| 
			 
			٨\٣\٢٠١١ 
			
			ژنی کورد لە 
			تەرازوی ههشتی مارسدا!  
			
			
			  
			مەهدی خالید خەمبار 
			
			 
			پێشەکی بە پیرۆزباییەکی گەرم بۆ تەواوی خانمانی کوردستان و جیهان دەست 
			پێدەکەم و هیوادارم ٨ مارسی ٢٠١١ ببێتە مایەی وەرچەرخانێکی مێژویی لە 
			ژیانی ژنانی دونیا و ژنانی کوردستان بە تایبەتی. 
			
			 
			ئەگەر چی ٨ مارس ( ڕۆژی جیهانی ژنان ) هەر لە خۆڕا مێژوو نەیخستۆتە 
			لاپەڕە زێڕینەکانیەوە و هیچ ووڵات و حوکمڕانێکیش بە دیاری پێشکەشی 
			ژنانی نەکردوە بەکو ژنان بە ڕەنج و خەباتی خۆیان توانیان لەو ڕۆژگارەدا 
			کە ژن لە هەموو دونیادا حیسابێکی تری بۆ دەکرا ! لەو ڕۆژاەدا ژنان 
			توانیان ڕیزەکانی خۆیان ڕێک بخەن و سفت و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ دەستیان 
			دایە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ژنانەی گەورە لە دژی هەموو ئەو زوڵم و 
			ستەم و پەراوێز خستن و چەوسانەوە و جیاوازیە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و 
			سیاسی و ئابوری و پەروەردەییەی کە بەردەوام لە دژیان دەکرا ، ئەم 
			خۆپیشاندانە هەزاراییەی ژنانی کارگەی ڕستن و چنینەی کە لە ساڵی ١٨٥٧ لە 
			شاری نیویۆرک ئەنجامیان دا کە مەبەستی سەرەکیان کوتایی پێهێنانی ئەو 
			ڕەفتارە دژە مرۆییانە بوو کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرا ، هێزەکانی 
			پۆلیس بە پەنابردن بۆ بە کارهێنانی توند و تیژی تا بتوانن بڵاوە بە 
			خوپیشاندەرانی ژن بکەن ، بەڵام سەرەنجام هەوڵەکانی هێزە نەیارەکانیان 
			سەریان نەگرت و نەیانتوانی ڕاپەڕیوان و خۆپیشاندەرانی ناچار بە بڵاوە 
			کردن بکەن نەهێڵن پەیامەکەیان بگەێینە دەسەڵاتداران و هەر ئەمەش بو بە 
			فاکترێکی بە هێز تا ژنان بتوانن دوای تێپەڕبونی دوو ساڵ یەکەمین 
			سەندیکای ژنان لە ئەمریکا دابمەزرێنن و بەم هەنگاوەش باری ژیانی ژنان 
			چوە قۆناخێکی ترەوە و لەوێوە شەقاوی یەکەم بەرەو بەدیهێنانی مافەکانی 
			ژنان لە جیهان بە گشتی و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە تایبەتی 
			هاویشترا و سیستەمی باوک سالاری ناچار بە کاڵکردنەوەی سنوری خۆی و 
			دەسەڵاتە ڕەهاکانی لە بەامبەر ڕەگەزی مێ کرد و ناچار کرا جارو بار 
			گوێیان لێبگرێت و بەشێک لەداواکانیان بۆ جێ بەجێ بکات . 
			
			 
			لە لای خۆشیانەوە خانمان زیاتر سور بون لە سەر خەبات و هەوڵدانی بێ 
			وچان بە ئاراستەی زیاتر چالاککردنی ڕۆڵی ژنان و برەودان بە پەل و پۆ 
			هاویشتن و خۆگەیاندنیان بە تەواوی ئەو جومگانەی کە پیاوان ڕێگەیان 
			پێدابون و فراوانکردنی مەوداکانی کارکردنیان و کەمکردنەوەی 
			جیاوازیەکانیان لە دیدی پیاواندا ، ئەمجارە و لە وڵاتێکی تر و 
			هەنگاوێکی بوێرانەی تر توانرا لە ساڵی ١٩٤٥ یەکەمین کۆنگرەی ( ژنانی 
			جیهان ) لە شاری پاریس ببەسترێ . ئەمە زیاتر پاڵی بە ژنانەوە نا تا پشت 
			بە خۆیان و کەسانی دڵسۆزیان ببەستن و لە هاوشانی ڕەگەزی نێردا بەشداری 
			تەواوی بوارەکان ببن و لە قۆناخێکی نوێ خەباتیاندا پرسی خۆ بە یەکسان 
			زانین هێنرایە ئاراوە و تا ئەمڕۆش ئەم شێوە خەباتەی خانمان درێژەی هەیە 
			و هەنگاوی باشیشی هاویشتوە و ڕێگایەکی سەخت و دژواریشی لەم پێناوەدا 
			بڕیوە و دەیان و سەدان قوربانیشی بەخشیوەتە ئەم ڕێگا پیرۆزەی خەبات .
			 
			
			 
			نابێت ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە سێبەرە شیوعییهکان لە پشتیوانی ژنان لە 
			دونیای دوێنێدا نادیدە بگیرێت کە ئەو کۆمەک و هاندانانە بوبونە 
			داینەموی جوڵانەوەی ژنان . لەو کاتەوە ئیترهەموو ساڵێک ژنان ، دایکان ، 
			کچانی جیهان بە گێڕانی ئاهەنگ و دەربڕینی خۆشی یادی ئەم ڕۆژە گرینگە 
			دەکەنەوە و وەک ئەوەی بیستومانە لە وڵاتانی ڕوسیا ، چین و کوبا ژنان 
			لەو ڕۆژەدا پشوی ڕەسمی وەردەگرن و ناچنە شوێنی کارەکانیان !  
			
			 
			من لێرەدا بە تایبەت لەم سەدەیەدا کە سەدەی ٢١ ه داوا لە حکومەتی هەرێم 
			دەدکەم هەمان هەنگاو بهاوێت و وەک ڕێزلێنانێک لە خەبات و ماندوبون و 
			قوربانیدانی ژنانی کورد هەموو ساڵێک ٨ مارس بکرێتە پشوی ڕەسمی بۆیان لە 
			تەواوی شوێنی کارەکانیان ، یان ئەوەتا شوێنی کارەکان ناچار بکرێن کە 
			لەو ڕۆژەدا دەبێت بڕێک پارەی زیادە کە لە موچەی ڕۆژێکی کەمتر نەبێت وەک 
			دیاری پێشکەش بە تەواوی خانمان لە سەرجەم دام و دەزگاکان بکرێت . 
			
			 
			چۆن جیاوازیەکانی ژنان و پیاوان بە لای بەشی هەرە زۆرمانەوە بە زەقی 
			دیارن ، ئاواش جیاوازی ژیان و گوزەرانی ژنانی کورد و ژنانی تر بە زەقی 
			دیارە و مرۆڤ ناتوانێ بە سانایی درکیان پێ نەکات و بیانشارێتەوە .
			 
			
			 
			ئەگەر لە نێو خانمانی کوردا بەراوردێک بکەین ، دور نیە خانمانی شارێک 
			لە شارێکیتر لە ڕوی دابینکردنی ئازادیەکان و کرانەوەی بوارەکانی 
			کارکردن لە بەردەمیان جیاوازی هەبێت ، لە نێو ژنانێک کە موسڵمانن بە 
			بەراورد بە خانمانێک کە ئاین و ئاینزایەکی تری جیاوازی هەبێت ، لە نێو 
			خودی خانمانی موسوڵمانیشدا جارێکی تر جیاوازیەکی گەورە لە نێوان 
			خێزانێکی موسوڵمانێکی سادە و موسوڵمانێک کە پەیوەستە بە حیزبێکی 
			ئیسلامی سیاسیەوە و زۆر جاریش ئیسلام ئەو منەتە بە سەر خانمانەوە دەکات 
			کە گوایە بۆیە پێویستە خانمان تەنها بۆ جێ بە چێکردنی کارەکانی ماڵەوە 
			و خزمەتکردن تەرخان کراون ، تا کارە قورسەکان بەوان نەکەن ! ئەگەرچی 
			ئەمە لە ڕاستیدا وانیە و خۆڵکردنە چاوی ڕاستیەکانە کە لە دەمی هەندێ لە 
			مەلاو وتارخوێنانی موسوڵمانەوە دەیبیستین .  
			
			 
			ئێمە لێرەدا بەروردکردنەکەمان کەمێک فراوانتر دەکەینەوە تا بتوانین باس 
			لەو جیاوازیانە بکەین کە لە نێوان خانمانی شار و خانمانی لادێکان ( بە 
			تایبەتیش ژنانی لادێکان بەر لە ڕاگواستن و ئەنفال و سوتماککردن ) دا 
			هەیە ، دڵنیام لەوەی تا ئێستاش بەشێکی زۆری ژنانی کورد ٨ مارس بە هۆی 
			بێ ئاگاییانەوە لێی بێ ئاگان و هەر هەمان تام و بۆی ڕۆژێکی ئاسایی هەیە 
			بۆیان . 
			
			 
			لە لادێکان ژیانی خانمان تەنانەت لە ژیانی پیاوانیش قورستر و سەختر تر 
			بوو ! خانمان ئەگەر چی وەک کاری بنەڕەتیان ، ئەنجامدانی تەواوی 
			کارەکانی ماڵی لە سەر شان بوو ، ناتوانم و نازانم و ماندوم بۆم ناکرێت 
			لە فەرهەنگی ژیانیاندا هەرگیز جێگای نەدەبۆوە ! سەرباری ڕاپەڕاندنی 
			تەواوی کارە بچوک و گەورەکانی ماڵەوە ، کە پیاو هەرگیز توخنیان 
			نەدەکەوت و ئەگەر تاک تاکەیەک لە پیاوان بیانویستایە ، بە بچوکترین بەش 
			یارمەتیەکی هاوسەرەکەی بدابایە ئەوا مۆرێکی ( ئۆمەر ) یان لێ دەداو و 
			بە ئۆمەر بانگ دەکرا و ( لە لیستی پیاوانیان دەردەهێنا ) .  
			
			 
			خانمانیش وەک وتمان کۆیلە ئاسا بەرخوردیان لە تەکدا دەکرد وە بە 
			تایبەتیش کچانی کورد ! چونکە کاری پیاوان تا ئاستێک سنوردار بوو ، 
			تەنها خۆی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی دەرەوەدا دەبینیەوە ، بەڵام خانمان 
			سەرباری ئەو بارە قورسەی ڕۆژانەی ، ئەوا لە تەواوی کارەکانی درونە و 
			مەڵۆ هەڵگرتن و شەغرە کێشان و لە کاتی چاکردنی زەوی کشتوکاڵیش تا کاتی 
			بەرهەم پەیداکردنی و چنین و ڕنین و ئاودان ، ئەوا لەوەشدا پشکی شێریان 
			بەردەکەوت ، لە کاتی خانودروستکردندا ، لە کاتی سەرسواق کردنی ساڵانەی 
			خانوەکانی لادێکاندا دیسان خانمان بە هێزترین توانای ئەو بوارانەش بوون 
			. ئاخر پێم ناڵێن ٨ مارس بە لای ئەو خانمە ماندو شەتەکانەوە دەبێت چ 
			واتایەک بدات ؟ دەبێت چ ٨ مارسێک بتوانێت ئازادی بۆ ئەو خانمانە 
			فەراهەم بکات و دڕ بە شەوەزەنگی ئازار و مەینەتیەکانیان بدات ؟  
			
			 
			لە لایەکی تریشەوە ، خانمانی کورد بە داخەوە تا ئەمڕۆکەش دوچاری چەندین 
			شێوازی توندوتیژی و سەرکوتکردن و ژێر پێخستنی مافە سەرەتاییەکانی ژیان 
			دەبنەوە لە لایەن ئێمەی باوک و مام و برا و برازا و مێرد و ئاموزا و 
			خاڵۆزا و خزمی کەروخۆڵەمێسیشەوە ( بە واتا خزمی زۆر دور ) و خۆ هەندێ 
			کات بۆ نەگبەتی چەوسانەوەی خانمێک لە لایەن خانمێکی ترەوە زۆر بە توندی 
			ئەنجام دەدرێت نمونەشمان بۆ ئەوە ( بوک و خەسو ) کە هەردوکیان 
			هاوڕەگەزن و کەچی وەک دوژمن بۆ یەکتر دەڕوانن ! ئەمانە هەمویان وا 
			دەکەن تەنانەت لە سادەترین مافەکانی ژیان بی بەری بکرێن ! دیارە ئەم 
			هەموو دژایەتکردنەش ناتوانێت پشت بە بنەمایەک نەبێستێت و کوێرانە 
			ئەنجام بدرێن ؟ دیارە هەموو لەوە بێ ئاگا نین کە هەم هۆکاری ئاین و هەم 
			کەلتوری لەم هاوکێشە نابەرامبەریەدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن ! بۆ نمونە 
			گوناهی کوڕێک و کچێک چیە کە خۆشەویستیەکی خوایی بێ گەرد پێکیانەوە 
			دەبەستێت و بەڵام هەر یەکەیان لە یانزایەکی جیاوازن ؟ کوڕێکی کاکەیی و 
			کچێکی موسوڵمان کە هۆکاری ئاینی دەبێتە ڕێگر لە بەردەم هاوسەرگیریان ! 
			خۆ ئەگەریش هات و سوربون لە سەر بڕیاڕی خۆیان ! ئەوا بە لانی کەمەوە 
			کچە دوچاری سزای توند دەبێتەوە کە خۆی لە کوشتنیدا دەبینێتەوە ؟ یان 
			کوڕێکی شیعە و کچێکی سونە ؟ یان چۆن دەبێت کچی پیاوێکی دەوڵەمەند شو بە 
			کوڕی پیاوێکی هەژار بکات ؟  
			
			 
			لە کۆی ئەمانە دەردەکەوێ هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە زۆری ماوە تا ژنانی ئێمەش 
			( زۆرینەی ) وەک ژنانی جیهان لە ٨ مارسدا هەست بە بونی خۆی بکات . 
			جارێکی تریش داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەمەوە کە ئەو 
			پێشنیارەی کە کردومە بیخاتە بواری دیراسەکردن و جێ بە جێ کردنەوە .
			 
			
			  
			
			 
			
			
			m.zerdeshti@gmail.com  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |