٢٤\٥\٢٠٢٥
ژنانی زرنگ و
تێکۆشەر باجی قورس دەدەن!

رۆشن بەلقیس
ژن بەرلەوەی ژن بێ مرۆڤە.. مرۆڤیش بە واتایە پڕەکەی هەمیشە چاکەکار و
ئازادییخوازە.. واتە هەرگیز بەرگریی لەو شتگەلە ناڕەوایانە ناکا کە
ژینگە رامیاریی و کۆمەڵایەتییەکەی بن هەژموونی دەسەڵات و چەوسانەوە
دەیخوازن، بەڵام بەداخەوە (هەرچەندە لە زۆر وڵاتان بانگەشەی ئەوە دەکرێ
سەردەمی نێرسالاریی بەسەرچووە) هێشتا مرۆڤی لەو تەرزە زۆر کەمن بە
تایبەتییش لە نێو پیاوان.. خۆ لە نێو ژنانیش دۆخەکە خراپترە بەڵام
ناکرێ و نابەجێیە سووچبار بکرێن چونکە تا ئێستا ئەوان -
یەکسانییخوازەکانیان لێدەرچی - بە شێوەیەکی گشتیی پاشکۆی پیاوەتین و
خاوەنی خۆیان نین.
کەسی ئازادییخواز چ نێر چ مێ کە دووچاری ململانێیەکی رەگەزیی دەبێتەوە
جا بەسەر خۆیدا هاتبێ یان کەسانی دیکە.. خۆی دەخاتە پێگەی هەردوو
رەگەزەکە و بە قووڵیی دەچێتە نێو بابەتەکە تا بۆی دەربکەوی کامیان
سووچبارە.. ئیدی ماف بەوەیان دەدا کە مافی خوراوە، بەڵام لە نێو کۆمەڵی
نایەکسانی رەگەزیی کێشەکە لەوێدایە کاتێک لە بارودۆخ و مژارەکی
ناوازەدا مێینەیەکی ئازادییخواز بەرگریی لە رەگەزی نێر دەکا.. فەرهەنگی
باو لێی قوتدەبێتەوە و زۆر بە توندیی رووبەڕووی رەخنەگەلەکی بێزارکەر و
بێسەروبەری دەکا؛ دەڵێن تۆ ژنی و دەبێ پشتگیریی و هاوپشتیی رەگەزی خۆت
بکەی.. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری نێرینەی کۆمەڵ بە چاوێکی نزم و
نابەجێ سەیری رەگەزی مێ دەکەن و هەر دەیڵێن و دەیڵێنەوە: ''ژنان هەمیشە
وان، لای ژنان هەمیشە جەژنە، هەموویان یەک توخم تۆرمەن و شەستی مانگێیە
لە لایان، دەعبایەکی سەیرن و هەمیشە لەسەر فاکوفیکی خۆیانن، مێشک پووچ
و چەقبەستوون..'' ئەوانەو چەندین فشەی لابەلای دیکە، کەچی بە هیچ جۆر و
شێوەیەک ئەو قوربانی و باجەی ژنانی تێکۆشەر نابینن کە لە ژێر هەڕەشەی
دین و دابونەریتی کۆنەپارێزیی کۆمەڵی داخراودا داویانە!
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە دەبینن مێینەیەکی چاونەترس و خۆشبەخت و
ئازاد و سەرکەوتوو هەیە و لەسەر پێیانی خۆی راوەستاوە.. بێ هیچ
وردبوونەوەیەک دەڵێن: ''ئەوە باشیی پیاوەکەیە ئەگینا ژنی بەستەزمان چیە..
کەنگێ ژن ئەو توانست و بڕەستەی هەیە!
ئەوەی گرنگە لێی بدوێم ئەوەیە؛ ئەگەر ژنێک هەمیشە لە خۆپەروەردەکردن و
تێکشکاندنی پێوەرەکان و لەنێوبردنی ترسەکان و بەربەستەکان لە کۆششدا بێ..
ئایا ئەوە هەر دەبێ بەرئەنجامی رۆشنبیریی بەرزی پیاوەکە بێ یان دەکرێ
ژنەکە پشتی بە هێز و توانای خودی خۆی بەستبێ؟ ئەگەر بابەتەکە هەر
پەیوەست بێ بە رۆشنبیریی پیاوەکە ئەوە من ئەوهای دەبینم ئەوە پیاوە
دەستی بەسەر پێشکەوتن و زانست و زانیاریی و دەروون و گیانی ژندا گرتوە..
واتە کۆشش و ماندووبوونەکانی ژن بەو شێوەیە جێی خۆیان ناگرن و ئەگەر
سەرکەوتنێکیش وەدەستبهێنێ سەرکەوتنێکی رووکەش یان ساختە دەبێ.
لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ مێشک پووچیی و دەعبابوونی ژن ئەنجامی خراپیی و
کەللەپووچیی پیاوە.. چونکە ئەوە پیاوە دەتوانێ هەم رێی رۆشن پیشانی
ژنەکە بدا هەم کۆتوبەندی بکا، خۆ ژنگەلێکی زۆر هەن توانا و هێزی
شاراوەی جۆراجۆریان هەیە کەچی بەو شێوەیە بەرزەفت دەکرێن و تەنیا بەو
ئەندازەیە دەرفەتیان پێدەدرێ کە سیستەمی رێکخستن و بەڕێوەبردنی نێرانەی
کۆمەڵ کاری پێیانە و بەکاریاندەهێنێ!
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم ئەو ژنانەی لە ژنانی دی باشتر دەژین
چاونەترسیی و متمانەبەخۆبوون و ئەزموونی پتریان هەیە لەگەڵ رێژەیەکی
کەم لە کاریگەریی رەگەزی بەرانبەر، لە کۆمەڵی نێرسالارییدا پیاوان
هەمیشە دەخوازن ژنان لە کونوقوژبنی ماڵ ئابڵووقە بدرێن و هیچ ڕۆشناییەک
و پێشڤەچوونەکی کۆمەڵ کار لەوان نەکا و تەنیا خەریکی بەڕێوبردنی
کاروباری ماڵ و منداڵ بەخێوکردن بن.. ئاخر ئاشنابوونی ژن بە ژیانی
دەرەوەی ماڵ بە هەموو شێوەیەک زیان بە بەرژەوەندییە تەسکەکانی
نێرایەتیی پیاو دەگەیەنێ، كەواتە كاتێك پیاوان - بە شێوەیەكی گشتیی و
دوور لەو رێژە كەمەی كە بە راشكاویی و بە كردەیی یەكسانییخوازن - لە
بارودۆخەكی لەو جۆرەدا بن ناكرێ و ناشێ كاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ئەو
ژنانە هەبێ كە لەسەر پێی خۆیان راوەستاون و بە جۆرەک لە جۆرەکان چاكتر
و خۆشتر دەژین.. بەڵكە ئەوە پێڤاژۆی کار و کردەوە و هەڵسوکەوتی
کەسایەتیی ژنان خۆیان و پێویستیی سەردەمەكەیە ئەوە دەخوازێ.. جا ئەگەر
پیاوانێك هەبن ئەوهای ببینن كە ژنان یەك توخم و تۆرمەن و هەموویان مێشک
پووچن! بەڵی دەکرێ ژنانی لەو جۆرە هەبن بەڵام بە هەمان شێوەش پیاوانی
مێشک پووچ و توخم و تۆرمە خراپ و دەعبائاسا و سەیروسەمەرەش گەلەک زۆرن.
مایسی ٢٠٢٥
ماڵپهڕی
رۆشن بەلقیس
|