٣\١١\٢٠٢٢
ژینا ئەمینی
سونبولی گەلـێكی ماف و نیشـتمان داگیرکراوە.

رەزا سـاڵح
دڕنـدەتـرین
و خوێنڕێـژتـرین و رەگـەزپەرستریـن و نامەردتـرین دەوڵـەت لە جـیهـادا،
دەوڵەتـانی داگیرکەری کوردسـتانن. کە لە دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ، بە
دڕنـدەتـرین شێوە و بە کوشندەتـرین چەکی مودێرزمی قەدەغـەکراو، بێ دەست
پاراست لە منـداڵی ناو لانکیشمان، زۆر نامەردانە و بێ بەزەییانە بە
ئاگر و ئاسن رەفتاریان لەگەڵ کوردی بێتاوانی ماف زەوتکراو و نیشـتمان
داگـیرکراودا کردوون و دەکەن. بە کوشتن و بـڕین و تـۆقـین و بە
رەشـەکـوژی و بە کـۆمـەڵکـوژی، بە بەنـدکـردن و ئەشـکەنجـەدان و لە
سـێدارەدان وەڵامی مافـەکان و داخـوازییەکانی گەلی کوردمانیان
داوەتـەوە و دەدەنـەوە. سیاسەتی زەویی سـووتـماک لە کوردسـتانـدا
جێبەجێ دەکـەن. مـاڵـیان لـە خـاوەن مـاڵ داگـیرکـردووە، بـە هـەزاران
کوردیـان بە زۆرەمـلێ لە زێـدی هەزاران ه ساڵەی باب و باپیرانیان
دەرکـردوون و ئاوارە کردوون. ماڵ و سامانیان داگیر کردوون، بە زۆرداری
بـۆ دوور لە زێـدی خۆیـان گواسـتیانـنەوە. دیمـۆگـرافـیای ناوچـە
کوردسـتانییەکـانیان گـۆڕیـون و سیاسەتی رەگەزپەرستی بە فـارسکـردن و
بە تـورک کردن و بە عـەرەب کـردنیان جێبەجێکردوون و دەکـەن. ئەم رژیمە
رەگەزپەرستانە هـیچ مافـێک بە گەلی کوردمـان رەوا نابیـنن. خۆیـان بە
ئاغـا و کورد بە نوکەریاـن دەزانـن.
ئـەم دەوڵـەتە داگیرکەرانەی کوردسـتان، بە گـەلـەکـۆمـەیی و بە
پیـلانێکی قـیزەوەن و نەگریز، لەژێر عەبای ئیسلامی و ئاڵای (اللـە اکبر)
و جیهادا کەوتنە کورد قڕانکردن و وێـرانکـردنی کوردسـتان. بەڵکو تا
ئەمـڕۆش نیـازی گڵاویـان قـەدەغـەکـردنی زمـانی کوردی و سـڕینەوەی
ناسنامەی نەتـەوەیی کوردمـانە. ئەو تاوانـانەی کە داگیرکەرانی کوردستان،
دەرهـەق بە گەلی کوردمان ئەنجـامیان داون و دەدەن، لە هـیچ شـوێـنێکی
دونیـادا نەکـراون. رژێمی ئاخووندەکان لەسەر چەنـد تاڵە قـژێک کچێکی
لاوی بێتاوانی کوردیان شەهـید کرد.. بەڵام تەواوی پاشەڵی خوێناوی و
گـواویی خۆیان بەدەرەوەیـە!
ئـەوە ئەستەمـە کە داگـیرکەرانی کوردستان، بتوانـن هـێڵی راست و چەپ
بەسەر زیاتر لە (٥٠) ملیـون کـورد دا بهـێةنن. یا بتـوانن چوکمان
پێـدادەن و هەستی نەتـەوەیی لە رۆحـمان دەربکەن.. ئیمـەی کـورد نە
تـورکین و نە فـارسین و نە عـەرەبین، گەلـێکی جیاوازین، وەکو ئەوان
مافی ژیـان و ئازادی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان هـەیە. ئێمەی کورد
دژی هـیچ گەلێک نین، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت مافەکانی خۆمان بەدەست
بهـێنـین. تا کورد نەگات بە مافە رەواکانی خـۆی، نە تورک و نە فارس و
نە عەرەبیش ناتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی بـژیـن. تا رۆژی زووتـر دان
بە بـوونی گەلی کوردمان و بە مافـەکانمانـدا بنێن. زووتـر ئاشـتی و
ئاسوودەیی لە ناوچـەکەدا بەرقـرار دەبێـت.
لەو رۆژەوە، کە ئاخونـدە کۆنەپەرستەکان، شەمشەمەکوێرەکانی رژێمی کوماری
پەت و سـێدارەی ئیسلامی ئـێران، کە بەزۆر خۆیـان سەپـانـد و دەسەڵاتیان
قـورخکـرد و پەتی سـێدارەیان بۆ ئـازادی و دیمـوکراتی و دادپـەروەری و
بۆ مافـەکانی مرۆڤ هەڵـواسی، نە کورد و نە گـەڵانی ئازادیخـوازی ئیـران
و نە گەلانی ناوچـکـەکەش حەساونـەتـەوە، نە ئاشـتی و ئاسوودەیی و
ئارامیـش لـە رۆژهـەڵاتـی کوردسـتان و لـە ئـێرانـدا هـەیە. رۆژهـەڵاتی
کوردستان و ئێـرانیـان کـردووە بە دۆزەخـێک بـۆ گـەلی کـورد و گـەلانی
ئـێران. رژێـمی کۆماری سـێدارە، بە ئاگر و ئاسن، بە سەرکوتکـردن و
دەمکوتکـردن وەڵامی داخوازییـە رەواکانی گەلی کـورد و گـەلانی
ئیـرانیان داوەنەتـەوە و دەدەنـەوە. ئـەم ئاخـووندانە لە ڤـایـرۆسی
کورۆنـا پیسترن. خۆیان بە خودای سەر زەوی دەزانن.
شەهـیدکردنی کچە کوردی بێتاوان (ژینـا ئەمـینی) تاوانـێکی ترە لە
دەریـایەکی تـاوانە قـێزەوەنەکانی رژێمی تیرۆریستی کۆماری پەت و
سـێدارە بەرانبەر بە گـەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم تاوانە
هـێندەی تر رق و تووڕەیی گەلەکەمانی وروژانـد، چونکە تاوانێکە بەرانبەر
بە هەموو کوردێک، بەرانبەر بە هەموو کچان و ژنانی کورد. شەهـید (ژینـا
ئەمـینی) بـوو بە (سـونـبولی راپـەڕیـن) لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان و لە
سەرجەم ئێراندا. بوو بە مەشخەڵی شۆڕشێکی ژنان لەژێر ناوی (ژن، ژیـان،
ئـازادی). لە ئەمڕۆدا هەموو کچێکی کورد ژینا ئەمینییە. دەمێکە کاسەی
سـتەم و رەگەزپەرستی و نامـەردی لە ئێرانـدا پـڕبـووە و لـێی دەڕژێـت.
کەچی رژێـمی خـوێـنڕێـژی ئێـران، لە جیاتی ئەوەی کە وەڵامی
داخـوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی راپەڕیوی ئیران بداتەوە، کە بە
شــێوەیەکی شارسـتانی و ئاشـتییانە ناڕەزایی خۆیـان بەرانبـەر بە
شەهــیدکردنی ژینا ئەمـینی و نەبـوونی ئازادی و مافەکانی مـرۆڤ دەربـڕی.
کەچی رژێمی دیکتاتۆر و نامەردی ئـێران، بە ئاژاوەچی ناویان دەبات. بە
کوشتن و گرتن وەڵامی داخوازییەکانیان دەداتـەوە. تا ئێستا زیاتر لە
(٢٨٠) کەس لە خۆپێشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران، بە
دەستڕێژی گوللـەی ئەمنییەتی پاسداران شەهیدکران، بە سەدان برینداریش
هـەیە. بە هـەزاران خۆپێشاندەریشیان بەنـد کـردوون، پیسترین ئەشکەنجـە
جەستەیی و دەروونـییان دەدەن. بە تـوومـەتی (ئاژاوەچـی) و (دژی خـودا)
تاوانبـاریان کـردوون.
بەڵام کورد وتەنی: هەمـوو شتێک لە باریکیدا دەبچـڕێـت، تەنها سـتەم لە
ئەستووریـدا دەپسێـت. ئەو رۆژە نـزیکە بۆتەوە، کە رژێمی کوماری پەت و
سێدارە، کـونە مشکـیان لێببێـت بە قەیسەری و تـۆڵەی ئەو هەمـوو خەڵکە
بێتـاوانەیان لێبکـرێتەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیـەنن و
گـۆڕبەگـۆڕیـان بـکەن.
شەهـیدکردنی ژینا ئەمینی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، کاردانەوە و
ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتـەوە، لە زۆر لە شارەکانی وڵاتـانی جـیهـان
لەژێـر دروشـمی (ژن، ژیـان، ئـازادی) خۆپێشانی ناڕەزایی و تووڕەییان
سازکرد و پاڵـپشتـیی خۆیان بۆ گەلی کورد و بۆ گـەلانی راپـەڕیـوی
ئێـران دەربـڕی. بە تـونـدیش پـرۆتـیسـتۆی تـاوانـەکانی رژێـمی
ئـێرانیان کـرد. هـاواریشـیان دەکـرد مـردن بـۆ رژێـمی دیکـتاتـۆرریی
ئێـران.
کەچی ئەمنیەت و پاسدارانی داردەستی رژێـمی سەرکوتکەری ئـێرانی،
هـەڕەشەی بە کارهێنانی هـێزی زیاتر و چەکی قـورستر و تونـدوتیژیی
زیاتریان لە خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێـران کـرد و دەکـەن
بۆ تۆقـانـدن و وازهـێنانیان. بەڵام گەلی کوردمـان بە تایبەتی و
گـەلانی ئێـران بەگشتی. قاڵەوەبـووی تێکۆشان و خـۆڕاگـری و کۆڵنـەدانـن،
لە هـەڕەشەکانی رژێـمی دیکتـاتـۆری کۆمـاری سـێـدارە ناتـرسـن.
پێویستە گەلی کوردمان لە رۆژهـەڵاتی کوردستاندا، ژیـرانە و زیـرەکانە،
مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخـەدا بکات. لەگەڵ گەلانی تری ئـێراندا هاوکار
و هەماهەنگبن، یەکـدەنگ و هـاوپـلانبـن بۆ تەنگهـەڵچـنـین بە رژێـمی
دیکـتاتـۆری و رەگـەزپەرستی ئـێران.
هـەلێکی باش هـاتـۆتە ئـاراوە بۆ لاوازکـردن و راماڵین و رووخانـدنی
رژێمی ئێـرانی و رزگارکردنی گەلی کورد و گەلانی ئـێران و ناوچـەکەش، لە
زۆرداری و لەسـتەمی ئـەم دەعـبا قـێزەوەنـانە. بـۆ هـێـنانەدیی ئـەم
خـواسـت و ئامـانجـەش، پێویستی بە راپـەڕیـن و بە شـۆڕشـێکی
سـەرتـاسەری کـورد لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان لـە ئێـرانـدا هـەیە. بە
تـێکـۆشـان و بە قـوربـانیـدان و خـۆڕاگـری و کـۆڵـنـەدان، هـەمـوو
مـافـێکی زەوتکـراو وەردەگـیرێـت.
هـیچ رژێـمێکی ستەمکار و زۆردار و دیکتاتـۆری، هەرچەنـد بەهـێزیش بێت،
ناتـوانێت لە بەردەم شەپۆلەکانی تسۆنـامی راپەڕیـن و و شۆڕشی تووڕەیی
گەلانی سـتەمـلێکـراو و مـاف زەوتکـراو و نیشـتمان داگـیرکراودا،
بتـوانێت خۆی بگـرێت. زووبێت یا درەنگ بێـت، رژێـمی ئاخـوونـدەکانی
ئیرانیـش بە رۆژی رەشـیان دەگەیـەنـن و هـەواڵـەی سـەر زبـڵخـانی
مێـژوویـان دەکـەن.
٣١\١٠\٢٠٢٢
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|