په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠٢٥

کارگەکانی درۆ و داتاشین.


ئەرسەلان مەحمود      


لە فەلسەفەی سیاسیدا، پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە: هێز چییە و چۆن بەدەست دەهێنرێت؟ زۆربەی خەڵک وڵامێکی سادەیان بۆی هەیە، هێز واتا چەک و جبەخانە و سوپا و پۆلیس. بەڵام وڵامە ڕاستەکە قووڵترە. کێ کۆنترۆڵی چیرۆکەکان بکات، کۆنترۆڵی مێشکەکانیش دەکات و کێش کۆنترۆڵی مێشکەکان بکات، ئەوا کەمتر پێویستی بە تانک و تۆپ و تەیارە و سوپا و پۆلیس دەبێت.

ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٣٨، کاتێک کەسایەتییە گەورەکانی شۆڕشی ڕووسیا، هاوڕێکانی لێنین، ناودارەکانی کۆمۆنیست، یەک بە یەک لەبەردەم دادگا دەردەکەوتن و وتیان ئێمە خائن بووین و کارمان بۆ دوژمنان کردوە و پیلانی کوشتنی ستالین'ـمان داڕشتووە. هەمووان شۆک بوون، بەڵام ڕاستییەکە ئەمە نەنوو، بابەتەکە داڕشتنەوەی چیرۆکەکە و لە ڕێگەیەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سایکۆلۆژیای خەڵک بوو، ئەگەرنا دانپێدانەکان لەژێر ئەشکەنجەدا کرابوون. دادگاکان تەنها شانۆیەک بوون و ئەنجامەکان پێشوەخت بڕیاریان لێدرابوو.

ستالین لەم دادگاییانە دوو ئامانجی هەبوو. یەکەم، شکاندنی ئەوانەی لە داهاتوودا بۆی هەبوو ڕکابەری بکەن. دووەم، ناردنی پەیامێکی سوور بۆ هەموو هاوڵاتیان - هیچ کەسێک سەلامەت نییە، تەنانەت هاوڕێ کۆنەکانی شۆڕشیش. ئەگەر هەناسەی نارەزایەتی هەبێت، ئەوا تۆش دەبێ بکەویت.

لە ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ئابووری وڵاتەکە تێکشکابوو، هەڵاوسان گەیشتە ئاستێکی بێوێنە، خەڵکی نەیاندەتوانی نانی ڕۆژانەیان دەستەبەر بکەن. هیتلەر و حیزبی نازی لە بری ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان - شکستی جەنگ، قەرزی ڤێرسا، سیاسەتی ئابووری هەڵە - چیرۆکێکی سادەتریان نمایشکرد - هەموو ئەمانەی ڕوویانداوە و ڕوو دەدەن هۆکارەکەیان جولەکەیە.

حیزبە شمولی و کەسە پۆپۆلیست و دیکتاتۆرەکان تەنها بیر لە کۆنترۆڵکردنی ئێستا ناکەنەوە. ڕابردووش هەر لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەنووسنەوە، بۆ ئەم مەبەستە پەنا دەبەنە بەر هەر ئامرازێک، هەر لە پڕۆگرام و بەرنامەکانی خوێندنەوە بگرە، تا هەریەک لە یەکە پێکهێنەرە کۆمەڵایەتی و دامەزراوە کارگێڕ و ڕێگەنەدان بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی مێژوویی و هیچ شتێک جگە لەوەی ڕوایەتی دەدات بە نارەواییەکانی دەسەڵاتەکانیان.

 لە ڕووسیای هاوچەرخدا، ڕۆژی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا کراوەتە ستوونی ناسنامەی نەتەوەیی. ٩ی ئایار گەورەترین بۆنەی نەتەوەییە لەو وڵاتەدا، بەبێ ئەوەی قسە لەسەر پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ڕیبێنترۆپ لە ١٩٣٩ بکرێت، ئەوەی ستالین و هیتلەر ڕازیبوون ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دابەشبکەن. بەبێ ئەوەی قسە لەسەر دەستدرێژییە سیفتەکان بکرێت، ئەوەی سوپای سوور لە کاتی ڕزگارکردنی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا ئەنجامیدا. بەبێ ئەوەی قسە لەسەر مردنی ملیۆنان گولاگ بکرێت، بۆچی؟ چونکە لەگەڵ چیرۆکەکانی دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یادەوەری و سایکۆلۆژیای ئێستای خەڵکەکەیدا ناگونجێن.

لە ٢٠٢١، دامەزراوەی یادەوەری - دامەزراوەی مەدەنی بۆ پاراستنی یادی قوربانیانی دەست ستالین و سەردەمی سۆڤیەت داخرا. ئەم دامەزراوەیە تا کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠ کراوەبوو، داخستنەکەی پەیامێکی ڕوونبوو، نەخێر یادەوەری کۆمەڵایەتی دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تاکتیکەکانی حیزبە شمولی و کەسایەتییە پۆپۆلیست و دیکتاتۆرەکان ئەوەیە لێکۆڵەران ناویانناوە درۆی گەورە. ئەم چەمکە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە: درۆی گەورە و بێشەرم ئاسانترە باوەڕی پێبکرێت لە درۆیەکی بچووک. بۆچی؟ چونکە زۆربەی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا درۆی بچووک دەکەن، بەڵام کاتێک درۆیەک ئەوەندە گەورە و بێشەرمانەیە، مێشکی مرۆڤ بە سەختی قبووڵی دەکات، کەسێ بتوانێت بەم شێوەیە درۆ بکات، بەشێک لە خەڵکی بێئەوەی بەخۆیان بزانن دەڵێن ئەگەر ئەمە ڕاست نەبووایە، چۆن ئەوەندە بە ئاشکرا دەوترا؟!

کاریگەریی سەرەکیی درۆی گەورە هەر ئەوەندە نییە هەمووان باوەڕی پێبکەن، ڕەتکردنەوەی درۆیەکە لە لایەن لایەنگرانەوە، واتا ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی سەرۆک و حیزبەکە و دەسەڵاتەکەی لەسەر بیناکراوە، واتا ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆت. ئەمە وەک دەستمایەیەکی نهێنی کار دەکات. ئەوەی باوەڕی پێناکات، دژە و تاوانبارە.

حیزبە شمولی و کارەکتەرە دیکتاتۆرەکان بە تەواوی لەمە تێگەیشتوون. بۆیە کۆنترۆڵی میدیا لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتەوە سەرەکیترین ئەرکیانە. لەو ڕێگەیەوە چوارچێوەی بیرکردنەوەی هەمووان دەنێن. بۆ نموونە، لە ئەڵمانیای نازیدا، حیزب کەمپینی دابەشکردنی ڕادیۆی هەرزانی بەسەر ماڵەکاندا دەستپێکرد. مەبەستەکە ئەوە نەبوو خەڵک گوێ لە موزیک بگرن. ئەوە بوو وتارەکانی هیتلەر بگەنە هەموو ماڵێک. کاتێک دەنگی سەرۆک هەموو ڕۆژێک لە ماڵەکەتدا هەبێت، ئەوا بێئەوەی هەست بە خۆت بکەی، شێوازی بیرکردنەوەی ئەو بووە بە شێوازی بیرکردنەوەی تۆش.

لە ڕووسیای ئەمڕۆدا، تەلەڤزیۆن هێشتا گرنگترین سەرچاوەی هەواڵە بۆ زۆربەی هاوڵاتیان. میدیای دەوڵەتی جیهانێک لە مێشک و چاوی خەڵکدا وێنا دەکات لە باشە و خراپەی سادە پێکهاتووە، ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی باشن، ڕۆژئاوا و ناتۆ خراپن. هەموو ڕووداوێک، هەرچەندە ئاڵۆز بێت، دەخرێتە ناو ئەم چوارچێوە سادەیەی بیرکردنەوەوە.

لە حیزبە شمولی و ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا، دامەزراوە نهێنییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. لە سۆڤیەتی جاران NKVD هەبوو، لە ئەڵمانیای نازی گێستاپۆ هەبوو، لە ئێران ساڤاک و ئێستا لە هەر حیزب و وڵاتێکدا شتانی تر هەن، ئەمانە تەنها چالاکانی دژە حیزب و ڕژێم دەستگیر ناکەن. بەڵکوو بوونیان هەر خۆی هاندەرێکە بۆ هەر کەسێک بیەوێت ڕاپۆرت لەسەر ئەوی دی بدات و هەر وتەیەکت بکەنە بەڵگە لە دژت.

ئەمانە چەند تاکتیکێک بوون حیزبە شمولی و دیکتاتۆرییەکان بەکاریان هێناوم بۆ داتاشینی ڕاستی و دروستکردنی سیناریۆی ساختە. ئەمانە هێشتا وردتر لە هەموو ناوچەکانی جیهان و لە هەموو سەردەمێکدا کار دەکەن: لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ ئەڵمانیای نازی، لە کۆریای باکوورەوە بۆ ناوچەکە لە حیزب و ڕژێمە ئۆتۆریتاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن.

ئەم هاوشێوەیییە پێماندەڵێت ئەم تاکتیکانە بەشێکن لە لۆژیکی حیزب و دەسەڵاتی ئۆتۆریتاری، نەک تایبەت بە کەلتوورێک یان ئایدیۆلۆژییەک. ئەمە کاری هەر حیزب و ڕژێمێکە نا نیشتمانی و نا بەرپرسانە ڕەفتار بکات بۆ کۆنترۆڵی خەڵک دەسەڵات.

جیاوازی نێوان دیکتاتۆریەت و دیموکراسی ئەوە نییە لە دیموکراسیدا درۆ ناکرێت یان پرۆپاگەندا نییە. لەوەدایە لە دیموکراسیدا میکانیزمەکان هەن، بە ناوی میدیای سەربەخۆ، دادوەری سەربەخۆ، هەڵبژاردنی ئازاد، کۆمەڵگەی مەدەنی. بەم میکانیزمانەوە دژایەتی هەر بەهایەک دەکرێت خزمەت بە پاوانخوازی و جیاکاری و ئەجێندای تایبەتی حیزبە شمولی و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان نەکات.

بۆیە تێگەیشتن لەم تاکتیک و میکانیزمانە تەنها بۆ مێژوونووسان نییە. بۆ هەموو هاوڵاتییەکە توانای ناسینەوەی پرۆپاگەندەکانی هەبێت. چونکە لە کۆتاییدا، پرۆپاگەندا تەنها کاتێک کاردەکات خەڵک نەزانێ ئەمەی دەوترێ و کار دەکات پرۆپاگەندەیە. وەک جۆرج ئۆرویل نووسیبووی: لە کاتی فریوکاری گشتیدا، وتنی ڕاستی کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک