په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٢

ژنە بێدەنگەکە.


کاروان محەمەد فەتاح  


تۆ شەوکراسییەکى سپیت لەبەردایە و مۆمێکى پرتەپرتکەرت بەدەستەوەیە، هێواش هێواش دەرگاى ژوورەکەى دایکت دەکەیتەوە. لایەکى ژوورەکەت لێ دەردەکەوێت، پاشان دەرگاکە دەخەیتە سەر گازەراى پشت و دەچیتە ژوورەوە، بۆنی شێدارى ژوورەکە لووتت دەگرێت. کاتێک مۆمەکە لەسەر تاقى پەنجەرە ڕوو بە کۆڵانەکە دادەنێیت، تاریکى ژوورەکە دەڕەوێتەوە. لە دایکت نزیک دەبیتەوە، زۆر جوان و ڕوون ڕووخسارى دەبینیت، ڕەنگى وێنەى گەڵایەکى هەڵوەریوى زەردى پاییزییە، ڕەنگە ڕووناکیى مۆمەکەش بێت وا کز و لاواز و زەردهەڵگەڕاو دەینوێنێ. زیاتر لێى نزیک دەبیتەوە، هەست دەکەیت ئەم مرۆڤە هێندەى لە بۆنى مردنەوە نزیکە، هێندە بۆنى ژیانى لێ نایەت.


تۆ سەرت پڕ پرسیارە لە دایکتى بکەیت، بە دواى وەڵامى پرسیارەکاندا وەک دایکێک وایت، کاتێک منداڵەکەى لێ ون دەبێت، دەتەوێت هۆکارى بێدەنگیى دایکت بزانى، باشترین شتێکیش بیکەیت پرسیارکردنە لە خۆى، مرۆڤ بۆ ئەوەى لە بارودۆخى کەسێک تێبگات، دەبێت لە خودى کەسەکە بکۆڵێتەوە. کێشەى تۆش لەوەدایە، کە ئەو مرۆڤێکى بێدەنگ و بێ قسەیە، زۆر جار وا گومان دەبەیت دایکت لە ژیاندا هیچ قسەیەکى بۆ گوتن نییە، بەڵام لە دواییدا بۆت ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم گومانە جێى خۆى نەگرتووە. سەخترین شت لە دونیادا تێگەیشتنە لە مرۆڤى بێدەنگ. لە زۆر کاتدا دەتویست بزانى چ کێشەیەکى هەیە؟ بیر لە چى دەکاتەوە؟ بە چى خۆشحاڵە؟ بە چى ئازار دەچێژێت؟ تەنیا وەڵامدەرەوەى تۆ، ڕووخسارێتى، کە نیشانى دەدا خۆشحاڵە، بێزارە، تووڕەیە، ڕازییە، کێشەى هەیە. ئەو گومانە لە مێشکتدا نیشتەجێ دەبێت، کە دایکت لەو ڕۆژەوەى دروست بووە، لە جیاتى ئەوەى بانگ بە گوێیدا بدەن، پێیان گوتووە هیچ قسەیەک نەکات و لەگەڵ کەسیش نەدوێت. کاتێک پرسیارەکان ڕووبەڕووى دایکت دەکەیتەوە، شتێکى سەیر و نامۆ ڕوو دەدات، ئەو جارێک سەرى دادەخا و سەیرى ناوەوەى خۆى دەکات و جارێکى تر تەماشاى پەنجەرە بە پەردە داپۆشراوەکەى ژوورەکە دەکات. هەرکات سەیرى پەنجەرەکەش دەکات، ڕەشەبایەکى بەهێز هەڵدەکات و یاریى بە پەردەى سەر پەنجەرەکە دەکات و دەبێتە میوانى ژوورە تاریک و بۆندارەکە، ئەوە بۆ تۆ زۆر ئازاراوى و خەمهێنە و مەتەڵێکى هێند گرانە، هەتا گەر بە تواناترین مەتەڵهەڵهێنەریش بهێنى، ناتوانێ هەڵیبێنێت و گرێکانى بکاتەوە.


