په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٤

کاریگەریی رێکەوتنی ئێران و عێراق و حکومەتی هەرێم

بە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی.


نوری بەشیر      


لە ١٣ی تەمووزدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ پارێزگای ئه‌لبه‌رز له‌ باكووری ئێران، قسەی لەسەر لیستێکی ١٢٠ کەسیی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کردووە، کە داویانەتە عێراق بۆ رادەستکردنەوەیان بە کۆماری ئیسلامی و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان له‌م لیسته‌دا هاتووه‌ به‌ “تیرۆریست” ناساندوە و وتویەتی کە لەنزیکترین فرسەتدا دەبێت دادگایی بكرێن.

ئەم هەواڵە لەزۆرێک لە میدیا عێراقی و کوردیەکاندا بڵاوبۆتەوە، هەرچەندە ناوەکان لەو لیستەدا ئاشکرا نەکراوە و هەروەها حکومەتی هەرێم لەوبارەوە هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام هەواڵەکە لەکەناڵی "روداو"یشەەوە بڵاوکرایەوە! چەند مانگ پێش ئێستاش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە حکومەتی ئێران بەنیازە ناوی سەرکردەکانی حیزبە کوردییەکان بە مەبەستی ڕادەستکردنیان بە ئێران بۆ دادگاییکردن بداتە بەغدا و هەولێر.

داواکردنی ئەو کەسانە بۆ ڕادەستکردنەوە و دادگاییکردنیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدایە کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە نێوان ئێران، عێراق و سوریا، لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە لایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەسەن شاش، سەرۆکی دادگای باڵای سوریا و لەیس جەبر حەمزە، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی دادوەری عێراق واژۆیان کردوە. هەواڵی ئەو کۆبونەوەیەی نێوان ئەو سێ وڵاتە، لەمانگی چواری ئەمساڵدا لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ووردەکاری دانیشتنەکە نەخراوەتەڕوو.

کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات. ئەو حیزبانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی دەکەن، بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حیزبانەی مووشەک بارانکردوە لە ناوچەکانی سلێمانی، کۆیەو هەولێر. هەروەها لە چەندین ساڵی رابردوودا بەسەدان ئەندامی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان تیرۆرکردووە.

ئەگەرچی حکومەتی عێراق بەردەوام باسی هاوئاهەنگی ئەمنیی نێوان وڵاتەکەی و ئێران دەکات، بەڵام هێشتا دیار نییە کە دەربارەی ئەم داوا تازەیەی ئێران چ هەڵوسێتێکی دەبێت، یاخود تا چ ئەندازەیەك دەتوانن گوشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی و تا چ رادەیەك دەسەڵاتدارانی هەرێم دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن! بەڵام گوشارەکان بۆ تەنگەبەرکردنەوە و رێگری دروستکردن بۆ حیزبە کوردیە نەیارەکانی ئێران لە هەرێم بەشێوەی جۆراوجۆر پیادەکراوە. لەساڵی ٢٠١٨ وە جموجۆڵی سیاسی و دەرکەوتنی چەکداری حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی نەک تەنیا لەسەر سنوورەکان، بەڵكو لەناو بارەگا و کەمپەکانیاندا مەحدود کردۆتەوەو تا ئاخرینجار لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣دا لە بەغدا، عێراق و ئێران یاداشتێکی ئاسایشی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو کاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە وا هاتووە کە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.

کازم غەریب ئابادی لە زمانی ئێرانەوە وتوویەتی ئەم جووڵەیە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی " تیرۆر "! وتوویەتی داوای هاوشێوەی ئەم داوایە لە وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار کراوە. بەڵام ئەم جووڵە تازەیەی ئێران دوای دەورەیەك لە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی ئێران دێت بۆسەر بارەگا و کەمپەکانی ئەو حیزبانە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ سەر شارەکانی کوردستان بەتایبەتی هەولێر، بە بیانوی لێدان لە دەستە چەکدارەکانی نەیاری خۆی و بنکەو بارەگاکانی ئێسرائیل!

هەر لەساڵی ٢٠٢٣ دا بڕیاری چۆڵکردنی شوێنەکانیان و کۆکردنەوەی هەموو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە کەمپی گەورەدا درا کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت. ئەم کارەشیان بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان سپاردوە. ئەگەرچی حکومەتی هه‌رێم حیزبە دەسەڵاتادرەکانی ناوی نایانەوێ ئاماژە بەو کۆششانە بکەن و هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەن، بەڵام شاراوە نییە و ئێران بە ئاشکرا ئەمەی راگەیاندووە. تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی ئێران ئەوەش ناشارنەوە کە هێرشەکانیان لە چەند ساڵی رابردوودا بۆسەر بارەگاکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان لە کوردستانی باشوور، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاسایشیدا بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراقدا.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٠٢٣ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردوە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەکداماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونی خۆشیانی بۆ جێبەجێکردنی راگەیاندووە. بەدوای ئەودا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ، رۆژی ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبۆتەوە؛ تووندتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بووە. ئەمانە لە رۆژی ٦ی ٩ی ٢٠٢٣دا لە ماڵپەڕی روداودا بڵاوکراتەوە. دیارترین خاڵی رێککەوتنەکەش دوورخستنەوەی هێزە کوردیەکانی ئێران بوو لەسەر سنوورەکان و چەکداماڵینیان بوو.


بێگومان توندکردنەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێم، لە لایەکەوە لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسی و ئاسایشیی ناوچەیی و جیهانیدا روودەدات کە ئێران هەست بە توانایی و دەستوەردانی زیاتری خۆی دەکات لە ناوچەکەدا و بە تایبەتی لەعێراقدا، کە ئەمەریکا بەشێوەیەکی دراماتیکی پاشەکشەی پێکراوە. لەلایەکی دیکەوە، بەسوود وەرگرتن لەو هۆکارەی یەکەم، دەیەوێ لە ڕێگای کۆتاییهێنان بە بوونی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژیمەکەی لە کوردستانی عێراقەوە، ئەو دۆخە سیاسیەی بەدوای ناڕەزایەتیەکانی دوو ساڵ لەمەوبەری ئێران کە دەسەلاتی رژێمی ئیسلامی هەژاندووە، بە قازانجی دەسەڵاتەکەی هێور و دابمرکێنێتەوە، بەتایبەت کە کوردستانی ئێران گۆڕەپانێکی سیاسی گەورەی ناڕەزایەتیەکان و خرۆشانی جەماوەری بە ناوی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو و فەزای گشتی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئیسلامی بەشێوازی دیکە بەردەوامە کە زیاتر خۆی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنە کرێکاریەکان و خانەنشینان و مامۆستایان و ... تاد. بەرجەستە دەکات!!

داواکردنی لیستێکی سەد و بیست کەسیی لە رابەرانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان و توندکرنەوەی ئەم گوشار و هێرشانەی ئێران بەد وای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیاندا دێت، کە بەڵێنی جۆرێك لە "ئاشتبونەوەی گشتی" ڕاگەیاند! هاتە کوردستان و بە زمانی کوردی وتاری دا تە سیمایەکی نوێ لە سیاسەتی تازەی حکومەگتی ئیسلامی نیشان بدات! بەڵام ئەو داوایەی رژێم بۆ ڕادەستکردنەوەی بەرهەڵستکارانی رژێم، بەڵگەیەکی بێگومان لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرۆکە بەناو ریفۆرمخوازە، درێژەپێدەری رێگای هەمان سەرۆکی کۆنەپاریز و توندڕەوو مرۆڤکوژی پێشوو، ئیبراهیم رەئیسیە!

کاریگەریەکانی ئەم بڕیارو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا ئەنجامی داون، تەنیا ئەوە نییە کە ژیانی ئەو ١٢٠ کەسە لە ڕابەرانی حیزبە سیاسیە کوردەکانی ئێران دەخاتە مەترسیەوە، تەنانەت هەرئەوەش نیە کە ژیانی هەزاران ئەندامی ئەم حیزبانە و خێزانەکانیان دەخاتە بەر مەترسیەوە، بەڵکو ژیان و ئەمنیەتی خەڵكی کوردستانیش رووبەرووی مەترسی دەکاتەوە و دەستی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ئاوەڵا دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی و کردنی هەرێمی کوردستان بە مەڵبەندی تەراتێنی هێز و گروپە تیرۆریستیەکانی سەربەخۆی و بۆ گۆڕەپانێکی کێشمەکێش و ململانێی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی خۆیدا.

بۆ رێگریکردن لەم پیلان و هێرشانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و رێکەوتنی قێزەونی سێقۆڵیی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و ئێران، پێویستە ڕیزی فراوانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کوردستان و عێراق بە هاوپشتی جیهانی بەرەی ئازادیخواز و کرێکاری و چەپ و سۆشیالیست، بێنەپێش و بە شێوازی جۆراوجۆر دژی ئەو پیلانە ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان بەرێبخرێت، تا حکومەتی هەرێم و عێراق ناچار بکرێن لەو ڕێکەوتنە شەرماوەر و کۆنەپەرستانەیە بێنەدەرەوە و ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی بۆ سەرجەم هێز و حیزبە سیاسیەکانی نیشتەجێی کوردستانی عێراق مسۆگەر بکرێ و بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پارێزراوبن.


تەمووزی ٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک