په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١٤

ژیاننامەی (سەگێک)!


جەلال قادر     


نزیکەی هەشت نۆ ساڵ دەبێت { لیندا و چارلی} هاوسێمن، کە هەردووکیان تەمەنیان نزیک پەنجاوپێنج سالێک دەبێت. سەگێکی بچکۆڵانەشیان هەیە نازناوی (سۆنی) یان لێناوە. دێتەوە یادم ئەو کاتەی ئەم سەگەیان بە تووتکەیی هێنایەوە ماڵ، وەک مندالێک بەخێویان کرد وبێ ئەندازە خۆشیان ویست. منیش لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا لەگەڵ (سۆنی) ببوومە هاوڕێ، هەر کات منی بدیتایە بە غاردان بەرەولام دەهات و خۆی پێما هەلدەگژان، بۆی دادەچیمەوە و دەستم بەسەریدا دەهێنا، ئەویش کڵکی بادەدا. (سۆنی) سەگێکی بچکۆلانەو زیرەک بوو، بە ڕەگەز (یۆرکی) بوو.


بەیانییەکیان کە لەخەو هەڵسام لەپەنجەرەی ژوورەکەمەوە (لیندا)م بینی کلینکسی بەدەستەوەیەو دەگری، (چارڵی)ش سەگەکەی لەباوەش گرتبوو بە خەمبارییەوە خستییە ناو ماشێنەکەوە. بەغاردان خۆم گەیاندە لایان و پرسیم چی ڕوویداوە؟
- سۆنی دەبەین دەیخەوێنین!.
- بۆ؟
- تووشی شێرپەنجە هاتووە...
- بەداخەوە.. دڵ خۆتان تەنگ مەکەن، هەر دەبوایە ڕۆژێک بمرێت، نۆ ساڵ بۆ سەگێک بە ئەندازەی نەوەد ساڵی مرۆڤە..
- دەزانین...بەلام سۆنی سەگێکی تایبەت بوو.
دەستم بەسەر سۆنی هێناوخواحافیزیم لێکرد، ئەویش هەستیکربوو کە دوا ساتەکانی ژیانییەتی کەمێک نووزایەوە و ناو لەپی دەستمی لێسییەوە.


بۆ ئێوارە چووم بۆ ماڵی لیندا و چارلی... لیندا کراسێکی تەنکی لەبەرکردبوو لەبەر خەمی سۆنی ئاگای لە لەش و لاری ناسکی نەمابوو. لەگەڵیان دانیشتم و کەمێک دڵیانم دایەوە، پاشان داوام لێکردن کە هەرچی یادەوەری سۆنی هەیە لەماڵەوە بیشارنەوە.


لیندا دای لە پڕمەی گریان و وتی : سۆنی ئەم ماڵەی چۆڵ کردووە... هەرکات لەسەر قەنەفەکە پشووم بدایە قەپی لە کتێبێک گیردەکرد و بۆی دەهێنام. خۆشترین کات ئەو کاتە بوو بە ئارامی کتێبەکەم بۆ دەخوێندەوە، ئەویش بە تەنیشتمەوە پاڵدەکەوت و لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر پەڕەیەک دەجوولایەوەو سەری بۆ دەلەقاندم...ئای سۆنی خۆشمدەوێی و بیرتدەکەم.
وەلامیمدایەوە:- منیش لەبەر ئەم هۆیە نامەوێت هیچ گیانلەبەرێک بەخێوبکەم...بە تایبەت سەگ!.
چارلی بە ئەسپاییەوە وتی: خەمی من قورسترە!.
هیچ لەمەبەستی قسەکەی تێنەگەیشتم، لی سەرێکم بۆ بادا. پاش ئەوەی (لیندا) لێمان دوورکەوتەوە. هەستم کرد چارڵی بزەی پێکەنین لەسەر لێوی دەبزوێ.
- چییە چارلی؟ شتێک هەیە کە من نەیزانم؟
- بەلێ، نهێنییەک هەیە. نازانم چۆن پێتی بلێم!.
- هەر نهێنیەک بێت خەمت بڕەوێنێتەوە، خۆشحاڵدەبم.
پاش ئەوەی هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی، وتی : مردنی ئەم سەگە بۆ من فەرامۆشییەک بوو. چونکە ئەو کاتەی ئەم سەگەمان هێنایە ماڵەوە بڕیارماندا ناوێکی لێبنین، لیندا ڕازی بوو کە من نازناوێکی بۆ هەڵبژێرم. منیش ناویم نا (سۆنی)....
- باش...
- ئاخر ئەوە ناوی کۆنە دەنکەکەم بوو...وامزانی ئەگەر ئەم ناوەی لێبنێم ئیتر بەشێک دەبێت لەژیانم.
- ئەی پاش ئەوە چیبوو؟
- لەو ڕۆژەوە ژیانم قورستربوو، دەبوایە هەموو ڕۆژ بانگی ئەم تووتکە سەگە بکەم (سۆنی). ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە سۆنی بە زیندوویی لەگەڵمدا بژێت، ئێستاش کە سۆنی ڕۆیشتووە، نازانم چیبکەم؟!
بە پێکەنینەوە وتم : چارلی ..ئەگەر لیندا دەزانێت ئەم کەتنەت کردووە، شار بەدەرت دەکات.
چارڵی وتی : شەرمەزارم، بەلام چیبکەم جاران یەک (سۆنی )م هەبوو، ئێستا بوو بەدوان!.
وتم : گوێ بگرە چارڵی...مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت بە ئەندازەی سەگێک وەفای هەبێت، بەتایبەت تۆ ژنێکی جوان و نازدارت هەیە و خۆشی دەوێی و لەدەستی مەدە، ئەگەر دەتەوێت لە عەشق بگەیت، ئەوە عەشق کۆلانێکی بنبەستە و دەرچوونی بۆ نییە!.
لەگەل چارلی سەبەتە و جام و تۆپ و وێنەکەی (سۆنی)مان کۆکردەوە و لەژێر زەمینەکەیان شاردمانەوە.
دوای دە دەقیقەیەک دانیشتن، منیش ماڵەکەم بەجێهێشت.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک