په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٤

ژن و جیاوازیی.


تاڤگە سابیر      

- بەشی دووەم -

 

لێرەوە هەستدەکەم لە ژینگەیەکدا ، کە هێشتا ژن خۆی تیاییدا نەکەوتۆتە قسە و ئەگەری ئەوەی بۆ نەرەخساوە لە دەرەوەی گوتاری پیاوان لە خۆی بدوێت باسکردنی ژنان و هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی خەسڵەت و سیماکانیان ، جگە لە نوکتیەکی تاڵی پیاوان ، کە بەندیجانەێکی بەناوی شوناسەوە بۆ ژن دروستکردووە هیچی دی نییە،بەڵام ئایا ئەمە بەمانای ئەوەی واز لە ناسینی ژن بێنین؟ ئایا دەبێت باسی ژنان نەکەین و لە گرفتەکانیان نەکۆڵینەوە؟ ئایا بەشێك لە گرفتی ژنان ناگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هوشیاری مرۆڤەکان بەرامبەر بە شوناس و ماف و کێشەکانی ژن؟ ئایا بەشێکی گرنگ لەستراتیژی هەموو بزوتنەوەیەکی ژنان بریتی نییە لە پرۆسەیەکی رۆشنگەری بۆ ناساندنی زیاتری ژن و کێشەکانی؟ ئیدی چۆن دەبێت باسی ژن و گرفتەکانی نەکەین؟


گومانی تیانییە زانین و تێگەیشتن لە مافەکانی ژن هەنگاوی یەکەم و پێشزەمینەی راستەقینەی هەموو بزوتنەوەیەکی ژنان ، بەڵام چ زانینێك بەڕاستی مەبەستم لە زانین چیە و چ کاتێك بەکەسێك دەڵێن دەزانێت ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لێردا دوو جۆر لە زانین لە یەك جیا دەکەمەوە.


١- زانینی وەهمی ئەمجۆرە زانینە بریتیە لە پرۆسەی کۆ کردنەوە و لەبەرکردنی چەند زانیاری و دەقێك و وتنەوەی ... بەبێ ئەوەی ئەم لەبەرکردن و وتنەوەیە بوو بێت بەشێك لە کارەکتەری مرۆڤەکان بەشێوەیەك ، کە ئیلتیزامێکی ئەخلاقی و ویژدانیان لەبەرامبەر ئەو زانینەدا بۆ دروستبکات ئەمجۆرە زانینە مرۆڤەکان ناگۆڕێت ، بەڵکو دەمامیکان بۆ دروست دەکات هوشیاریان فراوان ناکات ، بەڵکو زەخرەفەی دەکات ئەمجۆرە زانینە شێوازێکی خۆ جوان کردن و زەخرەفەکردنە نێ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریك یان ئیلتیزامێك یان حەزی گەڕان بە دوای زانینی زیاتردا دروست بکات ...نمونەی ئەمجۆرە مرۆڤانە ئەو کەسانەن هەموو لەهەموو بۆنەیەکدا خۆیان وەك پارێزەر و داکۆکیکەر لر ژن و مافەکانی پیشاندەدەن و بەڵام لەژیانی واقعی خۆیاندا بچوکترین مافی ژنان پێشێلدەکەن.


٢- زانینی راستەقینە: ئەمجۆرە زانینە بریتیە لە ئیلتزامێکی ئەخلاقی کەسایەتییەکان بەو شتانەوە ، کە دەیزانن و دەبێت بە بەشێك لە کارەکتەریان .... شێوازێك لە زانین ، کە لەگەڵ خۆیدا خولیاییەکی بەردەوام بۆ زانینی زیاتر و بەردەوامبوون لە پشکنیندا دروست دەکات ، ئەمجۆرە لە زانین ئەو دۆخە تراژیدیەیە ، کە هەمیشە هوشیاری هاندەدات لەو دنیایە بپرسێکە لەناویدا دەژی.


بە کورتی ئەو زانینەی کەسایەتییەکان وا لێناکات زانین بکەن بەشێك لە هوشیاری خۆیان و کارناکەتە سەر پەیوەندیان بەدنیا و دەوروبەرەوە زانین نییە ، بەڵکو دەمامکێکی هەڵخەڵەتێنەرە ، کە سیمای کۆنخوازی دەشارێتەوە... زانین کۆکردنەوە و وتنەوەی کۆمەڵێك زانیاری نییە کە توتیوار بیڵێینەوە بێ ئەوەی هیچ لەریتمی ژیان و بیرکردنەوەمان بگۆڕێت ، بەڵکو ئەو دۆخەی هۆشیاریە کە مرۆ ناچار بەرەخنەگرتن و پرسیارکردن لەو جیهانە دەکات ، کە ناهێڵێت زانین تەرجومە بێت بۆ واقع و ببێت بە فاکتێکی هەستپێکراو ... ببێت بە بەشێك لە هوشیاری گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار نایەوێت ببێ بەهێزێکی مادی ، کە هەڕەشە لەدوخی پێش زانین دەکات ... زانین دۆخی ئەو کەسەیە ، کە سوکراتی فەیلەسوف لە هەموو کەسێك وردتر پێناسی دەکرد " ئەو کەسەیە تەنها شتێك ، کە دەیزانێت کە نازانێت" بەم مانایەش زانین و ناسینی ژن و کێشەکانی بریتی نییە لە کۆمەڵێك زانیاری دەربارەی ژن و کێشەکانی بریتی نییە لە زانیاری دەربارەی ئەو هۆکارەی یاسایی و کۆمەڵایەتیانەی دژی ژنن، بریتی نییە لە دەستنیشانکردنی مافەکانی ژن بە چەند خاڵێك ، بەڵکو زانین ئەو پرۆسەیەی هۆشیاریەیە ، کە ناچار بە بیرکردنەوە و رەخنەکردنی ئەم جیهانەمان دەکات ، کە ئەمڕۆ لەهەموو کاتێك زیاتر دڕندانەیە بەرامبەر بە ژن .... زانین بوونی زانیاری نییە بەتەنها، بەڵکو بوونی زانیاری ئەوکاتەی بۆتە بەشێك لە کارەکتەری تاکەکەسەکان و بۆتە بەشێك لە رێکخستنی پەیوەندی مرۆڤاکان بە دوروبەر و جیهانەوە.


ئەوە هەڵوێستی من بەرامبەر دینا و دەوربەرە رادە و پلەی زانیمان ئاشکرا دەکات نەك چەندایەتی ئەو زانیاریانەی هەمانە سەردەمێك " مارکس گوتبووی " فەیلەسوفەکان جیهانیان پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە ئێستا لە روانگەیەکی ترەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت : مەسەلەکە تەنها زانین و پێناسە کردن نییە ، بەڵکو هەڵوێستی مرۆڤەکانە بەرامبەر بە دنیا .... ئامانج پێناسە نییە ، بەڵکو پێناسە ئەوکاتەی بیر لەگۆڕینی دنیا دەکاتەوە ئەوکاتەی بەر جیهانی دەوروەبەری دەکەوێت ، مەسەلەکە بۆ مارکس بێنرخکردنی پێناسە کردنی دنیا نییە ، بەڵکو بێنرخ کردنی ئەو جۆرە لە سەیرکرن و پێناسە ، کە ناکەوێتە رەهەندێکی رەخنەییەوە بەرامبەر بەدنیا.


پەیوەندیەکی جەوهەری لە نێوان زانین و هەڵوێستی ئێمەدا هەیە بەرامبەر بەدنیا ، کە یەکێکیان دەبێتە هۆی ئەوەی دیان .... ئاکرێ لە مەسەلەی ژن تێگەیشتبین ، بەڵام هەڵوێستمان بەرامبەر بەدنیا و دەروربەرمان وەك ئەوکاتە بێت ، کە تێنەگەیشتبووین ... زانینی راستەقینە کەسایەتیەکان دەگۆڕیت و وایان لێدەکات بەجۆرێکی دی بڕواننە ئەو واقعەی لەناویدا دەژین ... زانینی راستەقینە چرکەیەکی سەرەکی جوڵەیە بەرەو گۆڕانکاری و بیرکردنەوە لە دۆخێکی باڵاتر و باشتر، ئەم مەسەلەیەش لەهیچ شتێکدا هێندەی باسکردن لە مەسەلەی ژن ئاشکرا نییە .. ناتوانین باسی ژن و کێشەکانی بکەین ئەگەر بەر ئەو جیهان و واقعە نەکەوین ، کە ژنی لە ناودا دەژی ... باسکردنی ژن پەیوەندیەکی راستەوخۆی بە باسکردنی واقعێکەوە هەیە ، کە دەبێ بگۆرێت و وەك خۆی نەمێنێتەوە ... لایەنگری ژن و کێشەکانی لایەنگرێکی زارەکی مافەکانی ژن نییە ، بەڵکو دەستنیشانکردنی هەڵوێستێکی رەخنەگرانەیە بەرامبەر بە دنیا و کارکردن بۆ گۆڕانی ... جۆرێکی تازەیە لە بینین و روانگە ، کە رەنگدانەوەی لە سەر رەفتار و کردار و کۆی ژیانی رۆژانەمان هەیە بەڵگەکانی زانین لە رۆژمێری ژیانی رۆژانەدا دەدۆزینەوە نەك لە رادە و ئاستی زانیاریدا.


بەراستیش بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تراژیدیە ببینین و بزانین ، کە لەناویدا دەژین دەبێ لەمەسەلەی ژن تێبگەین ، ناسینی ژن لەهەمانکاتدا ناسینی ئەو واقعە تاڵ و نادادپەروەرەیە ، کە مرۆڤەکان لەناویدا دەژین ، ناسین و زانین کێشەکانی ژن ئەو بەهەشتە درۆزنانەمان لێدەستێنی ، کە وادەزانین لەناویدا دەژین و بیری رەنج و ئازار و کێشەکانمان دەخاتەوە.


(بەهەشت و ژن) ئەو دوو چەمکە دێرینەی کە لە چیڕۆکە هەرە دێرینیەکانی دینەوە بەیەکەوە گرێدراوون ،چیرۆکی دەرکردنی ئادەم و حەوا لە بەهەشت ، کە لە کتێبە ئاسمانییەکاندا باسکراوە ، چیرۆکی دەستگەیشتنی مرۆڤە بەزانین ، ئەریك فرۆم و یەکێك لە بیریارە ئیسلامیەکان بەناوی دکتور "عەلی شەریعەت"ی لە خوێندنەوەیاندا بۆ ئەم چیرۆکە ، جەخت لەوە دەکەن ئەو درەختەی حەوا هانی ئادەم دەدات بیخوات درەختی زانینە (لە تەوراتدا بەئاشکرا دەڵێت ، کە درەختەکە ناوی درەختی ، بەڵام لە قورئاندا ناوی درەختەکە نەهاتووە) واتە ئادەم و حەوا ئەو دەمەی لە درەختی زانین دەخۆن هوشیاری پەیدا دەکەن و بەم هوشیاریەش ئەو دەروربەرەی ، کە پێشتر لەناویدا بەبێ هوشیاری دەژیان هەموو ئاشنایەتی و ئارامی خۆی لە دەستدەدات.


شەریعەت دەڵێت " هاتنە خوارەوەی ئادەم لە بەهەشتەوە بۆ زەمین .... لە خۆشبەختی و ئاسایشەوە بۆ رەنج و دڵەڕاوکێ هەمان گواستنەوەی مرۆڤە لە ئارامی نەبوونی هوشیاریەوە بۆ دڵەڕاوکێ و رەنج و تەنیایی سەردەمی خودهوشیاری " ئەو گوناهەی ئادەم و حەوا بە هاندانی سەرەکی حەوا بە هاندانی سەرەکی حەوا ئەنجامی دەدەن گوناهی زانین و خود هوشیاریە ... شەریعەت دەڵێت هەربۆیە کاتێك خودا پاش گوناهەکە بانگی ئادەم دەکات بۆ یەکەمجار ئادەم خودهوشیار دەبێت بەرووتی جەستەی خۆی و خێرا هەوڵدەدات رووتی لەشی بشارێتەوە بەم مانەیەش دەبوو حەوا سیمبولی زانین و ئیرادە و هوشیاری بێت، ئەو سیمبولە بێت کە مرۆڤ بۆ ئیرادەی زانین و ریسککردن پێویستی پێیەتی ، بەڵام ئەو وێنایەی لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا بۆ ژن هەیە تەواو پێچەوانەی ئەو ئاماژانەن ، کە تەنانەت لە چیرۆکە دینیەکانەوە سەرچاوە دەگرن لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا ژن وەك بونەورەێکی کەم عەقڵ لاواز و بێدەسەڵات وێنا دەکرێت ، کە هەمیشە پێویستی بەسەرشتیارێکی پیاو هەیە ، کە چاودێری بکات و ئاگای لێبێت ... باوك - مێرد - برا هەریەك بەجیا و بەشێوەی جیاواز و لەقۆناغی جیاوازدا خۆیان بەسەرپەرەشتیکەر و چاودێر و ئامۆژگاریکەری ژن دادەنێن ، ئەوان سنورەکانی رەفتارکردن و نەکردنیان بۆ دەستنیشان دەکەن.

______________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jinuciyawaziy.htm

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک