٤\٦\٢٠٢٠
ژنان ھەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و
قەیرانەکانن.

زاھیر باھیر
کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای
ساڵی ١٩٣٢ وە بەخۆیەوە نەبینوە ھەر وەکو ھەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر
لە سەری کرێکاران و ھەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە.
ھەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە
ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.
ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە ھەمووان
ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەھێنن نەک لەیەک لاوە بەڵکو
لە زۆر لایەنەوە.
لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدالە بریتانیا لە ٢٩/٠٥/١٩٧٠
بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی
ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا ھەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش ٥٠
ساڵ ھێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا
١٥ ھەر ماوە.
لە قەیرانە داراییەکەی ٢٠٠٨ دا کە ھەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە
بریتانیا ھەر بەردەوامبوو، لە سەدا ٨٦ ی کارایی بڕینی بیمەکان و
دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.
ھاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە ٥٠ ساڵی
رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر ھەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری
لە دەستبچێت.
ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و سوپەرمارکێت و چێشتخانەکان و
ھۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و ھێڵەکانی فڕین و
خزمەتگوزارییدا لە سەدا ٦٧ کۆی کرێکاران پێکدەھێنن، لە کاتێکدا کە
کۆرۆناش ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە لەوە ناکات ھەتا بەھاری ساڵی ئایندە،
٢٠٢١ ، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا ھەر ژنانن کە
باجی گەورە دەدەن.
ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی
دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوک] کاری سەرەکی
دەکەن. ھەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوک،ڕیژەی
کارکردنی ژنان لە سەدا ٩٧ . بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش
ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود
ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبھێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە
ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.
کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر
ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە
پیاوانی ھاوەڵکاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون
بە دایک یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان ھەیە ، دووگیان
دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەھێنرێت،
ھەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرھەمھێنانی کەم . لەم ساتە
وەختەشدا باشترین بیانوو ھەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن ،
یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە ٥٤٠٠٠
ئافرەت ھەر بەو ھۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی ھەفتەی لە ٢
بۆ ٣ ئافرەت لە لایەن ھاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە
یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە،
دەکوژرێن .
لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارھێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ھەموو
وەختێک زیاتری کردوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی ٠٩/٠٤ لەو
کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە ھێڵی
ھاوکاریی و کۆمەکپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان
بەکارھێنراوە،بە ڕێژەی لە سەدا ٢٦.٨٨ لەچاو پێشترا زیادیکردووە.
ھەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا ھاتووە لە سەدا ٤٧ ژنان
کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا ١٤ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە
موچەی لە سەدا ٨٠ ی سەر کاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر
کارەکانیان کەمە.
لە سەدا ٦٩ ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنھا یەک
لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی
دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و
سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی
سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن ، ئا لەم
بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی
زۆری ئەوانیش کاریان نییە.
ئەمانە ھەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی ھاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی
ھەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی ٥٠ ساڵ
لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.
٣٠\٥\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|