٨\٤\٢٠١٢
کاریگهریی
تەلەفزیۆن لەسەر منداڵان.

رەزا ساڵح
لە ئەمڕۆدا، لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانە بەرینەدا. تەلەفزیۆن بۆتە
دەزگایەکی سەرەکیی ھەموو ماڵان.. کە تێکڕای ئەندامانی خێزانەکان
ئالوودەی بوونە و، بە دەنگ و رەنگ و جووڵە ، سەرنجی گەورەکان و
منداڵانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. زۆربەی داناکان تەلەفزیۆن بە شاکارترین
داھێنانی مرۆڤ لەم سەردەمەدا دەزانن و، بە ھۆیەکی زۆر گرنگی فێرکردن و
وەرگرتنی زانست و زانیاری ھەمەرەنگە و فراوانکردنی ئاسۆی روشنبیری گشتی
و، دانەبڕان لە شارستانی و لە پێشکەوتن دادەنێن.. ئەوە زۆر ئەستەمە کە
تەلەفزیۆن لە ماڵاندا نەبێ یا دووربخرێتەوە.. لە ماڵانی پارەدار و
ھەبوودا، سێ تا پێنج دەزگای تەلەفزیۆن ھەیە.. لە ھۆڵی میوان ، لە
ژوورەکانی نووستندا، لە چێشتخانەدا ، لە ژووری کتێبخانە و خوێندنەوەدا.
ئەگەرچی کۆمەڵێک دەزگا و داھێنانی تر ھاتوونەتە کایەوە و، ململانێ
لەگەڵ تەلەفزیۆندا دەکەن.. لەوانە ئینتەرنێت و، یارییە
ئەلیکترۆنییەکانن.. بە تایبەتیش ئینتەرنێت، کە خەریکە پێشی تەلەفزیۆن
بکەوێت.. ئینتەرنێت دنیایەکی بەرین و ئاسۆ فراوانی بێ بنی زانست و
زانیاری ھەموو بوارەکانی ژیانی لە خۆگرتووە. جیھانی مەزنی کردووە بە
گوندێک و بەئاسانی دەتوانین تێیدا پەی بکەین و، ئارەزووشمان لەچی بێ
لێی وەربگرین و، چیشمان بوێ پێی ببەخشین.. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ھێشتا
تەلەفزیۆن بایەخ و کاریگهریی خۆی لەدەست نەداوە. رۆژانە کاتێکی زۆرمان
بە سەیرکردنی بەرنامەکان و ھەواڵەکان و بابەتە ھەمەجۆرەکانی تری
تەلەفزیۆن بەسەر دەبەین.
ئایا تەلەفزیۆن تا چ رادەیەک کاریگهریی لەسەر منداڵان ھەیە ؟ لەسەر
ژیان و رەفتار و ھەڵسوکەوت و گەشەکردنی ھۆش و گۆش و بیر و زەین و،
تەندروستی و باری دەروونی و خوو و رەوشت و، ئاستی فیربوونی لە
قوتابخانە و، پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی و تێکەڵ بوونی بەکۆمەڵگاکەی
دەبێ؟ ئەی چ رەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی لە ژیانی ئەمڕۆ و لە
داھاتوی منداڵاندا دەبێت.. ؟
پێش ئەوەی بێنە سەر وەڵامی ئەو پرسیارانە. پێویستە دان بەم راستییەدا
بنێین، کە نە ئەمڕۆ دوێنێ یە و، نە منداڵانی ئەمڕۆش وەکو منداڵانی
دوێنێن.. ناشکرێت لە ھەموو لایەکەوە بەربەست لە بەردەم منداڵاندا
دابنێن و، لە خۆشی و چێژی داھێنانە سەیر و سەمەرەکانی ئەمڕۆ بێ بەشیان
بکەین.. منداڵانیش خاوەنی ھەست و نەستن دەیانەوێت بزانن چی ھەیە و چی
نییە ؟ بێ ئەوەی کە گوێ بە ئەوە بدەن ئەم شتە ـ بڤە ـ یە ، ئارەزووی
تاقیکردنەوەی ھەموو شتێکیان ھەیە. مەبەستیشم ئەوە نییە بەجاری
بەرەڵایان بکەین و، رێنمایی و چاودێریان نەکین و بیان دەینە دەستی قەزا
و قەدەر و، چارەنووسێکی نادیار.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری دایکان و باوکان داد و بێدادیانە لە تەلەفزیۆن.
راماون و نازانن چی بکەن.. چونکە خەریکە کۆنترۆڵی منداڵەکانیان لەدەست
بدەن .. گلەیی ئەوەیان ھەیە، کە منداڵەکانیان رۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر
لە بەردەم تەلەفزیۆن یا کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و دەزگاکانی یارییە
ئەلیکترۆنییەکاندا دادەنیشن.. تەنانەت بۆ نان و ئاوخواردنەوە و
نووستنیش بە زۆر ھەڵیان دەستێنن.. خولیای یاری کردن و وەرزش و چوست و
چالاکییان کزبووە و ، ئەرکەکانی قوتابخانەشان جێبەجێ ناکەن و لە
خوێندنیشدا دواکەتوون و، پەیوەندی ھاوڕێتی و پەیوەندی نێوان خێزانیشیان
سارد و سڕبووە.. ترسی دایکان و باوکان لەجێی خۆیدایە .
لێکۆڵەرەوان و دەروونناسان و پزیشکانی منداڵان و پسپۆر و شارەزایانی
بواری پەروەرەدەی منداڵان.. تا رادەیەکی زۆر ھەموویان لە را و بیر و
بۆچوونەکانیاندا دەربارەی سوودەکان و زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و
کاریگهریی لەسەر منداڵاندا.. ھاوڕان و لە یەکەوە نزیکن.. ھەندێ لەم
لێکۆڵەرەوانە بە مەیدانی و پراکتیکی، تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان
ئەنجام داون..بە زمانی ژمارە دەدوێن.
بەشێک لە زاناکان پێیان وایە کە تەلەفزیۆن کاریگەرییەکی زۆر قووڵی باش
و خراپی لەسەر منداڵاندا ھەیە ، ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە تا دەبێتە
مرۆڤێکی ھەستیار و ھۆشیار.. ئەم کاریگەرییەش بەپێی قۆناغەکانی منداڵی،
لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە.
بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە
دانیشتنی رۆژانەی منداڵان لە بەردەم شاشەی تەلەفزیۆندا بۆ ماوەیەکی زۆر
دووچاری سۆزکزی و ھەست لاوازیان دەکات و، پەیوەندی خیزانییان سارد و سڕ
دەکا و، گۆشەگیر دەبن و پەیوەندی ھاوڕیتیشیان لاواز دەبێت.
لەم رووەوە پرۆفیسۆر ( گلین سپارکس) پسپۆر لە زانستی پەیوەندییەکان لە
زانکۆی ( بروود) لە ھەرێمی ئەندیانا لەئەمریکادا دەڵێت : " خووگرتنی
خەڵکی بە سەیرکرنی تەلەفزیۆنەوە، زیان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
دەگەیەنێ.. بوار بۆ ھاوڕێ گرتنی تازە ناھێڵێتەوە.. کە لە ژوورێکدا
دادەنیشن و ھەموو سەیری تەلەفزیۆن دەکەن.. زۆر کەم دەدوێن و، تەنانەت
سەیری رووخساری یەکتریش ناکەن.. لە جیاتی ئەو ماوە درێژەی کە بە دیاری
تەلەفزیۆنەوە شەوارە دەگرن.. لە ماڵ دەربچن و بەپێ پیاسە بکەن یا وەرزش
بکەن.. یا پێکەوە دابنیشن و پلانی داھاتوویان دابنێن.. گەلێ لە فیلم و
ئەڵقە دراماییەکان ژەھراوین و، فاکتەرن بۆ لاوازکردنی پەیوەندیی خێزانی
و کۆمەڵایەتییەکان.. گۆشەگیری دروست دەکەن و، سۆز و ھەست و گوێدێری و
رێزی منداڵان بۆ دایک و باوکیان لاواز دەکەن... "
بێجگە لەو زیانانەی کە پرۆفیسۆر سپارکس باسی لێ کردوون.. زۆر دانیشتنی
منداڵان لە بەردەم تەلەفزیۆندا.. لەگەلێ رووی ترەوە زیان بە منداڵان
دەگەیەنێت.
لە رووی تەندوسستی یەوە ( تووشی کورت بینین دەبێت، قەڵە و تەمەڵ و کەم
جووڵە دەبێت، ھەست بە ئازاری پشت و ملی دەکات، تووشی سەرئێشە دەبێت...)
لە رووی دەروونی یەوە تووشی ( گۆشەگیری دەبێت، توڕە و جیکڵدانە تەنگ
دەبێت، پەیوەندی خێزانی و ھاوڕێتی و کۆمەڵایەتی کاڵ دەبێتەوە، توندڕەو
و توندوتیژ و خۆپەرست دەبێت ، لە خۆبایی و سەرکێش دەبێت، کەلەڕەق و
لاسار و چەقاوەسوو و شەراگێز دەبێت، ئازاری ھاوڕێکانی دەدات...) لە
رووی رەوشتیشەوە دیمەنی فیلمەکان ( زووتر چێژ و حەزی جینسیان
دەخرۆشێنن، دوور نییە کە تووشی خۆشەویستییەکی کاڵی زوو وەخت ببن و،
پەیوەندی نەشیاو و رەفتاری سەقەتیان لێ بووەشێتەوە ...).
بەڵام لە راستیدا سوودەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن لەلایەن منداڵانەوە
زیاترن لە زیانەکانی، بە مەرجێ ماوەی سنووری دیاری کراو نەبەزێنن و، لە
ژێر چاودێری و ڕێنماییدا سەیری بەرنامە و بابەت و فیلمە پەروەردەیی و
بنیاتنەرەکان بکەن. پزیشکانی منداڵانیش، بە تاقیکردنەوە ئەو راستییەیان
بۆ دەرکەوتووە.. کە لە کاتی پشکنینی منداڵاندا، بۆ نموونە وەکو خوێن
وەرگرتن لێیان ، ئەگەر لەم ساتەدا منداڵان سەیری تەلەفزیۆن بکەن، کەمتر
ھەست بە ئێش و ئازار دەکەن.
تیپێکی لێکۆڵەرەوان بە سەرۆکایەتی (ئالمی گوردان) لە مەڵبەندی( ئینێرک)
لە ھەرێمی ( ڤیلادیلڤیا ) لە ئەمریکادا.. تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر
(١٨٠) منداڵ ئەنجامدا، کە تەمەنیان لە نێوان ( ٦ ــ ١٣) ساڵان بوون..
زۆربەیان رۆژانە بۆ ماوەی ( سێ کاژمێر ) سەیری تەلەفزیۆن دەکەن..
کاتژمێرێکی زیاترە لەکاتی رێپێدراو.. پەیمانگای پزیشکی ئەمریکی بۆ
منداڵان. تەنھا دوو کاتژمێری دیاری کردووە بۆ منداڵان کە سەیرکردنی
تەلەفزیۆن بکەن.
بۆ کەم کردنەوەی ماوەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن لە
لایەن منداڵانەوە.. ھیوادارم دایکان و باوکان سوود لەم رێنماییانە
وەربگرن:
(*) سنووردارکردنی ماوەیەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ منداڵان.
(*) کە ئارەزووی سەیرکردنی تەلەفزیۆن نەبێت ، پێویست ناکات ھەڵبکرێت.
(*) نابێت دەزگای تەلەفزیۆن لە ژووری منداڵاندا دابنرێن.
(*) کورتکردنەوە و سنووردیاری کردنی سەیرکردنی تەلەفزیۆن، لە ماوەی
رۆژانی خوێندندا.
(*) نابێت تەلەفزیۆن لە چێشخانەدا دابنرێت.. بۆ ئەوەی نانخواردن و
سەیرکردنی تەلەفزیۆن نەبێت بە خوویەکی دەق گرتوو.
(*) پێویستە چەند دەزگا و کەرەستە و ئامێرێکی تر بۆ منداڵان لە ماڵاندا
دابین بکرێن ، تا منداڵان پێیانەوە بخافڵێن و.. لە تەلەفزیۆن دوور
بکەونەوە.
(*) فێرکردنی منداڵان بۆ ئەوەی لە دوورەوە سەیری تەلەفزیۆن بکەن.. تا
زیان بە چاوەکانیان نەگەیەنێت.
(*) نابێت رێ بە منداڵان بدرێت بە ئارەزووی خۆیان تەلەفزیۆن بکەنەوە
و.. بە ئارەزووی خۆشیان سەیری ئەو بەرنامە و درامایانە بکەن کە بۆ
ئەوان ناشێن.
(*) دایک یا باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا دابنیشن و، پێکەوە سەیری
تەلەفزیۆن بکەن و، مەبەستەکانی بەرنامە و فیلمەکانیان بە جوانی بۆ
شیبکەنەوە و، وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە.
(*) لە یەک دەزگای تەلەفزیۆن زیاتر لە ماڵدا دانەنرێت.
(*) پێویستە ماوەی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنە کوردییەکانماندا
، لەژێر چاودێری کەسانێکی پسپۆر و شارەزایانی پەروەردەی منداڵاندا بن..
ئەو بابەت و بەرنامانە و فیلمانەی پێشانیان دەدرێن .. پەروەردەیی و
سوودبەخش بن.
(*) پێویستە ھانی منداڵان بدەین بۆ خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان..
تا لە ماوەی سەیرکردنی تەلەفزیۆنیان کەمتر بکەینەوە.
(*) پێویستە ھانی منداڵان بدەین کە خوو بدەنە وێنەکێشان ، یا فێربوونی
ئامێرێکی موزیک، تا لە ماوەی سەیرکردنی تەلەفزیۆنیان کەمتر بکەینەوە.
(*) ھانیان بدەین بۆ یاری و وەرزش کردن و چۆست و چالاکی.. تا بۆ
ماوەیەک لە تەلەفزیۆن دوور بکەونەوە.
(*) پێویستە، جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی قوتابخانەیان ، بکەین بە مەرجێک
بۆ ماوەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن.
(*) کە منداڵان پێبەندبوون بە رێنماییەکان و، ماوەی دیاری کراوی
سەیرکرنی تەلەفزیۆن و، سەرپێچی نەکەن.. پێویستە خەڵات بکرێن و دیاریان
پێشکەش بکەین، ئەمەش دەبێتە ھاندەر بۆ زیاتر رێزگرتن لە رێنماییەکان.
شایانی باسیشە کە، تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و
دەزگاکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و موبایل و ... ھتد، لەوە زیاتر نین
کە ، ھەریەکەیان دەزگایەکی تەکنەلۆژیای دروستکراون و، دەستەمۆی
ئادەمیزادن.. کۆنترۆڵەکانیان لە دەستی خودی مرۆڤ خویدایە، کەواتە
سوودەکانیان یا زیانەکانیان لە چۆنییەتی بەکارھێنانیانیان دایە.
____________________________________
• چاوەڕێی
بەشی دووەمی ئەم بابەتە بن : (کاریگهریی ئینتەرنێت لەسەر منداڵان).
٦\٤\٢٠١٢
- نەرویچ
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|