په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٠

کاکەبرام سەردەشت، ئەمە سەردێڕە نوێکەیە!

سەلام عەبدوڵا   


لەو کاتە درەنگە کە هێشتا هەوڵی سکترکردنی دەنگی عەبدێکی تاریکسان بووم لە پایتەختی وەڵاتەکەم؛ عەبدێک دڵی بە زیندانکردن تا کوشتنی دەنگی بەرامبەر خۆشە، لەو کاتە هەوڵمدەدا بەر بە خزمەتچییەکانی سەرمایە بگرم وپێیان بڵێم نووسینەکانتان هیرۆئینە بۆ گەلە هەژارو ستەمدیدەکەم، لەو کاتە کە بێدەنگی باڵی بەسە دنیا راگرتبوو، هەواڵی کوشتنی قەڵەم بەدەستێکم بیست!


ئەمە چ کاتێکی تەڵخ و دڵگوش و رەشە براکەم، براکەم?
ئەوە چ روویداوە؟
سەردەشت لە کوێیە؟
چ دەکات لە موسل؟
کام دەستی رەش؟
تیرۆرکرا؟


سیناریۆیەکی ئامادەکراو دووبارە دەکرێتەوە: نەناسراوێک بە تەلەفۆن هەڕەشە کوشتن لە خاوەن قەڵەم دەکات و پاشان ئۆتۆمبیلێکی ئامادەکراو، پەتی خنکاندن، رفاندن، دەمانجەی بێدەنگ، تۆردانی گیانی بێتاوانی قوربانی لەشوێنێکی نادیار، ئەوجا خوێندنی مانشێتی هەواڵی کوشتن لە ماڵپەڕو رۆژنامەکان!
ئێمە چی تر ناپرسین کێ و بۆ و کەی و لە کوێ


هەموو زانیارییەکان بایی پوشێک نرخیان نەما، چونکە کۆپی میتۆدی کوشتنی رێکخراو بە وێنە بەعسییەکەی دەستیپێکردووە!


دەزگاکانی پۆلیس، ئەمنییەت و حزبەکان ئاگادارنین و وەک هاوڵاتیان بە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن ئاگاداری ئەو جۆرە تیرۆرەن!
تاوانبار: نادیارە!


قوربانی: رۆژنامەسە یا نووسەر!


برا دڵنیابە کاروانی بەرەنگاری هێزە کۆنەپەرەست و گەندەڵ و چەوسێنەرەکان درێژەی دەبێت و ئەگەر ئیمڕۆ نامەردانە زەفەریان بە سەردەشت برد، سبەی هەوڵدەدەن زەفەر بە خاوەن قەڵەمێکی تر ببەن، بەڵام یەک راستی هەیەو ەبێ هێزە تیرۆریستەکان بیزانن: مەحاڵە ئێوە بەو ئەقڵە بۆگەن و دەستە خوێناویە بتوانن کاروانی ئازادی ئینسانی لە جەوروستەم رابگرن و لەو پێناوە،نە سڵ لە فتواتان دەکەینەوە، نە لە زیندان و سنگمان زۆر بەرفراوانترە لە فیشەی قینەکانتان!


یان ئازادی مرۆڤ لە ستەمکاری، یان مردن!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا