کاریگەرییەکانی
پۆستمۆدێڕنیزم لەسەر چاند و هونەر.

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
بەباشم زانی بەم نووسینە، هەندێ خاڵ بخەمەڕوو کە تایبەتبێ
بەکاریگەرییەکانی پۆستمۆدێڕینزم لەسەر چاند و هونەر، کە ئاشکرایە
کاریگەرییەکى زۆری لەسەرە؛ پێش ئەوەش دەمەوێ پێناسەیەکی کورتی
هونەرمەند بکەم؛ گەلۆ بەکێ دەگوترێ هونەرمەند و یان چ جۆرە هونەرمەندێک
لەخزمەتی هونەری بێگانەدا کاردەکات کە ئەویش خیانەتی هونەری پێ دەوترێ
و یان ئایە چاند و هونەر لەیەک جیادەکرێنەوە. بێگومان نەخێر چونکە هەم
چاند و هونەر دوو شتی گرێدراوی یەکترن، کاتێ باسی هونەرت کرد دەبێ باسی
چاندیش بکەى و هەر ئەم دوو خاڵەشن کە ناسنامەى گەلێکن، کاتێک نەتەوەیەک
کەلەپوری خۆی نەبێ ئەوا ناتوانێ بەو گەلە بڵێی دێرینن و خاوەنی
تایبەتمەندییەکانی خۆیانن، گەر ئاوڕێک لەگەلەکەى خۆشمان بدەینەوە راستە
خاوەن دەوڵەت نەبوینە ئاڵاو وڵاتمان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بەفەرمى
ناناسرێن، چونکە بەبڕوای دەوڵەتداران ئەوەى خاوەنی دەوڵەت نەبێ ئەوە
نەتەوە نییە، ئێمە وەکو گەلی کورد بەپێچەوانەى ئەوانەوە کە نکۆڵی
لەهەموو شتەکانمان بکەن ناتوانن وەک نەتەوەیەک ئینکارمان بکەن، چونکە
گەواهى نەتەوە بوونمان زمانەکەمان و هونەر و دابونەریتەکەمانە کە زۆر
شت هەن و تایبەتن بەگەلەکەمانەوە و لەرۆژگاری ئەمڕۆمانەدا هەرچەندە پێی
دەڵێن شتە عەشایەرەییەکان، بۆخۆم لەگەڵ ئەو زاراوەیدا نیم، بەڵام هەر
لەخواردن تایبەت بەخۆمانەوە بگرە تا جل و بەرگەکانمان ئەوانەش شتی
کوردەوارین و نوێ نین و لەئەزەلەوە بۆمان ماوە.
هونەر بۆخۆی تەنها ئەوە نییە کە بزانی کە سەرت لەئامێرێک لەئامێرەکان
دەربکەیت و لێی بزانێ، بەڵکو بەگشتی ژیان بۆخۆی هونەرە و هونەریش باڵی
زۆرە هەر لەهونەری ئابورییەوە بگرە تا هونەری سیاسی، گەر کەسێک ئەو
کارەى کە دەیکات هونەریانە نەیکات ناتوانێ ئەو کارەى کە دیکات سەر
بکەوێت و هونەریش بۆخۆی دونیایەکى بەرفراوانی هەیە و بەهەموو کەسێکیش
ناتوانی بڵێ هونەرمەند، لەبەر ئەوەى هونەرمەند ئەو کەسەیە کە دەئافرێنێ
واتا خوڵقێنەرە، بێگومان هەموو کەسێکیش خوڵقێنەر نییە، بۆیە بەهەموو
کەسێک ناتوانی بڵێی هونەرمەند، گەر واش نەبوو و کەسێک ئەو بەهرەیەی
تێدا نەبوو و هەر پێداگری لەسەر ئەوە بکات وەک زۆرێک لەو
ناهونەرمەندانەى ئەمڕۆ ئەوە ئەنجامەکەى شکستهێنان دەبێ، بۆنمونە زۆربەى
گۆرانیبێژانی ئێستا شیعر و ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقا کەسانی تر هەمووی
بۆی دادەنێن و ئەو تەنها دێت و دەیڵێتەوە، واتا دێتە سەر حازری بەبێ
ئەوەى رەنجێکی دابێت تەنها پیشەى وتنەوەى ئەو شیعرەیە. بەمەش ئەوەمان
بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو کەسە ئافرێنەر نییە، چونکە گەر ئافرێنەر بوایە
بۆخۆی شیعر و ئاوازی گۆرانییەکەى دادەنا، بەڵام گەر ئەو توانایەى تێدا
نەبوو پێی ناوترێ هونەرمەند، پێشم وایە کە هەوڵدان بۆ فێربوون شتێکی
مەحاڵ نییەکە مرۆڤ فێری نەبێ گەر بەڕاستی فێری هونەری راستەقینەی هەم
ژیان و هەمیش سیاسەت و هەمیش دەنگبێژی ... تاد، نەبێ. لەبەر ئەوەى
بێگومان کەس لەسگی دایکیدا فێری شت نابێ گەر هەوڵی بۆ نەدات لەدوای
ئەوەى دێتە سەر شانۆی ژیان، هەروەها دەبێت هونەرمەند رۆحی مردووى هونەر
زیندووبکاتەوە. ئەمەش وەکو ئەرکێک ببینرێت ئەگەر وانەبوو ئەوا
بەدڵنیاییەوە بەرەو خیانەتی هونەری دەڕوات ئەو هونەرمەندە، خیانەتی
هونەریش هیچ لەوە کەمتر نییە کە خیانەت لەخاک و نیشتمانەکەت بکەى، بۆ
ئەوەش لەبەر ئەوەى رۆحی دێرینی هونەری ئێرە بەتێکەڵ کردنی لەگەڵ
رۆژئاوادا مردووە، واتە هەر لەرێگەى هونەرەوە سیاسەتێکی قرێژی وات
بەسەردا دەسەپێنن کە لەرێگەى هونەرەوە کولتورەکەى خۆت بایەخ پێ نەدەی و
بیکوەژیت هەروەکو چۆن ئێستا لەکوردستاندا کوژراوە ئەو رۆحە و تام و
چێژەى جارانی نەماوە، دیانەوێ بەرێچکەى بەناو مۆدێڕنەوە کەلەپورەکەت
وەلاوەبنێت و کەلەپوری بێگانە بۆخۆت بەبناخە وەربگریت، ئەوەش
لەکوردستانی ئەمڕۆدا رەنگدانەوەکانی لەپێش چاومانە، چونکە بمانەوێ
گۆرانییەک یان شانۆکارییەک یان سیاسەتێک یان هەر شتێکی تر بکەین، یان
دەبێ وەک ئەوان بین و هەموو مەرامێکى سیستەمی پۆستمۆدێڕنیزم بۆ مەبەستی
گڵاوى خۆیەتی دەڵێ وەرە وەک من بە، دەبێ تۆش لەبەرامبەریدا دەبێ بڵێت
من وەک خۆم دەبم نەوەک وەکو تۆ، ، چونکە سیاسەتێکی هەیە کە تۆ ئاشکرا
ناکوژێت، بەڵکو لەرێگەى هونەرەکەتەوە دەتکوژێت بەناڕاستەوخۆ، لەبەر
ئەوەى دەزانێت کە تایبەتەمەندییەکانی نەتەوەبوون، بەندە بەهونەر و
بەداب و نەریتی بەئەخلاق و بەبەهاکانییەوە و بە بە بە...، بەڵام ئەو
سیستەمە نا لەبەرامبەرتدا تا دواڕادە لەشەڕدایە، بەبێ ئەوەى دەرکى پێ
بکەیت تەفروتونات دەکات، چونکە وا پیشان دەدات و دەڵێت من تەکنیکى
پێشکەوتووم پێیە، تۆ هیچت نییە، لەدەرەوەى تەپڵ و دەف و شمشاڵ، ئایە من
گەر ئینکارکەری وڵاتەکەى خۆم نەبم، دەتوانم بڵێم لەگەڵ تەکنیکەکانی تۆم،
شتە رەسەنەکانی نەتەوەکەم بەلاوە بنێم!؟، بۆیە بەتایبەت لەسەر ئەو
کەسانەى کە خۆیان بەهونەرمەند دەزانن و دەڵێن خزمەت دەکەین، دەبێت
دەنگی عەلی مەردانەکان و زیرەک و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و کێ و
کێ زیندووبکەنەوە، دەزانن چەند خۆشە کاتێ گوێت لە ئای ئایەکی عەلی
مەردان دەبێت بەو دەنگە زوڵاڵەى لەگەڵیشیدا گوێت لەکۆمەڵێ ئامێری
مۆسیقی بێ تەکنیک دەبێ هەست دەکەیت تام و چێژێکى زۆری هەیەو بەهەزاران
گۆرانییەکانی ئەوانەى کە زیاتر بەتەکنیک دەڕۆنە رێوە خۆشترە. بێگومان
ئەمەش پەیوەستە بەویژدانی مرۆڤەوە کە گوێداری رەسەنایەتی بکەم یان ئەو
گۆرانییە پێشکەوتووانەى ئەمڕۆ وەکو بەناوى دەکەن، کە کەسێکی بەویژدانبێ
هەمیشە هەوڵ دەدەى کە کولتورە رەسەنەکەت هەرگیز لەیاد نەکەیت و بۆیە
دەبێت هەمیشە پشت بەسەرچاوەى کولتوری رەسەنایەتی کوردەواری خۆمان
ببەستین. بۆ ئەوەى چیدی هونەرەکان لەوە زیاتر خراپ نەبێ.
خاڵێکى تر کە دەمەوێت باسی لێوە بکەم چاندە؛ چاندیش بۆخۆی بەواتا چاندن
دێت، ئەوەش لەخواردنێکەوە بگرەو تا چل و بەرگێک و تاد هەر چاندە، بەڵام
چاندى سەرەکى هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، هەروەها کاتێک گەر باس لەچاند
بکرێت سەرەتا دەبێت باسی چاندى ئێرە بکرێت، چونکە لێرەوە کولتور و چاند
دەستی پێ کردووە، لەبەر ئەوەش گەر باسی چاندی ئێرەت کرد ئەوا یانی باسی
چاندی مرۆڤایەتی دەکەیت، هەموو شتێک دەبێ بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکەى، بۆ
نمونە دەسپێک گوند شار نییە، چونکە هەر گوندە بووە بەشار، واتا لێرەدا
گوند سەرەتایە، هەموو شتێکیش سەرەتاکەى گرنگە، بۆ ئەوەى زیاتر لەچاند
قوڵببینەوە دەتوانین چاند لەدوو خاڵدا کۆبکەینەوە:
1- چاندی سەردەستی.
2- چاندی بەکۆمەڵگابوون.
ئەم دوو چاندەش لەدیرۆکەوە تەماشای بکەى لەمیزۆبۆتامیای سەروو چاندنی
بەکۆمەڵگابوون و دەسپێکە، واتا رەسەنایەتی لەوێوە دەستی پێ کردووە،
بەڵام لەمیزۆبۆتامیای خواروو چاندی سەرەدەستی دەستیپێکردووە، ئیتر
لەوێدا چاندی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکى تردا زاڵ کراوە و یان دزراوە.
بۆیە دەتوانین بڵێن هەموو چاندێک رەسەن نییە، گەرچی بشیانەوێت چاند
بەسەر نەتەوەیەکدا بیکەنە رەسەن، بەڵام گە بزانیت ئەوا دەرکى پێ دەکەیت،
بۆیە دەبێ گشت تەقەلاکان بخەینە جوڵەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ دەسپێک،
چونکە گەڕانەوە بۆ دەسپێک گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی راست و سەربەرز ئەم
کارانەش هەر بە مرۆڤى هونەرمەند خۆی دەکرێ، چونکە تاقە چین کە بتوانێت
ئەو هەموو رەسەنایەتییە بگەڕێنێتەوە هەر هونەرمەندە، لەهەوڵدانیش زیاتر
دەبێت بەشێوازێکی رادیکاڵیانە نزیکى ئەم بابەتە ببێ بۆ ئەوەی بتوانرێ
قوڵبوونەوەیەکى باش لە چاندی کوردیدا بکرێت. بۆ ئەوەى زمانەکەمان پاراو
بمێنێت، بۆ ئەوەى رەسەنایەتی کوردەواری لەدەست نەدەین لەوە زیاتر، بۆ
ئەوەى هەست بکەین نەتەوەیەکین و مافی خۆمانە مومارەسەی کولتوری خۆمان
بکەین، بۆ ئەوەى داب و نەریتە باشەکانمان زیندوو بمێنێتەوە، بۆ ئەوەى
گۆرانی و بەستە و مەقامەکانمان نەمرن، بۆ ئەوەى رێگای روونی سیاسەتت لێ
تاریک و تەو و مژاوی نەکەن، بۆ ئەوەى هەندێ واتای خۆشییەکانی ژیان
بزانین و فەلسەفەى مردن وەلاوە بنێن، بۆ ئەوەى جل و بەرگ و هەڵپەڕکێ
بپارێزین و بمێنێت دەبێت بەهیچ شێوەیەک سیستەمی پۆستمۆدێڕنیزم کاریگەری
نەخاتە سەر ئەو هەمووە پێویستە دژبەری رابوەستین، چونکە خواستی سەرەکی
ئەو سیستەمە وەلاوەنانی ئەو هەموو شتە پیرۆزانەیە، کە گوزارشت لەنەتەوە
و میللەتێک دەکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا پێویستە وەکو ئەرکێکیش ببینرێت
لەسەر هەمووان کە هونەر و چاندی کوردی رۆحێکی بۆ بگەڕێنینەوە، ئەمەش بۆ
ئەم قۆناخە تایبەت زۆر پێویستە، چونکە قۆناخێکی خەتەرناکە و تاچەند
ساڵێکی دیکە وابڕوات ئەوەى بەناوى رەسەنایەتەوە هەیە، نامێنێت، بۆیە
لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەدا پێویستە هەموو ئەوانەى کە خۆیان بەرۆشنبیر
و سیاسی و هەونەرمەند دەزانن هەوڵبدەن کە بایەخێکى باش جارێکى تر
کلتوری کوردەواری خۆمان بدرێتەوە تاوەکو ئێمەش وەک نەتەوە بتوانن ئەو
شتانەى کە تایبەتن بەخۆمان بپارێزین.
|