په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٤

کافرکردنی لایەنێکی سیاسیی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی

بێ رەوشتیی دەستە تیرۆریستیەکان دەسەلمێنێ.


فوئاد زیندانی      


ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە قەیرانی سوریا درێژەی هەیە ، هەرچەندە لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا کەبەشێوەیەکی دوور لەتوندوتیژی سەریهەڵدا بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەشێوەیەکی خوێناوی تر بارودۆخەکە درێژە دەدات ، چەندین تاوانەکانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی ڕوویاندا ، لەوانەش کۆمەڵکوژکردنی کوردەکانی نیشتەجێی شارۆچکەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ لە ٢١ ی تەموزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە تیرۆریستەکانی وەکو بەرەی نوسرە و داعش و چەندین ڕێکخراوی تر کە گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و هاوکات بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعسی سوریا و ووڵاتانی تورکیا و سعودیە و قەتەڕن ، هەروەها تازەترین کۆمەڵکوژی لە بەرەبەیانی ٢٠١٤/٥/٢٩ لە گوندی تلیلیە و تیمادی نزیک شاری سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەدژی دانیشتوانی سڤیلی ئەو گوندانە بەدەستی تاقمی تیرۆریستی داعش ئەنجامدرا ، پازدە کەسیان کۆمەڵکوژکرد کە منداڵی تەمەن (١١) مانگی تا مرۆڤی تەمەن حەفتا ساڵیان تێدابوو . سەرۆکی داعش کەنازناوی (ئەبوبەکر ئەلبەغدادی) بۆخۆی داناوە ئەفسەرێکی پلەداری دەزگای هەواڵگری (مخابەرات) ی ڕژێمی پێشووی عیڕاق سەردەمی سەدام حسێن بوو ، داعش بەناوی جیهادکردن و بەهاوکاری ووڵاتانی وەکو تورکیا و سعودیە و قەتەڕ و کۆنە بەعسیەکانی عیڕاق و ڕژێمی بەعسی سوریا ڕۆژانە لەناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەدژی خەڵکی سڤیل تاوانەکانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدا ! لێرەدا پرسیار ئەوەیە هیچ موسڵمانێک هەیە نەزانێ کوشتنی منداڵی ساوا و ژن و پەککەوتە تاوانە ؟ بۆچی ئیدانەی ناکەن ؟ مامۆستایانی ئایینی لە ووتارەکانی ڕۆژی هەینی بۆچی ووتاری لەسەر نادەن و ئەو تاوانە بە موسڵمانان بناسێنن؟

 

داعش لە دوای کۆمەڵکوژیەکەی گوندی تلیلیە ڕایگەیاندووە کە کوردەکانی یەزیدی کۆمەڵکوژ کردووە! دواتر دەرکەوت زۆرینەی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە بەڕەگەز (عەرەب)ی ناوچەکانی تری سوریان لەبەر بارودۆخی شەڕ ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوون لە گوندێکی کوردانی باوەڕمەندی یەزیدی نیشتەجێبوون ، باوەڕمەندانی یەزیدیش بەهۆی تیرۆرەوە پێشترئەو گوندەیان چۆڵکردووە واتە گوندی تلیلیە . داعش و گرووپە تیرۆریستیەکانی تری گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا ئەرکی سەرەکیان شەڕکردن و هێرش کردن بووە بۆ سەر ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، بەهەمانشێوە لەناوچەکانی تری وەکو حەلەب و هەرشوێنێکی تری سوریا بەدەیان و سەدان کوردی بێتاوان دەڕفێنن ، دەستبەسەر دەکەن و بەتاوانی کوردبوون دەیانکوژن ، هەموو ئەو هێزە تیرۆریستیانە کاتێک کوردان دەکوژن یان کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدەن ڕایدەگەیەنن کە کورد کافرن ، بە فەتوای (تەکفیر) دانیشتوانی گوندێک یا شارۆچکەیەکی کوردی کۆمەڵکوژدەکەن نەک لەبەر ئەوەی موسڵمانن یان نا بەڵکو لەبەر ئەوەی کوردن ، ئامانجی ئەو تاقمە تیرۆریست و بەکرێگیراوانە بێگومان داگیر کردنی ڕۆژئاوای کوردستان و پاکتاوکردنی کوردە ، ئەوەش پلانێکە تورکیا و سعودیە و قەتەڕ و ڕژێمی بەعسی و چەند ووڵاتێکی تری هەرێمی دایانڕێژتووە و کاری ڕۆژانەی لەسەردەکەن ، یارمەتی لۆجیستی و سەربازی و پزیشکی و پڕچەککردن پێشکەشی ئەو تاقمە تیرۆریستیانە دەکەن . تاکە هێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەموو پیلانگێڕیە و هێزە تیرۆریستیانەی هەبێت ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یە ، ئەو هێزە کوردیە بووە بە سونبولی خۆڕاگری بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ، لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆریانداوە و توانیویانە چۆک بەدوژمن دابنێن پیلانەکانی تیرۆریستان و ووڵاتانی هەرێمیی دژبەری کورد تێکبشکێنن.


هێزە تیرۆریستیەکان لەڕێگەی کەسانێکی کوردی باوەڕمەندی خۆیان کە هاوشێوەی ئەبوبەکر بەغدادی پێشتر بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعسی و دەزگا جاسوسیەکانی سەدام حسێن بوون ، هەوڵدەدەن لەڕێگای چەند کەناڵێکی کوردی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان (تەکفیر)ی حزبە عەلمانیەکانی کوردی بکەن بەمەبەستی حەڵاڵکردنی خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ، نموونەش لەسەر ئەو هەوڵە چەپەڵە لەچەند شەوی ڕابردوو لەکەناڵی ڕووداو بینرا ، کاتێک کۆلەوارێکی وەکو د.ع.مەدخەلی بەناو ئیسلامی سیاسی (تەکفیر)ی حزبی شیوعی کوردستانی کرد . ئەگەر سەیری چەند فەتوایەک لە فەتواکانی بانگخوازە ئیسلامیەکان بکەین ئەوکات دەزانین کێن ئەوانەی تەکفیری خەڵک و لایەنە کوردیەکان دەکەن و باسی جیهادکردن دەکەن ، بۆ نموونە : بانگخوازی سعودی (ناصر العمري ) ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو جیهادیەکان لەکاتی جیهادکردن ئەگەر( ژن )یان لەلا نەبوو سێکسی لەگەڵ بکەن ئەوا دەتوانن لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان سێکس بکەن حەڵاڵە!!!، بانگخوازێکی تری سعودی (محمد العریفي) بەهەمانشێوە ڕایگەیاندبوو جیهادیەکان لەکاتی پێوویست دەتوانن لەگەڵ هاوڕەگەزەکانیان واتە (ڕەگەزی نێرینە ) سێکس بکەن حەڵاڵە !!! لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت بەفەتوای ئەو تاقمە بەدڕەوشت و بێ مۆڕاڵانە و هاوشێوەکانیان لەهەرێمی باشوری کوردستان حزبێکی پێشکەوتووخوازی وەکو حزبی شیوعی کوردستان (تەکفیر) دەکرێ و لەڕۆژئاوای کوردستان گەلێکی تێکۆشەری وەکو گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێ! کافرکردنی لایەنێکی سیاسیی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی بێ رەوشتیی دەستە تیرۆریستیەکان دەسەلمێنێ.
 


fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک