٥\١\٢٠٢١
کامە کورد؟
- سەرنجێک لەسەر قسەکانی مەسعود حەیدەر -

عەبدوڵا ساڵح
ئێوارەی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣/١/٢٠٢١ مەسعود حەیدەر ڕاوێژکاری سەرۆکی
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی تاو توێ ی تەلەفزێۆنی ئێن ئاڕ تی
لەسەر پەیوەندی نێوان ھەولێر وبەغدا و پشکی (کورد) لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١
ی دەوڵەتی عێڕاق قسەی کرد، من ناچمە سەر باسی ووردەکاری قسەکانی، بەڵکو
تەنیا فۆکۆس دەکەمە سەر ووشەی (کورد) کە لەم دەستەواژانەدا ئیشارەی
پێدا: (مافی کورد لە بەغدا)، (ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتوو بێ)،
(پێویستە ئەندام پەرلەمانەکانمان داکۆکی لە مافی کورد بکەن)، (شیعەکان
زیاتر لە ھەزار ملیار دۆلاریان دزیوە بەڵام دژایەتی کورد دەکەن)،
(گروپی ١٥ لەپەرلەمانی عێڕاق دژی کورد قسە دەکەن)...
جگە لە مەسعود حەیدەریش، ڕۆژانە چەندین جار لە شوێنی جیا جیا، بەنوسراو
دەیبینین، یاخود گوێمان لەم جۆرە دەستەواژانە دەبێ کە (کورد )وەک یەک
کوتلەی مونسەجیم و ھاو بەرژەوەند تیایدا وێنا دەکرێ ! بیریشمان نەچێ
ئەم بەکارھێنانە لە نوسینەکانی زۆرێک لەوانەش دا ھەیە کە وەک ڕۆشنبیر
ونوسەر دەناسرێن!
لێرەدا گشتگیریەک بەدی دەکرێ کە نەک تەنیا نادروستە، بگرە دووریشە لە
واقیعەوە، لە جیھانی ئەمڕۆدا، ئەوەی مرۆڤەکان یەک دەخا یا خود لێکیان
جیا دەکاتەوە، بەڕای من، زمان، ئایین، خاک یا داب ونەریت و شتی لەو
بابەتە نیە، بەڵکو بەرژەوەندیە، بەرژەوەندی ئابوری کە دواتریش
لەبەرژەوەندی سیاسیدا ڕەنگدەداتەوە. گشتگیری و یەکبوون و یەک چارەنوس
لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەڵێ : ( من چۆن دەژیم و تۆ چۆن دەژی
). خۆ ئەردۆگان بەکوردی نادوێ ؟ ئەی ئەم دۆستایەتیە پتەوە لەگەڵیدا
لەکوێوە ھاتوە!؟
ئاخر چۆن کرێکارێکی بەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی کە سبەی تائێوارە
دەوەستێ تا یەکێک ھێزی کاری لێبکڕێ، ئەگەر بەختیش یاوەری بوو بۆ وەگیر
کەوتنی کارێک، ئەوا ئێوارە چەندین سکی برسی چاوەڕێی دەکەن ودەمیان
کردۆتەوە بۆ لەتە نانێکی گەرم لەگەڵ ئەوانەی لە تێریدا جیم و شوێنی
وەرزشیان ھەیە تاکو لەشیان بە باریکی بمێننەوە دەبنەیەک ؟، چۆن کەسێک
لە برسا ناچارە ڕابکا بەشوێن ژیاندا ھاوبەرژەوەندە لەگەڵ کەسێک کە
لەتێریدا ڕا دەکا، چۆن گەنجێکی سەرجادە و بێکار و گیرفان خاڵی دەچێتە
ڕیزی ئەوانەی لە قومارخانەکاندا شەوانە بەملێۆن دۆلار دەدۆڕێنن، چۆن
ئەو کارمەندەی بەدرێژایی ساڵێک چەند لەتە موچەی پێدەدرێ لەگەڵ ئەوانەی
بە جەڕڕە قەڵەمێک وەک لێزمەی باران دۆلاریان بەسەدا دەبارێ یەک
بەرژەوەندی کۆیان دەکاتەوە!؟ چۆن منداڵە بۆیاخچیەکی ڕوتەڵەی بێبەش لە
قوتابخانە دەچێتە ڕیزی ئەو منداڵانەی لە باشترین قوتابخانەکاندا
دەخوێنن و ھەشیانە تەنانەت بەخوێندنی ئێرەش ڕازی نین و دەنێردرێن بۆ
ووڵاتانی دەرەوە، چۆن ئەو خێزانەی لەدەست برسیەتی وبێکاری بەناچاری
خۆیان بەدەریادا دەدەن تا لەو ژیانە کارەساتبارە ڕزگاریان بێ، بەمردن
یا ژیان، لەگەڵ ئەوانەی بۆ ھەڵامەتێک بە فڕۆکەی تایبەت دەبرێن بۆ
باشترین وڵاتانی جیھان یەک شت کۆیان دەکاتەوە؟ چۆن خانە نشینێک کە لە
لەکاتی سەف وەستاندا بۆ وەرگرتنی مووچە کەمەکەی گیان لەدەستدەدا لەگەڵ
ئەوانەی بە سەفتە بۆیان دەچێتە ماڵەوە دەکرێ یەکن بن؟، چۆن ئەو ژنە
خزمەتچیەی ڕۆژ تا ئێوارە کار دەکا تا نەمر نەژی قوتی منداڵەکانی مسۆگەر
بکا لەگەڵ ئەو تەوەزەلانەی جگە لە مۆدێل گۆڕین ھیچی تر نازانن
یەکدەگرنەوە !!؟ ئاخۆ ئەوانەی لەتەڕی دەخۆن و لە ووشکی دەخەون جوتن
لەگەڵ ئەوانەی زستان لەسەرما ھەڵدەلەرزن و ھاوین لەگەرما بەدوای قومێک
ئاوی ساردەوەن؟ ئاخۆ رەوایە ئەوانە بخرێنە ژێر یەک چەترەوە تەنیا لەبەر
ئەوەی بە یەکزمان قسەدەکەن !؟ ئاخۆ ئەم چەتری کوردایەتیە یەک ڕەنگی
ویەک دەنگیە؟ یا گردبونەوەی بەزۆری شتە ناکۆک و دژ بەیەکەکانە!؟ نەخێر
ئەم دوو جۆرە لە ژیان بەسەربردن لە ڕاستیدا بە دەیان فەرسەخ لێک دوورن
و ھیچ بەرژەوەندیەک بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە؟
بیرکردنەوەیەکی ووردی ناوێ تا مرۆڤ لەم ڕاستیە بگا، کە بۆ نزیک بە ٣٠
ساڵ دەچێ ، لانی کەم لەو سنورەی ژێردەستی حزبە دەسەڵاتدارەکانی
کوردستاندایە، شتێک بەناوی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر دانیشتوانی
کوردزمانی کوردستانی عێڕاق نەماوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم ووڵاتە،
ئاگایانە، ئەم ( کورد) بوونە وەک کارتێک بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک کەڵکی
لێوەردەگرن، ھەر کەسیش خۆی لەژێر چەترەکەی ئەواندا نەبینێتەوە ئەوا
((زۆڵە کوردە))! وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایە ئەم سیاسەتەی لە ئەزمونی
مێژووی حوکمڕانی ئەواندا دەرکەوتوە جگە لە فریودان و جگە لە قاییم
کردنی کورسی دەسەڵاتیان شتێکی کەی لێبەرھەم نەھاتوە و نایە.
(کوردی تێر ) و (کوردی برسی)، دووجۆرە کوردی لێک جیان ، برسیەکانی
کوردستان ھاو بەرژەوەندن لەگەڵ برسیەکانی عێڕاق و ئەوانەی دونیاش،
ئەوانن زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دێنن و بەرژەوەندی ئەوان بەرژەوەندی
زۆرینەی کۆمەڵگایە. تێرەکانیش کە دەستیانگرتوە بەسەر سامان وسەروەتدا
وبە (کەوچکە چاکەی عەزیز نەسین) بەشی زۆرینەی لێدەدەن ، کەمینەیەکی
کەمی کۆمەڵگان وھاوبەرژەوەندن لە گەڵ ھاوچینە زۆردارەکانی خۆیان لە
عێڕاق و ھەموو دونیا وھیچ بەربەستێک بەناوی زمانەوە لێکیان جیا
ناکاتەوە. ئەم ناعەدالەتیە ڕەوا نیە چیتر لە ژێر پەردەی (کوردبوون)دا
پەردەپۆش بکرێ.
٤\١\٢٠٢١
a_salih11@hotmail.com
|