١١\٥\٢٠١٧
ژنە
لەشفرۆشەکە.

سمکۆ ئەحمەد
ئەی ئەو ژنەی کە
خەڵکی گەڕەك
بەردیان تێدەگرتی
تۆش خورمات بۆ هەڵدەدانەوە
کەس لە حیکمەتی بێ دەنگییەکەت
نەدەگەیشت
کەس
لە وشەکانی چاوت
نەدەگەیشت
تۆ وەك پەلکی دارخورماکان
لە ترسی بەردەکانیان
بەرەو ئاسمان هەڵچووبووی و
ئێمەی منداڵی گەڕەك
لە ژێر پێ و ناوگەڵی
ژنان و پیاوانی گەڕەك
سەیرمان دەکرد
بەردی کێ دەتپێكێ؟
دەستی کێ بێ یەکەم جار
کە دەتگاتێ؟
تۆش وەك مۆڵەتی خودات پێ بێ
باکت نەبوو، دەنگت نەبوو.
* * * * *
تۆ مێردت نەبوو
بەس چی پیاوی گەڕەک بوو
مێردی تۆ بوو
باوکەکانمان بەس لە عاستی تۆیا
خۆیان بوون
لەگەڵ دایکمان ئەهریمەن و
لەگەڵ تۆشدا
فریشتە بوون
لە گەڵ گیڤەی بەردەکاندا
لەگەڵ ئاوازی بەندەکاندا
نەرم نەرم سەمات دەکرد!
تۆ مۆڵەتی خودات پێ بوو
باکت نەبوو، باکت نەبوو!
* * * * *
ئەی ئەو ژنەی بە تیلەیەك
چی مێردمنداڵ بوو
خستتە سەر چۆك..
نازانم بۆ رقمان لێت بوو؟
ئەو رۆژەشی کە کوشتمانی
لەباتی بەرد
خورمایەك بوو
لە دەستت بوو!
٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|