په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١١

    ژنێک هەر بە خاڵ دەمکوژێ.

محەمەد پاکژ

بیروەریم...
نامباتەوە بۆ رابردوو..،
زۆر کاڵترە لەرەنگی ئاو..،
بۆیە ناچمەوە سەر یەکەم
تولە رێی سێبەری یادگار.
ئەترسم...
چیدی قەرسیلی ئەڵقەى یادێ
لەپەنجەى خۆمدا نەبینم..،
ئەترسم چیدی ئێواران...
هەور لەگەڵ زەردەپەڕا نەمباتەوە
بۆ بەر دەرگاکەى ماڵی یار.

دەستم هەڵگرت...
لەخوێنى رژاوى یادم..،
وا بزانە ئاوى جۆگەیەو بەکەنار..
پەرژینی باخچەکەتاندا دێتە خواڕێ.
وا بزانە...
شیلەى گەزۆی یادگارێکەو..
مەگەر خودا بزانێ بەسەر کام گەڵاو
کام چڵی یاد دا دەبارێ.

چاومپۆشی...
لەسووتانى فرمێسکە تەزیوەکانم،
وتم بەڵکو باڵی تەڵایی پەپولەى
ئەم سەرنجە خەمئامێزە ..
بەسەر خاچی پەرژینى توڕەبونتەوە
ببێتە مێژووی سەدەیەک.

سەرنجم...
هەورێک بوو باری..،
تیری پەڕیوى کەوان بوو،
دڵی سروشتى کونکردو..
هیچ ئامانجێکی نەپێکا.

خەیاڵم...
پەشمەکی دەستى مناڵێ بوو..،
لاسار، لاسار، لەدارو بەردی هەڵدەسوو،
لەنێوان لەپی دەستیدا خڕیکردو..
توایەوەو هەر نەگەیشتە سەر لێوی یار.
تەمەنم بوو...
بەهەنارێکی ئاودارو..
هەڵموەراندە ناو کۆشی یارێکەوە،
یارێک بێ باکتر لەروبار..
یارێک بێ شەرم وەک باران،
یارێک توڕە وەکو ئاگر..
یارێک شیرین، بەڵام لەتاڵی
خەم تاڵتر.

٢٠١١

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د پاکژ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک