ژنێکی
کاڵفام.

نووسینی:
نه‌زار قه‌بانی
گۆرینی له عه‌ره‌بیه‌وه: تابلۆ حه‌سه‌ن
گه‌وره‌ی به‌رێزم
ئه‌مه نامه‌ی ژنێکی کاڵفامه
ئایا هیچ ژنێکی کاڵفام نامه‌ی بۆ نووسیوی ؟
من ناوم ؟
نا نا له ناو گه‌رێ،
رانیه بێت ، زه‌ینه‌ب
هند بێت یان هه‌یفا
قۆڕترین شت ئه‌م ناوانه‌یه که پێمانه‌وه‌یه
گه‌وره‌م
من ده‌ترسم شته‌کانم بدرکێنم
نه‌وه‌ک ئاسمان بسووتێ
رۆژهه‌ڵآته‌که‌تان ، گه‌وره‌ی سه‌روه‌رم
نامه شینه‌کان زه‌وت ده‌کات
خه‌ونی ناو دۆڵابی ژنان زه‌وت ده‌کات
به چه‌قۆ ، به قه‌مه
ژن ده‌دوێنێ
به‌هار ، تاسه
په‌لکه ره‌شه‌کان ده‌سووتێنێ !
رۆژهه‌ڵآته‌که‌تان به‌رێز
به که‌له‌سه‌ری ژنان
تاجه‌گوڵینه‌ی شه‌ره‌ف پێکدێنێ
ره‌خنه‌م لێمه‌گره گه‌وره‌م
که ده‌ستو خه‌تم ناشرینه
ئاخر من کاتێک ئه‌مه ده‌نووسم
جه‌لاده‌که‌م واله پشتی ده‌رگاوه‌یه
له‌ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌که‌ش ،
سه‌گوه‌ڕ، ره‌شه‌بایه !
گه‌وره‌م ،
عه‌نته‌ری عه‌بسی له پشتی ده‌رگایه
ئاماده‌ی ملکێشان ، سه‌ربڕینه
گه‌ر ببینێ هه‌ڵه‌یه‌کم تیایه
یان پۆشاکم ته‌نک و ره‌هایه
یان ئه‌گه‌ر ده‌ربڕم ئه‌و ئازاره‌ی له ناخمدایه
رۆژهه‌ڵاتتان گه‌وره‌ی ئازیزم
به نووکی رم ژن گه‌مارۆ ده‌دات
هه‌میشه پێغه‌مبه‌ر له پیاوان ده‌ستنیشان ده‌کات
ژنیش له ژێر گڵ‌دا حه‌شار ده‌دات
دڵگران مه‌به !
له دێره‌کانم گه‌وره‌م
دڵگران مه‌به ،
گه‌ر من قومقومۆکه‌ی داخراو بشکێنم
گه‌ر من ئونگوستیله‌ی فیشه‌ک له ویژدانم داکه‌نم
گه‌ر له مه‌حره‌می کۆشکه‌کان یاخی بم
گه‌ر من یاخیبم له مه‌رگم ...
له قه‌برم
له ره‌گم
له قه‌سابخانه‌ی مه‌زن
دڵگران مه‌به گه‌وره‌م
گه‌ر من هه‌ستی خۆم ده‌ربرم
پیاوانی رۆژهه‌ڵات بایه‌خ ناده‌ن
به هه‌ست و نه‌ست
پیاوانی رۆژهه‌ڵات
له ناو نوێن نه‌بێت له ژن ناگه‌ن
ببوره .. گه‌وره‌م ببوره
گه‌ر من سنووری مه‌مله‌که‌تان ده‌به‌زێنم
وێژه‌ی باڵا – بێگومان – وێژه‌ی پیاوانه
خۆشه‌ویستی هی پیاوانه
سێکسیش هه‌میشه
وه‌ک ده‌رمانی بێهۆشکه‌ره‌وه به‌وان ده‌فرۆشرێت
ئازادی ژنان له وڵاتی ئێمه ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌که !
ئازادی بوونی نیه
ته‌نها ئازادی پیاوان نه‌بێت
ئه‌ی گه‌وره‌م
چیم پێ ده‌ڵێیت بڵێ
ساده‌وساکار ، ده‌به‌نگ ، شێت و کاڵفام
چونکه له دیدی پیاواندا ،
ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی خه‌مه‌کانی خۆی بنووسێت
ژنێکی کاڵفامه
ئه‌ی له سه‌ره‌تاوه پێم نه‌وتی ،
من ژنێکی کاڵفامم ؟؟
Tab.lo78@hotmail.com
|