٥\٩\٢٠٢١
ژنێک بڕیارە خۆشیبووێم.

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
عاشقی وردە بارانە و
بە پیاسەی ناو دارستانی ئارەزووەکانم ئاشنایە
حەزی لە مۆسیقایە و
جارجارەش سەما
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم.
زمانی باڵندەکان دەزانێ و
دوای هەر دووشێک بە شیعر خۆی دادەپۆشێ
نە لە سێبەر درەختێ ئۆقرە دەگرێ و
نە لە ژێر گەرمی هەتاوی خۆشەویستیم
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم
ئێواران کووچە و کۆڵانی غەریبیم پەیدەکا
بەدەم گۆرانییەوە سەرخۆش ئاسا
پەرداخەکەی فڕێئەدا و
تانگۆیەک ئەیکا بە پەری
نیمچە ڕووتی قەراغ دەریای شۆڕە شیعرێک
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم
بە پێکەنینەوە کتێب دەگرێتە باوەش و
لەگەڵ خوێندنەوەی پەرەگرافە سەرهەڵگرتووەکان
لەررەیەک لە مەمکەکانی، بوومەلەرزەی خاکوخۆڵی
دڵم بە هەشت پلەی ڕێختەر وێران دەکا
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم
هیچ ئێوارانێک نییە پەرداخە شەرابێکی خەست
نەنێتەسەر
بە نیمچە مەستییەکەوە لەسەر دەسکی قەنەفەکەم دادەنیشێ
دەستێک نەنێتە سەر شانم
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم
سبەینان خۆر ختووکەی ئەدا
تەزووی بارینی بارانێک دەیخاتە سەر هەستی ورووژاوی ناخی
مۆسیقایەکی لەسەرخۆ دڵی دەهێنێتە سەما
هەڵدەسێت و مەمکەکانی دەداتەبەر
سیحری نەسیمی بەیانیان
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم
ئاخ ژنێک بریارە خۆشیبوێم، نایدۆزمەوە
لە کەلێنی شیعر و کتێب بۆی دەگەڕێم
لە قوژبنی وەرزەکان سەردەکێشێ
بە تاک بە تاکی پەنجەرەکانی ڕۆژەکان
جارێ تەمە و جارێ سێبەرێکی وێڵبوو
ئەو ژنەی بڕیارە خۆشیبوێم!
١٢\١\٢٠٢١
- کەنەدا
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|