په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٠\٢٠٢١

کارایی گۆشت لەسەر تەندروستی و ژینگە.


زاھیر باھیر       


گۆشت بە ھەموو جۆرەکانییەوە ئەوەندە بزنسێکی گەورەیە ژینگەی بۆ وێرانکراوە و بە سەدەھا توێژەروە و زانایانی بەرگریکەریش لێی، بۆ بەکرێگیراوە. ھاوکاتیش توێژەروان و زانایانێک کە لە ڕاستی مەترسی گۆشت ھەم بۆ سەر تەندروستی و ھەم لەسەر سروشت و کۆمەڵ ھەن و لە ھەوڵێکی زۆردان بۆ گەیاندنی ئەو حەقیقەتە. ئا لەم بارەیەوە بە سەدەھا وتار و نامیلکە و کتێب نوسراون.


لەم ڕۆژانەشدا ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی ھەر زۆر بە کورتی ھەندێک ئاماری لەسەر پرسی گۆشت و خواردنی بڵاوکردەوە، بۆ نمونە لە ئەوروپادا نزیکەی یەک ملوێن کەس لە بزنسی گۆشتدا کاردەکەن زۆربەشیان لە ھەلومەرجێکی زۆر خراپدا ئەم کارە دەکەن. زۆرێک لەم کرێکارانە کرێکارە کۆچەرەکانن واتە بێیانە، کە لە سەدا ٤٠ بۆ ٥٠ کرێ کەمتر لەو کرێکارانە وەردەگرن کە ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیاکانەوە خراونەتە کارەوە. ئەو پارەیەی کە خراوەتە ئەم بزنسەوە ١٩٠ ملیار پاوەندی ستێرلینییە. یەکێک لەو کۆمپانیانە لە ھۆڵندەیە و گۆشت دەنێرێتەدەرەوە، پار ساڵ بایی ٧.٥ ملیار پاوەند گۆشیان ھەناردەکردوو. لە سەدا ٩٠ ھێزی کاریش لەوێ کرێکارە بێیانەکانن / کۆچەرەکانن کە کۆنتراکتیان کاتییە و ھەر کات بەڕیوەبەری یاخود ئیدارەی کۆمپانیاکە بیەوێت دەتوانێت دەریان بکات و ھیچ مافێکیشیان پێنەدا. ھۆکاری کارکردنی کرێکارانی بێیانە لەم بوارەدا ئەوەیە کە خەڵکی لۆکاڵ نایانەوێت لە بزنسی گۆشتدا کار بکەن بە ھۆی خراپی ھەلومەرجی سەر کارەکەوە.


گاردیان باس لەوە دەکات کە بریتانییەکان خواردنی گۆشتیان بە بڕی لە سەدا ١٧ لە ماوەی دەیەیەکدا، کەمکردۆتەوە بەڵام ھێشتا ئەمە کافی نییە و دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ مەبەستی تەندروستی و بۆ ژینگەش زیادبکرێت بۆ لە سەد٣٠ دەنا ھاووڵاتیان زەرەرمەند دەبن.


لە بریتانیا نەخۆشییەکانی وەکو جۆری نەخۆشی دڵ و شەکرە و قۆڵۆن و لەبیرچونەوە و ھەندێک جۆری شێرپەنجە، خواردنی گۆشت ڕۆڵێکی گەوەرەی لەسەریان ھەیە. ھەر لەبەر ئەمەشە کە حکومەت ستراتیجییەتی دە ساڵی ئایندەی کەمکردنەوەی گۆشتە بە بڕی لە سەدا ٣٠.


بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆنڕاڵی Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە لە نێوانی ساڵانی ٢٠٠٨/٠٩ بۆ ٢٠١٨/١٩ بڕی بەکارھێنانی گۆشت لە ڕۆژێکدا لە ١٠٣ گرامەوە کەمبوەتەوە بۆ ٨٣ گرام. تووێژینەوەکە وردتر دەبێتەوە تا ئەو رادەیەیەی کە دەڵێت لە خواردنی گۆشتدا ١٣.٧ گرام لە گۆشتی پرۆسەکراودا ٧ گرام کەمکراوەتەوە و ھاوکاتیش لە گۆشتی سپیدا بە ٣.٢ گرام زیاتر بەکارھێنراوە.


توێژینەوەکە خاڵێکی سەرسوڕھێنەری خسۆتە ڕوو، ئەویش ئەوانەی کە لە نێوانی ساڵانی ١٩٨٠کان و ٩٠کان لە دایکبوون گۆشتخۆرێکی سەیرن ، ھەروەھا ئەوانەشی کە لە دوای ١٩٩٩ وە لە دایکبوون تاکە گروپێکن بە تێپەڕبوونی زەمەن زیاتر گۆشیان خواردووە . ھاوکاتیش نەوەی نوێ ئەوانەی کە ١٩ ساڵ و منداڵترن ژینگە و پاراستنی ژینگەیان لا زۆر مەبەستە و کەمکردنەوەی گۆشتخواردن لایان زۆر گرنگە.


توێژینەوەکە نیشانی دەدات کە خواردنی ٧٠ گرام زیاتر لە گۆشت لە ڕۆژێکدا مەترسی لەسەر تەندروستی دروستدەکات، بە دوورکەوتنەوە لە گۆشت و دەستکەوتنی پرۆتینی تەواو خواردنی نیسک و دانەوێڵە و چەرەسات و فاسۆالیا و لۆبیا و زۆری تر لە چەشنی خواردنە ڕووەکیەکان یارمەتیدەرێکی گەورەن لە ھەموو ڕویەکەوە.

کارایی گۆشت لەسەر ژینگە.


لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئاوا بەرچاو خراوە کە نزیکەی لە سەدا ٦٠ی غازی گرینھاوس [Greenhouses] لە ئەنجامی پرۆسەکردنی خوراکەوەیە، لەبەر ئەوەی بەرھەمھێنانی گۆشت لە جیھان دووجار دەبیتە ھۆی پیسکردن، ھەر ئاوا خۆراکێکیش کە لە ڕووەک پەیدادەکرێت. ئەمەش بە ھۆی پەروەردەکردنی ئاژەڵەوە بۆ مەبەستی خواردن. ڕژێمی خواردن بە بەرھەمھێنانییەوە و بە بەپیتکردنی بە ھۆی مادەی کیمیاوییەوە و گواستنەوەیەوەی گۆشت و شیرەمەنییەکان لە ساڵێکدا نزیکەی ١.٧ ملیار تەن مەتری لە غازی گرینھاوس دروستدەکات. ھەر بە تەنھا ئەمەریکا لە سەدا ٣٥ی ئەو غازە دەردەکات.


بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەربڕینیان زۆر زۆر خراپە بۆ ژینگەیەک کە بۆ بەرھەمھێنانی سەوزە و خواردنی ڕوەکی و میوەیە. بەکارھێنانی بەرھەمی بەراز و ئاژەڵەکانی تر و ھەروەھا گیانلەبەرەکانی دیکە بە بڕی لە سەدا ٥٧ بەرپرسیارن لە دانەوەی غازی دووەم ئۆکدسیدی کاربۆن لە بەرانبەر ھەموو خواردنی بەرھەمھێنراودا. توێژینەوەکە دەڵێت لە سەدا ٢٩ی دەرکردنی یا دانەوەی ئەو غازانە لە ئامادەکردنی خواردەمەنی ڕوەکیەوەیە.


پەروەردەکردنی ئاژەڵ پانتاییەکی گەورەی زەوی دەوێت کە ئەمەش دەبێت دارستان و جەنگەڵەکانی بۆ ببڕیتەوە ھەر ئاواش ئامادەکردنی پانتاییەکی گەورەتر بۆ ئامادەکردنی خۆراکیان. بۆ بەرھەمێنانی گۆشت پیویست بە بە ئامادەکردنی خواردنی زیاتر بۆ ئاژەڵ ھەیە و ئەمەش یانی زیادکردنی غازی دووم ئۆکسیسد. بۆ بەرھەمھێنانی یەک کیلۆ لە دانەوێڵە ٢ کیلۆ غازی گرینھاوس دروستدەبێت بەڵام بۆ بەرھەمھێنانی یەک کیلۆ گۆشتی گوێرەکە ٧٠ کیلۆ دانەوەی غاز دروستدەبێت.
زانەکانی ئەو بوارە باوەڕیان وایە لە مەسەلەی گۆشتخواردندا دەبێت بیر لە گۆڕینی ستایەلی ژیان بکرتێتەوە، دەڵێن گۆشتخواردن بووەتە ئەو کولتورە کە لە ئێستادا ھەر یەکێک لەم سەرزەوییە ٣ مریشک خواردنێتی.


ڕاپۆرتێکی بەشی کشتوکاڵ و خۆراک لە UN دەڵێت لە سەدا ١٤ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرھەمی گۆشت و شیرەمەنییەوە دێت ھەروەھا گۆڕانی ژیگەش پشکی گەوەرەی بەردەکەوێت لە برسێتیدا. ھەر ئەو ڕاپۆرتە دڵنیایی ئەوە دەکاتەوە کە سێیەکی خۆراک لە جیھاندا لە مەترسیدایە ئەگەر بەرھەمەھێنانی گرینھاوس کە بڕێ زۆر لە غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دەداتەوە، لەم بڕەی ئێستای زیاتر ببێت.


ئەمە کورتەیەکی ئەو توێژینەوانە بوو کە توێژینەوەیەکی مەیدانی بووە کە لە ٢٠٠ وڵاتدا بەڕێکراوە و دەرکەوتووە کە ئەمەریکای لاتین زیاترین پشکی دانەوەی غازی بەردەکەوێت بەھۆی خواردنی گۆشتەوە، بەدوای ئەوێشدا خواروی ڕۆژەھەڵات و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و پاشان ولاتی چین، دێت . خواردنی گۆشت بە ھۆکاری گۆڕانی کولتور و تا ڕادەیەک باشبونی ژیانی خەڵکەوە لە ھیندستان و لە چین-دا لە نێوانی گەنجانا لە ھەڵکشاندایە.

 

١٥\١٠\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر  

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک