|
١٩\٦\٢٠٢٦
ژنێڤ، یان ٥٠+١.

ئەرسەلان مەحمود
واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ١٤ خاڵی لە ژنێڤ، دواجار شەڕێکی ١١٢
ڕۆژەی کۆتایی پێهێنا. گەرووی هورمز کرایەوە، گەمارۆکان هەڵگیران و
لوبنانیش خرایە چوارچێوەی ئاگربەستەکەوە. لە ترامپ ڕایگەیاند شەڕ
کۆتایی هات، نەتانیاهۆ جەختی کردەوە لەوەی ئیسرائیل بەشێک نییە لەو
ڕێککەوتنە. هەرچۆنێک بێت، ئیدی جووڵەی دەستێک و واژۆیەک، جەنگی وەستاند.
هەڵبەتە لێرەدا، لە پشت ئەم ڕووداوە سیاسییەوە، پرسیارێکی قووڵ،
گەورەتر لە خودی ڕووداوەکە دێتە پێشەوە، کاتێک واژۆیەک کۆتایی بە شەڕێک
دێنێ، ئایا ئەوەی بەدیهاتووە هەر بەڕاستی ئاشتییە، یان تەنها وەستانی
کاتیی شەڕە بە ناوی ئاشتییەوە؟
لە فەرهەنگی فەلسەفەی سیاسیدا، جیاوازییەکی جەوهەری لە نێوان دوو
چەمکدا هەیە، ئاشتیی نەرێنی و ئاشتیی ئەرێنی. ئاشتیی نەرێنی بریتییە لە
بێدەنگبوونی چەک، بۆمب نابارێ و سەربازەکان یەکتر ناکوژن. بەڵام ئاشتیی
ئەرێنی گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکاندا، بە جۆرێک
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕ بۆ هەمیشە بنەبڕ دەکرێن. ئەوەی لە ژنێڤ واژۆ
کرا، تەنها ئاشتییەکی نەرێنییە و وەستانی شەڕە. وەستانی شەڕیش هەرچەندە
گرنگە، بەڵام ئاشتی نییە، چونکە کاتییە. ئاشتیی ئەرێنی پێویستی بەوە
هەیە لایەنەکان بە دیدێکی نوێوە یەکتر قبووڵ بکەن، کەچی لەم
مەمۆڕاندۆمەدا ئەمریکا و ئێران هێشتا وەک دوژمن سەیری یەکتر دەکەن،
جیاوازییەکە تەنها ئەوەیە ئێستا بە چەک تەقە لە یەکتر ناکەن.
ئەوەی لە ژنێڤ ڕوویدا شتێکی نوێ نییە. مێژوو پڕە لەو ڕێککەوتنانەی
تەنها قۆناغی شەڕیان گۆڕیوە، لە ڤێرسای ساڵی ١٩١٨ کۆتایی بە جەنگی
یەکەم هێنرا، بەڵام هۆکارەکان مانەوە و ٢١ ساڵ دواتر جەنگی دووەم
هەڵگیرسا. ساڵی ١٩٧٣ لە پاریس ئەمریکا و ڤێتنامی باکوور ڕێککەوتنیان
کرد، کەچی دوای دوو ساڵ سایگۆن کەوت. ساڵی ١٩٩٤ لە ڕواندا ئاگربەست
ڕاگەیەنرا بەڵام ١٠٠ ڕۆژ دواتر کۆمەڵکوژییە گەورەکە ڕوویدا.
مەمۆڕاندۆمەکان شەڕ تەواو ناکەن، تەنها کات لە نێوان دوو قۆناغی جەنگدا
دەدزن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئاشتییە نەرێنییە بێبایەخ نییە. کاتێک شەڕ
دەوەستێت، برینەکان دەست بە ساڕێژبوون دەکەن، ئیدی کارەبا دەگەڕێتەوە
بۆ تاران، گوندەکانی بەیرووت دەستدەکەنەوە بە هەناسەدان، کەشتییەکان لە
هورمز دەپەڕنەوە و ئەو منداڵانەی لە خوێندن بێبەش بوون، دەگەڕێنەوە
پۆلەکانیان. بۆ کەسێک ١١٢ ڕۆژ لەژێر ئاگردا ژیابێت، ئەوا بێدەنگیی
چەکەکان تەنانەت بۆ یەک ساتیش بێت، خۆشترین شتە لە جیهاندا و دەکرێت
ببێتە دەروازەیەک بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵتر.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم ١٤ خاڵە چی تێدا نییە؟ دۆسیەی ناوکیی
ئێران چارەسەر نەکراوە و تەنها دراوەتە دەست گفتوگۆی تەکنیکی بۆ ٦٠
ڕۆژی داهاتوو. پرسی ناسنامەی ئێران، قەرەبووی زیانەکان و پرسی
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بە تەواوی پەراوێز خراون. ئیسرائیل و
لوبنانیش بە ڕواڵەت لە دەقەکەدان، بەڵام ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە
لەلایەن نەتانیاهۆوە پرسیارێکی گەورەی دروستکردووە. ئەوەی لە ژنێڤ
ڕوویدا، پێیدەوترێت دواخستنی واتایی. واتە واژۆکردنی ئەو شتانەی ئاسانن
و هەڵگرتنی پرسیارە ئاڵۆز و قورسەکان بۆ کاتێکی نادیار، بەو هیوایەی
هاوسەنگییەک دروست ببێت، یان ڕەنگە هەرگیز نەیەت.
لەمڕۆوە، ئاساییبوونەوە دەستپێدەکات و ژیان دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی،
بەڵام کاتژمێری ژنێڤ تەنها بۆ ٦٠ ڕۆژ ڕێکخراوەتەوە. لە ژێر ئەم
بارودۆخە نوێیەدا کۆمەڵێک پرسیار بۆ داهاتوو دەمێننەوە، ئایا ئێران
پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێدەکاتەوە؟ ئایا ئەمریکا سزاکان دەگەڕێنێتەوە؟
ئایا ئیسرائیل بە تەنها هێرش دەکات؟ ئەم پرسیارانە ناتوانن بۆ تاهەتایە
بێوڵام بمێننەوە. لە کۆتایی ئەم ٦٠ ڕۆژەدا، گفتوگۆکان یا ئاشتییەکی
ئەرێنی دروستدەکەن، یان شەڕ لەفۆڕمێکی نوێدا دەگەڕێتەوە. ئاشتیی
هەمیشەیی پێویستی بە گۆڕینی پەیوەندییەکانە، نەک تەنها مەرەکەبی سەر
کاغەز.
دورگەیەک لە ئاگردا، ئەو دوورگەیەی لە ٢٩ی ئازارەوە تا پيش ٥٩ ڕۆژی پێش
ئەمڕۆ، بوو بە چەقی نووسینی پەنجا ستوونی ئێمە، ئەمڕۆ ئاگرەکەی تیادا
نەماوە، بەڵام هێشتا دوورگەکە هەر دوورگەیە و دەوروبەرەکەی هەر دەریایە.
لە سەدەی بیست و یەکدا، ئاشتی تەنها تەوقەکردنی سەرۆکەکان نییە، بەڵکوو
دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی نوێیە لە نێوان بازاڕ، نەوت، ناسنامە و کاتدا.
ئەمڕۆ کاتی هۆشیارییە نەک ئاهەنگگێڕان. ئاگرەکە کوژاوەتەوە، بەڵام
خۆڵەمێشەکە هێشتا گەرمە و تەنها پێویستی بە بایەکی نوێ هەیە بۆ
دیسانەوە هەڵایسانەوە. ئەو بایە ڕەنگە ٦٠ ڕۆژی تری پێویست بێت، یان ٦٠
ساڵ، کەس نازانێت. بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە، ژنێڤ کۆتایی چیرۆکەکە
نییە، تەنها هەڵمژینی هەناسەیەکە. هەناسەیەک بۆ قسەکردنێکی نوێ، یان بۆ
دووبارەکردنەوەی شەڕە کۆنەکە. کامیان ڕوو دەدەن، ٦٠ ڕۆژی داهاتوو
دەریدەخات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|