نازانى چۆن باوکت ئەم ژنە بێدەنگ و بێ زمانەى هێناوە! دەبێت چ چێژێک لە ژیانکردن لەگەڵ مرۆڤى بێدەنگ و بێ قسەدا هەبێت؟ ڕەنگە تەنیا چێژ ئەوە بێت، کە ماندووت ناکەن و بۆ خۆیان دەژین و دەست وەرنادەنە ژیانى کەسەوە. بەوەدا زانیت کە باوکت زۆر لە دایکت ڕازی بووە و هیچ سەرئێشەیەکى بۆ دروست نەکردووە. زۆریش نابێت باوکت کۆچى دوایى کردووە، هەمووى سێ ساڵ بەر لە ئێستا شەوێک دەچێتە دەر و دەکەوێتە بەر گوولەیەکى وێڵ و دەمرێت. تۆش کەمساڵ نیت، بیست و دوو ساڵ کەم نییە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤێک، کە هەموو کاتى خۆتت لەگەڵیدا بەسەر بردووە. لە باوکت باش تێگەشتى، چونکە قسەى دەکرد و دەتزانى حاڵى چۆنە و چۆن لە شتەکان دەڕوانێت، بەڵام هۆکارى تێنەگەیشتن لە دایکت بۆ ئەو بێدەنگییە قووڵە دەگەڕێتەوە، تۆش هێند زیرەک نیت، بتوانى ناخى بخوێنیتەوە و خورپەکانى ناوەوەى تێبگەیت.


هیچ کات وەڵامى پرسیارەکانت لە دایکت دەستگیر نەبووە، هەموو جار بەبێ هیوایى و بە ساردییەوە پرسیارەکانت ئاڕاستەى کردووە و ئەویش دەمى نەکردووەتەوە و قسەى نەکردووە، ناچار دڵى خۆت بەوە خۆش کردووە، کە گوێى لە پرسیارەکە نەبووە، یان تێنەگەیشتووە. وەڵامنەدانەوەى پرسیار مرۆڤ تووشى ئازار دەکا و واى لێ دەکات هەست بە کەمى خۆى بکات، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەو کەسەى کە وەڵامت ناداتەوە دایکتە، دڵگران نابیت.


هەموو شەوان دێیتە ژوورەکەیەوە و لە هەواڵى دەپرسیت و پرسیارە دووبارەکانتى ئاڕاستە دەکەیتەوە، ئەویش بێ ئەوەى ورتەیەکى لێوە بێت، نیگایەکى سارد و پڕمانات تێدەگرێت و سەیرى ناوەوەى خۆی و پەنجەرەکە دەکات، تۆش نائومێدانە جێى دەهێڵیت و دەچیتە ژوورەکەى خۆتەوە. لە هەمووى سەیرتر ئەوەیە دایکت چووەتە قوتابخانە و ساڵێک خوێندووییەتى، بەڵام بە هۆى ئەوەى لە پۆلدا چالاکى نەبووە و قسەى نەکردووە، ناچار دەستەى کارگێڕى قوتابخانەکە دەرى دەکەن و ئەویش لە ماڵەوە درێژە بە خوێندن دەدات و فێرى خوێندنەوە و نووسین دەبێت.


هەمیشە ئارامیش خۆى دەنوێنێت، مرۆڤى خۆشبەخت ئەو مرۆڤەیە، کە هەموو تەمەنى خۆى لە بێدەنگى و قووڵبوونەوەدا بەسەر دەبات، دایکى تۆ هەڵگرى ئەو دوو تایبەتمەندێتییەیە.


وەکو هەموو جارەکانى دى لە کۆتاییەکانى شەوێکى نیوەتاریکى مانگى پێنجى بەهاردا دەچیتە ژوورەکەیەوە و دایکت دەبینیت لە بەرانبەر پەنجەرەکە لەسەر کورسییەک دانیشتووە و تەماشاى بێدەنگیى شەو دەکات و لە فڕینى نەورەسەکان ڕادەمێنێت. وەک ئەوەى حەزى فڕینى هەبێت دەستەکانى دەکاتەوە و لاسایى ئەوان دەکاتەوە. هەر لە کۆنەوە فڕین خولیاى مرۆڤ بووە، مرۆڤ بۆیە کارى چاک دەکات، بۆ ئەوەى بفڕێت، مرۆڤە باوەڕدارەکان لە پێش هەموو کەس خولیاى فڕین لە سەریاندا چەکەرە دەکات، بۆیە لە ژیاندا چاکە دەکەن و خۆیان تەسلیمى خودا دەکەن و ئارەزووەکانیان دەکوژن، بۆ ئەوەى کە مردن بچنە ئاسمان و دونیایەکى تر تاقى بکەنەوە، دونیایەک پڕ بێت لە فڕین، فڕینى ڕۆح، فڕینى جەستە. فڕینیش تەنیا لە پێناوى بینینى دونیایەکى تردایە، دایکیشت مرۆڤێکى باوەڕدارە و چاوى بڕیوەتە ئەو دونیایە. بە لاتەوە سەیرە دایکت تا ئێستا نەخەوتووە و چرپاکەى خۆى بەجێهێشتووە و هاتووەتە سەر ئەو کورسییە و تەماشاى فڕینى باڵندەکان دەکات و فرمێسکى تاڵ بە دەموچاویدا دێتە خوارێ. دڵت دادەخورپێ و پێى دەڵێیت:


- دایە گیان! بۆ وا ماندوو و ڕەنگزەرد دیارى؟ خۆ هیچ شتێک نەبووە؟ کێ ماندووى کردووى؟


- ...


- دایە گیان! لە تاوى ئەم بێدەنگییەت وەختە دڵم وەکو بوورکانێک بتەقێتەوە، بۆ هەروا بێدەنگ و قووڵ تەماشام دەکەیت و لێوت نابزوێنى؟ وشەکان لەنێو زارتا بۆگەنیان کرد. ئازارەکەت هێندە قووڵە، وا ناتوانى بە قسە پێم بڵێیت؟ ئاخر مرۆڤ گەر گوزارشت لە ئازارەکانى نەکات دەپووکێتەوە و وەکو گوڵى ژاکاوى لێ دێت.


- ...


- بیر لە کێ دەکەیتەوە؟ خۆت؟ من؟ باوکم؟ یان بیر لە چى دەکەیتەوە؟ ژیان؟ ئازار؟ بەختەوەرى؟ سەختەوەرى؟ یان چى؟؟؟


- ...


تۆ بەردەوامیت لە پرسیارە دووبارەکانت و ئەویش تا دێت بێدەنگییەکەى خەستتر دەبێتەوە و دەمى ناکاتەوە، تاکە وەڵامی دایکت بۆ تۆ تەماشاکردنى خۆى و پەنجەرەکەیە و هیچى تر. لەبیرت نەچێت کاتێک ئەو دوو کارە ئەنجام دەدات، ڕەنگى تێکدەچێت و هەناسەى سوار دەبێت. تا دێت ململانێى دەنگى تۆ و بێدەنگیى دایکت قووڵتر دەبێتەوە، نازانیت کەى کۆتایى بەم ململانێ نەخوازراوە دێت. بە ماندوویى جێى دەهێڵیت و دەرگاى ژوورەکەى دادەخەیت.


بەیانى ڕۆژى دواتر وەکو پیشەى هەمیشەییت دەچیتەوە ژوورەکەى، بۆ ئەوەى دەستى بگریت و بۆ نانخواردنى بەیانى بیهێنیتە سەر سفرەکە. دەرگاکە دەکەیتەوە، دەبینیت ژوورەکە پڕ بێدەنگییە و پەنجەرەکە کراوەتەوە و هەوا سەما بە پەردەکە دەکات، سەرت لەم دیمەنە سووڕ دەمێنێت! شەوانى تر دایکت، کە لە دانیشتن بێزار دەبوو، پەنجەرەکەى دادەخست و دەچووە سەر جێگاکەى خۆى، بەڵام ئێستا پەنجەرەکە کراوەتەوە، تۆ بڵێى ڕەشەبا کردبێتییەوە؟ یان دایکت پێى خۆش بووە لەسەر چرپاکەیەوە تەماشاى ئەستێرەکانى ئاسمان بکات؟


دایکت لە ناخى خەودایە، ئێستا نەک هەر بێ قسەیە، بەڵکو بێ جووڵەیشە، هەموو گیانت دەلەرزێت وەک ئەوەى ژێر پێت بوومەلەرزە بێت. ترسیش شاڵاوێکى بەتینت بۆ دێنێت. دەچیتە پێشەوە دایکت هەڵسێنیت و بیبەیت بۆ سەر سفرەکە، دەبینیت گیانى سارد بۆتەوە و مردووە، بە دڵێکى نائومێدانەوە دەڵێیت:


- دایە گیان! بۆ بێ وەڵام جێم دەهێڵی؟ من ناتوانم بێ تۆ بژیم، تۆ هەناسەى من بوویت، لە کاتە سەختەکاندا پشت و پەنام بووى، ئێستا وەک تەنیاییەکانى تۆ لە دونیادا تەنیام، هێشتا من چاوەڕوانى وەڵامى پرسیارەکان بووم.


چاوت بە کاغەزێکى نووسراو دەکەوێت، کە لەسەر مێزەکەى دایکت دانراوە، خێرا دەیکەیتەوە و تامەزرۆیانە دەست بە خوێندنەوەى دەکەیت. تیایدا نووسراوە:


((ژیان گیان! کچە جوانەکەم! بە دەست بێدەنگییەکەم ئازارى زۆرت چەشت، وەکو ئازارى من بە دەست ژیانەوە. هەر کات پرسیارێکت دەکرد، چاوەکانت پێیان دەگوتم، کچەکەت زۆر تامەزرۆی وەڵامى تۆیە. ئاخر کچەکەم! هەرچەندە تۆ لە جەستەى من جیا بوویتەتەوە، بەڵام ڕۆحت لێم جیا نەبۆتەوە. من باش تۆ دەناسم، دایک زۆر زوو لە منداڵەکانى تێدەگات، وەک تێگەیشتنى خوا بۆ بەندەکانى. ساتێکیش وەڵامم نەدەدایتەوە، هەستم بە ئازارى چاوەڕوانیت دەکرد، منیش ئەو بێدەنگییە زۆر ئازارى دام. وا تێنەگەی کە من ڕقم بەرانبەرت هەبوو، بۆیە وەڵامم نەدەدایتەوە، یان وەڵامم پێ نەبووە، نەخێر، هەرگیز وانییە، لە ناخەوە حەزم دەکرد وەڵامى هەموو پرسیارەکانت بدەمەوە، تەنانەت ئەو پرسیارە سادانەش، کە پێویستى بە وەڵام نەدەکرد، هەر کات دەمویست وەڵامت بدەمەوە، لە ناوەوە دەنگێک پێى دەگوتم: ((نەکەى! وەڵامى کچەت نەدەیتەوە، تۆ هێشتا ناتوانى وەڵامى پرسیارەکان بدەیتەوە.)) هەمیشە ئەم ڕستەیە لە ناوەوەم خۆى دووبارە دەکردەوە. هەر کاتێکیش تەماشاى پەنجەرەکەم دەکرد، باڵدارێکى ڕەش، کە چاوەکانى لە چاوى مرۆڤ دەچوون، چاوى لێم سوور دەکردەوە و دەیگوت: ((تۆ هێشتا ئامادە نیت بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکان، گەر وەڵامى پرسیارى کچەکەت بدەیتەوە، دەتبەم و لە چاڵێکدا دەتنێژم، کە نە کەس ڕێى تێ بکەوێت و نە کەسیش بیدۆزێتەوە.)).


نەمدەزانى بۆ ئەو دوو هێزە نەیانهێشت وەڵامت بدەمەوە، بیرم لە هۆکارى ئەو ترسە دەکردەوە، کە لە ئەنجامى وەڵامدانەوەى تۆوە دروست دەبوو، هۆى ئەو هەموو بێدەنگى و قووڵییەم ئەوەبوو. پرسیارەکانى تۆ لە ڕواڵەتدا سادە بوون، ڕەنگە خۆشت هەستت پێ نەکردبێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و قورس بوون، مرۆڤ بۆ ئەوەى وەڵامى ئەو پرسیارانە بداتەوە، دەبێت هەموو تەمەنى خۆى لە تەنیایى و بێدەنگى و قووڵبوونەوەدا بەسەر ببات، ئاخر پرسیارى (بیر لە چى دەکەیتەوە؟ بیر لە کێ دەکەیتەوە؟ خۆت؟ من؟ باوکم؟ ژیان؟ ئازارت هەیە؟) زۆر قورس و زەحمەتن، کە تۆ زۆر سادانە دەتکرد.


ژیان گیان! ئەمشەو ئەو هێزەى ناوەوەم و باڵدارە ڕەشەکە پێیان گوتم: ((ئێستا دەتوانى تەنیا بە نووسین لەسەر کاغەز وەڵامى پرسیارەکانى کچەکەت بدەیتەوە، تەنیا نووسین، ناهێڵین قسە بکەیت، ئەمشەو پێش ئەوەى بنووى نامەیەکى بۆ بنووسە و لەسەر مێزەکە بۆى دانێ، ڕەنگە بەیانى کاتێک دێتە ژوورەکەتەوە نەتوانى بیبینیت.)).


ئێستا وەڵامى پرسیارەکانت دەدەمەوە...


من مرۆڤێکى ئازاراوى و تەنیا بووم، هەمیشە وەکو کیسەڵ دەچوومەوە ناو قاوغى خۆم و نەمدەتوانى دەربچم، دەرچوون لە خۆم، دەرچوونم بوو لە ژیان. بیرم لە پرسیارە بەردەوامەکانت دەکردەوە، هەوڵى زۆرم دا تا وەڵامى پرسیارەکانت بدەمەوە، ئەمشەو وەڵامى هەموو پرسیارەکانتم لە ناخى خۆمدا ئامادە کرد، لەمەدا هێزە شاراوەکانى نێو ناخم یارمەتییان دام. من وا هەستم دەکرد مرۆڤ دەتوانێت بە بێ قسە بژى، هەر واش بوو، من توانیم بێ قسە ژیان بکەم. مرۆڤ دەتوانێت تەنیا بە بێدەنگى و قووڵبوونەوە بژی، بە هیچى تر نا...


کچەکەم! نووسین ڕێگایەکە بۆ دەربڕینى ئازارەکان، هەندێ لە ئازارەکانى مرۆڤ هێندە قورس و گرانن، تەنیا دەتوانێت بیاننووسێت، ناتوانێت بە قسە بیانڵێت. وەک ئازارى تەنیایى لە بووندا، بێزارى، دابڕان و...هتد، منیش قووڵ هەواى ئەو ئازارانەم هەڵمژیبوو. لەدەستدانى بێدەنگى لاى من بریتی بوو لە لەدەستدانى خود. دەرچوون لە قاڵبى خۆم، کۆتایى هێنان بوو بە تەنیایى و بێدەنگى، کە بۆ من چێژدار و بەسوود بوون. من لەگەڵ خۆمدا لە جەنگێکى قورسدا بووم، مرۆڤەکانى تر بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى خۆیان نەبنەوە، دەچنە جەنگى دەرەوەى خۆیانەوە، ئەوە ترسە وا لە مرۆڤ دەکات بجەنگێت، هەر مرۆڤێک ترسى نەبێت ناجەنگێت، ترس لە خود و ترس لە ئەوانى تر و ترس لە سروشت. منیش تەنیا ترسم لە خود هەبوو. لە منداڵییەوە دەمویست لە ڕێى قوتابخانە و دواتر شووکردنم بە باوکت ئەو ترسە بشارمەوە و ڕووبەڕووى خۆم نەبمەوە و خۆم لەناو کۆدا بتوێنمەوە، بەڵام هەر زوو تێگەیشتم ئەو بیرۆکەیەم تراویلکەیەکە و هیچى تر. بۆیە چوومە جەنگى بەردەوام و چێژدارى خۆمەوە، جەنگەکەش هێند قورس و گران بوو، بوارى ئەوەم نەبوو، نە قسە بکەم و نە بنووسم. ئەمشەو کۆتاییم بە جەنگەکە هێنا و تیایدا سەرکەوتم و ئاهێکى خۆش بە گیانمدا هات و توانیم ئەم نامەیەت بۆ بنووسم. گرنگترین شت لە دونیادا تێگەیشتنە لە خود، هەر کات مرۆڤ توانى ئەو کارە ئەنجام بدات، ئەوە دەتوانێت لە هەموو شتەکانى ترى نێو گەردوون تێبگات... ئەمە هەموو قسەکانى من بوو لە ژیاندا، هیوادارم وەڵامى پرسیارەکانت دەستکەوتبێت...)).


تۆش دەرگاى ژوورەکە دادەخەیت و دەچیتە دەرەوە..

 

 

karwanshorshe@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک