٧\١\٢٠٢٤
ژنان، یەک پەیڤ.

شەیدا مەعروف
ژن بە هەموو ئەو واتایە جوانانەى کە هەیەتی
و بەو گەورەییەیەوە کە سەرەتا کچە و دواتریش وەک دایکێکی میهرەبان،
پاشانیش دەبێتە پەروەردەکاری هەمووان و هەرچی دەستەبژێر و کەسی بەسوودی
نێو کۆمەڵ هەن لە ژێر دەستی ئەودا دەردەچن، دیارە ئەمانە و سەدان و
هەزاران پلە و پایەی شایستە هەن کە مێینە بنیاتیان دەنێ.
ئەمە بەدەر لەوەی مێینە دەچێتەوە بەردەم ویست و داواکاریی نەوەکان و
هەمیشە دەبێتە قوربانی، هەندێ مێینە هەن تا هەنووکە ماندوێتیی گیان و
جەستەیان گەواهیی راستییەکی وەهان، هەمیشەش لە تەواوی دینەکاندا مێینە
بەو (نوقسانیی)ە سەیری کراوە کە بێ ویستی خۆی بووە، هەر بۆ نموونە لە
دینی ئیسلامدا لە لایەک (بەهەشت) لە ژێر پێی دایک دانراوە و لە لایەکی
دیش کاتێک (تەلقین)ی مردوویەک دەدرێ گەر مردووەکە خاوەنی درێژترین
تەمەن و ردێنیش بێ هەر بە ناوی دایکیەوە بانگ دەکرێ، جا دەمەوێ بڵێم
هەر لە چوارچێوەی ئەو تێڕوانینەدا منداڵێکی نێرینە لە بەرامبەر
مێینەیەکدا دەبێتە ئەو دێوەزمەی کە هەمیشە ویست و ئارەزووەکانی رەگەزی
بەرانبەر سەرکوت دەکا!
بێگومان ئەمەش فەرهەنگی کۆمەڵگایەک فێری کردوون کە من دەڵێم مێینە خۆی
پشکێکی گەورەی هەیە لە چەوسانەوەیە، بۆ نمونە کاتێک ژنێک منداڵێکی کچی
دەبێ یەکسەر خەسوو زۆر جارانیش تەنانەت دایکی ژنەکەش بە لاقرتێیەکەوە
پێیدەڵێ (بۆ خۆت خۆش بی)! ئیدی ئەوە مردنێکە کە هەمیشە بەرۆکی ژیانی
گرتوە و زۆریش مەترسییدارە لەسەر تەواوی کۆمەڵ و هەر تاکێکمان، بۆیە
دەکرێ ئێمەی مێینە زۆر بە راشکاویی بڵێین تا سەر ئێسقان پڕپرین لە
بیرەوەریی ئەو ڕۆژانەی کە تەمەنێکی زۆر تاڵمان لەگەڵ ئێوەی نێرینەدا
بردەسەر.
ئیدی ئێستا قۆناغەکە لەوە دەرچووە کە رەگەزی ''مێ'' تەنیا رێگەی کانی و
گسدان و ریخۆڵە پاککردنەوە بزانێ، سەردەم لەوە تێپەڕیوە کە روخساری
مێینە بکرێتە قەڵغان بۆ زللە و شەقی نێرینەکان، دەزانم سەردەمی پیاوان
لەوەش ترازاوە کە کەسایەتییان تەنیا لە پەلەپیتکەی دەمانچەدا ببیننەوە.
دوا جار دەڵێم با هەموومان ژیان بکەینە ئەو مێینەی کە هەمیشە حەزدەکا
بە ناسکییەکانی خۆیەوە بژی.
ماڵپهڕی شەیدا
مەعروف
|