٧\٩\٢٠١٣
ژن
لە سی و شەش تابلۆی شیعرییدا.

فەتاح حەسەن
-١-
خۆشترین سات
ئەو ساتانەن
کە، باس لە جیهانی ژن دەکەم.
-٢-
سبەینان
لەبری بتهۆڤن
گوێبیستی ژنێک دەبم.
-٣-
پەرچەمی ژن
ئاڵای
مەملەکەتی دڵمە.
-٤-
چەندین ساڵ بوو
لە خودی خۆم بزر ببووم
ژنێک هات و دۆزیمیەوە.
-٥-
ژنێک، پاسپۆرتەکەی دڕاندم و
دڵی خۆی
کردە پێناسەم.
-٦-
گڵۆپی ماڵەکەم بکوژێتەوە
تابلۆی ژنێک
هەڵدەواسم.
-٧-
چاوەکانم کز بوون، ئەوە هەورە؟
یا، چارشێوی ژنە
بە ئاسمانەوە؟
-٨-
مەیگێڕ واوە بڕۆ
ئەمشەو،
من بە بۆنی ژنێک مەستم.
-٩-
سۆمای چاوی من ژنێکە
باران پرسی پێدەکات
کەی ببارێ.
-١٠-
نازی ژنێک، بۆ نەکێشم؟!
کە (سۆز)ی
کردۆتە گەردانە.
-١١-
وا هەستدەکەم
چەقی بازنەی، بوون و نەبوون
کەوا ژن بێ.
-١٢-
تەپڵی شەڕ، هەرگیز
بە پەنجەی ژن،
لێنادرێ.
-١٣-
باشترین تێشوو
بۆ رێگەی دوور
خەندەی ژنە.
-١٤-
نیگای ژن،
وەک مۆسیقا
زمانێکی جیهانییە.
-١٥-
بڵێی لە ژن میهرەبانتر
لەسەر زەوی
بوونی هەبێ؟
-١٦-
ئاسەواری ژین نەمێنێ
گەر ژن
نەبێتە پەرستگای.
-١٧-
دنیا بێ ژن
وەرزی هیچە..
کە کۆتایی وەرزەکانە.
-١٨-
سەرنجڕاکێشانی ژنێک
بەهێزترە
لە هێزی کێشکردنی زەوی.
-١٩-
چیا دەبێت:
سەری نزمی بڵند بکا
تا ماچ بکا، تەوێڵی بەرزی ژن.
-٢٠-
هەورەتریشقە
دەنگی تووڕەبوونی ئاسمانە
کە، زوڵم لە ژنێک دەکرێ.
-٢١-
شەوی یەڵدا،
شەوگاری بەهارە
ئەو دەمەی ژن، هاودەمت بێ!
-٢٢-
گوڵ و خونچەش، گەر بپشکوێ
بێ بوونی ژن
بەهار نایە.
-٢٣-
گوڵ و رێحانە، ئیرەیی بە
جوانیی و بۆنخۆشیی،
ژن دەبەن.
-٢٤-
تۆ بڵێی فریشتە
گرەوی جوانیی
لە ژن بباتەوە ؟!
-٢٥-
لە ژن جوانتر
ئەگەر هەبێ
دەبێ ژن بێ.
-٢٦-
ئاوێنە
روخساری خۆی
لە چاوی ژنێکدا، دەبینێ.
-٢٧-
هەبێ و نەبێ
تریفەی مانگەشەو
بریسکەی چاوی ژنێکە.
-٢٨-
کانییە روونەکان
ژنان
تریفەیان بۆ دێنن.
-٢٩-
خۆر
لەگەڵ چاوی ژنا هەڵدێ و
بە کوشتنی ئاوا دەبێ.
-٣٠-
گەواڵە هەور
کە ئەشکی ژنێک دەبینێ
باران، لەباری خۆی
دەبا.
-٣١-
کە بەفر، دەبێت بە تەرزە
پێش بارینی
داوای بووردن، لە ژن دەکا.
-٣٢-
چاوم لێبوو
رووبار ئاوی، خۆی خواردەوە
تا بوار خۆشکا، بۆ پەڕینەوەی ژنێک.
-٣٣-
رووبار، دەڕژێتە ناو دەریا
دەریا، دەڕژێتە ناو زەریا
دوا هەواری، زەریاش، ژنە.
-٣٤-
هەر کەشتییەک
کاپتنەکەی ژن بێ
بە ئاسانیی،
لەنگەر دەگرێ.
-٣٥-
چڵە گوڵەباخی ژن
لەسەر گڵکۆ،
لە رۆژی حەشرا، سیس دەبێ.
-٣٦-
بەهەشت، دەرگاوانی
ئەگەر هەبێ
دەبێ ژن بێ.
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|