١\٥\٢٠١٩
ژینگە، بزنس،
دەوڵەت و پەیوەندیی نێوانیان.

زاھیر باھیر
پەیوەندی نێوانی دەوڵەت و بزنس پەیوەندییەکی
ئەوەندە بەیەکەوە گرێدراوە ھەروەکو تەواوی پەیوەدنییەکانی نێوانی
ئۆرگانەکانی لەشی مرۆڤن کە دابڕانیان لەیەکدی و لەکار کەوتنی یەکێکیان
ئەوانی دیکەشیان ناتەندروست و گرفتاوی دەکات. دەوڵەت چشتێک نییە جگە لە
پارێزەر و پارێزگاری بزنس ، ھەر بۆیەش نوێنەرانێک کە لە پلە و پایەی
دەوڵەتدان خزمەتکار و بەرژەوەندەپارێزی بزنسن و ڕیگاخۆشکەری
فراوانبوونی بزنسس و سوودی بزنسن، ئیدی گرنگ نییە کە ئەوە لەسەر حسابی
مرۆڤ و کۆمەڵ و ژینگە بێت یا نەبێت.
ئەوە من نیم کە دەڵێم ژینگە و بزنس بە دوو ئاراستەی نەک ھەر پێچەوانەی
یەکدی دەڕۆن، بەڵکو دژ بەیەکیش دەڕۆن، بەڵکو ئەوە واقیعە و بەڵگەو
ئامارەکانن کە ئەوە دەخەنە ڕوو.
گەر بمانەوێت پلەی گەرمی بە بڕی ١.٥پلەی سێنتیگرەیت بھێنینە خوارەوە
ئەوە دەبێت بەرھەمھێنانی نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠٢٥ دا بەڕیژەی لە سەدا
٢٠ دابەزێت و لە ساڵی ٢٠٥٠ دەبێت بە ڕیژەی لەسەدا ٥٥ دابەزێت. بەڵام
ھاوکات ئێکسۆن مۆبایەل کە یەکێکە لە کۆمپانیانی نەوت و غاز، پلانی
ئەوەی کردوە کە لە ساڵی ٢٠٢٥ بڕی بەرھەمھێنانی نەوت و غازی بە ڕێژەی لە
سەدا ٢٥ زیاد بکات . دیارە ئەمە ھەر ھەوڵی ئەم کۆمپانیایە بە تەنھا
نییە، مادام کێبڕکی بناخەی مان و نەمان و دروستکردنی زیاتری قازانج و
سەرمایەیە، ئەوە کۆمپانیاکانی دیکەش یا دەبێت ئامادی لووشدان و
مایەپوچی بن یا دەبێت ئەوانیش لە ھەمان ھەوڵدا، بن.
گەلێک ھەن دەڵێن کە دەوڵەت دەتوانیت ژینگە بپارێزێت بۆ ئەمەش زۆر شت
دەتوانێت بکات ، بەمەش دڵخۆشن . منیش دەڵێم راستە کە دەوڵەت دەتوانێت
ھەندێکی شت بکات ئەوانەی کە تا ڕادەیەک لە توانایدا ھەیە بۆ
کەمکردنەوەی پیسبوون یا خود خاپورکردنی ژینگە کە بەدوایدا خاپوربوونی
کۆمەڵ دێت. لەوانە : ھەمو سەیارەیەک بکاتە کارەبایی، باجی زیاتر لەسەر
بزنس و کۆمپانیاکان دانێت، ھەموو کەرەسەیەکی پلاستیکی یاساخ بکات،
ھەموو کەرەسەیەکی بەکارھێنراو دەکرێت ریسایکل بکریتەوە، غەرامەی تاک و
خێزان بکات کە سەرپێچی لە ئەو یاسایانە بکات کە خۆی [ دەوڵەت] دایناوە
، نەناردنی زبڵ و کەرەسە بەسەرچوەکان و ماوەکان بۆ وڵاتانی بەناو
جیھانی سێیەم و بەکارھێنانی سۆلە پاوەر [ وزەوەرگرتن لە گەرمی و تیشکی
ھەتاو ] و دانانی وزەی سروشتی بە شیوەکانی دیکە ،وەکو پانکە گەورەکانی
سەر عەموودەکان لەو شوێنانەی کە 'با ' دەیانگرێتەوە، دانانی یاسایەک کە
بینای مۆدیرن لەسەر ڕێڕەوی ژینگە پارێزیی دروستبکرێت، کەمپەینی
ھۆشیارکردنەوەی خەڵک بە پرسی ژینگە .... تد بەڵام ھەر ئەمانە گەر
دەوڵەت بیانکات کە ناتوانێت پارەیەکی یەکجار خەیاڵی تێدەچێت دەبێتە ھۆی
موفلیسبوونی. بۆ نمونە حکومەتی بریتانی لە ساڵی ٢٠١٠ وە بۆ ئێستا تەنھا
و تەنھا ٧٠ ملیۆن پاوەندی تەرخانکردووە ھێشتا ئەمەش بەکارنەھێنراوە کە
ھەر ئەم پارەیە ڕەنگە تەنھا کافی بێت بۆ دانانی ٨٠٠،٠٠٠ محەتەی
چارجکردنەوەی سەیارەی کارەبایی.. نە شتێکی دیکە.
بەڵام ئایا دەوڵەت دەتوانێت فڕۆکەخانەکان دابخات کە گەورەترین ھۆکاری
پیسکردنی ژینگەن؟ ئایا دەتوانێت پلانی گۆشتنەخواردن و گرنگی دان بە
خواردنی نەباتیی بدات کە ئەمە نەک ھەر ژینگە و تەندروستی باش دەبەخشێت
پارەیەکی خەیاڵیش بۆ بودجەی دەوڵەت لە چارەسەرکردنا دەگێڕێتەوە بەڵکو
ئاوێکی زۆر دانەوێڵەیەکی زۆر سەوزایی و دارستانێکی زۆر ڕزگاریان دەبێت
لە ھەڵپاچین و بنەبڕکردنی بۆ پاکژ و لەوەڕگای گاو گوێلک و ئاژەڵ؟ ئایا
دەوڵەت دەتوانێت دەستی سوپەرمارکێتە گەورەکان کورتبکاتەوە لە ھێنانی
کەرەسەی خواردن و خواردنەوە لە وڵاتە دوورە دەستەکانەوە کە بەمە نەک
ھەر ژینگە بە پاکی ڕادەگیرێت بەڵکو قەتڵ و عامی ڕێگاش کەمدەکاتەوە؟
ئایا دەتوانێت بدات لە قازانجی کۆمپانیا نەوتی و غازییەکان و
پیشەسانییەکان کە لە کاتێکدا کە ھەر ساڵی پار ، ٢٠١٨، لە چاو ساڵی ٢٠١٦
دا ١٢٤،٨٣٧، ١٩٩ ملیۆن دۆلار لە لایەن ئەوانەوە ھەر لە لۆبیکردنا
سەرفکراوە کە ئەم برە پارەیە لە ساڵی ٢٠١٦ دا ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
ئایا دەوڵەت دەتوانێت بانقەکان کۆنترۆڵ بکات کە بە پارە یارمەتی
پیشەسازی و کۆمپانیا گەوەرەکان نەدات؟ بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٦ دا ٣٣
بانقی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی دەزگە دراوییەکانی ئەمەریکا بە١.٩
تریلۆن دۆلار دەسگرۆیی کۆمپانیای نەوتی و غازی و کۆمپانیا گەوەرەکانی
پیشەسازییان کردووە. ئایا دەوڵەت دەتوانێت ئەو کارگە گەورانەی کە پۆشاک
دروست دەکەن بیان کات بە کاررگەیەک کە زیڕۆ کاربۆن بن؟!!!
ھەڵبەت زۆر لایەنی تریش ھەیە کە باسی لێوە بکەین بەڵام من لێرەدا
دەوەستم و لام وایە کە ئەوەندە کافییە بو سەرنجدانمان لە ژینگە، بزنس،
دەولەت و پەیوەندی نێوانیان.
٣٠\٤\٢٠١٩
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|