٣\٣\٢٠١٠
کاندیدەکانى حیزبى
شیوعى و ملۆزمه حیزبییەکانى سەرکردایەتى.

هیوا ڕەش
وێستگەى هەڵبژاردن ئەو ئەزموونەیە کە توانا
و قەوارەى جەماوەرى حیزب و بزاوت و لایەنە سیاسییەکان لە فلتەر ئەدات و
پاشان بۆ خەڵکى ئاشکرا ئەکات ، لە کاتى سەرکەوتن لەم ئەزموونەدا ئەبێت
بەو ئاقارەدا بیر بکرێتەوە کە ئەو سەرکەوتنە متمانەى جەماوەرە و
پێویستە ڕێزى لێ بگیرێت ئەویش بە جێبەجێ کردنى ئەو بەڵێنانە دێت کە بەر
لە هەڵبژاردن بە جەماوەر دراوە ، لە کاتى ژێرکەوتن و شکستیش دا لەم
ئەزموونە ، ئەبێت ئەو لایەنەى کە دووچارى دێت پەند و عیبرەت وەربگرێت
بۆ ئەوەى شکستییەکان دووبارە نەبنەوە و بە جارێک متمانەى جەماوەر
لەدەست نەدات تا لە ئاییندەدا قەرەبووى هەڵەکانى ڕابردووى بکاتەوە بۆ
ئەوەى وورە بۆ ئەندامەکانى و متمانە بۆ هەوادارانى بگەڕێنێتەوە .
لە دواى ڕاپەڕینەوە لە ئاستى کوردستان دا چەندین هەڵبژاردن ئەنجام
دراوە جا چ بۆ پەرلەمانى کوردستان بووبێت یاخود ئەنجومەنى شارەوانیەکان
، لە هەموو ئەمانەدا سەرانى حیزبى شیوعى بەردەوام و بێ پسانەوە لە
ئاکامى سیاسەتى چەوت و هەڵە و پڕ لە سازشیان دا شکست لە دواى شکستیان
بە باڵاى حیزبەکەیان دا بڕیوە و هەوادارانى حیزبەکەیان ناچار کردووە ((
ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار )) بخوازن و بیکەنە وێردى سەر و ژێر زمانیان و
تووشى ئیحراج بوونى ناو جەماوەریان بکەن و دایانماڵن لە هەموو پاساوێکى
ڕەوا چونکە شکستەکان لە جارێک و دووان و سێیان تێپەڕیوە !
لە داڕمانى ڕژێمى دیکتاتۆرى سەددام حوسێنەوە کرانەوەیەکى دیموکراتى
ڕووى لە عێراق کردووە و دواى پێکەوەنانى حکومەتێکى فرەلایەنى بۆ
بەڕێوەبردنى عێراق ئەمە دووەم جارە گەلانى عێراق پێشوازى لە پرۆسەى
هەڵبژاردن ئەکەن کە حیزبى شیوعى لە جارى یەکەم دا بە بەشدارییەکى
پڕاوپڕ لە نیشانەى پرسیارى بەڕێ کرد و لە دووەم جاریشا بە شێوەیەک
هاتۆتە مەیدانەکە کە سەرنجگەلێکى زۆری لە سەرە !
لەم هەڵبژاردنەدا زۆربەى لایەنەکان و زلهێزە بە ئەزموونەکان بە تایبەتى
یەکێتى و گۆڕان زۆرترین توانایان وەگەر خستووە تا بەهێزترین کاندید
بهێننە مەیدان بۆ ئەوەى لە کێبڕکێکەدا ڕێژەى زیاترى سەرکەوتن بە دەست
بهێنن ، بۆیە هێندە بیریان لەوە نەکردۆتەوە بۆچوونى کاندیدەکان لە
قاڵبى ئایدیۆلۆژیا ئاخنرابێت و بە خواست و ویستى حیزب زاخاو درابێت ،
بەڵام ئەگەر بێت و تەماشایەکى کاندیدەکانى حیزبى شیوعى کوردستان بکەین
زۆربەیان ئەندامى سەرکردایەتى حیزبەکەن و بەرپرسن لەو چارەنووسە ڕەشەى
ئامبازى حیزبەکەیان بۆتەوە و وەکو مۆتەکە خۆى لە سەر سنگى هاویشتووە و
خەریکە هەناسەدانى ئەتاسێنێت ، پێ ئەچێت خۆیان بە میراتگرى فکر و
تەنزیم و سیاسەت و ڕابردوو و ئاییندەى حیزبەکە بزانن و لەوان زیاتر
کەسى دى ڕۆڵەى شەرعى حیزبەکە نەبن و بۆیان نەبێت بەشدارى لە
دامەزراوەکانى حیزبەکەدا بکەن و کەسیش لەوان بە تواناتر و بە ئەمەگتر
نەبێت ، لە کاتێکدا لە سازش بەولاوە سەرانى ئەو حیزبە لە هیچ شتێک لە
سەرووى هاوڕێکانى خوارەوەى خۆیان دا ( مەبەستم پلە حیزبییەکەیە ) نین و
بگرە لەچاو هەندێک کەسانى دڵسۆزى ناو حیزبەکە لە ئاستى ڕۆشنبیرى دا
جاهیلن و لە شەهادەدا نەخوێندەوارن و لە کەسایەتى کۆمەڵایەتى دا
نەناسراون و لە شیوعیەتى دا کڵۆڵن و لە - - - ئەبێت ئەو پێوەرە سیحرییە
چى بێت وا ئەوانەى بۆ کاندیدبوون دەست نیشان کردووە تۆ بڵێى لەوان
ئەکادیمیستتر و پسپۆڕتر و سیاسەتمەدارتر و پڕفیکرتر لە حیزبەکەدا نەبن
؟ ! یان چەشنى مەتەڵى میراتى نێوان دووبراکەى لێ هاتووە کە ئەگێڕنەوە :
دووبرا بزنێک و کەروێشکێکیان بە میراتى بۆ جێ ئەمێنێت ، براگەورەکە
داوا لە برابچووک ئەکات لە نێوان خۆیان دا سوڵح بکەن ، برابچووک بۆ
ڕێزى برا گەورەکەى پێى ئەڵێت کاکە گیان تۆ خۆت سەرپشک بە لە چۆنێتى
دابەش کردنەکەدا ، براگەورەش هێندە بێ ویژدان ئەبێت بە برا بچووکەکەى
ئەڵێت ڕاستە من براگەورەم بەڵام چۆن دڵم دێت غەدر لە تۆ بکەم ؟ ! خۆت
ئەزانى بزنێک و کەروێشکێکمان هەیە جا ئەگەر کەروێشکەکەت ئەوێت ئەوە
کەروێشکەکە و بۆ خۆت بیبە ، ئەگەر بزنەکەشت بوێت هەر ئەوە کەروێشکەکەیە
و بۆ خۆت بیبە ، ئەمە دەقاودەق شیوعیەتى سەرانى حیزبى شیوعى کوردستان -
عێراقە لە بەرامبەر ئەندامەکانیان دا و ( پێگەى حیزبى – ئیمتیازات –
مووچە – خانەنشینى – پەرلەمانتارى – کورسى خوێندن – چوونە هەندەران و -
- - - - ) تەواوى پێداویستییەکانى خۆشگوزەرانى بۆ خۆیان ڕەوایە و
ئابوونە دان و پیتاک کۆکردنەوە و ڕاکردن و تەنزیم دروست کردن و دەنگ
کۆکردنەوە و ئیحراجیى ناو جەماوەریش بۆ هاوڕێیانى خوارەوەى حیزب ، وا
دیارە خۆیان بە پلە نایاب ئەزانن بۆیە وا ئاوها شتە نایابەکانیش بە
شایستەى خۆیان ئەزانن ! و ئەوان ( نبیل ) و پێگە حیزبییەکەش ( عبید ) ن
.
هەرگیز لەو باوەڕەدا نیم ناهوشیارى پێگەى حیزبى شیوعى گەییشتبێتە
ئاستێک چاو لەو هەموو گەندەڵییە ئابڕووبەرانەیە بنوقێنن و نەپرسن ئایا
بۆچى ( کاندیدی ) یەکانتان وەکو پۆستە حکومى و حیزبییەکان لە نێوان
خۆیان دا قۆرخ و دابەش کردووە ؟ ئایا ئەمەش گەندەڵییەکى زەق نیە ؟ ئایا
تاکەى چڵێسگەرایى پیادە ئەکەن بە داگیرکردنى پێگە و ڕاکردن بە دواى
چەورى دا و لەو پێناوەدا سڵ لە هیچ چارەنوسێکى ناهەموارى حیزبەکە
ناکەنەوە ؟ ئایا تێرتان نەخوارد لە سیاسەتى – بەشى خۆم بۆ خۆم ، بەشى
تۆش ئەخۆم – ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە ئیتر لە بەردەم دادگایەکى حیزبى
دا لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ دا بکرێت لەوەى ئەو حیزبەتان بۆچى بەم دەردە
گەیاند ؟ ؟ ؟ ؟ ؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە بە هیچ پاساوێک وەڵام
نادرێنەوە مەگەر وەڵامەکانى لە هەگبەى قوتابیانى ئەنتى کۆمۆنیزمەکان دا
بێت !
هەڵبژاردنەکان هاتن و ڕۆییشتن ، سەرانى شیوعى بەناو دیموکراتخوازەکان
نەیانتوانى سوود لە کەشى دیموکراسى وەربگرن بۆ حیزبەکە ، بە پێچەوانەوە
تا دێت بچووکتر و بچووکترى ئەکەنەوە ، ئەگەر شیوعییەکان قۆڵ و باسکى لێ
هەڵنەماڵن ئەوا دژە شیوعییەکان لە بازرگانى خۆیان دا بەردەوام ئەبن و
پۆستى حیزبى و حکومى و پەرلەمانتارى و موستەشارى و خانەنشینى پلە و
پایە و پارە باش تەنها بۆ خۆیان بە ڕەوا و شایستە ئەزانن ، تاکە چەکى
بەڕەنگاربوونەوەى گەندەڵکاران ئەوەیە نەهێڵن ئەستێرەى سازشیان دیمەنى
ئاسمانى شیوعیەت قێزەون بکات ، ئەمڕۆ کاتى ئەوە هاتووە شیوعى و چەپ و
دیموکراتخوازە ڕاستەقینەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و لە پرۆسە
دیموکراسییەکان دا بە پەراوێزخراوى نەمێننەوە تا چى تر لە لایەن
بازرگانانى بیروباوەڕى مارکسیزم – لینینیزم و بە پشتیوانى ڕەهاى
بۆرژواکانەوە گەمە بە چارەنووسى خەڵکى زەحمەتکێشەوە نەکرێت و تووشى
نائومێدى و بێهیوایی نەکرێن .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|