په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠٢٥

ژیریی دەستکرد.. هەڕەشە یان پێشکەوتن؟


ڕەهەند شاخه‌وان برایم  


ڕەخنەکان لە ژیریی دەستکرد، زیاتر وەک ترسێکی کینەهەڵگر و دژە شارستانییەت وان، وەک لەوەی لەبارەی خودی تەکنەلۆژیاکەوە بن لە بەرانبەر ئەم پێشکەوتنە ڕادیکاڵ و خێرایە. ئەم جۆرە هێرشە لودیزمییانە، کە ڕێبازێکی دژە تەکنەلۆژییە، هاوشێوەی ئەو نموونە مێژووییانەن کە تێیدا نوێگەری و پێشکەوتنە وەرچەرخێنەرەکان هەر لە داهێنانی چاپخانەوە تا کارەبا لە سەرەتادا وەک هەڕەشەیەک بۆسەر کۆمەڵگە و سەقامگیریی ئابووری سەیر دەکران و سووکایەتییان پێ دەکرا، کەچی ئەمڕۆ دەبینین هەموومان خاڵین لە ڕق و کینەی ئەو نوێگەری و پێشکەوتنانەی کە پێشتر لودیست و ئەنارشۆ-پرێمیتیرڤیستەکان وەک هەڕەشە سەیریان دەکردن.

زۆربەی ئەو هێرشانە لە کەسانی ئەقڵ چەقبەستووەوە سەرچاوە دەگرن، سنووری بیرکردنەوەیان زۆر بچووکترە لە سنوورەکانی پێشکەوتنێکی گەورەی وەک ژیریی دەستکرد، نەک هەر ژیریی دەستکرد، بگرە مێشکییان هیچ نوێگەرییەک قبوڵ ناکەن. پێویستە لەوە تێبگەین کە ژیریی دەستکرد، ژیریی مرۆڤ بێبەها ناکات، چەمکی ژیری موڵکی تاکە شتێک یاخود تاکە توخمێک و ڕەگەزێک نییە تاکو وابزانن ژیریی دەستکرد بەهای ژیریی مرۆڤ بۆ خۆی دەبات، چەمکی ژیریی موڵکی گەردوون و ژیانە. ژیریی دەستکرد جێگرەوەی توانای ئەقڵیی مرۆڤ نییە، بەڵکوو تەواوکردنیەتی. پێشکەوتنێکی لۆژیکییە لە گەشتە هەزار ساڵییەکەی توخمی ئێمەی مرۆڤ بۆ ڕەهاکردنی بیرکردنەوەمان.

زۆر جار دەبیستین کە ژیریی دەستکرد بە بێهەست و بە بێئەخلاق(لە لایەنی نەبوونی سیستەمێکی جیاکاری نێوان چاکە و خراپە) ناودەبرێت، ئەرێ بەڕاست ئەوانەی ئەم جۆرە قسەیە دەکەن لە بنەماکانی پەیوەندیی نێوان ئافراو و ئافرێنەر تێدەگەن؟ سەرهەڵدانی ئەم سیستەمانە لە لووتکەی وردبینیی مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن، وردبینیی ماتماتیکی، کۆد و پێداچوونەوەی تاقەتپڕووکێن بۆ پشتڕاستکردنەوەی.

ڕاستە ژیریی دەستکرد بێهەستە، بەڵام ئایا ئەم جۆرە قسەیە لۆژیکییە؟ بێگومان نەخێر، ژیرییە دەستکردەکان لە ڕێگەی ئەلگۆریثم و ڕێسا ماتماتیکییەکانەوە کار دەکەن نەک هەست و سۆزی ڕۆحلەبەر! داڕشتنی هەموو ئەو ئەلگۆریثم و ڕێسا ماتماتیکییانە بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤە. ناکرێ ژیریی دەستکرد بە مرۆڤ بچوێنرێت، تۆمەتبارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە بە بێهەستییەکەی و بێسۆزییەکەی وەک ئەوە وایە لە باسی مایکرۆوەیڤ بڵێیت مایکرۆوەیڤ خراپە چونکە خواردنەکەم بۆ خۆشتر ناکات، سرووشتی مایکرۆوەیڤ وایە کە تەنیا بۆ گەرمکردنەوەی خواردنە، نەوەک خۆشترکردن و زیادکردنی کەرەستەی زیاتر بۆ خۆشترکردنی خواردنەکە، سروشتی ژیریی دەستکردیش وایە کە شتێکی نەبێت بەناوی هەست و سۆز، پێویستە لە «سرووشتی بوون» تێبگەین و شتەکان تێکەڵ نەکەین بە یەکتر. تواناکانی کارکردنی ژیریی دەستکرد لە چوارچێوەیەک دان کە مرۆڤ بۆی داناون، ناتوانن لەو چوارچێوەیەدا بێنەدەر و لە کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەربچێت، بۆیە ژیری دەستکرد وەک چەقۆی ناوقەدی مرۆڤێک وایە، مرۆڤەکە بەرپرسیارە لەوەی کە ئایا بەم چەقۆیە کوشتار دەکات یاخود نا.

لە ڕووی ئابوورییەوە، ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی توانابەخش بۆ مرۆڤ کاردەکات. ئەمە سنوورەکانی کارە دەستی و تاقەتپڕووکێنەکان دەشکێنێت و کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە، بۆشایی بۆ بیرکردنەوەی قووڵی نوێگەری دروست دەکات، ئەم بۆشاییەش دەبێتە سەرچاوەیەکی ئەقڵیی گەورە بۆ بەرهەمداربوونی مرۆڤ. لە کۆمەڵگە و کۆمپانیا خۆگونجێن و داینەمیکییەکاندا، ئەوانەی کە بە ئاسانی توانای خۆگونجاندن و گەشەکردنیان هەیە لەگەڵ ئەم نوێگەرییانەی لە جیهاندا ڕوو دەدەن، ئەم کاریگەرییە زۆر خێراترە، زۆر زووتر دەگەنە خاڵی بەرهەمهێنان و نوێگەری و قازانج لێی. ئەوانەی پێیانوایە تەکنەلۆژیا جێگەی کارەکان دەگرێتەوە و کارەکان لەناودەبات، بەتەواوی بێئاگان لە مێژووی پیشەسازی و پێشکەوتن، هەر جارێک و هەر گۆڕانکارییەک لە پیشەسازیدا ڕوویدابێت بێگومان لەوەی پێش خۆی باشتر بووە، هەڵبەتە کارەکەت جێگەی ناگرترێتەوە، بەڵکوو گۆڕانکاری بەسەردادێت. هەموو ئەو شۆڕشە پیشەسازییانەی ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، لە سەرەتادا وەک هەڕەشە بینراون و دەبینرێن، لە ڕاستیدا تەنیا میکانیزمێکی پەرەسەندنی بازاڕە کە تێیدا مرۆڤ دەچێتە ئەو تاکە بوارەی کە توانادار و شارەزایە لێی.

ئەوانەی پێیانوایە مرۆڤ چەقی بوونەوەرانە، هەزاران ساڵە ئەم جۆرە مرۆڤانە پشت بەوە دەبەستن کە مرۆڤ بۆیە چەقی بوونەوەرانە، چونکە مرۆڤ خاوەنی هۆشە، لە کاتێکدا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بە باوبوونی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ڕاستیدا نرخی مرۆڤی کەمکردووەتەوە لە نێو کۆمەڵگەکەدا، دەبینین کە هەر کۆمەڵگەیەک وا بیربکاتەوە لەو کۆمەڵگەیانەن کە لەوپەڕی دواکەوتوویی و نامرۆڤیدان. ژیریی دەستکرد دێت و دەیسەلمێنێت کە ئەقڵ و بیرکردنەوە شتێک نین کە تەنیا لە توانای مرۆڤدا بێت، ژیریی دەستکرد دەریدەخات کە مێشک جادوو نییە، بەڵکوو بیرکارییە، خەسڵەتێکی درووستبووی سیستەمی ئاڵۆزە کە بەپێی یاساکانی فیزیا کار دەکات.

ئەم دەرخستنە نە بە کەمزانینە، نە ترسێنەرە؛ بەڵکوو ئازادمان دەکات لە بیروڕا کۆن و وەهمییەکان دەربارەی زانین. پێویست ناکات بە بیرکردنەوەکان و تێڕامانەکان بڵێین ڕۆح یان شتی نادیار، کاتێک دەبینین هەمان پرۆسە لە سیستەمی کۆمپیوتەریشدا ڕوودەدات. ئەرکی ڕەوشتیی ئێمە ئەوە نییە کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا ڕابگرین، بەڵکوو دەبێت ڕێگەی پەرەسەندنی لەگەڵ بەرزیی مرۆڤایەتیدا هاوسەنگ بکەین.

ژیریی دەستکرد، پێویستی بە هاوسەنگییەک لە نێوان پەرەپێدان و کۆنترۆڵکردن هەیە کە تێیدا پێویستە سیستەمێکی چاودێریی چەند ڕەهەندی دروست بکرێت. ئەم سیستەمە لە سێ ئاستی جیاوازدا کار بکات: لە ئاستی ڕەوشتیدا، دروستکردنی ئەنجوومەنێکی ڕەوشتیی تەکنەلۆژیا لە سیستەمە پزیشکی و یاسایی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دیاریکردنی ڕێنمایی و یاسا ڕەوشتییەکان، وەک پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی. لە ئاستی تەکنیکیدا، پێویستە پشکنینی بەردەوام بۆ سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد بکرێت بەمەبەستی بنبڕکردنی گەندەڵی لە کارکردندا و دڵنیایی لەوەدا هەبێت کە ژیریی دەستکرد بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پێویستە پەیماننامەیەکی گشتی هەبێت کە سنوور و یاسای گشتی دیاری بکات.

گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەم سیستەمە کارگێڕییە نێودەوڵەتییە گشتییە دەبێت وەک زیندەوەرێکی گەشەدار بێت و خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکان بگونجێنێت. پێویستە لەو یاسا توندانە ڕێگر بین کە دەبنە هۆی ڕاگرتنی پەرەسەندن، و لەو جۆرە سیستەمە مەترسیدارەش دوور بکەوینەوە کە دەبێتە هۆی نەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەر ژیریی دەستکرددا. لەبری ئەوە دەبێت سیستەمێکی زیرەک دروست بکرێت کە لە کاتێدا هانی داهێنان و پەرەسەندن بدات و لە هەمان کاتێکیشدا چاودێری توند لەسەر کارەکان بکات. بەم شێوەیە، دەتوانین ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی گرفتە گەورەکان بەکاربهێنین، لەکاتێکدا کە ڕێگە لە مەترسییەکانی دەگرین و لەژێر کۆنترۆڵماندا دەرناچێت، ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نێوان حکوومەت، زانکۆ، کۆمپانیای تەکنەلۆژیی و خەڵکی مەدەنی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی پێشکەوتووی لەم شێوەیە هەیە.

ئەو کەسانەی دژی ژیریی دەستکرد دەوەستنەوە بە بیانووی ئەوەی زیانی هەیە، وەک ئەوە وایە کە دژی یاساکانی سروشت بجەنگن. سروشت هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕوات و شتەکان ئاڵۆزتر دەبن. گەردوون مادەکانی ڕێکخست، شارستانییەت کارەکانی مرۆڤی ڕێکخست و ئێستاش ژیریی دەستکرد زانیارییەکان ڕێکدەخات. ئەم پێشکەوتنە نە ڕێکەوتە، نە هەڵبژاردە، بەڵکوو لە لۆژیکی سیستەمە ئافراوەکاندایە. دژایەتیکردنی بریتییە لە داکۆکیکردنی چەقبەستوویی گەردوونێک کە هەمیشە چرکە بە چرکە لە پەرەسەندندایە.

ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی ڕەخنەگران، لەگەڵ ئامێرەکان نییە، بەڵکوو لەگەڵ خودی مۆدێرنیزمە کە ئامانجی بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی ئەقڵی مرۆڤایەتییە. ژیریی دەستکرد نیشانمان دەدات کە زانیاری و توانا تایبەت بە کەسێک نییە، بەڵکو گشتییە و هەمووان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن.

دوو ڕێگەمان لەبەردەستدایە، یەکەمیان ئەوەیە لەسەر ڕێگە کۆنەکان بمێنینەوە و پێشکەوتن پەکبخەین. دووەمیان ئەوەیە ژیریی دەستکرد بۆ چارەسەرکردن و شیکارکردنی ئاڵۆزییەکان و گەشتن بە شوێنە دوورەدەستەکانی جیهانی زانست بەکاربهێنین. هەڵبژاردنی یەکەم بەرەو بێکاریت دەبات، بەڵام هەڵبژاردنی دووەم بەردەوامبوونە لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤ. کەواتە ژیریی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی.
 

 

rahandshakhawan@gmail.com



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک