په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٠

ژنان و به‌هه‌شته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح !

 

 

ته‌ماشاکه‌ن  له‌ به‌هه‌شته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح چ باسه‌ ده‌رباره‌ی ژنان؛ له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ یه‌ک مانگ (٢٥) ژن له‌ روودای جۆر به‌جۆری وه‌ک لێدان و سوتاندن و دانه‌ به‌ر رێژنه‌ی گولله‌ ده‌بنه‌ قوربانیی هزر و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆنه‌په‌رستانه‌ی دین و دابونه‌ریتی دواکه‌وتووانه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتداران و یاسا و رێسایه‌ بێزه‌وه‌ره‌کانی (فره‌ژنیی) و (باری که‌سیی) و (باوکسالاریی و نێرسالاریی)ی کوردستان و عێراق پشتگیرییان لێده‌که‌ن.

 

ئیدی ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ژنانی یه‌کسانیخواز و ئازادیخواز چیدی باوه‌ڕ به‌ گوفتاره‌ پووچه‌ڵه‌کانی وه‌ک ( ژنان نیوه‌ی کۆمه‌ڵن ، به‌هه‌شت له‌ژێر پێی دایکان دایه‌، ژنان به‌ رێژه‌ی ٣٠٪ له‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رن، ژنان له‌ نه‌خشه‌ی رامیاریی به‌شدارن، و ... چه‌ندین گوفتاریتری بێ ره‌فتار) نه‌که‌ن که‌ ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نیا وه‌ک رووکه‌ش بۆ رابواردن به‌ ژنان و جوان نیشاندانی حوکمه‌که‌یان به‌کاریانده‌هێنن.

 


* ڕۆژی 26/4/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی نیشتمانی شاری هه‌ولێر، كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ به‌ناوی (د. أ. أ. ) له‌ ماڵی خۆیاندا خۆیسوتاندووه‌. به‌ پێی ڕاپورتی پزیشكیی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێربه‌ هوَی زوَریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ توانای قسه‌كردنی نه‌ماوه‌ و ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌. وه‌ تائیستایش هوَكاری ڕووداوه‌كه‌ ئاشكرا نه‌بووه‌.
* ڕۆژی 27\4\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی چۆمانی ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌، كچێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ به‌ ناوی‌ ( ر. گ . م. ) له‌ماڵی خۆیاندا سووتاوه‌، به‌هۆی زۆریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڕانیه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سلێمانی. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ڕووداوه‌كه‌ ووتی ناوبراو به‌ هۆی گڕگڕتنی ته‌باخی غازه‌وه‌ سووتاوه‌ و بۆیه‌ داوای له‌سه‌ر كه‌س تۆمارنه‌كردووه‌.
* ڕۆژی 29/4/2010 له‌گه‌ره‌كی نه‌ورۆزی شاری هه‌ولێر، كچه‌ خوێندكارێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ به‌ناوی (ش. ع. ع. ) له‌ ماڵی خۆیاندا سووتاوه‌. دواتر براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر و به‌هۆی زوَریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ باری ته‌ندروستیی ناجێگیره‌. به‌ پێی وته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی هوَكاری ڕووداوه‌كه‌ گڕگڕتنی ته‌باخ بووه‌ !.
* ڕۆژی 30\4\2010 له‌ گوندی قه‌رنی ئاغای سه‌ر به‌ ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌، ژنێكی ته‌مه‌ن 57 ساڵ به‌ناوی ( ف. پ. م. ) له‌لایه‌ن برایه‌كیه‌وه‌ به‌ناوی ( ع. پ. م. ) به‌ مست و شه‌ق و دار لێیدراوه‌. پاشان ناوبراو داوای یاسایی له‌سه‌ر براكه‌ی تۆماركردووه‌ و له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌ر و به‌ پێی ماده‌ی 413 له‌ یاسای سزادانی عێراقی له‌ لایه‌ن پوَلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.
* ڕۆژی 30\4\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ئاشتیی ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌، ژنێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ناوی‌ ( ع. ع. ق. ) له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ناوی ( ح. م. ق. ) ه‌ لێیدراوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ برینداربووه‌. پاشان بۆچاره‌سه‌ركردن براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی ڕانیه‌.دوای تۆماركردنی داوای یاسایی له‌لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌ و به‌ پێی ماده‌ی 413 بڕگه‌ی 1 له‌یاسای سزادانی عێراقی، دادوه‌ر بڕیاری ده‌ستگیركردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌دات به‌مه‌به‌ستی لێكۆلینه‌وه‌. به‌لاَم تائێستا هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌.
* ڕۆژی 1/5/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقانی شاری هه‌ولێر، ژنێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵ به‌ناوی ( س. ق. ع. ) كه‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ به‌سه‌ردان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نزیكی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و به‌ سه‌ختی برینداربوو. پاشان براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمیرجنسیی شاری هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنی. ناوبراو له‌كاتی لێكولینه‌وه‌ی‌ پوَلیسدا وتوویه‌تی كه‌ كه‌سوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی داوایان له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه‌ كه‌ ته‌لاَقی بدات، به‌لاَم هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ داواكاریه‌كه‌یان ڕازی نه‌بووه‌ بۆیه‌ چونه‌ته‌ سه‌ری و له‌ ماڵه‌كه‌یدا داویانه‌ته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌.
* ڕۆژی 1\5\2010 له‌ ئوردوگای داره‌تووی سه‌ر به‌هه‌ولێر، ژنێكی ته‌مه‌ن 35 ساڵ به‌ناوی ( س. أ. أ. ) له‌ماڵی خۆیاندا خۆیسووتاندووه‌. و هه‌ر هه‌مان ڕۆژ به‌هۆی سه‌ختیی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.تا ئێستا هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ ئاشكرانه‌بووه‌ و ئه‌وه‌یش نه‌زانراوه‌ كه‌ هیچ كه‌سیك له‌ په‌یوه‌ند به‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌ستگیر كرابێت.به‌لاَم پۆلیس دۆسێی بۆ ڕووداوه‌كه‌ كردۆته‌وه‌.
* ڕۆژی 1\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادیی ڕانیه‌, ژنێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ به‌ ناوی ( ش. ح. أ. ب. ) له‌ حه‌مامی ماڵی باوكیدا به‌ هۆی گڕگرتنی په‌ره‌مێزه‌وه‌ سووتاوه‌. به‌هۆی زۆریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی ڕانیه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی هه‌ولێر. وه‌ به‌هۆی سه‌ختیی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ دوای 5 ڕۆژ گیانی له‌ده‌ستدا.
* ڕۆژی 3\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادیی ڕانیه‌ ژنێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵ به‌ناوی ( ش. ر. ق. ) به‌ هۆی گڕگرتنی په‌ره‌مێزه‌وه‌ ئاگری تێبه‌ربووه‌ و سووتاوه‌. پاشان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی ڕانیه‌ چاره‌سه‌ری پێویستی بۆكراوه‌.
* ڕۆژی 4/5/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌ندازیارانی شاری هه‌ولێر, كچێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵ به‌ناوی ( ژ. س. ) كه‌ وه‌رزشوانه‌و خوێندكاریشه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێر له‌ ماڵی خۆیاندا سووتاوه‌. پاشان براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر. سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌ برایه‌كی وتوویه‌تی كه‌ نازانن چوَن سووتاوه‌ و هوَی سووتانه‌كه‌ی چیه‌؟ به‌لاَم وا گومانده‌كریت كه‌ خۆیسووتاندبێت.
* ڕۆژی 4\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌رینی ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌, ژنیِكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ به‌ناوی ( ت. ح. ق.ح. ) نه‌وتی به‌خۆیداكردووه‌ و خۆیسووتاندووه‌.به‌ هۆی زۆریی ریژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڕانیه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سڵیمانی.سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ڕووداوه‌كه‌ ووتی كه‌ پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ به‌لاَم تائیستا له‌په‌یوه‌ند به‌و ڕووداوه‌وه‌ كه‌س ده‌ستگیر نه‌كراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.
* ڕۆژی 4\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی قه‌لاَدزه‌, ژنێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌ ناوی ( چ. ع. و. ) له‌ ماڵی خۆیاندا سووتا. به‌هۆی زۆریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی قه‌لاَدزه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سلێمانی و له‌ژێر چاودێری پزیشكیدایه‌. ناوبراو داوای له‌سه‌ر كه‌س تۆمارنه‌كردووه‌ و ووتویه‌تی به‌هۆی گرگرتنی ته‌باخی غازه‌وه‌ سووتاوه‌.
* ڕۆژی 6\5\2010 له‌ خه‌لیفانی سه‌ر به‌ قه‌زای سۆران, ژنێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵ به‌ناوی ( گ . ق. ن. ) له‌ ماڵی خۆیاندا له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ناوی (ز. ز. ش. ) كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی چوارقوڕنه‌, به‌ شه‌ق و مست و دار لێیدراوه‌.پاشان (گ) داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆماركردووه‌ دادوه‌ریش به‌پێی ماده‌ی 413 له‌ یاسای سزادانی عێراقی فه‌رمانی بانگێشتكردنی ( ز ) ی داوه‌ به‌مه‌به‌ستی لێكۆلینه‌وه‌.هۆكاری ڕووداوه‌كه‌یش كێشه‌ی خێزانی بووه‌.
* ڕۆژی 8/5/2010 له‌ كوَمه‌لگای شاوێسی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر, ژنێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ له‌ ماڵی خۆیاندا سووتاوه‌. دواتر براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر. به‌ پێی ووته‌ی‌ كه‌سوكاری به‌هۆی گڕگرتنی‌ په‌ره‌مێزه‌وه‌ سووتاوه‌. پولێس له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستی به‌لێكۆلینه‌وه‌ كردووه‌.
* ڕۆژی 8\5\2010 ژنێكی ته‌مه‌ن 36 ساڵ به‌ناوی ( گ. أ. د. ) له‌گه‌ڵ پیاویك به‌ناوی ( ح. خ. ع. ) له‌لایه‌ن دووكه‌س به‌ناوه‌كانی ( س. ح. ع. ) و ( ح. ح. ع. ) لێیاندراوه‌ و برینداربوون. دادوه‌ریش به‌ پیی ماده‌ی 413 له‌یاسای سزادانی عیراقی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ده‌ركردوون و له‌لایه‌ن پۆلیسی سه‌روچاوه‌وه‌ ده‌ستگیركراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و دوای 3 ڕۆژ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون.هۆكاری ڕووداوه‌كه‌یش بوونی كێشه‌ی خێزانی بووه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا.
* ڕۆژی 9\5\2010 له‌ گه‌ره‌كی ئۆردوگای ناحیه‌ی چوارقورنه‌, ژنێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ به‌ناوی ( پ.ح. أ. ). له‌ماڵی خۆیاندا خۆیسووتاندووه‌.به‌ هۆی زۆریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ 85% بووه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی سلێمانی.هۆكاری ڕووداوه‌كه‌یش بوونی كێشه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا. دوای ئه‌وه‌ی‌ ناوبراو داوای یاسایی له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆماركردووه‌, به‌ بریاری دادوه‌ر بۆ لێكۆلینه‌وه‌ بانگهیشت كراوه‌.
* ڕۆژی 10/5/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی حاجیاوای شاری سلێمانی, كچه‌ خوێندكاریكی ته‌مه‌ن 13 ساڵ له‌ ماڵی خۆیاندا به‌ په‌ت خۆی خنكاند. تا ئێستا هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ و پۆلیسیش دۆسی لێكۆلینه‌وه‌ی‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كردۆته‌وه‌.
* ڕۆژی 11/5/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی شاری هه‌ولێر , كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ به‌ناوی ( ب. ع. ح. ) كه‌ خوێندكاری پۆلی دووهه‌می بنه‌ڕه‌تییه‌, له‌ماڵی خۆیاندا ئاگری له‌ خۆی به‌ردا و خۆی سووتاند. پاشان براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر به‌لام به‌هۆی زۆریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. تائێستا هوَكاری ئه‌م ڕووداوه‌ دیارنیه‌ و پوَلیس ده‌ستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌.
* ڕۆژی 11/5/2010 له‌ شارۆچكه‌ی سێگردانی سه‌ر به‌ قه‌زای كۆیه‌, كچێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌ ناوی ( ر. ع. أ. ) به‌مه‌به‌ستی خۆكوشتن به‌ چه‌كی كلاشینكۆف چه‌ند فیشه‌كیكی له‌ خۆی داوه‌و له‌ ئاكامدا به‌ سه‌ختی برینداربووه‌. دواتر براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر. به‌ پێی قسه‌ی كه‌سوكاری كچه‌كه‌ هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌, به‌لاَم نه‌یانووتوه‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ چیه‌؟. پوَلیسیش بوَ زانینی ڕاستیی ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ لێكۆلینه‌وه‌ كردووه‌.
* ڕۆژی 12/5/2010 له‌ گه‌ڕه‌كی بێركۆتی شاری هه‌ولیر , كچێكی ته‌مه‌ن 13 به‌ناوی ( د. ع. )كه‌ خوێندكاری قۆناغی بنه‌ڕه‌تیه‌, له‌ ماڵی خۆیاندا خۆی سووتاند. پاشان براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولیر . به‌ پێی ڕاپۆرتی پزیشكیی نه‌خۆشخانه‌كه‌, ناوبراو باری ته‌ندروستیی ناجێگیره‌ و به‌هۆی زۆریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌.
* ڕۆژی 16\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی‌ شاری هه‌ولێر, كچێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵ به‌ناوی ( م. و. ح. ) له‌ماڵی خۆیانا سووتاوه‌. پاشان بۆ چاره‌سه‌ركردن براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیمیرجنسیی هه‌ولێر, به‌لاَم به‌هۆی زۆریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. پوَلیس ده‌ستی به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ و كه‌سوكاریشی ده‌ڵێن نازانن كه‌ كچه‌كه‌یان چۆن و بۆچی سووتاوه‌ !!
* ڕۆژی 18\5\2010 له‌ گوندی حه‌سارۆكانی نزیك شاری هه‌ولیر, كچێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ به‌ناوی ( ك. م. ك. ) به‌ چه‌كی كلاَشینكۆف چه‌ند گولله‌یه‌كی له‌خۆیدا و به‌وهۆیه‌وه‌ به‌سه‌ختی برینداربوو. له‌كاتی گواستنه‌وه‌یدا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر, به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. تا ئێستا هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ و پوَلیسیش ده‌ستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌.
* ڕۆژی 22\5\2010 له‌ گوندی قه‌راجگه‌ی‌ سه‌ربه‌ كومه‌ڵگای خه‌باتی نزیك شاری هه‌ولێر, ژنێكی ته‌مه‌ن 33 ساڵ به‌ ناوی ( ف. ن. ) له‌ ماڵی خۆیانا خۆی سووتاند. به‌هۆی زوَریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی هه‌ولێر كرا. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ڕووداوه‌كه‌ هوَكاری خۆسووتاندنی ناوبراوی بۆ بوونی كێشه‌ له‌گه‌ل هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌. وه‌ هه‌روه‌ها ووتی به‌هۆی زۆریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ ژیانی له‌مه‌ترسیدایه‌.
* ڕۆژی 23\5\2010 له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادیی شارۆچكه‌ی كۆیه‌, ژنێكی ته‌مه‌ن 22 سال َبه‌ناوی ( ن. خ. ) له‌ماڵی خۆیاندا خۆیسووتاند. به‌هۆی زۆریی ڕێژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێركرا, به‌لاَم له‌ڕێگا گیانی له‌ده‌ستدا. پۆلیسی قه‌زای كۆیه‌ ده‌ستی به‌لێكۆلینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌, به‌لاَم تائیستا هوكاره‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌بووه‌.
* ڕۆژی 24\5\2010 له‌ گوندی كه‌لاتی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی " بیجه‌" ی نزیك شارۆچكه‌ی ئاكرێ, كچێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌ناوی ( أ. م. ) له‌ماڵی خۆیاندا خۆیسووتاند. به‌هۆی زۆریی ڕیژه‌ی سووتانه‌كه‌یه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمێرجنسیی شاری هه‌ولێر كرا. تائێستا هۆكاری خۆسووتاندنی ناوبراو ئاشكرا نه‌بووه‌, به‌لاَم پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌.
_______________________________________
تێبینیی: ئه‌و هه‌واڵانه‌ له‌ لایه‌ن (بلاوكراوه‌ی‌ ئۆكتۆبه‌ر)ه‌وه‌ ئاماده‌کراون.