|
٢٥\٨\٢٠٢٦
ژیان بۆ پاشەکەوتکردن نییە.

ئەرسەلان مەحمود
ئەی ئەو کەسەی لە
ترسی کۆتایی
سەرەتاکان لە تاریکستانی گوماندا دەشاریتەوە،
نا - مەڵێ: با عەشق بۆ سبەینێ بێت!
گەردوون سندووقێکی نهێنیی نییە
بۆ یاداشتکردن و هەڵگرتنی چرکەساتەکان،
کات، درۆزنترین داهێنانە
بۆ فریودانی مەرگ و پەردەپۆشکردنی فەنابوون.
سەیرێکی ڕووبارەکان بکە:
ئاوێک پاشەکەوت بکرێت،
دەبێتە زۆنگاوێکی خەوتوو
لە فەزایەکی بێدەنگدا.
تەماشای ئەستێرەکان بکە:
ڕووناکییان بە تاریکییەکانی
سەدەی داهاتوو نابەخشن،
بەشکۆوە دەسووتێن و
دەبنە قوربانیی درەوشانەوەی ئێستا.
ڕۆحمان، تیانووسی خەزنکردنی هەستەکان نییە،
نا - دڵمان، کۆگەی ماچە نەدراوەکان و
باوەشە ساردەوەبووەکان نییە.
ژیان، پەرداخێک شەرابی ئەرخەوانییە
بە لێوار مێزێکی ڕەق و لەرزۆکی وەهمەوە:
یان دەبێت تا دڵۆپی کۆتایی مەستانە بنۆشرێ،
یان دەبێت چاوەڕێی گێژەڵووکەیەک بکەین
تا بەسەر زەویدا بڕژێت و ببێتە
بەشێک لە فەرامۆشییەکی ئەبەدی.
وشەکانت لە تاریکتارینی گەروودا
مەکە بە سەهۆڵبەندانی بێدەنگی،
ئەو عیشقەی بە دەمارەکانتدا دەگەڕێ،
با نەبێتە حەسرەتێک بۆ قەرەبووکردنەوەی
ڕۆژانێکی هەرگیز نەهات.
وەرە با تەمەن لە ناو حەقیقەتی ڕووناکیدا بەسەر بەرین،
پێش ئەوەی با بێت و
مۆمی هەناسەکانمان بکوژێنێتەوە،
پێش ئەوەی زەمەن بە پێکەنینێکی تاڵەوە
چرپە بکات بە گوێماندا و بڵێ:
بەختەوەر ئەوانەن تێگەیشتن
ژیان بۆ پاشەکەوتکردن نییە،
بۆ بەخشین و سووتانە
لە پێناو مانادا.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|