|
٢٠\١\٢٠٢٦
کابرای دەوحەنشین
و خوێنی ڕۆژئاوا.

ئەرسەلان مەحمود
لە ڕاستیدا پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە قەرەداغی چی وتووە، بەڵکوو
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی ئێستا وتوویەتی؟ کاتێک خوێن لە گوند و
شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕژێت، کاتێک ژنانی کورد لە ماڵەکانیاندا
دەردەکرێن و منداڵەکانیان دەبنە قوربانی، بە قسە هاتنەکەی ئێستای
قەرەداغی بۆ دادوەری نییە، بۆ ڕەوایەتیدانە بە ستەم. ئەمە تەنها بە
دەنگهاتن نییە، ئەمە هاوبەشی چالاکانەی داگیرکەرە.
ئەگەر قەرەداغی ڕاستی دەوت کاتێک دەڵێت نەتەوەپەرست نییە، با ئەم
پرسیارانە لە خۆی بکات: بۆچی کوردایەتی لە دیدی ئەودا جیاوازە لە
عەرەبایەتی یان تورکایەتی؟ بۆچی بزووتنەوەی کوردی جوداخوازە، بەڵام
پڕۆژەی نەوعوسمانیزمی تورکیا قبووڵکراوە لە کاتێکدا دەیەوێت سەروەریی
خۆی بەسەر خاکی کوردی و تەنانەت عەرەبی و ئەوانی تریشدا بسەپێنێت؟ بۆچی
کورد کاتێک خوازیاری مافی خۆبەڕێوەبەری خۆیەتی توندڕەوە، بەڵام
دەوڵەتێک بە ناوی ئیسلامەوە بۆمباران و پاکتاوی ڕەگەزی ئەنجام دەدات
هاوپەیمانی ستراتیژیکییە؟
یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، لە دامەزراندنییەوە، خۆی وەک دەنگی
ئوممەت نمایش کردووە. بەڵام کام ئوممەت؟ ئایا کورد بەشێک نییە لەم
ئوممەتە؟ ئایا ئەو موسوڵمانانەی لە کۆبانی و شەنگال بەرەنگاری داعش
بوونەوە و ژیان و ئابڕووی هەزاران ئێزیدی و موسوڵمانیان پاراست، ئەوان
لە لیستی ئوممەت نەبوون؟ یان لە دیدی قەرەداغیدا ئوممەت تەنها ئەوانەیە
لەسەر هەمان ئەجێندای جیۆپۆلیتیکی دەوحە و ئەنقەرەن؟
ئەم پرسیارانە و دەیانی تریش لە دیدی قەرەداغیدا بێوڵام دەمێننەوە،
چونکە وڵامەکانیان پەردە لەسەر ڕاستییەک لادەبات قەرەداغی ناتوانێت
بیبینێت یان نایەوێ ببینێت: ئەو لە ڕۆڵی زانایی ئایینی دەمێک ساڵە
گواستوویەتییەوە بۆ ڕۆڵی وتەبێژی سیاسی. قەرەداغی پارچەیەکە لە ماشێنێک
سووتەمەنییەکەی خوێنی کوردە و ئاراستەکەشی هەر لەناوبردنی ئەو کەسانەیە
بە ناوی ئاشتییەوە بانگی خۆ بەدەستەوەدانیان بۆ دەکات.
لێرەدا دەگەینە خاڵێکی گرنگتر: ئاشتییەکەی قەرەداغی چ شێوەیەکی هەیە؟
لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا، ئاشتی واتای ئەوەیە کورد دەست لە چەک، ڕێکخستن،
یەکگرتوویی، شوناس و ناسنامە و هەموو ئەو دەستکەوتانە هەڵگرێ بە خوێنی
خۆی بەدەستیهێناون. واتە، ئاشتی لە چاوی قەرەداغیدا مردنی بێدەنگانەیە.
ئاشتی لە زمانی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵماناندا واتای ئەوەیە کورد
ببێتەوە بەو دۆخەی پێش ٢٠١١ - بێدەنگ، بێناسنامە، بێڕێکخراوە و بێ
هەموو ئەو بونانەی خودا داویەتێ.
کاتێک غەززە کەوتە بەر هێرش، قەرەداغی بانگەشەی مافی بەرگری دەکرد.
بەڵام بۆچی ئەم ماف بە کورد ڕەوا نابینێ؟ بۆچی کاتێک کورد بەرگری لە
خۆی دەکات، دەبێتە توندڕەو و جوداخواز و ملحید؟ ئایا خوێن لە غەززە
سوورتر لە خوێنی عەفرینە؟ یان ئەو مێتری دووانەی ماوەی دەقەکانی
قەرەداغی، مێتری هاوپەیمانییە نەک مێتری مرۆڤایەتی؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە
قەرەداغی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تایبەت لە دوای ٢٠١١، بووەتە بەشێک
لەو ماشێنە مەزنەی ئامانجەکەی دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوچەکەیە بەبێ کورد،
بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و دەوحە. پڕۆژەی کورد لە دیدی ئەو
بەرەیەدا ڕێگرە لەبەردەم نەوعوسمانییزم و هۆکارە نەمانەوەی تورکیا و
هەژموونەکەی.
نەخێر وتەکانی قەرەداغی تەنها بۆچوونی کەسی نین، بەڵکوو بەشێکن لە
پڕۆپاگەندایەکی پلاندارانە، ئامانجی ئەوەیە ڕەوایەتی ببەخشێتە ستەمکاری
و قوربانی وەک تاوانبار نمایش بکات. با هەموومان شتێک بزانین: ئەوەی
ئەمڕۆ قەرەداغی دەیکات، مێژوو لەبیری ناکات. مێژووی کورد لە بەڵگەنامەی
تاوانەکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ پڕە لە ناوی کەسانێک لە خاڵی
هەڵبژاردندا دوژمنیان بژاردە کرد. قەرەداغی ناوێکی تازەی ئەم لیستە
ڕەشەیە، ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی ئایینییەوە خوێنی کورد حەڵاڵ دەکات،
سبەینێ بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم دادگای گشتی ویژدانی مرۆڤایەتی و ئەو
میللەتە مەزڵومەدا. خوێنی ڕۆژئاوا نەک تەنها تۆمارێکی مێژووییە، بەڵکوو
پرسیارێکی ڕۆحییە دەنێردرێت بۆ قەرەداغی و هەر کەسێک لە فۆڕمی ئەودا:
ئایا تۆ لەگەڵ مرۆڤایەتیت، یان لەگەڵ بەرژەوەندی؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|