شوێنێکی
ماڵەکەدا دائەنیشتم وێنەم ئەکێشا.. ئەو کاتانە وێنەکانم ھەمووی ژیانێکی
خەیاڵی بوون بۆ خۆمم دروست ئەکرد..یەکێک لەوانە ژیانی لادێ بوو وێنەی
کۆمەڵێک ماڵم ئەکێشا لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی زۆر کە بەیەکەوە کۆبوونەوە.
ژیانی لادێ تا ئەم ڕۆژەش ئاوێتەی ژیانم بووە زۆر حەز ئەکەم کە لە یەکێک
لە گوندەکانی کوردستان بژیم و چێژ لە سروشتی جوانی کوردستان وەربگرم..
قادر عەبدولسەمەد: لە بەریتانیا چۆن
دەستت پێ کرد...لە بواری خوێندا لە چ قۆناغێکی خوێندایت...حەز ئەکەی تا
چ ئاستێک بخوێنیت؟
سۆنیا سەرکۆ: لە تەمەنی ١٢ ساڵیمەوە لە
وڵاتی بەریتانیا لەگەڵ خانەوادەکەمدا ئەژیم لە پۆلی ھەشتەوە دەستم کرد
بە خوێندن..سەرەتا فێربوونی زمانی ئینگلیزی سەخت بوو بەڵام نەبووە بە
بەربەستێک بۆم..
لە دوای فێربوونی زمان بژاردەیەکی زۆرم لە بەردەستدا بوو لە بوارێکدا
بخوێنم لە کۆلیژ، زۆرم پێئەوترا وا چاکە ھونەر وەکو خولیایەک ھەبێ
نەوەک وەکو داھاتوویەک..بەڵام من ھەرگیز بەوە ڕازی نەبووم...بۆ من گرنگ
نەبوو لە داھاتوودا چی ڕووئەدا ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو چۆن بتوانم
بچمە دنیایەکی ھونەریەوە کە دوورکەتنەوە لێ مەحاڵ بێت بڕیارمدا لە
کۆلیژی Art and Design دەست بکەم بە
خوێندن.
لە دوای تەواو کرد خوێندنی کۆلیژ بۆ درێژە دان بە خوێندنەکەم ھەر لە
بواری ھونەریدا بریارمدا بچمە لەندەن چونکە دەورە دراوە بە کاری ھونەری
و گەلەری و ھونەرمەندانی سەرکەتوو..چوونم بۆ لەندەن ھەلێکی زۆر باش بوو
بۆم.... دوورکەوتنەوە لە خێزان و ژیان بە تەنیایی لە سەرەتادا کەمێک
ناخۆش بو. ئێستا لە زانکۆی Goldsmiths لە
بەشی ھونەرە جوانەکان ئەخوێنم دوا ساڵی زانکۆمە لە لە دوای دەرچوونم و
تەواوکردنی زانکۆ خۆم ئامادە ئەکەم بۆ ماستەر ھەر لە بواری ھونەردا..
بۆ من ئێستا زۆر فێربووم بەڵام ھەر کەمە ئەمەوێت تاکو کۆتا قۆناغەکانی
خوێندن بڕۆم لە بوارەکەمدا.
ئێستا بە جۆرێک کەوتمەتە ژیانی ھونەریەوە کە بیرم چۆتەوە پێش ئەوە من
کێ بووم و ژیانیم چۆن بووە.
قادر عەبدولسەمەد: لە چەند پێشانگا و کار
و چالاکی ھونەریدا بەشداریت کردووە؟
سۆنیا سەرکۆ:
• سەرەتا لە پۆلی ٩دا یەکێک لە کارە ھونەریەکانم بۆ مۆزەخانەی ھۆلۆکۆست
ھەلبژێردرا.
• لە پۆلی ١٠دا ھەلی کارکردنم پێدرا لە studio print
making-Green Door Studio لەگەڵ کۆمەلێک ھونەرمەندی بە
توانای بەریتانی.
• لە پێشانگای Burton College بەشداربووم
خەڵاتی Principal Award بەدەست ھێنا
تابلۆکەیان لێ کڕیمەوە
• بەشداریم کرد لە پێشانگای Nottingham College
شارەوانی نوتینگھام تابلۆکەیان لێ کڕیمەوە لە Loxley
House واتە بەرێوەبەرایەتی شارەوانی نۆتینگھام دانراوە، ئەم
بەشداریەم بوو بە ھۆی ناساندم لە ڕۆژنامە بەریتانیاکاندا...
• لە ساڵی دووەمی زانکۆدا بەشداربووم لە پێشانگای
Kurdish Diaspora لە ڕێ ئەم پێشانگایەوە توانیمان بڕێک پارە
کۆبکەینەوە بۆ کەمپەکانی کوردستان.
• ساڵی ٢٠١٨ دا بەشداریم کرد لە پێشانگای Kurdish
Art Fair. لە لەندەن.
قادر عەبدولسەمەد: ھاوکاری دایک و باوکت
چۆن بووە... تا چەند ھاندەر و یارمەتیدەرت بوون؟
سۆنیا سەرکۆ: دایک و باوکم ڕۆلێکی
سەرکەتوویان ھەبوو لە ژیانمدا..ئەوان لە مناڵیەوە تاکو ئێستا
پشتگیریەکی زۆری منیان کردووە و بەردەوام ھاندەر و پەڵنەرم بوون
ھەروودکیان پێش لە دایک بوونی من لە کاری ھونەریدا بەشداریان کردووە
باوکم لە کوردستان لە کاری شانۆیدا بەشداری کردووە و دایکم کاری
سیرامیکی و چەرمسازی کردووە لە مەڵبەندی ئیشی دەست.
ھەر دووکیان ھەمیشە ھەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین ئەکردم تا بەردەوام
بم ئێستاش باوکم دنیایەکی ھونەری لە مێشکدایە ھەمیشە بیرۆکەکانیم زۆر
بە جوانی بۆ باس ئەکات و زۆر جار وێنە ئەکێشێ و بۆم ئەنێرێ ئەوەندە لە
ناخەوە لە ئیشەکانی و ھەستی تێئەگەم کە دایمە پێموایە باشترن.. وێنە
کێشان دنیای باوکمە چونکە لە یەک پەڕەی سپیا ھەموو ھەست و وشەکانی بە
یەک وێنە بۆم ڕوون ئەکاتەوە.
قادر عەبدولسەمەد: بەدەر لە کاری
وێنەکێشان حەز لە خوێندەوەی ڕۆمان و شیعر ئەکەی؟ کاری چەند نووسەرت
خوێندۆتەوە؟؟؟
سۆنیا سەرکۆ: خوێندنەوە بەشێکی سەرەکی
کارەکانمە و گرنگیەکی زۆرم پێداوە زیاتر لەسەر مێژوی ھونەر و
conceptual art، بەدەر لەوانەی بۆ
خوێندنەکەمە پێخۆشە بە تایبەتی کتێبی خەیاڵی یا خود ڕۆمان بخوێنمەوە
ئێستا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی how the world
Work Noam Chomsky
کە دەربارەی جیۆپۆلیتیکاڵی ھاوچەرخ.
زۆر حەز بە ھۆنراوەی کوردی ئەکەم لە تەمەنی ٩ ساڵیدا باوکم بردمی بۆ
ئێوارە کۆڕێکی شیعر مامۆستا عەبدووڵا پەشێو کە تا ئێستاش ھەندێک لە
ھۆنراوەکانیم لە بیر ماوە. ئێستا زۆر جار کە گوێ لە ھۆنراوەی کوردی
ئەگرم وێنەی ھۆنراوەکە ئەکێشم بۆ نموونە (ئێستا کچێک نیشتمانمە)
ھۆنراوەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس... لە ئێستادا خەریکی کارێکم ھۆنراوە
کوردیەکان بکمە وێنە لەسەر شێوازی سوریالیزم کە پێکھاتووە لە خەیاڵ و
ڕستە
قادر عەبدولسەمەد: ژیانت لە دکلتووری
جیاوازدا چ کاریگەریەکی ھەیە لەسەر کارە ھونەریەکانت؟
وەڵام: ژیان لە دوو کلتوردا جیاوازە و زۆر کاریگەری ھەیە لەسەر
کارەکانم، چۆنیەتی تێڕوانینم بۆ ھونەر و کۆمەڵگای کوردی زۆر جیاوازە
وەک لەو ژینگەیەی ئێستا منی تیادام. لەم چەند ساڵەدا کە بۆ ھونەر
خوێندوومە تاکو ئێستا ڕۆژێک پێم نەوتراوە بەم شێوەیە ئەبێ وێنە بکێشم
یان فێری چۆنیەتی وێنەکێشانیان نەکردووم بەڵکو فێرکراوم سەیری ھونەر
بکەم لە لایەنێکی جیاوازەوە ئەوەی من لێرە فێربووم پێکھاتووە لە
بیرکردنەوە لە ھونەر زیاتر وەک لە تێروانین لێی.
مێژووی ھونەر بۆی سەلماندووین کە وێنەکێشان تاکو چ ئاستێکی بەرز
ئەتوانین بڕوا بەو شێوەیەی کە بتوانین ھەر شتێک وەک خۆی دەربھێنینەوە
بەڕەنگەکان بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا ھونەر پێکھاتووە لە پرسیار نەوەک لە
دروست کردن لێرە فێربووم کە ھونەرمەند ئەبێ لەگەڵ ناخی خۆی ڕاستگۆ بێت
چۆن پێخۆشە وێنە بکێشێت یان ھەر کارێک بکات چونکە ئەوە لەیەکمان جیاواز
ئەکات بەڵام ھەندێک جار ھەمان ئەو کارەی لێرە دەستخۆشیم لێ ئەکرێ بۆی
پیشانی کۆمەڵگای کوردی بەم لەوانەیە زۆر کەس لێ تێنەگات و ڕووبەڕووی
ڕەخنەیەکی زۆر ببمەوە. بۆ من کاردانەوەی بینەر زۆر گرنگە چونکە ئەمەوێت
ھەم ھونەرمەندان و ھەم کەسانی ئاسایش بتوانن لە کارەکە تێبگەن. ئەم دوو
لایەنە وایان لێ کردووم ھەست بە قورسایەک بکەم، ئەمەوێت بە شێوەیەک
وێنە بکەم کە لە کۆمەڵگای کوردی جێگای بێتەوە و لە ھەمان کاتدا ئەمەوێت
ڕاستی ناخی خۆشم وێنە بکەم بەو شێوەیەی ئەمەوێت، یەک لە وێنەکانم کە
پێکھاتووە لە دوو ژیانی جیاواز کە ھەردووکیان بە تێڕوانین زۆر جیاوازن
بەڵام لە بیرکردنەوەدا یەکسانن.
ماڵپەڕی قادر
عەبدولسەمەد
|