په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٦

"ژیان لەسەر سنوور"

لە فیستیڤاڵی فیلمی "تیبوڕۆن"ی ئەمەریکی نمایشدەکرێ.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی کوردیی "ژیان لەسەر سنوور" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشدەکرێ.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای فیلمی ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١١ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی سینەما.


ئەم ڕووداوە سینەماییە فیستیڤاڵێکی سەربەخۆیە و بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە جیھان و کولتوورە جۆراوجۆرەکان لە ڕێگای بینینی فیلم بە کوالیتەی بەرز و ھونەریی سینەما و ھەروەھا دەوڵەمەندکردن و زانیاریی فەرھەنگی، بە دروشمی "تێگەشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی ئەمەریکا دامەزراوە.


پازدەیەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە ڕۆژی ٨ی ئەپرێل لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمەریکا دەستی پێکردووە و تاکو ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠١٦ بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما درێژەی دەبێت.


لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین" بە باشترین کورتە فیلم، باشترین فیلمی بڵیند، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین دەرھێنان، باشترین ئەنیمەیشێن و ھەروەھا باشترین فیلم خوێندکاریی پێشکەش دەکرێت.


"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ڕۆژانی ٢ و ٧ی نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی "نمایشی تایبەت" لە بیست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیلنیوس" لە وڵاتی لیتوانیا نمایشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە کە بە "بەھاری فیلم" ناسراوە، یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرھەنگییەکانی لیتوانی و بەنرخترین فیستڤاڵی سینەمایی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار، بیست و یەکەمین خولی بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣١ی ئادار تا ١٤ی نیسانی ٢٠١٦ لە شاری ڤیلنیوس پێتەختی وڵاتی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.

تریلێری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور":

www.youtu.be/VOMo-84DoNY
بۆ زانیاریی پتر:

http://www.tiburonfilmfestival.com/filmInfo.php?film_id=9197
http://www.tiburonfilmfestival.com/contactInfo.php?contact_id=15822
 

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک