| 
			٥\١\٢٠١٥ 
			کامیان تاوانبارن؟ 
			
			 سوارە کەمال
 
			یەکێک لەو فاکتەرانەی نائارامی دەرونی بۆ مرۆڤ دەهێنێتە بەرەهەم ، 
			شێوازو جۆری بیرکردنەوەیە لەو بۆچون و کردانەی دەوترێت و دەویسترێت 
			ئەنجامبدرێت، یان درواە ، ئەمەش لەلایەن خۆدی ئەو کەسەوە یان کەسانی 
			ترەوە بێت ، رێژەی وابەستەیەکەی بەبەرئەنجامەکانەوە قەبارەی ئەو 
			نائارامیە دیاری دەکات. ئەگەر مرۆڤ دەرفەت نەدا بیرکردنەوەی نەرێنی 
			زاڵبێ بەسەریدا ، دەتوانی بەرانبەر هەر رووداوێکی نەخوازراو ، تەنگەژەو 
			گرفت هێنەر خۆراگیرو بیرگەرۆک بێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارە ، بەمەش 
			دەتوانێ لە هەر تێکچوون و هەڵچون و نیگەرانیک خۆی بپارێزی ، 
			بەپێچەوانەوەشەوە خۆدانە دەست یان کەوتنە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی 
			نەرێنی بەرئەنجامی باشی لێدەرناکەوێ و لەوانەشە مرۆڤ بەرەو وونبوون 
			بەرێت!.
 
 دیارە لە رووی زانستیەوە زۆرن ئەو فاکتەرانەی کە بە زەمینە خۆشگەرو 
			پاڵپێنەر بەرەو ئەو حاڵە دەناسرێن ، بەڵام تومەتباری سەرەکی لە خووگرتن 
			بە بێرکردنەوەی نەرێنێ ، پێش هەر شتێک خودی کەسەکەیە ، پاشتر هاندەرە 
			دەرەکیەکان لەوانە ؛ ناتەندروستبوونی سیستهمی سیاسی ، کۆمهڵایهتی ، 
			پهروردە ، و ... هتد بە هاوبەش دێنە ئەژمارکردن لە وێران کردنی ژیانی 
			تاک ، بە واتایکی تر هەر مرۆڤێک بکەوێتە ژێرکۆنترۆڵی بیرکردنەوەی 
			نەرێنی ، نە دەتوانێ هاوسەنگی خۆی راگیربکات ، نە توانای بەرگریکردنی 
			بەرانبەر لێکەوتە نەخوازراوکان دەمێنی ، ئەمەش بێجگە لە زیان گەیاندن 
			بەخودی خۆی ، سەرئەنجام پروشکەکەی کەسانی دەوروبەرشی دەگرێتەوە .
 
 ئەی ئەگەر حیزبی سیاسی بیرکردنەوەی نەرێنی زاڵ بێت بەسەریدا 
			چیلێدەکەوێتەوە
 
 هەر تاکێک بروانێتە ڕووداواکانی بیست و چەند ساڵی رابردوو ، بۆی 
			دەردەکەوەی بەشێک لە گوتارو رەفتارو کرداری حیزبیەکان فاکتەرێگی 
			کاریگەربوونە لە سازدانی ژینگەیەکی ناتەندروست بۆ هاوڵاتیانی باشووری 
			کوردستان ، بۆ نموونە ؛ هۆگرکردنی تاک بە حیزب و پیرۆزکردنی و... هتد 
			ئەگەر هێچ لێکەوتەیەکی نەرێنی لێنەکەوتبێتەوە ، وێرای رق و گینەو 
			توڕەیی لایەنگرانی ئەم لایەن بەرانبەر بەوی دی ، نائارامی لە نێو ناخی 
			هاوڵاتی کنە پێکردووە ، کاتێک مرۆڤ گوتارو کردەکانیان دێنێتە پێش چاو 
			لە سەرجەم بوراە جیاجیاکان بەتایبەت پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان ، 
			ئهوانهی پهیوهندی راستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی خهڵكهوه 
			ههیه ، دەبینرێت بە شێوازێک دوورن لەیەکترەوە وەک هێلی شەمەندەفەڕ 
			دێنە پێش چاو کە لە هێچ کاتێکدا یەکناگرنەوە ، ئەمەش فاکتەرێکە بۆ 
			ئەوەی تاک بروای بە باشتر بوونی سبەی نەمێنێ ، بەواتایەکی تر بە هۆی 
			ئەوەی حیزبەکان بەتایبەت حکومدارەکانیان بە شێوازێکی ناتەندروست لە 
			هەوڵی کۆنترۆڵکرنی سەرجەم جومگە سەرگیەکانی ژیان بوونە ، زۆرێنەیەک لە 
			نێو کۆمەڵگای کوردی کۆنترۆلی خۆبەرێوەبردنی لە دەستدەداوە و قورسایی 
			چەقی بیرکردنەوەی داوەتە دەست حیزب ، بەو مانایەی خۆی بەدەمراستی خۆی 
			ناناسی! واتە لە جێگای گەران بەدوای چارەسەر بۆ ئەو تەنگەژەو گرفتانەی 
			هاتووتە رێگای دەستەودامان رادەمێنی ، لەبەر ئەوەی ئیرادەی بیرکردنەوەو 
			گەران بە دوای رێگا چارەکانی داوەتە دەست حیزب و خۆشی هاویشتووتە نێو 
			خەیاڵگەلێک جگە لە ژیانێکی بێهودە هیچی دی بەدی ناکا .
 
 ئەگەر دامەرزاوەیەکی شارەزای ئەم بوارە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە راپرسێک 
			ئەنجام بدات، لە سەر تەندرۆستبوونی بیرکردنەوەی ناخی تاک تاکی ئەم 
			کۆمەڵگایە، تۆ بڵێت بوێرێت ئەنجامەکەی بڵاوبکاتەوە؟
 
			ئەگەر دادگایەکی تایبەت بە کەیسی هاندەران و رەخسێنەرانی زەمینەی 
			هێنانە کایەی بیرکردنەوەی نەرێنی هەبوایە، ئایا هەردوو تومەتبار (خود و 
			حیزب) کامیان تاوانبار دەردەچوون؟
 
 کەواتە: ئەگەر دەمانەوێت ئارام و ئاسوودە بین ، دەبێت پێش هەنگاو ، 
			هەرچی زوترە دەستبکەین بە خاوێنکردنەوەی ناخمان لە بیرکردنەوەی نەرێنی 
			و پاشتر بکەوێنە سەرزەنشتکردن و ڕەتکردنەوەی سەرجەم ئەو فاکتەرە 
			دەرەکیانەی بۆنەتە هۆکاری نائارامیمان.
 
 
			  
			
			
			swarekemal@yahoo.com
			 
			  
			  
			
 |