په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

کام حکومەت و کام ئەزموون.


هەردى شەفیق    


ئەگەر ئێوە شۆڕشتان بۆخۆتان کرد منەتى چى بەسەر میللەتدا ئەکەن؟ ئەگەرواش نیە بۆ دەست لەسامانى ئەم میللەتە هەڵناگرن و ئەزموونەکەى نابووت ئەکەن؟!ئەیانەوێت پێمان بڵێن مادام لەم وڵاتە ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە ئیتر چ کێشەیەکمان نیە، جگە لەوەى ئاڵایەکى کوردستان بگرین بەدەستمانەوەو لەسەیرانگایەکا سەرچۆپیەکەى لێبگرین .ئاخر ئەوان لەزومى کامێراکانیانەوە تەنیا خۆیان ئەبینن و بەس ،کامێراکانیان ناخەنە سەر دیوە کوژراوەکەى ئەو ڕەزالەتخانەیەى دروستیانکردووە ،نایخەنە سەر ژیانى ئەو گەنجانەى هێشتا سەروەت و سامانیان ئەدەن بەقاچاخچیەک و نەفرەت لەو ژیانە ئەکەن بەشلیف پارەى دزراوى دەمى ئەوان بۆ بەرپرس و کەسوکاریان خەرجئەکرێت و ئەوانیش دارونەداریان ئەفرۆشن و بەقەرزارىو نەدارى هەرچى هەیانەو نیانە ئەیدەن بەقاچاخچیەک تالەو ڕەزالەتخانە دوریانخاتەوە ناویان لێناوە نیشتیمان و داواى ئینتیماشمان لێئەکەن!سەیرەکە لەوەدایە لەم وڵاتە ئەوەندەى پارە بۆ ڕوپۆشکردنى حەقیقەت خەرجئەکرێت، ئەوەندەى بۆسپیکردنەوەى ڕوى دزێوى ئەو گەندەڵکارانە خەرجئەکرێت کەسپی ناکرێتەوەو ئەم نیشتیمانەیان گەیاندووەتە لوتەکەى نائومێدى و هەرئەوان ئێمە بەبێ ئینتیماش ناوئەبەن،ئەوەندە بۆ هۆشیار کردنەوەى خەڵک خەرج ناکریت.


ئاخر ئەوە گەندەڵى نیە ئەوە ناوى(دزى)یە ئێمە لەبنى بیرەکەى جەهەننەم و ئێوەش لەخۆشترین شوێنى بەهەشتن .هەرکوڕى بەرپرسەو خەریکى بزنسو کۆمپانیاى گەورەو پرۆژەى گەورەى ئابوریە ،هەر کوڕى هەژارو خێر لەخۆ نەدیوى ئەم وڵاتەیە لەسەر جادەکان نیوەى شەو بەدواى کرێکاریاو بەدواى دەستگێڕیا،هەر پیرى بەستە زمانەو خەریکى حەماڵى و دەستگێڕیەو ئەوانیش بازرگانى بەسەر سیاسەت و ژیانى خەڵک و ئینتیماوە ئەکەن .ئەوە کوڕەکانى ئەوانن لەبەر دەرگاى زانکۆکان و لەسەر شەقامەکانا تۆزئەکەن بەسەر ئەو نەوە خێرنەدیوانەدا ڕۆژ بۆ پەنجا دۆلارەکەى حکومەت ئەژمێرن تابیدەن بەکرێ پاێ، سەرەنجامیش لەبەر ئەوەى حیزبى نین لەبرى دامەزراندن ئەبێت بچن بۆ کرێکارى!!ئاخر گەلۆ بەچ ویژدانێک ڕەوایە نیوەى ئەم وڵاتەیان داڵقوتکردو بەتەمابین ئەو نیوەکەى تریشى لەسەر کوڕەکانیان تاپۆ بکەن؟!ئەوەتانێ ژیانى ئێمەیان بەڕازالەت و چەرمەسەرى سیخاناخى نەهامەتى کردو لێناگەڕێن نەوەکانیشمان ژیانێکى ئاسایی بژین. دێن و کوڕێک لەو کوڕانەى خۆیانمان لێقوتئەکەنەوە هەمووشتێکیان هەیە جگەلەویژدان و ئینتیما!ئاخر کەسێک ئینتیماى هەبیت وڵاتەکەى ناکاتە میحنەتسەرا ،مەگەر ئەتوانن بڵێن وانیە!


سەیرکەن کوڕى ئەوان پارەى چەند قوتابى و خوێندکارى زانکۆیەک لەئێوارە پیاسەیەکیا خەرجئەکات؟!پارەى چەند کوڕى هەژار ئەدات بەگەشتێکى خۆى؟


من ئەزانم دەسەڵاتێک لەسەرەوە بۆگەنى کردووە کەڵکى ئەوەى پێوەنەماوە گەندەڵى بنبڕبکات و هەموو دەسەڵاتدارانیش ئەو حەقیقەتە ئەزانن لەسەرەوە بۆگەنبووەو یاسا بۆ خوارەوە دائەڕێژن، بەردەوام خۆشیان ئەو یاسایە ئەکەنە گاڵتەجاڕ.ئاخر کێ هەیە لەم وڵاتەدا نەزانێت کێ پاروى دەمى خەڵکى هەژار ئەدزێ و بەدیار چاوى دەستەى نەزاهەکانیانەوە ئەیکات بەباڵەخانە!کێ هەیە نەزانێت لەم وڵاتە حیزبیەکى عەیارە بیست و چوار نەبیت کارو بارەکانت لەهیچ جێیەک ناڕوات!تەنانەت لەمافى خۆشت بێبەشت ئەکەن .کێ هیە ئەوە نەزانێت هەموو شتێک بۆحیزب و بەرپرسەکانى لەم وڵاتەدا بووەتە شتێکى ڕەواو تەنانەت سوکایەتى کردن بەیاساش!کێش هەیە ئەوە نەزانێت داواکردنى مافى سەرەتایی ژیانیش لەم وڵاتە خەریکە ئەبێتە شتێکى ناڕەوا ،ئەوەى لەم وڵاتە ڕوئەدات ئەوەیە مەوداى گوتارو کردار ئاسمان وڕێسمانە مەوداى بەڵێن و درۆ هیچە.ئەى کێ هەیە لەشەقامەکان هەزارن دیمەنى جەرگبڕى هەژارى لەناخەوە نەیکردووە بەزوخاڵ جگە لەبەرپرسەکان و پاساونوسەکانیان؟!کێ هەیە نەزانێت دامەزراندن لەم وڵاتە لەسەر چ بنەمایەکە و، لەناو دامودەزگا حکومیەکانا چى ئەگوزەرێ و چ کاغەز هێنانو بردنێکى بارەگاکانى حیزب و بەرپرسانە بۆ تاعینکردن!


ئاخر خۆ مرۆڤ ێەگ نیە برسی بکەیت و نانى بۆ فڕێ بدەیت بۆ ئەوەى دواتبکەوێت ؟ئەوەى لەتۆ نەبوو مافى دامەزراندنى نەبێت ،ئایا خەبات کردن بۆ ئەم ڕۆژەبوو!ئائەمەیە نیشتیمان پەروەریەکەتان!من نازانم باسى کام ئینتیماو کام خۆشەویستیم بۆ ئەکەن کەمن لەغەریبیدا زیاتر ڕێز لەمرۆڤ بوونم بگیرێت؟!منەتى کام شۆڕشم پێئەفرۆشن کەمن بۆ پێنج هەزار گۆرانى بڵێم و ئەوانیش بەلێشاو پارە بۆ کوڕەکانیان خەرجبکەن !منەتى کام ئازادیم بەسەرا ئەکەن بەبرسیکردنو نا فڕێدان خەڵکى بکەن بەکۆیلە؟ئاخر ئەوە چ ئازادیەکە هەر دەنگت هەڵبڕى دژى ئەو هەموو فەسادە ئیداریە بەدەستى وڵاتان و لایەنێکى سیاسى تۆمەتبارت بکەن ؟!ئایا ئەوە خیانەتکردن و دوژمنى ئەم ئەزموونە جوانخاسەو خاکپەرستى نیە نەخوێنەوارێک بکەیت بەفەرمانبەرو خاوەن بڕوانامەیەکیش بچێت بۆ تەختە بەستن و حەماڵى؟!دەمى هەرمناڵێک بکەیتەوە ئەزانێت لەم وڵاتە چى ئەگوزەرێ و نەگبەتیەکەش لەوێدایە ئەیانەوێت دەمامک بکەن بەدەموچاوى ئەم حەقیقەتەدا!


من دڵنیام ئەگەر یەکێک لەپاساونوسەکانى حیزب ئەم نوسینە نیشانى بەرپرسەغەبغەبەدارەکەى بدات پێم ئەڵێن تۆ لەسەردەمى شاخدا نەژیایت ،منیش پێى ئەڵێم تۆش شەقى جەندرمەى تورک و یۆنانى  و پازدارى ئێرانیت نە بینى چۆن لەگەنجى کورد هەڵئەدرا ،لەعەلوەکەى سلێمانى و هەولێر حەماڵیت نەکرد،سەرجادەى وڵاتێکت لەغەریبیدا گسک نەدا ،لەداخلیدا نان و چاى شیرینت نەخوارد ،بەدواى دامەزراندنا ڕات نەکرد ،کوڕەکانى تۆ ئارەقیان نەکرد بەڵام خۆ من بینیم گەنجێک ئامادەبوو لەئیجەدا بخنکێکت بەس لەبەر ئەوەى نەگەڕێتەوە وڵاتى قبوڵ خاس و تەسکیەى حیزبى،نەگەڕێتەوە ئەو خاکەى لەسەر جادەکانى و هەناسە بەبیناى ئەو بەرپرسە حیزبیانەوە هەڵکێشێت ئەوان مومارەسەى ژیانى گەنجێتى ئەم دەکەن و جوانترین کچى شارەکەى و گەورەترین بین و کۆمپانیاى شارەکەى هى ئەوبن و، ئەمیش مومارەسەى ژیانى پیرێتى ئەو بکات و بەحەماڵى و کرێکارى بیگوزەرێنێ و خەو بەئاوکارەباى ناو داخلى و ماڵەوەیەوە ببینێو، دواى زیاتر لەدوانزە ساڵى خوێندنیش یا دانەمەزرێت، یا کادرێکى حیزبى نەخوێنەوار تەسکیەى دامەزراندنى بۆ بکات!


ئاخر من کە بۆخۆم پارەى موەلیدەى کارەباو ئەهلى بدەم ئیدى بۆچى منەتى وەزارەتى کارەبا بکێشم ،کەخەونم بووە بەهەڵاتن لەم وڵاتە دەرفەتى ژیانى تەنیا بۆ حیزبیەکانى و بەهەشتى بۆ ئەوان و جەهەنەمى من بێت ڕێزى کام دەسکەوت و پیرۆزى بگرم ؟!من کەخەونم بووبێت بەوەى لەحکومەتێک هەڵبێم و لەوڵاتێکدا جێم بێتەوە وەکو مرۆڤ ڕێزم بگرن،تەنیا خزمەتگوزاریەک لەئێوەم بووێت دەرگاى سنورەکانم لێبکەنەوە بەجێى بێڵم و بۆهەتا هەتایە چاوم بەناوچاوى ئێوە نەکەوێتەوە، ئیتر منەتى چیم بەسەرا ئەکەن ؟نیوەى حکومەتە کەتان بە شەڕى براکوژى و بڕینى تەلى عامودى کارەباو ئاودیوکردنى شۆفڵ ڕۆیشت و ئەو نیوەکەى تریشى بەگەندەڵى و کۆکردنەوەى سامان و خۆشگوزەرانى خۆتان و ڕەزالەتى ئێمە تێپەڕاند، ئاخۆ ئەبێت چەند بیست ساڵى تر چاوەڕوانى لوتف و کەرەمى ئێوەبین باشبن؟ئایا ئەمە بۆخزمەتى خۆتانە یا خەڵک؟


بەداخەوە هێشتا ئەتانەوێت واى نیشانبدەن خەڵک چ کێشەیەکى نیە، بەڵام ئەگەر ئەتانەوێت گوێتان لەدەنگى خەڵک بێت بازومى کامێراکانى خۆتان بەبێ سانسۆر بگەڕێن و نیشانى بدەن چى ئەگوزرەرێ، ئەوکات تێدەگەن دنیا هەر سەرچۆپى گرتن نیە بەئاڵاى کوردستان ،بەڵکو تێدەگەن چ ژمارەیەکى گەورە خەو بەژیانێکى سادەى وەک ژیانى مرۆڤەوە ئەبینن.ئاخر من نازانم شانازى بەکام حکومەتەوە بکەم بووبێتە قەڵغانى گەندەڵى و گەندەڵکارى لەشارو شارۆچکەکانەوە تاهەرەمەکانى حیزب؟من چیم داوە بەسەر شاندى وڵاتان و کۆمپانیاوە دێتە ئەموڵاتەو ئەویش لەسەر ئێسکو پروسکى نەدارانى ئەم وڵاتە سامانى خۆی کەڵەکەئەکات ،من چیم داوەبەسەر ئەو باڵەخانانەى خەڵکى ئەم وڵاتە تەنیا بۆیان هەیە هەناسەیان پێوە هەڵکێشن؟ئاخر بەچى ئەچێت کۆمپانیاى دونیا ڕوبکاتە ئەم وڵاتەو خەڵکى ئەم وڵاتە هەموویان لەمیحنەت سەراکۆنەکەى جارانا بژین؟ئەوانیش خەریکى بەکۆیلەکردن و کەڵەکەکردنى داهاتى ئەو دووکۆمپانیا زەبەلاحەبن خەریکە حکومەت ئەبێتە بەشێک لەسامانى ئەوان؟


سەیر لەوەدایە دێن و لەڕاگەیاندن و مینبەرى حیزبەکانیانەوە منەتى حکومەت و مێژوو شۆڕشمان بەسەرا ئەکەن ،ئاخر کەسێک کاتژمێرێکى تەمەنى دەفتەرە دۆلارێک کەوتبێت کام خزمەت و کام شۆڕشى بەرپاکردوە ئەوەشى بەخوێى چێشت پێى بگات ئەوەنەى پارەهەیە بیست نەوەى ترى پێى بژى؟خۆمێژ و ڕاپۆرت نیە کادیرەکانى حیزب بینوسن، مێژووکەسانى پسپۆرو ویژدانى گشتى ئەینوسێ و ئەگەر کادیرەکانى حیزبیش بینوسن هەمووان ئەزانین لەلاى خۆشیان جێگاى باوەڕنیە .بۆیە بەشبەحاڵى خۆم هیچ کەسێکى ئەم وڵاتە و هیچ حیزبێکى بەپیرۆز نازانم پاروى دەمى خەڵک بدزێ و خەڵکیش بەدواى نانێکدا ڕابکاو نەیگاتێ.ئاخر ئەمانە چەند خەباتیان کرد ئەوەنەش ئینتیمایان کوشت ،ئەو ئینتیمایەى بەعس پێى نەکوژرا ئەمان کوشتیان.وایانکرد خەڵک ژیانى غەریبى هەڵبژێرێو لەنیشتیمان، لەخاکەکەى هەڵبێت،وایانکردخەڵک کوردایەتى وەکو نوکتەى توتیە بێپەڕو باڵەکە بێتەبەرچاو.ئاخر کۆیلەى ئەوان نەبیت ،توتى ئەوان نەبیت،دەربارو شایەرى جوانکارى ئەو هەمو خراپەکاریەنەبیت هیچ ئاقیبەتێکت نیە.ئاخۆ ئەوە سەمەرەخانەنیە دواى بیست ساڵ خوێندن بەتەسکیە دامەزرێى ، منەتى کارەبات بەسەرابکەنو کارباى ئاسایت نەبێتو منەتى دووسەعات کارەبات بەسەرا بکەن!بەڵام پێئەچێت ئەوان لەبەهەشتەکەى خۆیانەوە بۆ دۆزەخەکەى ئێمە بڕوانن و پێش ئەوەى کادیرێکى حیزبیش کۆمەڵێ جنێوو تڕۆهات بنێرێت بۆ ئیمەیلەکەم ئەڵێم من گوێنادەمە مردنیش لەبەر ئەوەى لەم وڵاتەدا مەوداى مردن و ژیانى هەزارەهاى وەک من وەکو یەکترى وان ،ڕەنگیشە هەزاران خۆزگەى پێبخوازن


ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق