په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٣

    ژن.

ھاوار تەیب

١

ئەی ژن
دەمەوێت لەجیاتی پێکێک
لەشەڕاب،
پێکێک لەفرمێسکەکانی تۆ
نۆش بکەم و
سەر بخەمە سەسنگی
تۆ و
خاڵیت بکەمەوە
لەخەم.

٢
دەمەوێت ڕێز لەبوونت
بگرم
ئایدیا جیاوازەکانت
بگرمە باوەشەوە و
نەتکەمە قوربانی
ژیانێکی کۆنەپەستانە.

٣

من لەکۆمەڵگایەکدا
دەژیم
رێزی بەھاکانت ناگرن،
تۆ لەلایان
مرۆڤی پلە دوویت
وەڵام دانەوەی جوانییەکانت
بەچەقۆیە.

٤

ئەی ژن
تۆ ھەموو رۆژێک
لەکۆڵانمدا،
لەشارمدا،
لەوڵاتمدا
دەبیتە قوربانی
شەرەف پارێزی،
گۆمی خوێنت ھەڵساوە.
کەچی منیش خەوتووم.

٥

دەمەوێت
سەدەیەک بێدەنگی
بھاڕم،
بەڵام لەمخەوەدا خەبەرم نابێتەوە،
و
گوێچکەم ھاوارت
نابیستێت.

٦

نازانم
کام ئایین
ڕەوایەتی داوە بەکوشتنت؟

٧

ئەوان
نازانن،
کەخودا دڵی ژنە.

٨

دەمەوێت
سەدەیەک نزا بکەم
ئەی ژن
تا پاک ببمەوە
گوناھەکانم.

٩

ژن
تۆ خوداوەندی جوانی و
پاکیت
چۆن دەستیان
تێدەچێت
لاشەت
شەتاڵی خوێن بکەن؟

١٠

ئەوان
نامۆن بەجوانیت
نامۆن بەخۆنیان،
ئەگەرنا
چۆن دەستیان دەچیتە خوێنی تۆ؟

١١

ژن
منێک دەبێت خۆم
پاک بکەمەوە
لەگوناھەکانی کوشتنی تۆ.

١٢
تۆ لەوسەری جوانییەوە ھاتوویت
منیش
پڕم لەڕق و لەخوێن ڕشتن.

١٣

ھاوارت
عەرشی ئاسمانی ھەژاند،
کەچی دڵی من
ھێشتا نەھاتۆتە لەرزین
و
دەستی ھەر سوورە بەخوێنی تۆ.

١٤

تۆ
لەتووخمی بارانیت
منیش لەجنسی
دۆزەخم.

١٥

من ھێشتا تینووم
بەخوێنی تۆ
ئەی ژن.


رانیە

hawarteyb@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک